رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گومرگی مهاباد رایگەیاند، لەشەش مانگی رابردوو دا بایی زیاتر لە 45 ملیۆن دۆلار کاڵا لەو شارەوە هەناردە کراوە، کە بەراورد بەپار بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. هاوکات ئاماژە بەدەستبەسەرداگرتنی دەیان ئامێری ماینەری قاچاخ و کەلوپەلی دیکە دەکات.
رۆژی چوارشەممە، 30ـی ئەیلوولی 2026، ئەحمەد ئەحمەدی، لەلێدوانێک دا بۆ میدیا نێوخۆییەکانی ئێران رایگەیاند: "لەنیوەی یەکەمی ئەمساڵ دا، بایی زیاتر لە 45 ملیۆن دۆلار کاڵای جۆراوجۆر لەچوارچێوەی هەزار و 916 بار دا لەم شارەوە هەناردە کراوە."
بەگوتەی بەڕێوەبەری گومرگی مهاباد، بەراورد بەهەمان ماوەی پار، هەناردەکردن نزیکەی 55٪ زیادیکردووە. ئەمە لەکاتێک دایە، پار لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ساڵ دا، بایی 29 ملیۆن دۆلار کاڵا لەگومرگی مهابادەوە هەناردە کرابوو و کۆی گشتیی هەناردەش لەو ساڵە دا 42 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەحمەد ئەحمەدی، هۆکاری ئەم بازدانە ئابوورییەی بۆ زیاتربوونی هەناردەی کارگەی پترۆکیمیایی شارەکە گەڕاندەوە و گوتی: "زیادبوونی ئەمساڵ بەهۆی ئەوەیە کە بەرهەمەکانی پترۆکیمیای مهاباد راستەوخۆ لەگومرگی ئەم شارەوە هەناردە دەکرێن، لەکاتێک دا لەساڵانی رابردوو دا لەرێگەی گومرگەکانی دیکەوە هەناردە دەکران."
بەگوتەی ئەحمەدی، لەو ماوەیە دا 81 دۆسیەی تایبەت بەکاڵای قاچاخ تۆمارکراون و بایی 14.3 ملیار تمەن (نزیکەی 56 هەزار دۆلار) کەلوپەلی قاچاخ لەگومرگەکە دا دەستی بەسەر دا گیراوە، کە بەراورد بەپار 26٪ زیادی کردووە. ئاماژە بەوەش دەکات، زۆربەیان کەرەستەی ناوماڵ، کەلوپەلی جوانکاریی خانمان، ئامێری کارەبایی، ئامێرەکانی دەرهێنانی دراوی دیجیتاڵی (ماینەر) و جگەرە بوون.
بەڕێوەبەری گومرگی مهاباد ئاماژە بەکەمبوونەوەی گەشتە دەرەکییەکان بەئۆتۆمبێلی نێوخۆیی دەکات و دەڵێت، لەم ماوەیە دا 971 مۆڵەتی چوونە دەرەوەی کاتی بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەرکراوە، کە ئەمەش بەراورد بەساڵی رابردوو 14٪ کەمیکردووە.
مهاباد شارێکی سەر بەپارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانە و گومرگی شارەکە یەکێک لەو نۆ گومرگانەیە کە لەپارێزگای ورمێ چالاکن.



