رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، دوای نزیکەی چوار ساڵ لە وازهێنانی لە بزووتنەوەکە، دەگەڕێتەوە ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و دەبێتە راوێژکاری سەرۆکی ئەو حیزبە.
بێستوون فایەق، ئەندامی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، پەیوەندیی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کرد و بە رووداوی راگەیاند، لەلایەن بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێشوازیم لێکرا و بە بڕیارێک، کردوومی بە راوێژکاری خۆی.
بێستوون فایەق، یەکێکبوو لە پەرلەمانتارە دیارەکانی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، پێشتر لە دەزگای راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاری کردووە، بەڵام لە ساڵی 2009، دوای جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی و راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، پەیوەندی بە گۆڕانەوە کردووە.
بێستوون فایەق، زیاتر لە چوار ساڵە وەکو ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر سیاسەتی گۆڕان، دەستی لەکار کێشاوەتەوە.
رۆژی 13-12-2023، بێستوون فایەق لەبارەی وازهێنانی لە گۆڕان و هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی زویربووەکان بە رووداوی گوت "دوو لیژنەی باڵای ئاشتەوایی پێکهێنرا و لەگەڵ بەشێکی زۆری ئەو کەسانە قسەیان کرد کە لە دەرەوەی بزووتنەوەکەن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، بەڵام پێدەچێت نەگەیشتبنە ئەنجامێکی ئەوتۆ و ناگەن بە ئەنجامیش، چونکە گۆڕان پێویستی بە ئاشتکردنەوەی جەماوەرەکەیەتی لە رێگەی پێداچوونەوە بە کاری سیاسی و بەشدارییان لە حکومەت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ