عەبدولڕەحمان ئاپۆ: 10 هەزار فەلەستینی لە عەفرین نیشتەجێ کراون

02-01-2024
سینا سۆما
عەبدولڕەحمان ئاپۆ، سیاسەتڤانی کوردی عەفرینی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی رۆژئاڤای کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداو.
عەبدولڕەحمان ئاپۆ، سیاسەتڤانی کوردی عەفرینی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی رۆژئاڤای کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
عەبدولڕەحمان ئاپۆ، سیاسەتڤانی کوردی عەفرینی بە رووداوی گوت، نیشتەجێکردنی عەرەبی هاوردە و خەڵکانی دیکە لە هەرێمی عەفرین بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەدا 10 هەزار فەلەستینی لەو هەرێمە جێگیرکراون.
 
عەبدولڕەحمان ئاپۆ، سیاسەتڤانی کوردی عەفرینی، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی رۆژئاڤای کوردستانی تۆڕی میدیایی رووداودا کە دلبخوین دارا پێشکێشی دەکات، باسی بارودۆخی هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانی لەژێر کاریگەری تورکیا و گرووپە چەکدارەکاندا کرد.
 
باسی لەوەکرد، "راپۆرتێکمان لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، بڕینی دارەکان و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی کورد لە هەرێمی عەفرین ئامادە کردووە و راپۆرتەکەمان بۆ رێکخراوی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی ناردووە."
 
سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە عەفرین، ئەو سیاسەتڤانە دەڵێت، "لە ساڵی 2018ەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023، هەشت هەزار و 753 کەس لە عەفرین رفێندراون، شەش هەزار و 892 کەسیان دواتر ئازاد کراون. هەروەها هێشتا هەزار و 651 کەس لە گرتووخانەکاندا ماون کە زۆربەیان بۆ زیندانەکانی تورکیا گوازراونەتەوە، هەروەها بەشێکیان بۆ گرتووخانەی شارەکانی ئەعزاز و راعی گوازراونەتەوە، 153 کەسیش بە هۆی ئەشکەنجەوە لە زیندان گیانیان لەدەستداوە."
 
زیاتر لە دوو ملیۆن دار بڕدراون
 
ئاپۆ باسی بڕینی دارەکانی هەرێمی عەفرینی کرد لەلایەن "چەکدارانی سەر بە تورکیا" و دەڵێت، "870 هەزار داری زەیتوون، گوێز و بادەم، هەروەها یەک ملیۆن و 200 هەزار داری دیکە لە هەرێمی عەفرین بڕدراون، لەو ماوەیەدا 140 رووداوی ئاگرتێبەردانی دار و دارستانەکانیش تۆمار کراون."
 
هەر سەبارەت بە بڕینەوەی دارەکان، عەبدولڕەحمان ئاپۆ ئاماژەی بە رووداوێکی چەند رۆژ پێش ئێستا لە هەرێمی عەفرین کرد کە بە هۆی بڕینەوەی دار زەیتوونەکانی، هاونیشتیمانییەکی کورد جەڵتەی دڵ لێیدا و گیانی لەدەستدا "کاتێک باسی 40 دار دەکرێت، ئەمە بە واتای 40 مرۆڤە، 40 کەس لە بنەماڵەیەک. لەبەرئەوەی تا دارێک پێدەگات، دەبێ 15 تا 20 ساڵ خزمەتی بکەیت تاوەکو دێتە بەر. بە واتایەکی دیکە، بڕینی هەر دارێک وەک کوشتنی هەر مرۆڤێکە."
 
10 هەزار فەلەستینی لە عەفرین نیشتەجێکراون
 
سەبارەت بە دروستکردنی کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکان و نیشتەجێکردنی عەرەب، تورکمان و خەڵکی هاوردەی دیکە لە هەرێمی عەفرین، ئەو سیاسەتڤانە کوردە پێیوایە، "سەڕەرای دروستکردنی 22 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی عەفرین، سەرجەم 360 گوندەکانی عەفرین کراونەتە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، ئێستا رێژەی عەرەب زۆر لە کورد زیاتر بووە و بێجگە لە عەرەبی سووریا، 10 هەزار فەلەستینیش لە عەفرین جێگیر کراون." 
 
عەبدولڕەحمان ئاپۆ دەڵێت، "پێش داگیرکاری، لە 97%ی دانیشتووانی عەفرین کورد بوون، تەنیا دوو هۆزی عەرەب هەبوون، بووبەنا و عمێرات، کە ئەوانیش ببوونە کورد و زیاتر بە کوردی قسەیان دەکرد. بۆیە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە دەگەڕێنەوە، دەتوانین بڵێین ئێستا لە نێوان 35٪ - 40٪ی دانیشتووانی عەفرین کوردن. هەموو كۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکان لە عەرەب پێکدێن و کورد ناتوانن لەو شوێنانە نیشتەجێ بن. بەمدواییەش 10 هەزار فەلەستینیش لە کامپی نەیرەب هێنراونەتەوە عەفرین و لە کۆمەڵگەکان نیشتەجێکراون. پێنج هەزار خانوو لە کۆمەڵگەکان دروستکراون و بۆ نیشتەجێکردنی 25 هەزار کەسی هاوردە ئامادە کراون. لە شاریش حەوت کامپیان دروستکردووە. 370 هەزار عەرەبی هاوردەش، لەو کامپانە و لە ماڵی ئەو کوردانەدا نیشتەجێ بوون کە دەستیان بەسەردا گرتووە."
 
"گرووپە تورکمانەکان عەفرین بەڕێوە دەبەن"
 
سیاسەتڤانەکەی کوردی رۆژئاوای کوردستان ئامارێکی زیندانی گرووپە چەکدارەکان لە عەفرین دەخاتەڕوو و رایدەگەیێنێت، "لە هەرێمی عەفرین 21 زیندان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دروستکراون، بێجگە لەوانەش، 40 گرتووخانەی تایبەتی سەرۆک و فەرماندەی گرووپەکان هەن."
 
 باسی پلانێکی تورکیا لە عەفرین دەکات و دەڵێت، "ئەو گرووپانەی عەفرین بەڕێوە دەبەن، تورکمانن. تەنیا (جەیش ئەلشەرقیە)ی سەر بە حکومەتی سووریا لە عەفرین ماوەتەوە کە لە جندرێس جێگر بووە. گرووپە عەرەبەکانی دیکە بۆ ناوچەی دیکە وەک ئەعزاز گوازرانەوە. ئەمەش بەشێکە لە پلانی تورکیا بۆ ناوچەکە."
 
ئاماژەشی بە تێکدان و تاڵانکردنی شوێنەوارە مێژووییەکانی هەرێمی عەفرین کرد و گوتی، "لە ساڵی 2018ەوە تائێستا، 40 شوێنەواری مێژوویی لە عەفرین تێکدراون و ٪90ی شوێنەواری هەرێمەکە بردراون بۆ تورکیا و وڵاتانی دیکە."
 
"بۆ رێگریکردن لە گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین پێویستە کورد بگەڕێنەوە"
 
عەبدولڕەحمان ئاپۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە بۆ رێگریکردن لە گۆڕینی دیمۆگرافیای عەفرین پێویستە خەڵکی کورد بگەڕێنەوە و دەڵێت، "پێویستە خەڵک بگەڕێنەوە عەفرین، چونکە تەنیا بەم رێگەیە دەکرێت گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێمەکە بووەستێندرێت. لەم ماوەیەی دواییدا وەستاوە، پێشتر خەڵک لە تورکیا، هەرێمی شەهبا، لوبنان و هەرێمی کوردستان دەگەڕانەوە، بەڵام ئێستا ئەمە وەستاوە، لەبەرئەوەی ناچارن لە دەروازەیەکی سنوورییەوە بێن یان بە قاچاخی. بۆ نموونە دەروازەی ئۆن دادات هەیە لە منبج کە لە نێوان هەسەدە و چەتەکاندایە، هەر کەسێک لە بەرامبەر بڕە پارەیەک دەتوانێ لە رێگەی ئەم دەروازە سنوورییەوە بەرەو عەفرین بڕوات."
 
باسی ئەوەش دەکات، "ئەو هاونیشتیمانییە کوردانەی کە سەرەڕای هەموو کێشە و نەهامەتییەک دەگەڕێنەوە عەفرین، بێماڵ و شوێن دەمێننەوە، لەبەرئەوەی ماڵەکانیان نادەنەوە و بەناچاری لە ماڵی دراوسێکانیان یانیش لە ژێر خێوەتدا دەمێنن."
 
ئاپۆ هەروەها دەڵێت، لە ناوچەی خراب شەڕای عەفرین کۆمەڵێک کەس و خێزانی کورد گەڕاونەتەوە، بەڵام نەیانتوانیوە ماڵەکانیان وەربگرنەوە و سەڕەرای ئەوەی کە بڕیاری دادگە هەیە کە دەبێ ماڵەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە، بەڵام چەکدارەکان و عەرەبە هاوردەکان ماڵی ئەو کوردانە چۆڵ ناکەن.
ئەو سیاسەتڤانە کوردەی خەڵکی عەفرین رەخنەی تووند لە ئیتیلافی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەگرێت و دەڵێت، "ئەوەی کە پێی دەگوترێت لە ئیتیلافی نیشتیمانی سووریا هیچ نییە، ئەوان بڕیار لە چەکدارەکان وەردەگرن نەک بەپێچەوانە. گرووپە چەکدارەکان لە عەفرین باڵادەست و دەسەڵاتدارن، بۆیە هەر گلەییەک لەوان بکرێت، بێسوودە و هیچ ئەنجامێکی نابێت."
 
دەشڵێت، "هەر کەسێک کە بیەوێت لەگەڵ ئیتیلاف کۆببێتەوە، پێویستە مۆڵەت لە هەواڵگریی تورکیا وەربگرێت، واتە لە ژێر کۆنترۆڵ و هەژموونی تورکیادایە و ئەمەش ئەوە دەگەیێنێت کە ئیتیلاف ناتوانێت هیچ شتێک بکات."
 
"تەنیا ئەمریکا دەتوانێت دۆخەکە بگۆڕێت"
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبدولڕەحمان ئاپۆ باسی ئەوە دەکات کە تەنیا ئەمریکا دەتوانێت دۆخەکە بگۆڕێت و کێشەکان چارەسەر بکات. باسی کۆبوونەوەیەکی ئەمدواییەی ئەمریکا لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە شاری دیلۆکی باکووری کوردستان دەکات و دەڵێت، "بەمدواییانە ئەمریکا لە شاری غازی عەنتاب (دیلۆک) لەگەڵ ئەو گرووپە چەکدارانە و تورکیا کۆببووەوە. کاتیان بۆ دیاری کردبوو و پێیانی گوتبوو دەبێ یەک بگرنەوە و ئەگەر ئەوە نەکەن، کۆتاییان دێت. بەڵام ئەو گرووپانە یەکناگرنەوە، لەبەر پارە و بەرژەوەندی دارایی، دزی و تاڵانی".
 
بەپێی گوتەکانی ئەو سیاسەتڤانە کوردە، "ئەو دزییەی کە گرووپە چەکدارەکان لە عەفرین کردوویانە، تائێستا بایی زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار بووە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە