رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى خانوو و زەویی بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ دەنگدان لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقە. نوێنەرێکی جووتیارانی کەرکووک دەڵێت، بە پەسندکردنی پڕۆژەکە، نزیکەی 300 هەزار دۆنم زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕێنرێتەوە.
سێ پڕۆژەیاسا خراونەتە بەرنامەی کاری ئەمڕۆ (یەکشەممە، 1-12-2024) پەرلەمان و هەر پڕۆژەیاسایەکیان پێکهاتەیەکی سەرەکی پێداگیری لەسەر تێپەڕاندنی دەکات.
بڕگەی یەکەم تایبەتە بە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی کە داواکاریی سەرەکیی شیعەیە.
بڕگەی دووەم دەنگدان بە پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانەیە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە. زۆرینەی زەوییەکان، خاوەنە رەسەنەکانیان کورد و تورکمانن. ئەو دوو پێکهاتەیە پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی.
هەروەها دەنگدان بە پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبووردنی گشتی خراوەتە بڕگەی سێیەمی دانیشتنەکە، یەکێکە لە داواکاریی سوننە و پێشتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق خراوەتە بەرنامەی کارەوە.
کەریم شوکر، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "رێککەوتن کراوە؛ هەرسێ پرۆژەیاساکە پێکەوە بخرێنە دەنگدانەوە. بۆ دەنگدانیش چاوەڕێی پڕۆژەکەین، بزانین پرۆژەکەی حکومەت، یاخود هەموارەکە دەنگی لەسەر دەدرێت."
پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە. کورد و تورکمان بەهیوای ئەوەن ئەمجارە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە بدرێت و ببێتە یاسا.
پڕۆژەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەوانەکراوە، کە لە 5 مادە پێکهاتووە و ئاماژە بە هەڵوەشاندنەوەی 8 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی بەعس دەکات.
سەباح حەبیب، نوێنەری پارێزگاری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو پرۆژەی لە حکومەتی عێراقەوە رەوانە کراوە دەنگی لەسەر دەدرێت، نەک هەموارەکە و ئەو بڕیارانەی کە لە پەرلەمان بۆی زیادکراوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە کێشە و گرفت دروست نەبێت."
سەباح حەبیب پێیوایە پەسندکردنی ئەو پڕۆژەیاسایە، زەمینە دەڕەخسێنێت، دواتر بڕیارەکانی دیکە و ناوچەکانی دیکەش بگرێتەوە وەک مەندەلی و خانەقین. ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "ئەوەی ئێستا هەیە، زیاتر زەوییەکانی ناوچەکانی داقووق، دووبز، تۆبزاوە و ترکەلان دەگەڕێتەوە."
خاوەنی ئەو زەوییانە کورد و تورکمانن، لە نێوەڕاستی حەفتاکانەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە، دەستیان بەسەردا گیراوە، بەناوی وەزارەتەکانی عێراق کراون و لەسەر ناوی کورد و تورکمان سڕاونەتەوە، دواتر بە ئامانجی گۆڕینی دیمۆگرافیا، ئەو زەوییانە بە گرێبەستی کشتوکاڵیی دراونەتە عەرەبی هاوردە و هەندێک عەرەبی نێو کەرکووک.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کەرکووک، بە رووداوی گوت، بە پەسندکردنی هەڵوەشاندنەوەی ئەو 8 بڕیارە، نزیکەی 300 هەزار دۆنم زەوی لە پارێزگای کەرکووک بۆ خاوەکانیان دەگەڕێنرێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک بڕیاری دیکەی تایبەت بە زەوییەکانی کەرکووک لە پڕۆژەکەدا لەبیرکراون.
نوێنەری جووتیارانی کەرکووک روونیکردەوە، ئەو 8 بڕیارە، سێ بڕیاری سەرەکییان تێدایە، کە رووبەری زەوییەکانیان زۆرن. یەکەمیان بڕیاری ژمارە 369ـی 1975ـە، کە سنوورەکانی دووبز، تۆپزاوە، بەشێکی داقووق و لەیلان دەگرێتەوە، بەکۆی گشتیی 123 هەزار دۆنم زەوییە.
بڕیاری دووەمیان: ژمارە 824ـی ساڵی 1976ـە، زیاتر 9 گوندی ناوچەی داقووق دەگرێتەوە کە زەوی شێخەکانی تاڵەبانین و نزیکەی 38 هەزار دۆنم زەوییە. بڕیاری سێیەم: بڕیاری 949ـە کە 10 گوند لە سنووری سەرگەڕان و 2 گوند لە سنووری پردێ دەگرێتەوە، کۆی گشتیی ئەو بڕیارە 44 هەزار دۆنم زەوییە. ئەوانی دیکە رووبەری جیاواز دەگرێتەوە، کە بەشێکیان لەنێو کەرکووکن، زیاتر زەویی تورکمانن لە ناوچەی تسعین و بەشێکیان لە دەرووبەری کەرکووکن.
محەممەد ئەمین دەڵێت، وەک نوێنەری جووتیاران کۆمەڵێک بڕیاری دیکەیان گەیاندە لیژنەی پەیوەندیداری پەرلەمان، وەک بڕیاری ژمارە 12 کە تایبەتە بە گوندی گابەرەکە، لەو 8 بڕیارەی حکومەتدا نییە و لە هەموارکردنەکەی لیژنەی یاسایی لەگەڵ هەندێک بڕیار لە سنووری مەخموور زیادیان کرد، دوو بڕیار لە سنووری خانەقین و لەگەڵ هەندێک بڕیاری دیکە کە تایبەتن بە عەرەب لە ناوچەکانی دووجێل و بەلەد (سنووری پارێزگای سەلاحەدین) کە بە کۆی گشتییان بووەتە 20 بڕیار.
نوێنەرەکەی جووتیارانی کەرکووک جەختی لەوەکردەوە، ئەوەی تاوەکو ئێستا روون نییە، ئایا پڕۆژەیاسای حکومەت، یاخود هەموارەکەی نێو پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت؟ ئەو هیوادارە دەنگ بە هەموارەکە بدرێت، لەبەرئەوەی وەک باسی دەکات، زۆربەی زەوی و گوندەکانی دیکە و هەموو ئەو بڕیارانە دەگرێتەوە، کە کاتی خۆی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە دیاریکردوون، لەگەڵ ئەو مادەیەی هەڵاوێردن بۆ زەوییەکان کراون، کە لە هەموارەکەدا روونتر ئاماژەی بۆ کراوە.
محەممەد ئەمین نەیشاردەوە، ترسیان هەیە هەندێک هەڵاوێردن کە لەنێو پرۆژەیاساکەدا هەیە، گرفتیان بۆ دروستبکات، وەک زەوی وەزارەتەکانی بەرگری، نەوت و دەستەی ناکۆکیی موڵکایەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ