یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی راپەڕین دەستی لەکارکێشایەوە و زانکۆکەش روونکردنەوە دەدات

03-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کاردانەوە بەرامبەر دەنگۆی "گەندەڵی" لە بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی زانکۆی راپەڕین بەردەوامە، یاریدەدەرێکی سەرۆکی زانکۆکە دەستی لەکارکێشایەوە و زانکۆکەش رایگەیاند، لیستەکە پاکدەکەنەوە.
 
کاردانەوەکان لەسەر ئەو دەنگۆیەی، دەگوترێت ژمارەیەک مامۆستا لە زانکۆی راپەڕین بەشێکیان بڕوانامەی داواکراویان نییە و بەشێکیشیان وانەبێژ نەبوون و کراون بە گرێبەست. بەردەوامن.
 
د. پێشەوا حەمید، مامۆستای بەشی یاسا لە زانکۆی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ "ماوەی 12 ساڵە وەکو سەرۆکبەش، راگری کۆلێژ و یاریدەدەری سەرۆک زانکۆ لە کارگێڕیی زانکۆ ئەرکم هەیە. لەو ماوەیەدا دەمتوانی وەک هەموو هاووڵاتییەکانی دیکە فەرمانی وانەبێژی بۆ برا، ئامۆزا و کەسوکارم دەربکەم کە یاسایی و ئاسایی بوو، بەڵام نەمکرد و نایکەم." 
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆ لەبارەی دەنگۆکانەوە دەڵێت "بۆ کەیسی ئەمجارە، تەلەفۆنم بۆ کرا و گوتیان بەڵێنیان پێداوین هەندێک گرێبەستمان بۆ بکەن؛ ناوی سیانی برایەکەت و بڕوانامەکەیمان بۆ بنێرە، منیش وەک هەر هاووڵاتییەکی ئاسایی دیکە بۆم ناردن، چونکە ئەو مافەی هەیە و 14 ساڵە دەرچووی زانکۆیە، بەڵام دوای ئەوەی لیستی ناوەکان گەڕایەوە، بۆم دەرکەوت لە چوارچێوەی وانەبێژیدا کراوە."
 
د. پێشەوا ئاماژەی بەوەکردووە "لێرەوە دەست لەکارکێشانەوەم لە پۆستی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ رادەگەیێنم و، تەنیا وەکو وانەبێژ لەم زانکۆیە بەردەوام دەبم." 
 
زانکۆی راپەڕین: بایۆمەتری بۆ دامەزراوان دەکەین
 
هەر لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان دەکرێت، زانکۆی راپەڕین لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند "چەند رۆژێکە بە مەبەست و مەرامی سیاسی، کار لەسەر جوڵاندنی هەست و سۆزی دانیشتووان و گەنجانی بەشمەینەت و بەشخوراوی ناوچەکەمان دەکرێت، لێرەوە رایدەگەیەنین؛ لەژێر رۆشنایی و رێنماییە بەرکارەکان و جێبەجێکردنی بنەماکانی دادی کۆمەڵایەتی، هەفتەی ئاییندە رێکارەکانی دەستبەکاربوون و پرۆسەی بایۆمەتری بۆ وانەبێژانی وردبینیکراو دەکرێت، كە فەرمانی زانكۆییان هەیە و وانەبێژی حەقیقی بوون لە زانكۆماندا لەماوەی نێوان ساڵانی 2014 بۆ 3-11-2024."
 
زانکۆی راپەڕین رایگەیاندووە "دڵنیایی دەدەینە هەمووان؛ لیستەکان پاکتاو دەکرێن لەلایەن لیژنەیەکەوە و هیچ کەسێکی ناشایستە نابێت لە لیستەکەدا هەبێت و مافی هیچ کەسێکی شایستەش نافەوتێت." 
 
خوێندنی باڵا: هەر وانەبێژێک شایستە نەبێت. فەرمانەکەی هەڵدەوەشێتەوە
 
هەر ئەمڕۆ د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەر وانەبێژێک بە گرێبەست کراوە، ناوەکەی لە زانکۆکانەوە نێردراوە بۆ ئێمە و ئێمەش رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانمان کردووە، هەر کەسێک وردبینیی شیاوبوونی پشتڕاست نەکرێتەوە، دانامەزرێت و هەر فەرمانێکی بۆ دەرچووبێت، بە هەڵوەشاوە دادەنرێت."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بە فەرمانێکی وەزاری کە ژمارە 2557ـە و لە 23-10-2024 دەرکراوە، لیژنەیەک بە سەرۆکایەتی د. توانا نەجەف، هەروەها ئەندامیێتی هەریەکەلە ئاراس نامیق رەسووڵ، شیروان یاسین حوسێن، ئاشتی عەبدوڵڵا عومەر و تابان سەعدی پاشا خزر بۆ وردبینی لە ناوی تەواوی ئەو وانەبێژانەی لە خوێندنی باڵاوە کراون بە گرێبەست، پێکهێندراوە. 
 
دوای فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، 06-10-2024، د. ئارام محەممە قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی وەزارەتەکەی واژۆ کرد.
 
وانەبێژانی خوێندنی باڵا ژمارەیان 4 هەزار و 14 مامۆستایە. لە نووسراوەکەدا کە وەزیری خوێندنی باڵا واژۆی کردووە، هاتووە، "ئاماژە بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی دیوان ژمارە (13338) تایبەت بە بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی سەر بە وەزارەتمان،" بڕیاری بەگرێبەستکردنی وانەبێژان دراوە و لە رۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
رۆژی 2-10-2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مامۆستایانی وانەبێژی خوێندنی باڵا دەکرێنە گرێبەست.
 
کەمترین مووچەی وانەبێژی خوێندنی باڵا بە گوێرەی بڕوانامەکانیان 500 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان یەک ملیۆن و 250 هەزار دینارە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە