سەرۆكی دەستەی دەستپاكی: 14 كەسی پلەباڵا تۆمەتبارن بە گەندەڵی

31-03-2017
محەممەد هادی
نیشانەکردن دەستپاکی
A+ A-
رووداو - هەولێر

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان تازەترین ئامار لەبارەی دۆسیەكانی گەندەڵی بڵاودەكاتەوە و دەڵێت زیاتر لە 50 دۆسیەی گەندەڵییان رەوانەی دادگاكانی كوردستان كردووە، هەندێك لە دۆسیەكان بڕیاری كۆتاییان لەسەر دراوە، هەروەها دەڵێت زۆرترین دۆسیەی گەندەڵی لە پارێزگای هەولێر بووە.

حاكم ئەحمەد ئەنوەر، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) باسی گرفتی دەستەكەیان دەكات و دەڵێت دامەزراندنی دەستەكەیان كەوتە نێو قەیرانی داراییەوە، بۆیە تاوەكو ئێستا تەنیا 60%ی دامەزراوەكەیان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی دەستەكە دروستكراوە. هەروەها دەڵێت كێشەی لێكۆڵەریان هەیە، ئەو لێكۆڵەرانەشی كار دەكەن، شارەزاییان لەبارەی دۆسیەكانی گەندەڵی كەمە. 

رووداو: كۆتایی ساڵی رابردوو لە رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا راتانگەیاند، تەنیا 42 دۆسیەی گەندەڵیتان رەوانەی دادگاكانی كوردستان كردووە، ژمارەكە ئێستاش وەكو خۆیەتی؟

حاكم ئەحمەد: ژمارەكە بە دڵنیاییەوە زیاد بووە، ئەوەی رامانگەیاند داتای 11 مانگ بوو، ئێمە لە كۆتایی مانگی ئایار داتای نوێ رادەگەیێنین، لەوانەشە بیكەینە مانگانە، ئێستا داتای دروستم لەبەردەست نییە، بەڵام رەنگە ژمارەی دۆسییەكان لە سەرووی 50 وە بێت، بەشێكیان دانیشتنی دادگایان بەڕێوەچووە و هەندێكیشیان یەكلایی بوونەتەوە.

رووداو: لەو 42 دۆسیە تەنیا 3 دۆسیە لە هەولێر بوون و 30 دۆسیە لە دهۆك بوون، 10 دۆسیەش لە سلێمانی، ئەو جیاوازییە زۆرە لە نێوان پارێزگاكان هۆكارەكەی چییە؟ ئایا پەیوەندی بە دادگاكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە یان لە دهۆك گەندەڵی زیاترە؟

حاكم ئەحمەد: نەخێر ئەگەر تۆ لە هەمان راپۆرت سەیری زانیارییەكان بكەی كە لەسەر گەندەڵی هاتوون، بۆ نموونە لە راپۆرتی 2016 كە دوای نەورۆز بڵاوی دەكەینەوە، بەپێی داتاكان و زانیارییەكان و هەواڵدەرییەكان لەسەر گەندەڵی، لە هەولێر زیاترە بەراورد بە سلێمانی و دهۆك، بەڵام سەبارەت بە دهۆك دیارە برادەرانی ئەوێ چالاكانەتر كاردەكەن بەهۆی بچووكیی سنووری جوگرافیی شارەكە.

رووداو: دادگاكانی دهۆك چالاكترن لە دادگاكانی هەولێر و سلێمانی؟

حاكم ئەحمەد: ناتوانم بە موتڵەقی وا بڵێم، بەڵام ئەو بەشەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە، ئیشەكانی بە باشی بەڕێوەچووە.

رووداو: لەو دۆسیانەی كە نێردراون بۆ دادگا چەندیان یەكلابوونەتەوە؟

حاكم ئەحمەد: ئەوەی كە گەیشتبێتە قۆناغی بڕیار نزیكەی 6 دۆسیەیە، واتە لە دادگای سەرەتایی یەكلابووەتەوە و بڕیاری سەرەتایی لەبارەوە دراوە.

رووداو: ئەو 6 دۆسیەیە لە چ بوارێكن؟

حاكم ئەحمەد: هەمووی لە بواری گەندەڵییە، ئەوەی كە ئێمە بە تەركیز ئیشی لەسەر دەكەین بریتین لە بەرتیل، دزینی پارەی گشتی، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و بەهەدەردانی سامانی گشتی، ئەو دۆسیانە گەر هەڵە نەبم سێییان دزینی موڵكی گشتییە، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتیشی تێدایە.

رووداو: بەگشتی ئەو دۆسیانەی كە نێردراون بۆ دادگا زیاتر لە چ بوارێكی گەندەڵی بوونە؟

حاكم ئەحمەد: داتای وردم لا نییە، بەڵام پێشبینی دەكەم دزینی پارەی گشتی زۆر بێت لەگەڵ خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات، ئەو دووە لە هەرێمی كوردستان زۆرن.

رووداو: لە ماوەی ساڵی رابردوودا دوای ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان پرۆسەی چاكسازیی راگەیاند، لەو ماوەیە تاوەكو ئێستا بەگشتی چەند مەلەفی گەندەڵی بە دەستەی دەستپاكی گەیشتووە؟

حاكم ئەحمەد: سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان مەلەفی زۆری بۆ ناردین كە بەپێی یاسا پێی دەڵێین زانیاری، بەڵام بەگشتی لە ساڵی 2016دا، لە هەولێر 170 زانیاری هاتووە، لە سلێمانی 22 زانیاری هاتووە، لە دهۆكیش 27 زانیاری، واتە كۆی زانیارییەكان 219 زانیارییە. سەبارەت بە داوای هەواڵدەری، 54 داوای هەواڵدەری لە هەولێر هەبووە، لە سلێمانی 27 داوای هەواڵدەری و لە دهۆكیش 62 داوا. سەبارەت بە داوای جەزایی، لە هەولێر 46 داوای جەزایی هەبووە، لە سلێمانی 65 و لە دهۆكیش 67 داوا هەبووە. كۆی گشتیی داوا جەزاییەكانیش 180 داوایە.

رووداو: بەپێی داتاكانی ئێوە و بەپێی قسەی ئەندامێكی لیژنەی چاكسازی لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، بەدەمەوەهاتن لە سلێمانی كەمترە، هۆكاری ئەمە چییە؟

حاكم ئەحمەد: ئەوان بەرفراوانتر لە ئێمە كار دەكەن، بەڵام ئێمە وەك دەزگایەكی حكومی زیاتر لەسەر دۆسیەكانی بەرتیل، دزینی پارەی گشتی، خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات و بەهەدەردانی سامانی گشتی كار دەكەین. ئێمە داوای جەزاییمان لە سلێمانی زیاترە بەراورد بە هەولێر، كەواتە سەرەڕای بوونی كۆمەڵێك گرفت لە ئیش و كارەكانمان، بەڵام ئێمە لە هەرسێ پارێزگاكە ئیشی خۆمان دەكەین و لەو پارێزگایانەش هیچ كەس دوور و نزیك دەستی وەرنەداوەتە كاری ئێمە. 

رووداو: دامودەزگاكانی سلێمانی تا چەند هاوكاریتان دەكەن؟

حاكم ئەحمەد: ئەو رێگرییە رۆتینیەی كە لە هەولێر هەبووە لە سلێمانیش هەیە. من لە سلێمانی لەگەڵ هەر سێ پارێزگارەكەی پێشوو كارم كردووە، لەگەڵ ئەو بەڕێزەی ئێستاش كە كاری پارێزگاری دەكات كۆنتاكتمان هەیە، هاوكارمانن و لەگەڵیان ئیش دەكەین، بەڵام بێ‌ كێشەش نین.

رووداو: بەپێی داتاكانی ئێوە نزیكەی 219 زانیاری هەیە لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، ئێستا ئەو ژمارەیە بووەتە چەند؟

حاكم ئەحمەد: ئەو داتایە داتای ساڵی 2016یە، بەڵام تاوەكو ئێستا پێشبینی دەكەم نزیكەی 100 زانیاریی دیكە هاتبێت، واتە بە لایەنی كەمەوە بووەتە 300 زانیاری.

رووداو: لەو زانیارییانە لەبارەی گەندەڵی زۆرترینیان لە چ سێكتەرێكدا بوون؟

حاكم ئەحمەد: بەپێی داتاكان 33 زانیاری لە وەزارەتی كارەبایە، 23 زانیاری لە وەزارەتی شارەوانییە و 36 زانیاریش لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییە. بەم نزیكانەش سەرجەم داتاكان بڵاودەكەینەوە.

رووداو: زۆرترین جۆری گەندەڵی كامەیە ئەگەر داتات هەبێت یان پێشبینی بكەن؟

حاكم ئەحمەد: لە راپۆرتەكەی ئێمەدا ئەو پۆلێنە نییە، چونكە ئەو پۆلێنە تەنیا لە دوای حوكمی كۆتایی كە دەردەچێت رووندەبێتەوە، بەڵام پێشبینی دەكەم زۆرترینیان پەیوەندییان بە خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتەوە هەبێت؟

رووداو: لە ماوەی رابردوودا بەڕێوەبەری گشتی هەبووە گیراوە، ئێوە هیچ رۆڵتان هەبووە لەوەدا؟

حاكم ئەحمەد: لای ئێمە خەڵك زۆر دەگیرێن و ئازاد دەكرێن، بەڵام لەبەر رێزگرتن لە یاسا و یەكلاكردنەوەی كەیسەكان ناوی هیچ كەسێك بڵاوناكەینەوە، وابزانم 380 بڕیاری گرتن دەرچووە لە دەستەی دەستپاكی، 320ی جێبەجێ كراوە كە ژمارەیەك بەڕێوەبەری گشتی و راوێژكاری تێدا بووە.

رووداو: ئەگەر ئاماری وردت لایە پێمخۆشە ئاشكرای بكەی؟

حاكم ئەحمەد: ئێمە ئەو ئامارانە بەم نزیكانە بڵاودەكەینەوە لە دوای نەورۆز، بەپێی ئاماری گشتی تۆمەتبار بەپێی پلەكەی، 14 پلە تایبەتمان هەیە وەكو تۆمەتباركراو، هەروەها 43 فەرمانبەر و 16 بەڕێوەبەری تێدایە. تێكڕای گشتی تۆمەتبار بەپێی پلەی وەزیفی 137 كەسە، 105 بڕیاری ئامادەبوون دەرچووە و 83ی جێبەجێ كراوە و 22 فەرمان جێبەجێ نەكراون، هەندێكیان لە دەرەوەی وڵاتن و هەندێكی دیكەیان كەسی ئاسایین، ئەم داتایانە تا كۆتایی مانگی 12یە و 29 كەسیش بە كەفالەت ئازادكراون، 54 كەسیش بەبێ كەفالەت ئازادكراون، زۆربەیان بەپێی ماددە 341 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەیان لەگەڵ كراوە، لەوبارەیەوە 49 داوای سزاییمان هەیە كە پەیوەندییان بە زەرەرگەیاندن بە موڵكی گشتییەوە هەیە.

رووداو: تاوەكو ئێستا هیچ وەزیرێك تۆمەتباركراوە بەگەندەڵی یان مەلەفی بۆ كراوەتەوە؟

حاكم ئەحمەد: تاوەكو ئەم ساتە نا، ئێمە هیچ وەزیرێكمان نییە وەك تۆمەتبار ناوی هاتبێت، وەزیر هەیە ناوی لە كەیسدا هاتووە وەكو شایەت، بەڵام وەك تۆمەتبار نیمانە.

رووداو: هەندێك لە پەرلەمانتاران لە پەیج و ئەكاونتەكان دۆسیەكان بڵاودەكەنەوە، هۆكاری ئەوە چییە؟ ئایا متمانەیان بە دادگاكان و دەستەی نەزاهە نییە، یان تەنیا بۆ خۆدەرخستنە؟

حاكم ئەحمەد: ژمارەیەكی زۆریان دۆسیەیان بۆ ئێمە ناردووە. یەكێك لە سەرچاوەكانی ئێمە بە تایبەتی لە سەرەتای دروستبوونی دەستەی نەزاهە، پەرلەمانتاران بوون، بەڵام خۆیان بۆچی بڵاوی دەكەنەوە ئەوە دەبێت لە خۆیان بپرسن، بەڵام بۆ ئێمەشیان ناردووە.

رووداو: پەرلەمانتارانی كام فراكسیۆن زۆر یارمەتیدەر بوون؟

حاكم ئەحمەد: لە هەموو لیستەكان هاوكاری كراوین و دۆسیەیان بۆ ناردووین، بەڵام زۆرترین دۆسیەمان لەلایەن فراكسیۆنی گۆڕانەوە بۆ هاتووە.

رووداو: پەرلەمانتارانی پارتی و یەكێتی دۆسیەتان بۆ دەنێرن، یان ناردوویانە؟

حاكم ئەحمەد: بەڵێ ئەوانیش هاوكارییان كردووین.

رووداو: ئێوە بە هاوكاریی رێكخراوی وێستمینستەر ستراتیژی نیشتمانیی گەندەڵیتان نووسیوەتەوە، ستراتیژییەكە بۆ ماوەی 5 ساڵە، دوای ئەو 5 ساڵە دەتوانن چی بە خەڵكی كوردستان بڵێن، ئایا دەتوانن بڵێن ئیدی گەندەڵی نامێنێ‌؟

حاكم ئەحمەد: ئەوە رەشنووسە و تەواو بووە و دراوەتە لیژنەیەكی وەزاریی 5 كەسی كە وەزیری پلاندانان و سەرۆكی دەستەی دەستپاكی و وەزیری خوێندنی باڵا و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، هەریەك لە سكرتێر و سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش ئەندامن. ئەو لیژنەیە دادەنیشن و بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو رەشنووسە دەدەن، پاشان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانی دەنێرن بۆ ئەوەی پەسەندی بكات و بڕیاری لەسەر بدات.  ئەو ستراتیژە بۆ چالاككردنی سەرجەم داوودەزگاكانە، بۆ ئەوەیە ئافاتی گەندەڵی لەنێوببات، یان بە لایەنی كەمەوە كەم ببێتەوە، چەندە ئەو ستراتیژە جێبەجێ بكرێت، ئەوەندە دژایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ گەندەڵی بەرەوپێش دەچێت. ئەگەریش جێبەجێ نەكرا، ئەوا دۆخەكە وەك خۆی دەمێنێتەوە. 

رووداو: ئەو گرێبەستە لەگەڵ ئەو رێكخراوە چۆن كراوە و بە چەند كراوە؟

حاكم ئەحمەد: ئێمە هیچ گرێبەستمان نەكردووە، ئەوان خۆبەخشانە هاتوونەتە پێش.

رووداو: ئێوە هێڵێكی گەرمتان هەیە بۆ ئەوەی خەڵك پەیوەندیتان پێوەبكەن، رۆژانە چەند كەس پەیوەندیتان پێوەدەكەن؟

حاكم ئەحمەد: ئەو هێڵە ژمارەكەی 1015 یە. رۆژانە لانیكەم 2 تا 3 كەس پەیوەندی دەكەن، بەڵام هەمووی بۆ گەندەڵی نییە و ئێمە بە ئیمەیڵیش زانیاریمان بۆ دێت.

رووداو: تۆ حاكمیت، چۆن دەتوانرێت رێگری لە گەندەڵیی شاراوە بكرێت و دەستان پێی بگات؟

حاكم ئەحمەد: ئەو پرسیارە زۆر گرنگە، ئەوە پێویستی بە كادیری شارەزا و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو هەیە كە بەڕاستی لە هەرێمی كوردستان هەردووكیان لە سەرەتادان، ئاشكراكردنی ئەو گەندەڵیانە زۆر قورسە، ئێمە پێویستمان بە راهێنانێكی زۆر باشی كادیرەكانمان و موحەقیقەكانی خۆمان هەیە.

رووداو: واتە ئێوە ناتوانن بەرەنگاری گەندەڵیی شاراوە ببنەوە؟

حاكم ئەحمەد: ناتوانم بڵێم ناتوانین بەرەنگاری ببینەوە، بەڵام ئەگەر هاوكارییەكی باش هەبێت ئەوا دەتوانین بەرەنگاری ببینەوە، بەو ئیمكانیەتەی ئێستا ئاسان نییە.

رووداو: تەحەدییەكانی بەردەم دەستەی دەستپاكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی چین؟

حاكم ئەحمەد: ئێمە دامەزراوەیەكی تازەین و دامەزراندنی دەستەكە كەوتە نێو قەیرانی داراییەوە. تاوەكو ئێستا 60%ی دامەزراوەكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی خۆی دامەزراوە. خاڵی لاوازی دەستەكەمان كەمیی ژمارەی لێكۆڵەرە لە هەرێمی كوردستان. لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك تەنیا 20 لێكۆڵەری موتەفەریغمان هەیە، 4  لە دهۆك ، 9 لە هەولێر و 7 لە سلێمانی. ئێمە لە قەزاكان هیچ  لێكۆڵەرێكمان نییە، واتە بە كرداری كارەكانی ئێمە كەوتووەتە نێو ئەو سێ پارێزگایە، دنیایەك زانیاریمان لایە لەسەر هەڵەبجە و راپەڕین و سۆران و ناوچەی دیكە، بەڵام بەهۆی نەبوونی لێكۆڵەر و نەبوونی توانا بۆ كردنەوەی ئۆفیس، ناتوانین وەك پێویست ئیشی لەسەر بكەین، هەروەها كەمیی شارەزایی لێكۆڵەرەكان لە كەیسەكانی گەندەڵی، كێشەیەكی دیكەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە