رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی پەیوەندیی بە "دەستوەردانی حیزبی و بەکارهێنانی دامودەزگای فەرمی بۆ دروستکردنی گوشار" هەبووە، نەک بەهۆی پرسێکی کەسی و دەستگیرکردنی بەڕێوەبەرێکی وەزارەتەکە لە سلێمانی. دەشڵێت، "لە سنووری سلێمانی گوشار و هەڕەشەیەکی زۆر لەسەر فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی هەیە".
هونەر جەمال، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لەکاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 16:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشی دەکات، وردەکارییەکانی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەرێکی وەزارەتی دارایی لە سلێمانی خستەڕوو و گوتی، "ئێمە وەک وەزارەتی دارایی پێمان خۆش نەبوو ئەم بابەتە لە میدیاکان باس بکرێت، بەڵام لە شەوی رابردووەوە بە شێوازێکی دیکە خرایە نێو میدیاوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە کرد کە دوای دەستگیرکردنی ئەو بەڕێوەبەرە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لە نێوان وەزارەتی دارایی و نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران پێکهێنراوە. لیژنەکە سەردانی سلێمانی کردووە و دوای بەدواداچوون، راپۆرتێکیان ئامادە کردووە.
بە گوتەی هونەر جەمال، "لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە، وەزیری دارایی لیژنەیەکی دیکەی لە وەزارەت پێکهێنا بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆسیەکە." هەردوو لیژنە گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە "بابەتەکە شایەنی ئەوە نییە ئەو بەڕێوەبەرە ئەو ماوە زۆرە رابگیرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی گوتی، نزیکەی دوو هەفتەیە ئەو بەڕێوەبەرە راگیراوە و تاوەکو ئێستا رەوانەی دادگە نەکراوە. گوتیشی، "وەزیری دارایی گوتوویەتی ئێمە ئامادەین ببینە سکاڵاکار ئەگەر گەندەڵی لەسەرە، با لە دادگەیەکی بێلایەن و سەربەخۆ دادگایی بکرێت." وەزیر ئامادەیی دەربڕیوە دادگاییکردنەکە "لەبەرچاوی رای گشتی" بێت تاوەکو راستییەکان بۆ هەمووان دەربکەون.
هونەر جەمال، رەتیکردەوە دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری دارایی پەیوەندیی بە دۆسیەی ئەو بەڕێوەبەرە هەبێت، بەڵکو هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ "گوشار و هەڕەشەیەکی زۆرە کە لەسەر فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی لە سنووری سلێمانی هەیە. دەستلەکارکێشانەوەکە پەیوەندیی بە دەستوەردانی حیزبی و بەکارهێنانی دامودەزگای فەرمی هەیە بۆ دروستکردنی گوشار." وەک نموونەیەک، ئاماژەی بەوە دا کە "دادوەرێک لە دەستەی دەستپاکی، پێنج جار بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ داوای گۆڕینی ئەم بەڕێوەبەرەی کردووە، لە کاتێکدا هێشتا هیچ شتێکی لەسەر ساخ نەبووەتەوە."
سەبارەت بە دواکەوتنی لیستی مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەران، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی گوتی، "کێشەیەکی سیستمی و گۆڕانکاری لە (UPN) و هەندێک داواکاریی وەزارەتی پلاندانانی عێراق وایکرد کەمێک دوابکەوێت، بەڵام لە کۆتاییدایە و لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچە دەنێردرێت"
لەبارەی ناردنی پارەی مووچە لە بەغداوە، هونەر جەمال گوتی، "ئەوەی ئەم چەند مانگە رووبەڕوومان بووەتەوە، تاوەکو مووچەی خۆیان [فەرمانبەرانی عێراق] تەواو نەبێت، مووچەی ئێمە نانێرن، بۆیە پێموایە ناکەوێتە پێش 10ی مانگ."


