دادگەی پێداچوونەوە تانەی پارێزەرانی وەهاب هەڵەبجەیی رەتکردەوە

01-11-2023
هێمن بابان رەحیم
نیشانەکردن دژەتیرۆر هاوکار جاف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان تانەی دوو پارێزەرەکەی وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری دژەتیرۆری سلێمانی و شەش کەسی دیکە لە هێزەکانی دژەتیرۆر تایبەت بە کەیسی تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جافی رەتکردەوە و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ئەو کەسانە خۆیان رادەستنەکردووە یان دەستگیرنەکراون، تانەکە رەتدەکرێتەوە. 

دەستەی گشتی سزایی سەر بە سەرۆکایەتی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری کۆتایی خۆی لەبارەی کەیسی تیرۆرکردنی عەقید هاوکار جافەوە دەرکرد، کە لەلایەن عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆکی دادگەکەوە واژۆکراوە، بەو پێیە ئەو تانەیەی رەتکردەوە کە هەریەک لە پارێزەران هێڤار محەممەد عومەر و چیا عەبدولکەریم رەشید پێشکێشکیان کردبوو.
 
بەپێی نووسراوێکی دەستەکە، کە ژمارە 63ـی دەستەی گشتی سزایی2023 هەیە، هاتووە، "دادگەی تاوانەکانی هەولێر/دوو، لە رۆژی 4-6-2023، بڕیاری خۆی لە سکاڵای سزایی ژمارە 82/ج2/2023 بە تاوانبارکردنی هەریەک لە وەهاب مەجید باقی (وەهاب هەڵەبجەیی)، کارزان محەممەد رەشید، عاسی رەشید حوسێن، دڵشاد زیاد ئەحمەد، وریا خالید عەلی، لوئەی محەممەد رەزا، پۆڵا ستار فەرەج، لەشکر حەسەن قادر و عەممار فەیسەڵ حوسێن یونس، بەپشتبەستن بە حوکمەکانی بڕگەی سێی مادەی دوو و بە پشتبەستن بە مادەی 10ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە سێی ساڵی 2006ـی هەموارکراو، بڕیاری دا لەسێدارەبدرێن و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەموو ئەو سزادراوانە دەرکرد و داوایکرد گشتاندنی بەسەر هەموو خاڵەکانی پشکنین و زاڵگەکان و خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان بۆ بکرێت و ئەو کەسانەی سەرەوە کە سزادراون پابەندبکرێن بە قەرەبووکردنەوەی هەریەکە لە مایا و لینا کچانی تاوانلێکراو هاوکار عەبدوڵڵا رەسول، بە بڕی 115 ملیۆن دینار عێراقی."
 
سەبارەت بە بڕیاری کۆتایی دەستەکە دوای خستنەڕووی وردەکارییەکانی سکاڵاکە و تانە و کەیسەکە، لە نووسراوی دادگەکەدا هاتووە، "ئەو تانەیەی بریکارەکانی ئەوانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە، کە هەریەک لە "وەهاب مەجید باقی(وەهاب هەڵەبجەیی)، کارزان محەممەد رەشید، عاسی رەشید حوسێن، وریا خالید عەلی، لوئەی محەممەد رەزا، پۆڵا ستار فەرەج، لەشکر حەسەن قادر."، هەردوو بریکاری ئەو کەسانە تانەیان لە حوکمەکە داوە بەبێ ئەوەی ئەو سزادراوانە خۆیان رادەست بکەن یان لەلایەن دەسەڵاتدارانی تایبەتمەندەوە دەستگیربکرێن، نابێت چاوخشاندنەوە بەو تانانەدا بکرێت کە لەلایەن ئەو تۆمەتبارانە پێشکێشکراوە، بەبێ ئامادەبوونییان لە دادگە سزایان بۆ دەرچووە تا ئەو کاتەی خۆیان رادەست دەکەن یان دەستگیردەکرێن، چونکە بەپێی مادەی 254/ب لە یاسای بنەماکانی دادگایی سزایی، دەبێت دووبارە دادگاییبکرێنەوە ، پێچەوانەی ئەوە، یاسا مافی نەداوەتە لایەنەکانی سکاڵاکە بۆ ئەوەی داواکاری گشتی ئەو مافەی هەبێت، چونکە ئەو حوکمانە ناتوانرێت تانەی پێداچوونەوەیی لێبدرێت، ئەگەر ئەو داوایە لەلایەن لایەنەکانی سکاڵاکە یان داواکاریی گشتی بخرێتە بەردەستی دادگەکە، ئەگەر رەتبکرێتەوە،  ئەوا تانەی پێداچوونەوەی و دۆسیەی سکاڵاکە بۆ دادگەکە دەنێردرێتەوە بەمەبەستی پاراستنی تاوەکو ئەو کاتەی سزادراوان خۆیان رادەستدەکەن، ئەم بڕیارە لە رۆژی 24-9-2023، بە زۆرینەی دەنگ پەسندکرا. "
 
شەوی چوارشەممە 1-11-2023، سامان جاف، برازای عەقید هاوکار جاف، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو بڕیارە ماوەیەکە دەرچووە، بەڵام تازە نێردراوە بۆ جێبەجێکردن، تازە گەیشتووەتە دەستی ئێمەش وەکو کەسوکاری عەقید هاوکار جاف، ئێستا دەبێت ئەو بڕیارە جێبەجێبکرێت."
 
سامان جاف گوتیشی، "بڕیارەکەی دادگەکە کە بریاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکردوون دەدرێتە سەرجەم کۆنسووڵخانە و فڕۆکەخانە و دەروازەکان و کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی عەرەبی و شوێنی دیکەش بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت." 
 
رۆژی 7ـی تشرینى یەکەمى 2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا و لەسەر ئەو دۆسیەیە لە 4ـی حوزەیرانى 2023، دادگەی تاوانی هەولێر، بە غیابی سزاى لەسێدارەدانى بۆ حەوت کەس دەکرد، کە وەهابە هەڵەبجەیی یەکێکیان بوو.
 
رۆژی یەکشەممە 29-10-2023، دادگای فیدڕاڵی عێراق تاوتوێی سکاڵایەکی کرد، کە لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی، لەدژی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر پێشکێشی کردووە و داوا دەکات دادگەکە ئەو یاسایە بە نادەستووری بزانێت، هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حوکمە دەکات کە لەلایەن دادگەی تاوانەکانی هەولێر/2 لە دژی ئەو دەرچووە. سکاڵاکە بۆ رۆژی 13-11-2023 دواخرا.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.