رووداو دیجیتاڵ
تەنیا 10% 12%ی پۆستەکانی قەزای خوورماتوو دەدرێنە کورد. بەرپرسێکی کورد لە سنوورەکە دەڵێت، قایمقام و بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاکە نادرێنە کورد. ئاماژە بەوەش دەکات، کادیری کوردیان بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەکان کەمە.
یاسین داوودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، رۆژی شەممە 01-06-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە بەراییەی لەبارەی دابەشکردنی پۆستەکانی قەزای خوورماتوو کراوە، تەنیا 10% 12% پۆستەکانی قەزاکە بۆ کورد دەبن؛ سەرووی 64%ی پۆستەکان بۆ تورکمانی شیعە دەبن. ئەوانی دیکەش بۆ عەرەبی سوننە دەبن."
قەزای خوورماتوو دەکەوێتە سنووری پارێزگای سەلاحەدین و یەکێکە لە ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان.
دوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017 نزیکەی 5000 خێزانی کوردی خورماتوو ئاوارەبوون و هێشتا دۆخەکە نەگەڕاوەتەوە پێش ئەو کاتە و کورد بەشی زۆری پۆستە کارگێڕییەکانی لەدەستداوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە 15 ئەندام پێکهاتووە و تەنیا یەک نوێنەری کوردە، ئەویش یاسین داوودییە لە یەکێتیی نیشیمانیی کوردستان.
بە گوتەی یاسین داوودی، "پۆستەکانی قایمقام و بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاکە نادرێنە کورد."
سەبارەت بەو پۆستانەی کورد لە قەزاکە داوایان دەکات، یاسین داوودی دەڵێت، داوای بەڕێوەبەری پەروەردە و شارەوانییان کردووە. گوتیشی، "یەکێک لە گرفتەکانمان ئەوەیە کادیری کوردمان کەمە بۆ بەڕێوەبەربردنی پۆستەکان؛ هەندێکیش ئامادەنین پۆست وەربگرن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ