زەنگی مەترسی لێدرا؛ 90٪ـی رووبەری داچێندراو نابێتە بەرهەم

03-04-2025
بەختیار قادر
بەختیار قادر
جیاوازیی بەرهەمی پار و ئەم ساڵی جووتیارێک.
جیاوازیی بەرهەمی پار و ئەم ساڵی جووتیارێک.
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، 5 ملیۆن دۆنم زەویی دێمی لە هەرێمی کوردستان هەیە. ئەم ساڵ زیاتر لە 3 ملیۆن دۆنمی لەلایەن نزیکەی 50 هەزار جووتیار بە دەخڵ و دان چێندراوە، 90٪ـی ئەم رووبەرە نابێتە بەرهەم و دەستی لێ بەردراوە.
 
هەمان زەوی و هەمان جووتیار، ساڵی رابردوو لە 400 دۆنم زەوی نزیکەی 400 تۆن گەنمی هەبوو، ئەم ساڵ دەنکێک گەنم بەرهەمی نییە. لە هەر دۆنمێکیش بڕی 130 هەزار دینار زەرەرمەندە.
 
حەیدەر حەسەن، جووتیارێکی دەشتی شەمامکە و دەڵێت: "مادەم پێمان نایە نێو مانگی چوار، گەنم ئێستا باقۆ بووە، بارانیش ببارێت، سوودی نییە. کاری خۆیشی بکات، دان ناگرێت. هەموو جووتیارەکان وازیان لە زەوییەکانیان هێناوە. ئەوەی دەکێڵێتەوە، دەکێڵێتەوە، ئەوی دیکەش کردوویانەتە پاوان بۆ ئاژەڵ." 
 
لە دەشتەکانی  قەراج، شەمامک، کەندێناوە، بەرانەتی هەریر و پشدەر بەراوردی ئەم ساڵ و پارمان کرد، ساڵی رابردوو قەدە درێژ و تێر ئاوەکان توانای راگرتنی گوڵە پڕدانەکانیان نەبوو، ئەم ساڵ زەرد و سیس و بەیارن.
 
عەلی حەمەد، جووتیارێکی دەشتی قەراجە و دەڵێت: "ئەو گەنمە ماوەیەکی زۆرە بارانی بەسەردا نەباری، هێندە رەگەکەی نەچووە ژێر زەوی و بنەکەی وشکبووە، بۆیە وا سووتا." 
 
دوای تێچووی زۆر دووبارە کێڵانەوە و رەنج بەخەسار بوون، لەم وەرزەی ساڵدا دەبوو تراکتۆر لە قوڕ چەقیبا، بەڵام ئێستا خاک شێی نەماوە و گاسن تەپوو تۆزێکی بێ ئامانی دروست کردووە.
 
حەتەم ئەنوەر، جووتیارێکی پشدەرە و دەڵێت: "ئەم زەوییە نزیکەی 10 دۆنمە. پار هەر دۆنمێک تۆنێک بەرهەمی هەبوو. بەڵام ئەم ساڵ هەمووی بووە زەرەر."
 
ئەم ساڵ رووبەری 700 دۆنم زەوی لە دهۆک بە گەنم چێندراوە. 320 دۆنمی دێمی بووە، بەڵام تەنیا 126 ملیم بارانیان پێکەوت و گەنمەکە بەر لەوەی بگاتە گوڵکردن، وشک و سیس هەڵات.
 
فارس حاجی، جووتیارێکی دهۆکە و دەڵێت: "هیوایەک هەیە ئەگەر ئەم مانگە باران ببارێت، وای بۆدەچین تۆو دروستبێت. ئەگەر بارانیش نەیەت، تا 10 رۆژی دیکە وشک دەبێت." 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە