پەیامی لاهوور جەنگی لەبارەی مووچە و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان

19 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی بەرەی گەل لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی دواکەوتنی مووچە و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەڵێت، "تەنیا داهاتی مەرزەکان (خەتی تایبەتی سەرۆک) و بازگەکانی زۆنی سەوز زیاترە لە 150 ملیۆن دۆلاری مانگانە،" هەروەها لە "زۆنی زەردیش دڵنیام سێ هێندەیە."
 
لاهوور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و لە رووداوەکانی 8ـی تەممووز لە حیزبەکە دەرکرا؛ ئێستا سەرۆکی بەرەی گەلە کە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوو کورسی بەدەستهێناوە. 
 
ماوەی نزیکەی 50 رۆژە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە، ئێستا بەغدا 761 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی دەڵێت، پارەی پێویستیان نییە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکەی کە نزیکەی 240 ملیارە. 
 
لاهوور شێخ جەنگی نووسیویەتی، "گوایە لەبەر کورتهێنانی داهاتی ناوخۆ سێ مانگە ناتوانن مووچە بدەن! ئەمە لە کاتێکدایە تەنیا داهاتی مەرزەکان (خەتی تایبەتی سەرۆک) و بازگەکانی زۆنی سەوز زیاترە لە 150 ملیۆن دۆلاری مانگانە، واتە نزیکەی 225 ملیار دینار. زۆنی زەردیش دڵنیام سێ هێندەی زۆنی سەوزە، ئەمە جگە لە داهاتی ئەو نەوتەی کە هەردوولا بە قاچاخ دەیفرۆشن، کەچی دەڵێن داهاتی ناوخۆ بەشی مووچە ناکات."
 
سەرۆکی بەرەی گەل بەو دوو لایەنە دەڵێت، "10 ساڵ زیاترە مووچە وەک چەک دژی میللەتەکەی خۆتان بەکاردەهێنن و لەسەر حیسابی مووچەخۆران گەندەڵی و تاڵانی دەکەن!". 
 
لە رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە، لەلایەن لیژنەی ئەمنیی سلێمانییەوە بڕیار دراوە لە سلێمانی دەست بەسەر ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکاندا بگیرێت، لاهوور شێخ جەنگی لەو بارەیەوە دەڵێت، "لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی کوردستان ئیدارەی گشتی داوای لێکردن [شۆفێری ئۆتۆمبێلەکان] کە ئەگەر ئاڵا و رەسمی سەرۆکی یەکێتی لە ئۆتۆمبێلەکانیان بدەن بۆ بانگەشە، ئەوکات ئۆتۆمبێلە بێمۆڵەتەکان کێشەیان نابێت."
 
سەرۆکی بەرەی گەل بانگەشەی ئەوەش دەکات، لە دوو مانگی رابردوودا بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی "مۆڵەتی پێنج هەزار ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلی رێگەپێدراوی داوە بە دوو بازرگانی ئۆتۆمبێل بۆ داخڵکردنیان لە مەرزی پەروێزخانەوە، پێشەکیش پارەی خۆی بە نەقدی لەو دوو بازرگانە وەرگرتووە."
 
بە گوتەی لاهوور شێخ جەنگی بێت، ئەو بڕیارەی لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانیش هەر لەلایەن سەرۆکی یەکێتییەوە دراوە. 
 
تاوەکو ئێستا نووسینگەی بافڵ تاڵەبانی و ئیدارەی گشتیی یەکێتی هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو راگەیێندراوە نەداوە. 
 
سەرۆکی بەرەی گەل لە بەشێکی راگەیێندراوەکەیدا ئەوەشی نووسیوە کە "هەست دەکەم بە زۆر دەتانەوێت خەڵک بێننە سەر جادە، بەڵام ئەم جارەیان بە چەکەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند چەکدارێکی دەستەی تەحریر شام. وێنە: AFP

رووسیا بۆ رووداو: سووریا بووەتە گۆڕەپانێک وڵاتانی رۆژئاوا تواناکانیان تێیدا تاقیدەکەنەوە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بە رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی لە چەند رێگەیەکەوە لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و رێگریکردن لە فراوانبوونی گرژییەکان. دەشڵێت، وڵاتانی رۆژئاوا وڵاتەکە وەکو گۆڕەپانێک بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانیان بەکاردەهێنن.