رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لەو پێشمەرگانەی لە هێرشی شەوی رابردووی داعش لە گوندی خدرجیجە شەهیدبوو، باوکی چوار منداڵە، شەهید نەفی خۆی لە تەمەنی 9 ساڵیدا باوکی شەهیدکراوە، بە شەهیدبوونی خۆیشی، کوڕە حەوت ساڵانەکەی هەمان چیرۆکی باوکی، نەهامەتی و ژیانی بێباوکی لە تەمەنێکی منداڵیدا دووبارە دەکاتەوە.
شەهید یاسینیش یەکێکی دیکەیە لە پێشمەرگە شەهیدەکانی هەمان هێرش، ئەویش پێنج منداڵی لەدوای خۆی بەجێهێشتوون. هاوژین و کەسوکاری ئەو شەهیدانە چیرۆکی ژیانیان بۆ رووداو گێڕایەوە.
لە پرسەی شەهید یاسین سلێمان کە یەکێک بوو لەو حەوت پێشمەرگەیەی کە شەوی رابردوو لەکاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکانی دیکە لە شەڕی دژ بە داعش شەهید کران. شەهید یاسین تەمەنی 41 ساڵان بوو و باوکی 5 منداڵ بوو، هاوژینەکەی دوایینجار پێش شەهیدبوونی قسەی لەگەڵ کردبوو.
خدریە عەبدولڕەحمان، هاوژینی شەهید یاسینە گوتی، کاژێر 11:00ـی شەو بووە کاتێک قسەی لەگەڵ کردووە، "گوتی شەڕەکە کۆتاییهات وا بەسەر دەکەوین، 10 خولەک قسەم لەگەڵی کرد، باش بوو، دواتر هیچ خەبەری نەبوو، کاتێک تەلەفۆنم بۆی کردەوە، داخرابوو. تەلەفۆنم بۆ فەوجەکەی کرد، گوتیان 'وەڵڵا شەهیدبووە'. بەرگریی کردبوو تاوەکو شەهیدبوو."
هاوژینی ئەو شەهیدە داواکاریشی لە سەرۆک بارزانی هەیە کە بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق پڕبکرێتەوە دەڵێت، "ئەوە یەکەم شەهید نییە بیدەین، ئەوە بە سەتان شەهیدمان دا."
شەهید نەفی مەحموودیش باوکی چوار منداڵ بوو، کاتێک تەمەنی 9 ساڵان بوو، باوکی شەهید دەکرێت و ئێستا کوڕە حەوت ساڵانەکەشی هاوشێوەی خۆی لە سۆزی باوک بێبەش بوو.
عومەر ئیبراهیم، خاڵی شەهید نەفی مەحموودە و دەڵێت، "برای شەهیدبوو، بابی شەهیدبوو، بۆ خۆی هەر شەهید بوو، هەر سێکیان لەڕێگەی کوردایەتی شەهیدبوون."
شەوی پێنجشەممە چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر گوندی خدرجیجەی سەر بە قەزای مەخموور، لە ئاکامدا 10 پێشمەرگە و سێ هاونیشتمانی شەهیدکران و 5 پێشمەرگەش برینداربوون کە تەنیا دووانیان لە نەخۆشخانە ماونەتەوە.
جەمیل پیرداود، پێشمەرگەی بریندارە و قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی، "ئێمە لەنێو مزگەوت دانیشتبووین کە بوو بە هات و هاوار، چونکە خانوویەک لە پێش ئێمە هەیە ئەوان مەدەنین، دوایی بووە تەقە، تەقە لە ئێمە و تەقە لەوان و بەرگریمان دەکرد، دوایی بە ئاڕ پی جی لێیان داین. من بریندار بووم و برادەرێکم شەهید بوو."
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 3-12-2021 سەردانی کەسوکاری شەهیدان و بریندارەکانی کرد و جەختی لە مەترسیی دووبارەبوونەوە هێرشەکانی داعش کرد. دوای سەردانەکەیشی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، داوای لە حکومەتی عێراق کرد هەنگاوی جیددیتر بنێن بۆ پێکهێنان و راییکردنی کارەکانی لیوا هاوبەشەکان. گوتیشی ئەگەر عێراق هیچ نەکەن، خۆیان چییان لەدەستبێت بۆ پاراستنی کوردستان دەیکەن.
لە ماوەی 6 رۆژدا داعش چوار جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە و بەوهۆیەوە 18 پێشمەرگە شەهید و 9 پێشمەرگەش بریندارکران.

.jpg&w=3840&q=75)
