رووداو دیجیتاڵ
فیلمی کوردی (ماڵی نەنە) لە شاری ئوترێخت لە هۆڵەندا پێشان دەدرێ و ئەکتەرێکی فیلمەکەش وردەکاریی پێشاندانەکە بۆ (دیاسپۆرا) دەخاتەڕوو.
رۆژی یەکشەممە 15/11/2026، فیلمەکە لە دوو کاتی جیاوازدا لە ئوترێخت پێشان دەدرێ:
پێشاندانی یەکەم: 14:00 - 15:30
پێشاندانی دووەم: 16:00 - 17:30
سیروان جەمال کە وەک ئەکتەر لە فیلمەکەدا بەشدارە بە (دیاسپۆرا)ی راگەیاند، فیلمی (ماڵی نەنە) لە ژانری کۆمیدی و خێزانییە و رووداوەکانی لە کوردستان دەگوزەرێن.
چیرۆکی فیلمەکە باس لە میران و سێوە دەکات کە هاوژینن و گەشتێکی زانستیی کتوپڕیان بۆ دێتە پێشەوە، بە ناچاری منداڵەکانیان لە ماڵی نەنک و باپیرەیان جێدەهێڵن. لە ماوەی مانەوەی منداڵەکاندا، چەندین شتی کۆمیدی و پەروەردەیی روودەدەن و چیرۆکی جیاواز دەبینرێن.
بەرهەمەکە پەیامێکی خێزانی هەیە و منداڵ و گەورە دەتوانن پێکەوە بینەری بن و کاتێکی خۆش لەگەڵ فیلمەکەدا بەسەر بەرن.
فیلمی (ماڵی نەنە) لە دەرهێنانی محەممەد مستەفا و بەرهەمهێنانی باهۆز نەسردەینە. چەندین هونەرمەندی دیاری کورد لە فیلمەکەدا بەشدارن، لەوانە سیروان جەمال، خەرمان هیرانی، هەڵوێست جەمال، هێلیان شێرزاد، هەتوان هێرش، زین رەوەز و دێرێ دارکۆ.

.jpg&w=3840&q=75)

