رووداو دیجیتاڵ
لە شاری گێلزنکیرشنی ئەڵمانیا، خولی چوارەمی فێستیڤاڵی شێوەکاریی عەفرین بە بەشداریی هونەرمەندان و میوانان لە چەندین وڵاتی جیاوازی ئەورووپا وەک هۆڵەندا، دانیمارک، پۆڵەندا و فەرەنسا بەڕێوەچوو. فێستیڤاڵەکە بووەتە سەکۆیەکی گرنگ بۆ پێشاندانی هونەر و شێوەکاری کوردستان بە جیهانی دەرەوە.
نەسرین سەرخوشی، رێکخەری فێستڤاڵەکە، لە لێدوانێکدا بۆ بەرنامەی (دیاسپۆرا) رایگەیاند، فێستیڤاڵەکە ئەم ساڵ چوارەم خولیەتی و تەنیا تایبەت نییە بە کورد، بەڵکو کەسانی بیانیش تێیدا بەشدارن؛ هەروەها بەرهەم و تابلۆی شێوەکاران لە هەر چوار پارچەی کوردستانەوە پێشان دەدرێن.
تۆماس شتاینبێرگ، سەرۆکی شارەوانیی باکووری گێلزنکیرشن، جەختی لەسەر گرنگیی فێستیڤاڵەکە کردەوە و رایگەیاند، هەمەچەشنی هەڕەشە نییە، بەڵکو دەوڵەمەندییە؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بۆنەیە کولتوورە ئاشتیخوازەکان پێکەوە کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی نەوەک تەنیا بدوێن، بەڵکو پێکەوە بژین و پێکەوە شتێکی جوان بخوڵقێنن.
نیاز بەیاتی، شێوەکارە و ساڵانە بە بەرهەمی نوێوە بەشداری دەکات، خۆشحاڵیی خۆی بەم کۆبوونەوە هونەرییە دەربڕی بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و پەرەپێدانی هونەری.
هاوکات چەند میوانێکی بەشداربوو، لەوانە ئەڵماس توباڵ، پەریشان بەکر و ژانی کۆبانێ، جەختیان لەوە کردەوە کە عەفرین تەنیا بە زەیتوون ناناسرێ، بەڵکو لانکەی هونەر و جوانکارییە.
بەشداربووان هیوایان خواست لە داهاتوودا کولتوور و هونەری کوردی زیاتر لە ئەورووپادا بەرەوپێش ببردرێ.


.jpg&w=3840&q=75)

