ئوسامە جەمیل: داعش پێیان گوتم زمانت نەگری دەيبڕین

01-12-2014
سیروان عەباس
نیشانەکردن ئوسامە جەمیل
A+ A-

رووداو- هەولێر

ئوسامە جەمیل، كادیری دیاری یەكگرتووی ئیسلامی لە شاری هەولێر و ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی، دەڵێت داعش بە زمانی كوردی هەڕەشەیان لێكردووە و پێیانگوتووە "ئەگەر زمانی خۆت نەگری زمانت دەبڕین".

ئوسامە جەمیل لە كاتی بەشداریكردنی لە بەرنامەی گوتوبێژ لە رادیۆی (رووداو) گوتی "من یەكێكم لەو كەسانەی كە راستەوخۆ لەلایەن داعشەوە هەڕەشەم لێكراوە و پێیانگوتووم ئەگەر منداڵەكانی مەلا جەمیل بێدەنگ نەبن زمانیان دەبڕین".

مەلا جەمیل عەلی كە (پێنج) كوڕ و (دوو) كچی هەن، منداڵەكانی دەستێكی باڵایان هەیە لە نێو راگەیاندنی یەكگرتوو، تەنانەت كچەكانیشی لە راگەیاندنی یەكگرتوو كاریان كردووە.

ئوسامە جەمیل باسی ناوەڕۆكی ئەو "هەڕەشە"یەی داعشی كرد كە لێیكراوە و گوتی "نامەكەم لە رێگای تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەرەوە پێگەیشتووە و بە زمانی كوردی نووسرابوو: ئەگەر منداڵەكانی مەلا جەمیل بێدەنگ نەبن زمانیان دەبڕین". بەڵام دەڵێت وەڵامی نەداونەتەوە و بەردەوامە لەسەر رێچكەی سیاسی خۆی و قسەی خۆی كردووە لە دەزگاكانی راگەیاندن. هەروەها گوتی "هەڵوێستی منیش هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانە".

ناوبراو هۆكاری ئەو هەڕەشەیەی داعش رووندەكاتەوەو دەڵێت "هۆكاری هەڕەشەكانی داعش لە من ئەوەیە كە من هەمیشە گوتوومە داعش بارودۆخی خەڵكی كوردستان و عێراقی تێكداوە، نە خزمەت بە پرۆژەی ئیسلامی دەكات، نە خزمەت بە سوننە دەكات، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەوەندەی خزمەت بە شیعە دەكات، بە هیچ لایەنێكی دیكەی ناكات".

ئوسامە جەمیل گوتی كە نازانێت ئەو لایەنگرانەی داعش لە ناوەوەی كوردستانن یان لە دەرەوە و دەڵێت "گومانم لە هیچ كەس و لایەنێك نییە لەبەرئەوەی كە كوردستان بارودۆخی زۆر ئارامە، من ناترسم، بەڵام دەبێت ئیحتیاتی خۆم وەرگرم".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە