رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بەرووداوی راگەیاند، سەرەڕای کشانەوەیان لە کوردستان، کارەکانیان لەبوارە جیاوازەکان دا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی "هاوئاهەنگ" بەردەوام دەبێت. سەبارەت بەبەردەوامیی مەترسیی داعش لەسەر کوردستان، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، هاوبەشە کوردەکانیان ئیدی خاوەنی توانای شەڕی دژی داعشن، بەڵام سەرەڕای ئەو پێشکەوتنە ئەرێنییە، پێویستی بەپاراستنی ئەو دەستکەوتانە هەیە.
گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، رۆژی چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، سەبارەت بەچۆنییەتیی پاراستنی ئاسایش، سەقامگیری و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان، دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، وەڵامی کەهی مەحموود، ئێدیتۆری تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
سەبارەت بەکشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەڵمانیا لە کوردستان و عێراق، ئەو گوتەبێژە گوتی: "ئەڵمانیا رێز لەداواکاریی عێراق دەگرێت بۆ کشانەوەی هێزە نێودەوڵەتییەکان، بەڵام ئەوان کۆتایی بەهاوکارییەکان ناهێنن."
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت: "بۆ ئێمە بەرژەوەندییەکی هاوبەشە کە پابەندبوونی ئەڵمانیا لەعێراق و هەروەها لەهەرێمی کوردستانی عێراقیش بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ بەردەوام بێت، لەوانەش لەرێگەی پشتیوانی لەکەرتی ئەمنی، پابەندبوونی بەردەوام بەسەقامگیری و هەروەها هاوکاری بۆ گەشەپێدان."
بە گوتەی گوتەبێژەکە، بۆ بەردەوامیی هاوکارییەکان ئەوان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان لەگفتوگۆ دان.
داعش لەناوچەکە نەماوە و هێرشەکانی کەم بوونەتەوە
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، داعش لەعێراق بەشێوەیەکی "هەمیشەیی" لاواز کراوە و بوونی لە ناوچەکە دا کۆتایی پێهاتووە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە نەکرد ئایا لە داهاتوو دا ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش بەردەوام دەبن یان نا، بەڵام گوتی: "هاوبەشە کوردەکانمان و حکومەتی ناوەندیی عێراق رۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبنە خاوەنی ئەو توانایەی بەتەنیا بەرەنگاری شانە ماوەکانی داعش ببنەوە، سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە ئەرێنییە، بێگومان پێویستییەکی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستهاتوون بپارێزرێن."



