هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان: پەکەکە سووتێنەری بازاڕەکانی هەولێر، دهۆک و کەرکووکە

01-07-2024
هەستیار قادر
کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە
کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی رایانگەیاند، "پەکەکە لە پشت سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر، کەرکووک و دهۆکە، پلانیان هەبووە تاوانی دیکەش لەدژی بەرژەوەندیی خەڵک بکەن."
 
سێ تۆمەتبار بە جلوبەرگى زەرد و بە چاو بەستراوى برانە بەردەم کامێراى کەناڵەکانى تەلەڤیزیۆن لەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەى نێوان هەردوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق و هەرێمى کوردستان کە ئەمڕۆ (دووشەممە، 1-7-2024) لە بەغدا کرا، بۆ ئاشکراکردنى تۆڕێک کە تۆمەتبارکراون بە سووتاندنى چەند شوێنێک لە کەرکووک و هەرێمى کوردستان. 
 
میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق گوتى "ئەو تۆمەتبارانەى ئێستا لەبەردەمتاندان، سەر بە تۆڕێکى قەدەخەکراون، کە پەکەکەیە."  
 
رووداوەکانى ئاگرکەوتنەوە لە ساڵى 2023 و ئەمساڵ روویانداوە، کە زیانەکانى لەلایەن هەردوو وەزارەتەوە بە سەدان ملیۆن دۆلار مەزەندە کراوە. 
 
میقداد میرى رایگەیاند: لە کۆتایی 2023 و سەرەتاى 2024 ئاگر لە 17 دووکان و 14 کۆگەى کەرکووک کەوتەوە، دواى ماوەیەک ئاگرێکى دیکە لە بازاڕێکى میللیی دهۆک کەوتەوە، سووتانى ئەو بازاڕانە بەو شێوەیە، ئاماژەبوون بۆ ئەوەى تۆڕێکى مەترسیدار ئەو کارانە بەڕێوە دەبەن." 
 
دواى رووداوەکان، لیژنەیەک لە ئاژانسى هەواڵگریى فیدراڵى سەر بە وەزارەتى ناوخۆى فیدراڵى پێکهێندراوە، بە هاوئاهەنگى لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لێکۆڵینەوەیان کردووە.
 
 ئەو شوێنانەى کراونەتە ئامانج
 
بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکان، ئەندامانى ئەو تۆڕە دانیان بە چەندین کارى سووتاندندا ناوە لەگەڵ هەوڵى دیکەى سووتاندن کە سەریان نەگرتووە. 

 

لە کەرکووک دووجار هەوڵى سووتاندنى مۆڵى ئۆف کەرکووک ـیان داوە لە 10ـی تیشرینى یەکەمی 2023، هەروەها 7ـی نیسانى 2024، لەگەڵ سووتاندنى باڵەخانەى ئیسماعیل دەروێش لە 3ـی ئایارى 2024.
 
ئەو رووداوانەى ئاگرکەوتنەوە لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە ئەندامانى تۆڕەکەى پێ تۆمەتبار دەکرێن بریتین لە: سووتاندنى بازاڕى لەنگەى هەولێر لە 27ـی شوبات، هەروەها جارێکی دیکەش لە 8ـی نیسانى 2024، سووتاندنى کۆمپانیاک و کۆگایەک لە قەزاى قوشتەپە لە 27ـی ئادارى 2024، سووتاندنى بازاڕى نیشتیمان لە 23ـی نیسانى 2024 و، سووتاندنى بازاڕى قەیسەرى لە 5ـی ئایارى 2024. 
 
 
بەکارهێنانى گیراوە بۆ ئاگرخستنەوە
 
گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق گوتى"ئەو سووتاندنانە بەشێوەیەکى بەرنامە بۆ داڕێژراو و رێکخراو بوون، بەشێوەیەک کە ئەستەمە ئاشکرابکرێت."
 
بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکانی هەردوو وەزارەتەکە؛ ئەو ئاگرانە لە رێگەى گیراوەیەکەوە کراونەتەوە، کە لەنێو پاکەتى جگەرە و شیرینى کراون و فڕێدراونەتەوە شوێنى رووداوەکان، کە لە دواى پێنج کاژێر ئاگر دەگرن. 
 
میقداد میرى رایگەیاند: لە 23ـی ئایارى یەکەم تۆمەتبارى نێو ئەو تۆڕە دەستگیرکراوە و لە ئۆتۆمبێلەکەیدا مادەى کیمیایی پێ گیراوە کە لە ئاگرخستنەوەکاندا بەکارهێندراون، گوتشى "ئاماج لەو کارانە، زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندیی وڵاتێک کە گوایەى نەیارى ئەو گرووپەیە."    
 
تۆمەتبارەکان کێن؟ چۆن دەستگیرکران 
 
هێمن میرانى، بەڕێوەبەرى گشتیی دیوان لە وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان گوتى "سەرپەرشتیارى تۆڕەکە ناوى هونەر فەخرەدین ئەحمەدە و کارمەندى هێزەکانى حەفتایە، یەکێکى دیکەیان، ناوى محەممەد نەجات حەسەنە و ئەفسەرە لە دژەتیرۆرى سلێمانى، لەلایەن پەکەکەوە لە کفرى و سلێمانى و سەنگەسەر راهێندراون بۆ ئەوەى ئەو کارانە بکەن."
 
لەبارەى کەسی سێیەمى ئەو تۆڕەوە میقداد میرى، گوتى "سەر بە پەکەکە بووە."  
 
بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکانى هەردوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق و حکومەتى فیدراڵى، زیانى ئەو ئاگرکەوتنەوانە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار بووە. 
 
بەڕێوەبەرى گشتیی دیوان لە وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان گوتى "داوا لە هاووڵاتیانى زەرەرمەند دەکەین، لە بنکەى پۆلیس یان لە دادگەکان سکاڵا تۆمار بکەن بۆ ئەوەى لە دواى لێکۆڵینەوە لە دادگەکانى بەغدا، لە دادگەکانى هەرێمى کوردستانیش باجى تاوانەکانیان و زیانگەیاندنەکانیان بدەن."
 
ئەو ھێرشانەى لەبەرنامەیاندا بوون
 
لێکۆڵینەوەى هەردوو وەزارەتەکە لەگەڵ تۆمەتبارەکان دەریخستووە 'بەنیاز بوون شوێنى دیکە بە هەمان شێوە بکەنە ئامانج و بیانسووتێنن، لەوانە سووتاندنى بازاڕە میللییەکان و کۆمپانیاکان و هێڵى گواستنەوەی نەوتى شارەکە بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا، هەروەها بەئامانجگرتنى بازاڕى بازرگانى لە بەغدا."
 
بەگوێرەى هەردوو وەزارەتى ناوخۆ، تۆڕەکە لە بەرنامەیاندا بووە لە هەولێر بازاڕى میللی، شوێنى بازرگانى، کێڵگەى کشتوکاڵى، پاڵاوگە، شوێنى گەشتیارى لە شەقلاوە، سیروان مۆڵ و هێڵى گواستنەوەى کارەبا بسووتێنن.
 
میقداد میرى گوتى "دواى لێکۆڵینەوە، دەرکەوتووە ئەو تۆڕە شوێنێکیان لە وڵاتێکى دراوسێ کردووەتە ئامانج و بەنیاز بوون هێرشێکى هاوشێوە لە وڵاتێکى دیکەى دراوسێش بکەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی بارانبارین لە هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کەشناسان: هێشتا پەڵەی نەداوە

شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان پەڵەی تەواوی نەداوە. ئەندازیارێکی کشتوکاڵیش لە هەولێر باس لەوە دەکات، بارانێکی دیکەی وەک 24 کاژێری رابردوو ببارێت، پەڵە دەدات.