شێخ باز بەرزنجی: داوای قەرەبووی زیانە ماددی و مەعنەوییەکان دەکەم

01-05-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ  

شێخ باز بەرزنجی، خاوەنی ئەو خانووەی کە رۆژی 13ـی ئاداری 2022 بە 12 مووشەکی سوپای پاسدارانی ئێران کرایە ئامانج. راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی عێراق دەریخست هێرشکردنە سەر ماڵەکە بە پاساوی بوونی بنکەی ئیسرائیلی بێ پاساوە، لە تویتێکدا لەبارەی راپۆرتەکەوە دەڵێت، "لە سەرەتاوە گوتمان پاساوەکانی هێرشەکە پووچەڵە و پشت بەستووە بە زانیاریی چەواشە و تەواو دڵنیابووین لە بوونی هەڵەیەکی گەورە لە هەڵسەنگاندن و زانیارییەکان."
 
رۆژی یەکشەممە 1-5-2022، شێخ باز بەرزنجی، سەرمایەداری کورد و خاوەنی کۆمپانیای کار، لەبارەی راپۆرتەکەی لیژنەی ئاشکراکردنی راستییەکانی پەرلەمانی عێراق لە تویتەکەیدا رایگەیاند، "بە سوپاسێکی زۆرەوە، راپۆرتی لیژنە پەرلەمانییەکەی بەدواداچوونی راستییەکانم خوێندەوە لەبارەی بە ئامانجگرتنی خانووی خانەوادەکەم. راپۆرتەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە سەرەتاوە گوتمان پاساوەکانی هێرشەکە ناڕاستە و پشتی بە زانیاریی چەواشە بەستووە، تەواو دڵنیابووین لە بوونی هەڵەیەکی گەورە لە هەڵسەنگاندن و زانیارییەکان."
 
هەروەها دەڵێت، " ئەم دەرفەتە دەقۆزینەوە بۆ ئەوە سوپاسی سەرجەم ئەندامانی لیژنەی بەدواداچوونی راستییەکان و فراکسیۆنە سیاسییەکانیان بکەین کە نوێنەرایەتیی تەواوی توێژە سیاسییەکان عێراق دەکەن، هاوئاهەنگ بوون لە پێناو سەرخستنی هاووڵاتیی عێراقی و سووربوون لەسەر ئاشکراکردنی راستییەکان. لە هەمان کاتدا چاوەڕوانی راپۆرتی ئەو لیژنەیەی حکومەت دەکەین کە بۆ ئەو مەبەستە پێکهاتووە."
 
شێخ باز بەرزنجی، کە لە موشەکبارانەکەی رۆژی 13ـی ئاداردا ماڵەکەی بەتەواوتی زیانی بەرکەوت و زیانەکانی بە ملیۆنەها دۆلار دەخەمڵێندرێن، دەشڵێت، "لەسەر راسپاردەی لیژنە بەڕێزەکەی پەرلەمان، ئومێد دەکەین حکومەت بە رۆڵی خۆی هەستێت لە بەرگریکردن لە سەروەریی وڵات و پاراستنی هاووڵاتیی عێراقی و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بۆی لەنێو وڵاتەکەیدا، هەموو رێگە دیپلۆماسی و یاساییەکان بگرێتەبەر بۆ سەرخستنی راستی و گێڕانەوەی ئەو زیانە ماددی و مەعنەوییانەی لێمان کەوتووە."
 
رۆژی 13-03-2022 ئێران بە مووشەک هێرشیکردە سەر هەولێر. هەر زوو سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە گوتی، هێرشەکە ئەوان بوون و لە رێگەی 12 مووشەکی بالیستییەوە ئەنجامیان داوە. بیانوویان بۆ هێرشەکە ئەوەبوو کە بنکەی ئیسرائیلییان کردووەتە ئامانج، بەڵام بەرپرسانی حکومەت رەتیانکردەوە. ئەو ماڵەی کە کرابووە ئامانجیش، ماڵی شێخ باز کەریم، سەرمایەداری کورد بوو.
 
لە 15ـی ئادارى 2022، لیژنەی لێکۆڵینەوەى راستییەکانى پەرلەمانى عێراق سەردانى شوێنى رووداوەکەیان کرد. لە 17ـى ئادار لیژنەکە لە بەغدا یەکەم کۆبوونەوەى خۆی بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان کرد.
 
لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی حاکم عەباس زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامێتی هەریەک لە:
 
- شاخەوان عەبدوڵڵا/ جێگری سەرۆکی پەرلەمان. 
- عەتوان عەتوانی/ سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا. 
- عەباس زاملی/ سەرۆکی فراکسیۆنی فەتح.
- هەرێم کەمال ئاغا/ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.
- نایف شەممەری/ جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی.
 
راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە راستییەکانی تایبەت بە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر 
 
پێشەکی:
 
دەستووری عێراقی، ئەنجوومەنی نوێنەرانی بە ئەرکی گەورە ئەرکدارکردووە، بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی گەلی عێراق و جێبەجێکردنی ویستەکانی. هەروەها رەنگدانەوەی پێداویستییەکان و خەم و خواستەکانی لە رێگەی رۆڵی نوێنەرایەتیی گەورەیی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بواری یاسادانان و چاودێرییەوە، کە یەکێک لەو ئەرکانە چاودێری و بەدواداچوونە، بۆ رووداوە لەناکاوەکان و دۆسیەکانی پەیوەست بە سەروەریی عێراق و شکۆ و ژیانی هاووڵاتییان.
 
لە ژێر رۆشنایی ئەمەدا و پاڵپشت بە ماددەی (61/ دووەم) لە دەستووری عێراق و ماددەکانی (82) و (83) و (84) لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەران، ماددەی (27/ شەشەم، حەوتەم، هەشتەم) لە یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران و پێکهاتەکانی بە ژمارە (13)ـی ساڵی 2018، بەهۆی ئەو هێرشە مووشەکییەکەی کە لە دەرەوەوە بەرەبەیانی 13ـی ئادار، کرایەسەر پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی رێزدار بڕیاریدا لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ لێکۆڵینەوەی تایبەت بەو رووداوە پێکبهێنرێت و راپۆرتێکی خۆی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بەرزبکاتەوە، بە سەرۆکایەتیی بەڕێز حاکم عەباس زاملی، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەندامییەتی هەریەک لە بەڕێزان:
 
1- بەڕێز شاخەوان عەبدوڵڵا/ جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.
2- بەڕێز پەرلەمانتار عەتوان عەتوانی/ سەرۆکی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا. 
3- بەڕێز پەرلەمانتار عەباس زاملی/ سەرۆکی فراکسیۆنی فەتح.
4- بەڕێز  پەرلەمانتار هەرێم کەمال ئاغا/ سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان.
5- بەڕێز پەرلەمانتار نایف شەممەری/ جێگری سەرۆکی هاوپەیمانیی سەروەریی.
 
لیژنەکە لە ماوەی کارکردنی خۆیدا شەش کۆبوونەوەی کرد، رۆژی دوای پێکهێنانی لیژنەکە سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی کرد، بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی شوێنی رووداوەکە و ئاگاداربوون لە وردەکاریی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و بەرپرسانی دیکەی هەرێم. پەیوەندییەکی کارا و چالاکی گرتەئەستۆ لە نێوان خۆی و بەڕێزان لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ گرتنەبەری رێکارەکان، بە مەبەستی ئاشکراکردنی راستی ئەو رووداوە و ئاشنابوون بە هەموو ئەوانەی بەمەوە پەیوەندارن.
 
لە ژێر رۆشنایی پێویستییەکان، لیژنەکە داوای لە وەزارەتی دەرەوە و دەزگا ئەمنییەکان پسپۆڕەکان کرد، بەڵگەکانی پەیوەست بەو بابەتەیان پێبدەن. لیژنەکە چەندین تێبینیی خۆی یاداشتکرد، دوای لێکۆڵینەوەی چڕ لەو داتا و زانیاری و بەڵگانەی، کە لەلایەن ئەو لایانە پێشکێشکران کە ئاماژەیان بۆکراوە.
 
لیژنەکە لە راپۆرتەکەیدا، گرنگترین رێکار و ئەنجام و راسپاردەکانی پوختکردووەتەوە کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و وردبینیکردن پێیگەیشتووە: 
 
یەکەم: گرنگی کاری لیژنەی پەرلەمانی و ئامانج لە پێکهێنانی:
 
ئەو لیژنە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، کاردەکات بۆ پاراستنی سەروەریی و شکۆی عێراق، بەشێوەیەک کە رێگەنەدرێت لە ئایندەدا هیچ هێرشێک، بکرێتە سەر خاکەکەی لەلایەن هیچ وڵاتێکی دراوسێ، یاخود دیکەوە.
 
ئامانجی لیژنەکە لێکۆڵێنەوە بووە لە راستییەکانی هێرشە مووشەکییەکەی سەر پارێزگای هەولێری پایتەخی هەرێمی کوردستان، کە (زیاتر لە نۆ مووشەکی بالیستی) لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەکراون و لە شوێنی سڤیل و دانیشتووان کەوتوونەتەوە، بەبێ ئەوەی زیانی مرۆییان هەبێت، دوای ئەوەی لایەنی ئێرانی دواتر لە راگەیێندراوێکدا بەرپرسیاریەتی خۆی لەو هێرشە راگەیاند، بە پاساوی بوونی بنکەی هەواڵگری ئیسرائیلی، بەبێ بوونی بەڵگەی سەلمێندراو.
 
دووەم: ئەو بنەمایانەی کە لیژنە پەرلەمانییەکە لەکارەکانیدا پشتی پێبەستووە:
 
1- بێگەردی و پیشەیی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسییەکان، کە لە کۆمەڵگەکەمان باس و خواسیان لێوەدەکرێت.
2- کۆبوونەوەی لیژنەکە و ئەنجامی کارە بەراییەکان، دوور لە دەزگاکانی راگەیاند، تاوەکو راپۆرتەکە دەخوێنرێتەوە، ئەمەش بۆ زیانگەیاندن بە کارەکانی، یاخود سوود وەرگرتنی سیاسیانەی.
 
3- مامەڵەکردن بەشێوەیەکی تەواوکاری لەگەڵ هەرێم[ـی کوردستان] و وەزارەتە و لایەنە پەیوەندارەکان لە پێناو گەیشتن بە باشترین ئەنجام.
 
سێیەم: رێکارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە راستییەکان:
 
ئـ- لیژنەکە لە 15ـی ئادار، سەردانی پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی کرد و پێشوازیکرا لەلایەن بەڕێز ( هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان) و ژمارەیەک سەرۆک لیژنە و فراکسیۆن و جێگری پارێزگاری هەولێر. لیژنەکە سەردانی مەیدانی بۆ شوێنی مووشەکبارانکراو کرد، چاویکەوت بە خاوەنی ئەو ماڵەی کە هێرشەکەی کراوەتەسەر و چوونە باڵەخانەکانی دەورووبەریی.
 
ب- لیژنەی لێکۆڵینەوە لە پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ بەڕێز (رێبەر ئەحمەد خالید) وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و کارمەندانی پێشکەوتووی وەزارەتەکە کرد، بەمەبەستی گفتوگۆکردنی وردەکارییەکان و سرووشتی ئەو هێرشە، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا گوێگیرا لە تەواوی وردەکارییەکان و راستییەکانی پەیوەست بەو بابەتە.
 
ت- لیژنەی لێکۆڵینەوە لە بارەگای پەرلەمان لە 17ـی ئادار میوانداری بەڕێز (رێبەر ئەحمەد خالید) وەزیری ناوخۆی هەرێمی کرد بە ئامادەبوونی سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و ژمارەیەک ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران. رێبەر ئەحمەد روونکردنەوەیەکی تەواویدا لەبارەی سروشتی هێرشەکە . لەکاتی میواندارییەکەدا ژمارەیەک پرسیار لەلایەن بەڕێز ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە لە وەزیری ناوخۆ کرا و ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی دایەوە. 
 
س- لە 28ـی ئادار لیژنەکە میوانداریی بەڕێز بریکاری وەزارەتی دەرەوە و بەڕێز بریکاری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی عێراق و ژمارەیەک فەرماندە و کەسایەتیی ئەمنی کرد، بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی بەڕێزانی ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، لەگەڵ پێشکێشکردنی روونکردنەوەی پێویست لەبارەی رێڕەوی رووداوەکە.
 
چوارەم: راستی و ئەنجامەکان:
 
ئـ- دوای سەردانی لیژنەی لیکۆڵینەوە لە راستییەکان بۆ شوێنی رووداوەکە و دیداریان لەگەڵ خاوەنی ئەو خانووە کردووە کراوەتە ئامانج و چەند پرسیارێکیان لێکردووە و ئەویش دووپاتیکردووەتەوە، هیچ جموجۆڵێکی گوماناویی لە ماڵەکەیدا نەبووە. ئەو یەکێکە لە وەبەرهێنەرە عێراقییەکان و چالاکی ئاوەدانی و خزمەتگوزاریی لەسەر ئاستی هەرێم[ـی کوردستان] و دەرەوە هەیە.
 
ب- دوای گەڕان و پشکنین و بەسەرکردنەوەی ئەو شوێنەی، کە هێرشیکراوەتەسەر و باڵەخانەکانی دەورووبەری لەلایەن لیژنەی لێکۆڵینەوە لە راستییەکانەوە. لیژنەکە هیچ بەڵگە، کەرەستە و ئامرازێکی گوماناویی لە شوێنەکەدا نەبینی کە ئاماژە بکات بە بوونی ئامێر و لاسلکی، یاخود ئامێریی سیخوڕیی، کە بۆ مەبەستی سیخوڕیی بەکاربێت.
 
ت - بەڕێز وەزیری ناوخۆی هەرێم و فەرماندە ئەمنییەکان، بە هەموو شێوەیەک رەتیانکردەوە، هیچ چالاکییەکی هەواڵگریی هیچ وڵات لە نێو خاکی هەرێم هەبێت و دەسەڵاتدارانی هەرێم رێگەنادەن خاکەکەیان بەکاربێت بۆ هێرش و پەلاماردانی هیچ وڵاتێکی دیکە، لەگەڵ رۆڵی هەرێم لە قەدەخەکردنی بوونی ئەو جۆرە چالاکییانە. 
 
س- دوای میواندارییکردنی بەڕێز بریکاری وەزارەتی دەرەوە و بەڕێز بریکاری دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراقی و هەندێک بەرپرسانی ئەمنی، پرسیاریان لێکراوە لەبارەی ئەوەی هیچ نامە و زانیاریی و ئاگادارکردنەوەیەکتان لە لایەنی ئێرانەوە بەدەستگەیشتووە، ئاماژەبکات بە بوونی بنکەی ئیسرائیلی لە پارێزگای هەولێر، ئەوانیش وەڵامیان ئەوەبووە، لایەنی ئێرانی لەوبارەوە هیچ ئاگادارکردنەوە و زانیارییەکیان بە نووسراو نەداوەتە لایەنی عێراقی.
 
ج- لیژنەکەی تێبینی نەکردووە، ئەو خانووەی هێرشیکراوەتە سەر کە خاوەنەکەی هاووڵاتییەکی عێراقییە بەناوی شێخ باز بەرزنجی، بۆ هیچ بزووتنەوە و چالاکییەکی سیاسی بەکارهێندرابێت.
 
پێنجەم: راسپاردەکان:
 
ئـ- هێرشکردنە سەر پارێزگای هەولێر، پێشلکردنی یاسا و نەریتی نێودەوڵەتییە، پێویستە رێگە بەهیچ هەوڵێک نەدرێت، عێراق بکاتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی حیساباتی وڵاتە ناکۆکەکان.
 
ب - پێویستە حکومەتی عێراق تەواوی رێکارەکان بگرێتەبەر، کە شکۆی عێراق دەپارێزێت. رێگە و کەناڵی دیپلۆماسی بگرێتەبەر لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە، بۆ ئەوەی رێگە بە دووبارەبوونەوەی هیچ هێرشێکی دیکە بۆسەر خاکی عێراق نەدرێت، لەگەڵ دووپاتکردنەوە لەسەر ئەوەی ئاسایشی هەرێم، بەشێکی دانەبڕاوی ئاسایشی عێراقی فیدراڵە.
 
ت- پێویستە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم لە هاوئاهەنگی و هاوکاری ئەمنی لەسەر هەموو ئاستەکاندا بەردەوام بن بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق و سەروەرییەکەی.
 
س- بەزاندنی ئاسمانی عێراق و ‌هێرشە دووبارەبووەکان، لە ئاستی سیاسیی و جەماوەریی رەتدەکرێتەوە، بۆیە ئەنجوومەنی نوێنەران دووپاتیدەکاتەوە، پێویستە حکومەتی عێراق رێگە بەهیچ وڵاتێک نەدات، سەروەریی عێراق ببەزێنێت.
 
ج- مافی هاووڵاتیی عێراقییە کە بەهۆی ئەو بۆردوومانە مووشەکییەی دەرەوە، زیانی بەرکەوتووە رێگەی یاسایی بگرێتەبەر و داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی لە لایەنی ئێرانی بکات. 
 
ح- لە کاتی بوونی هەر زانیارییەکی وڵاتانی دراوسێ، تایبەت بە گرووپە چەکدارەکان، یاخود پارتە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنەکانی وڵاتانی دراوسێ، یان شانەی ئیسرائیلی، پێویستە لایەنی عێراق ئاگاداربکرێتەوە و هاوئاهەنگی لەگەڵی بکەن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی شاری کفری

قایمقامی کفری: حکومەت بەشێکی باش لە بەڵێنەکانی جێبەجێ کردوون

تەمموزی ساڵی رابردوو، دوای مانگرتنی بەشێک لە دانیشتووانی قەزای کفری بۆ کەمیی خزمەتگوزاری، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵێنی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی پێدان. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، بەشێکی پڕۆژەکان جێبەجێ کراون، بەڵام هەندێک بەڵێنیش هەن چاوەڕێی جێبەجێکردنیان دەکەین و چاویان لە خزمەتگوزاریی زیاترە