رووداو دیجیتاڵ
گۆڕانکارییە خێراکان لە سیاسەتی کۆچبەری، پەنابەری و مافی نیشتەجێبوون لە بەریتانیا کاردانەوەی فراوانی لێکەوتووەتەوە و نیگەرانیی لای کۆچبەر و پەناخوازان دروستکردووە.
نزار وەیس، پارێزەری راوێژکار لە بێرمینگهام، لە لێدوانێکدا بۆ بەرنامەی (دیاسپۆرا) تیشک دەخاتە سەر هۆکارە سیاسییەکانی پشت ئەم تووندکردنە و دەڵێ، گۆڕانکارییەکان لە بنەڕەتدا لە کێبڕکێی پارتەکان، بەتایبەت سەرکەوتنی پارتی ریفۆرم لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا سەرچاوەیان گرتووە.
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، پارتە سیاسییەکان دۆسیەی پەنابەری وەک کارتێکی گوشار و ئاراستەکردنی دەنگدەران بەکاردەهێنن.
لە بەرامبەر ئەم گوشارە سیاسییانەدا، پارتی کار بۆ پاراستنی پێگەی دەسەڵات و راکێشانی سەرنجی دەنگدەران، پێشنیازی بۆ چاکسازیی ریشەیی و تووند لە سیستمی پەنابەری پێشکێشکردووە، کە لەلایەن رێکخراوە مرۆییەکانەوە بە هەنگاوێکی "نامرۆڤانە" ناودەبردرێ.
بەپێی پڕۆژە نوێیەکە، مافی مانەوە چی دیکە وەک مافێکی ئۆتۆماتیکی نییە، بەڵکو وەک "ئیمتیاز" سەیر دەکرێ و ماوەی چاوەڕوانی بۆ کەسانی ئاسایی درێژ دەکرێتەوە.
نزار وەیس ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە هێشتا ئەم پێشنیازانە نەبوونەتە یاسا و تەنیا لە پەرلەمانن، بەڵام چوار مەرجی سەرەکی بۆ پێدانی مافی هەمیشەیی دیاریکراون، ئەوانیش بریتیین لە نەبوونی پێشینەی تاوان، شارەزایی لە زمانی ئینگلیزی لە ئاستی A، نەبوونی قەرزاریی باج و پابەندبوون بە سیستمی باج و ژمارەی نیشتمانی.
لە لایەکی دیکەوە، مامەڵەی دەزگای کۆچی بەریتانیا لەگەڵ پەناخوازانی نایاسایی، بەتایبەت ئەو کەسانەی بە بەلەمی بچووک لە ئاوەکان پەڕیونەتەوە، بەراورد بە جاران زۆر تووند بووە و بە شێوازێکی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ دەکرت.


.jpg&w=3840&q=75)

