کاردیناڵ لویس ساکۆ: بە گوشاری میلیشیایەک مەرسوومی کۆماری لە من سەندرایەوە

02-10-2023
دلبخوین دارا
دلبخوین دارا @dilbixwindara
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کاردیناڵ لویس ساکۆ، سەرۆکی کلدانەکانی عێراق و جیهان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کاردیناڵ لویس ساکۆ، سەرۆکی کلدانەکانی عێراق و جیهان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کاردیناڵی کەنیسەی کلدانەکان لە عێراق و جیهان رایدەگەیێنێت، لێسەندنەوەی مەرسوومی کۆماری لە لایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە لە ئەو، بە گوشاری میلیشیایەک بووە کە مۆرکێکی کریستیانی هەیە. دەشڵێت، "هیچ بەرژەوەندییەک لەوەدایە کە مەرسوومی کۆماری تەنیا لە من بکێشرێتەوە؟! کەچی پیاوانی دیکەی ئایینی هەن کە پلەیان لە خوار منە و هێشتا مەرسوومیان هەیە."
 
کاردیناڵ لویس ساکۆ، کاردیناڵی کەنیسەی کلدانەکان لە عێراق و جیهان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە دلبخوین دارا لەگەڵی ئەنجامی دا، لەبارەی دۆخی کریستیانەکان لە عێراق و جیهان، لێسەندنەوەی مەرسوومی کۆماری، چوونی بۆ هەولێر، کۆچی کریستیانەکان و چەند بابەتێکی دیکەیش قسەی کرد. 
 
کاردیناڵی کەنیسەی کلدانەکان لە عێراق و جیهان نیگەرانیی خۆی لەو بڕیارەی سەرۆککۆماری عێراق بۆ لێسەندنەوەی مەرسوومی کۆماری لێی، نیشاندا و نەیشاردەوە کە هیچ بەرژەوەندییەک لەوەدا نییە و گوتی، ئەوە بە گوشاری میلیشایەک بووە و گوشاریان خستووەتە سەر سەرۆککۆمار "تاوەکو من دەستەمۆ بکات و ناچار بم مل بۆ ئەجێنداکەی بدەم، یان هەتا ئەوکاتەی بتوانێ رەوایەتی لە کەنیسە وەربگرێ و بتوانێ بە ئارەزووی خۆی رەفتار بکات و دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێتە سەر موقەدەراتی هەموو مەسیحییەکان، جگە لەوە هیچ بیانوویەکی دیکە شک نابەم."
 
لویس ساکۆ باسی چوونی بۆ هەولێر و "پێشوازیی گەرمی" دەکات و دەڵێت، "من وەکو جۆرێک لە ناڕەزایی هاتووم، وەکو گوشارێک لەسەر سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانیش، چونکە ئەویش بەشێکە لەو حکومەتە. دەمەوێ گوشاریان بخەمە سەر هەتا چارەسەرێکی گونجاوی بۆ دەبیننەوە و دەگەڕێمەوە نووسینگەکەی خۆم لە بەغدا." 
 
لەبارەی کۆچی کریستیانەکانیش گوتی، "کریستیان بە سرووشتی خۆی بەدوای ئارامی و ئاسایشەوەیە. ئاسایش و ئازادی کە نەما، بۆ جێیەکی ئارام دەگەڕێ کە ئازادی و رێزی بپارێزێ و بتوانێ منداڵەکانی پەروەردە بکات."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کاردیناڵ لویس ساکۆ:
 
رووداو: کاردیناڵ لویس بەخێربێی
 
لویس ساکۆ: خودا لێت رازی بێت زۆر سوپاس
 
رووداو: خوای گەورە لە تۆش رازی بێت، زۆر سوپاس کاردیناڵ لویس کە لە زاخۆ لەدایکبووە کە هاتە ئەم شوێنە گوتم هەڤپەیڤینەکە بە کوردی کورمانجی ئەنجام دەدەین، بەڵام پێت گوتم لەبیرم چووە، ئایا کوردیت بیر چووەتەوە؟
 
لویس ساکۆ: سوپاس
 
رووداو: لە زمانی کوردی تێدەگەیت؟
 
لویس ساکۆ: بەڵێ لەبیرمکردووە 
 
رووداو: تا رادەیەک لە زاخۆ بە باشی فێری زمانی کوردی بووی، بەڵام لە تەمەنی گەنجیدا رووت لە موسڵ کردووە، کە تەمەنت 6 ساڵ بووە. تۆ لە ماڵەوە بە زمانی کلدانی قسە دەکەیت؟ پاشان زمانی عەرەبی.
 
لویس ساکۆ: عەرەبی، کلدانی، لەگەڵ دەرەوە زیاتر بە ئینگلیزی، ئیتالی، فەرەنسی
 
رووداو: زمانی ئەڵمانیش شارەزای و گەشتی ئەڵمانیات کردووە، پێشتر کەمێک بە ئەڵمانی قسەمان کرد.. بەخێربێن بۆ هەولێر و بۆ رووداو.. کاردیناڵ ساکۆ، بۆچی هاتیتە هەولێر. ئایا ژیانت بە مەترسی دەورە دراوە؟
 
لویس ساکۆ: نەخێر، من کە پەنام بۆ هەولێر هێنا بەهۆی کێشانەوەی مەرسوومی کۆماری بوو لە من کە بەشێوەیەکی ناشارستانی بوو، لەکاتێکدا من هیچ کێشەیەکی تایبەتیم لەگەڵ سەرۆککۆمار نییە. من دوو جار سەردانم کردووە و ئەویش پێش ئەوە سەردانی کردووم. ئەو سەر بە حیزبێکە کە باوەڕی بە عەلمانیەت و لیبراڵیزم هەیە، نازانم چ بەرژەوەندییەک لەوەدایە کە مەرسوومی کۆماری تەنیا لە من بکێشرێتەوە کەچی پیاوانی دیکەی ئایینی هەن کە پلەیان لە خوار منە و هێشتا مەرسوومیان هەیە. من بە دەستووری عێراقیدا چوومەوە، بینیم لەڕووی یاساییەوە هیچ بنەمایەکی نییە. مادەی 73 بڕگەی حەوت دەڵێت: دەرکردنی مەرسووم لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکە، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە کە بڵێ مافی کێشانەوەی مەرسوومی هەیە. دوای ئەوە هیچ هۆکارێکی نییە، پێویست نییە، چونکە پاساوەکە چییە، تەنانەت لەڕووی ئەخلاقیشەوە، من هیچ تاوانێکم نەکردووە کە پێویست بکات مەرسوومم لێ بکێشنەوە. 
 
پەیوەندیی باشم لەگەڵ هەموو سەرۆککۆمارەکانی پێشتر هەبووە، مام جەلال و دواتر فوئاد مەعسووم و دکتۆر بەرهەم ساڵح و تەنانەت ئەویش و هەموو سەرۆکوەزیرەکانیش، واتە لە چوارچێوەیەکدا بووە کە خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی بکات. هیچ تێناگەم بۆچی مەرسوومیان لە من کێشایەوە.. بە دڵنیاییەوە دەبێ گوشاری میلیشیایەکی لەسەر بووبێ کە مۆرکێکی مەسیحیانەی هەیە. گوشاریان خستووەتە سەری تا من دەستەمۆ بکات و ناچار بم مل بۆ ئەجێنداکەی بدەم، یان هەتا ئەوکاتەی بتوانێ رەوایەتی لە کەنیسە وەربگرێ و بتوانێ بە ئارەزووی خۆی رەفتار بکات و دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێتە سەر موقەدەراتی هەموو مەسیحییەکان، جگە لەوە هیچ بیانوویەکی دیکە شک نابەم. پاشان ئەو ئەگەر قەناعەتیش بە سیغەکەی ناکات، من پێشنیازی سیغەیەکی نوێشم بۆ کرد کە رێزی ئەویش بپارێزێ، بەڵام رازی نەبوو، هەر پێداگری کرد و ناشزانم هەتا کوێ لەسەر ئەو پێداگرییە دەڕوات، لەگەڵ ئەوەش هەموومان هەڵە دەکەین، پاشگەزبوونەوە لە هەڵەش بە فەزیلەت دادەنرێ. هیچ کەسێک کامڵ نییە تەنیا خودا کامڵە.
 
رووداو: دەڵێن پێشوازینەکردنی پاپا فرانسیس لە سەرۆککۆماری عێراق یەکێکە لە هۆکارەکان، واتە ئەو بڕیارە وەک کاردانەوەیەک دراوە.
 
لویس ساکۆ: نا نا بەهیچ جۆرێک. من پەیوەندیم بەو سەردانەشەوە نییە. ئەو سەرۆککۆمارە و لەولاشەوە پاپا سەرۆکی دەوڵەتێکە تەنیا سەرۆکی کەنیسە نییە. ئینجا من هەر نزیکی ئەو بابەتەش نەبوومەوە. ئەسڵەن هەر پرسیشیان بە من نەکرد کە ئەوە سەرۆکۆمار دەڕوات بۆ ئەوێ. پاپاش ئەوکاتە نەخۆش بوو، لە نەخۆشخانە بوو، دەبوو نەشتەرگەری بکات. ڤاتیکان بۆ نووسینگەی سەرۆکیان نووسیبوو کە ئەگەر دەکرێ سەردانەکە دوابخەن یان ماوەی مانەوەی درێژ بکەنەوە بۆئەوەی پاپا بتوانێ پێشوازی لێ بکات. نەخێر من خۆم تێهەڵنەقورتاند و هیچ کاریگەرییەکیشم لەسەر سەردانەکە نەبوو، چونکە پەیوەندی بە منەوە نییە. راستە زۆرجار پرسیاریان لێکردووم کاتێک یەکێ لە کەسایەتییە گرنگە عێراقییەکان سەردانی ڤاتیکانیان کردووە، پرسیویانە رای تۆ چییە؟ من رای خۆم گوتووە کە چین ئەو بابەتانەی گفتوگۆیان لەسەر بکەن، چونکە ئەو لە ڤاتیکانە و من لێرە و عێراقیم و واقیعەکە دەزانم. بەگشتی من پشتیوانی لەو سەردانانە دەکەم، چونکە بۆ هەموومان گرنگە، بۆ عێراق و بۆ کریستیانەکان و تەنانەت کە یەکێ وەکو باڵیۆز لە ڤاتیکان دەستنیشان دەکەن، وەکو فەرحان ئەلعامری، پرسیاریان لە من کرد و منیش پشتیوانیم کرد. لە دژی نەوەستام، بۆیە من حەقم بەسەر ئەو شتانەوە نییە ئەوانە بیانوون.
 
رووداو: باشە بۆچی پاپا دەستوەردانی نەکرد بۆ گۆڕینی بڕیارەکەی سەرۆککۆمار بۆ کشانەوەی فەرمانەکە؟
 
لویس ساکۆ: پاپا و بێگومان ڤاتیکان، حیکمەت و دیپلۆماسییەکی دێرینیان هەیە و راستەوخۆ دەستوەرنادەنە هیچ کاروبارێک بۆئەوەی ئاڵۆزتری نەکەن، بەتایبەتیش دەترسێن لەوەی کریستیانەکان کە لە ماوەی ئەم 20 ساڵەی دوایی چەندین جار کراونەتە ئامانج و قوربانییەکی گەورەیان داوە، رفێنراون و کوژراون و راگوێزراون، نزیکەی یەک ملیۆن کریستیان ئەم وڵاتەیان بەجێهێشتووە، بۆیە دەیانەوێ ئەم نیو ملیۆن کریستیانە بپارێزن کە لێرە ماون، بۆیە نەیانویست شتەکە ئاڵۆز بکەن، بەڵام دواتر دوو شت روویاندا. یەکەمیان کاتێک سەرۆککۆمار هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ڤاتیکانی بانگ کرد، پرسیاریان لێکردبوو کە هەڵوێستی ڤاتیکان لەو مەسەلەیە چییە؟ لە وەڵامدا گوتبووی هیچ زانیارییەکم لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەم نییە، چاوەڕێم، بەڵام تەماشای ئەم ساختەکارییە بکە. گوایە هەڵسوڕێنەر گوتوویەتی ڤاتیکان هیچ تێبینییەکی لەسەر کێشانەوەی ئەو مەرسوومە نییە. ڤاتیکانیش وەڵامی دایەوە کە ئەو رەفتارە لەگەڵ کاردیناڵ لویس ساکۆ ناشایستەیە، ئاوا بە نیگەرانییەوە وەڵامیان دایەوە. پاشان کەسێک کە نامەوێ ناوی بهێنم، ناسراوە.. چوو، بەڵام چۆن چوو؟ من نایزانم. کەسێکە لەژێر سزاکانی ئەمریکادایە، چۆن چوو بۆ ڤاتیکان و بۆ رۆما و کێ هاوکاری کرد، چۆن توانی بلیتی دیدارێکی گشتی وەرگرێ کە 10 هەزار کەس تێیدا ئامادە بوون. لە دیدارەکەدا، من دەزانم چونکە چوار ساڵ لە ڤاتیکان ژیاوم. خەڵک راوەستاون و پاپا تێدەپەڕێ و تەوقەیەکی لەگەڵ دەکات، بەڵام خۆ نەیزانیوە ئەو کەسە کێیە. هات ئەمەی بۆخۆی کردە بابەتی پرۆپاگەندەی میدیایی کە پاپا پێشوازی لێکردووە و پاسەوانی سویسری سڵاویان بۆ کردووە، ئەگەر تەماشای فیلمەکە بکەنەوە دەبینن تاریک کراوە. مانای وایە وێنەی یەکێ لە دەروازەکانی ڤاتیکانی راکێشاوە کە پاسەوانی لێ وەستاون، وێنەکەی راکێشاوەتە سەر دیمەنەکە. پاشان دەڵێ گوایە پاپا رازی بووە بە گۆڕینی کاردیناڵ ساکۆ و هات هەندێ وێنەی دروستکردن.
 
رووداو: واتە مۆنتاژی کردووە؟
 
لویس ساکۆ: بەڵێ مۆنتاژی کردووە. وێنەکە ساختەیە. ڤاتیکانیش وەڵامیان دایەوە کە پاپا تەوقەی لەگەڵ ئەو کەسە کردووە بەبێ ئەوەی بزانێ کێیە.. جا بڕوانە ئەمە بۆ عێراق چەند خراپە.. بۆ نێوبانگی عێراق. دەوڵەتانی دنیا و میدیای بیانی لەسەر ئەوە شتی زۆریان نووسی. عێراق دەوڵەتێکە دەبێ رێز لەخۆی بگرێ، نابێ رێ بدات کەسانی وا نێوبانگی خراپ بکەن و هەر ئەسڵەن چ بەرژەوەندییەک لەوەدا هەیە.
 
رووداو: بەڵێ، جەنابی کاردیناڵ، تۆ کاردیناڵی کەنیسەی کلدانیت لە جیهان و عێراق، ئێستا لە هەولێر نیشتەجێیت و، پێشتر لە بەغداوە کاروباری کەنیسەکانت بەڕێوەبردووە، ئایا هەولێر گونجاوە بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو کارە، ئایا دەکرێت شتەکان باشتر بەرێوەبچن وەک لە بەغدا؟
 
لویس ساکۆ: من وەکو جۆرێک لە ناڕەزایی هاتووم، وەکو گوشارێک لەسەر سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانیش، چونکە ئەویش بەشێکە لەو حکومەتە. دەمەوێ گوشاریان بخەمە سەر هەتا چارەسەرێکی گونجاوی بۆ دەبیننەوە و دەگەڕێمەوە نووسینگەکەی خۆم لە بەغدا. پێشنیازیان بۆ کردم بچمە ئیستەنبووڵ و گوایە هەموو شتێکم بۆ دابین دەکەن، رەتمکردەوە. پێشنیازیان بۆ کردم بچمە نەجەف بە پێشوازیی فەرمییەوە، گوتم کێشە نییە دەچمە نەجەف، بەڵام هیچ کریستیانێک لە نەجەف نییە بۆچی بچمە ئەوێ، دیارە رێزی زۆرم بۆ خەڵکی نەجەف و مەرجەعیەت هەیە، من کە هاتووم بۆ هەولێر لێرە کەنیسە هەیە و کریستیان لێرە دەژین. لە عەنکاوەن و لە هەموو هەرێم هەن. لە زاخۆ، لە ئامێدی، لە ئاکرێ و لە سلێمانی.. لێرە کەنیسەمان هەیە و دێرمان هەیە. من کە هاتووم بۆ ئێرە بۆئەوەیە بتوانم بجوڵێم.. لە بەغدا کەشەکە بە وجودی ئەو گرووپە و ئەو کەسە خۆش نییە، هەموو هەفتەیەک دەچوون داوایەکیان لەسەر تۆمار دەکردم.
 
رووداو: مەبەستت رەیان کلدانییە، لە پەرلەمان 5 نوێنەری هەیە؟
 
لویس ساکۆ: نا.. چوار
 
رووداو: ئەو چوار نوێنەرە، ئایا ئەوان نوێنەرایەتیی هەموو کلدانەکان دەکەن لە عێراق؟
 
لویس ساکۆ: نەخێر هەموویان کلدان نین، بەڵام هەموویان لەو گرووپەی رەیانن، واتە کەتیبەکانی ئەو کەسە. بەڕاستیش نەیانتوانی دەنگی کریستیانەکان ببنەوە. لەبەرئەوەی بازنەیەکی کراوەیە لەملاو ئەولا دەنگیان کۆکردەوە. بڕوانە نوێنەرێکی ئەم کوتلەیە کە ژنە، لە تەلەڤزیۆنەوە گوتی 'من بە دەنگی کریستیانەکان دەرنەچووم، بە دەنگەکانی نەجەف و کەربەلا دەرچووم'. ئێ کەواتە ئەمە نوێنەرایەتیی من ناکات. یەکەم شت بەڕاشکاوی بڵێم من هەر لەسەرەتاوە دانم بەم گرووپەدا نەناوە و رازی نیم گروپێکی کریستیانی چەکدار هەبن. هەر دژی ئەو هەموو سەرپێچی و دەستدرێژییەم بۆ سەر مافی عێراقییەکان جا کریستیان بن یان خەڵکی دیکە، سوننە بن یان خەڵکی دیکە. من دژی گۆڕینی دیمۆگرافیم لە شارۆچکەکانی دەشتی نەینەوا، لە حەمدانیە و تلکێف. هەتا ئەمڕۆ خەڵکی تلکێف نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەهۆی ئەم گرووپە. من وەکو پیاوێکی ئایینی، بەرپرسم لە رێنمایی و ئامۆژگاری. کاتێک رەخنە لە یەکێک دەگرم، بۆئەوەیە کە بگەڕێتەوە سەر رێی راست و سەر ویژدانی و خۆی راست بکاتەوە. من ئەو عەقڵیەتی تۆڵەسەندنەوەیەم نییە. لە کریستیانێتیدا تۆڵەسەندنەوە نییە، ئەگەر لێخۆشبوونێک هەبێ، ئەو لێخۆشبوونە دەبێ لەسەر بنەمای تۆبەکردن و عەدالەت و راستی بێت، بەڵام هەر بڵێی بڕۆ عفا ئەڵڵاهو عەمما سەلەف، ئەوە هیچ بنیات نانێ.
 
رووداو: پاپا چۆن لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەڕوانێت؟
 
لویس ساکۆ: لێرە بە پێچەوانەوە، ئەو پێشوازییەی لە من کرا زۆر فەرمی بوو، بۆ من وەکو گێڕانەوەی ئیعتیبار بوو. بەو پێشوازییە بە بەغدایان گوت بڕوانن ئەمە کەسایەتییەکی نیشتیمانی و تەنانەت جیهانیشە، من تەنیا پەتریارکی کلدان نیم، بەڵکو کادیناڵم لە کەنیسەی کاسۆلیکی کە ملیار و نیوێک شوێنکەوتووی هەیە. بەهیچ جۆرێک گوشاریان نەخستووەتە سەرم، بە پێچەوانەوە لە بەغدا وایان بڵاودەکردەوە کە گوایە پارتی دیموکراتی کوردستان پاڵم پێوەدەنێن بۆئەوەی کێشەکە گەورە بکەم، هەرگیز.. شتی وا نەبووە و ئەوە عەقڵیەتی دیعایە و گوتی گوتییە، عەقڵیەتی پیلانگێڕی.. ئەمە پیلانی ئیسرائیلە و ئەمە پیلانی ئێرانە و پیلانی تورکیایە و پیلانی سعودیە. نەخێر پیلانێکی عێراقییە، بۆ واقیعی نەبین و دان بەوەدا بنێین کە کێشەیەک لە عێراق هەیە و دەبێ چارەسەری بکەین.. کورد هەمیشە هانیانداوم و هیوایان خواستووە کە بگەڕێمەوە بەغدا.
 
رووداو: دەستوەردان لە بابەتە سیاسییەکان ناکەیت؟
 
لویس ساکۆ: من کاتێک خۆم لە سیاسەت هەڵدەقورتێنم کە ببینم زوڵمێک هەیە کە ببینم مافێکی رەوا پێشێل کراوە، ئەمە بۆ هەموو عێراقییەکان و بەتایبەتیش بۆ کریستیانەکان. کێ بەرگری لە کریستیانەکان بکات؟ من پەتریارکم، ئەرکی منە بەرگرییان لێ بکەم. ماوەیەک لەمەوبەر دوو ژنیان لە کارەکانیان دەرکردبوون. بیریان لەوە نەکردبووەوە ئەمانە چۆن بژین و بە چی بژین، ئینجا ئەم ژنانە پسپۆڕی کارەکانی خۆیان بوون. ئەمە کارێک نییە بێ ئامانج کرابێ. پێشێلکردنی مافە. ئەی کوا پێکەوەژیان و کوا مۆزاییکی عێراقی و کوا نیشتیمان.. هیچی نەماوە هەمووی بووە بە دروشم. حکومەت و سیاسییەکان تەنیا قسەی شیرین دەکەن.. چاکسازی و بنیاتنان و شەڕی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەک و بەڵام لەڕاستیدا هیچ نابینین.
 
رووداو: هۆکاری کۆچی کریستیانەکان بۆ دەرەوە چییە؟
 
لویس ساکۆ: هۆیەکە ئەوەیە کریستیان بە سرووشتی خۆی بەدوای ئارامی و ئاسایشەوەیە. ئاسایش و ئازادی کە نەما، بۆ جێیەکی ئارام دەگەڕێ کە ئازادی و رێزی بپارێزێ و بتوانێ منداڵەکانی پەروەردە بکات. ئێ لێرە، خۆ ئێستا راستە باری ئاسایش زۆر باشتر بووە، بەڵام لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو، بەتایبەتی سەرەتاکانی کە لە ماڵ دەردەچووی دڵنیا نەبووی دەگەڕێیەوە یان نا، بۆیە زۆر کەس کۆچیان کرد بۆ دەرەوەی وڵات.. نزیکەی ملیۆنێک. بەشێکیشیان هاتن بۆ کوردستان لەبەرئەوەی ئارام بوو، بەڵام لێرەش کێشەی پەیداکردنی کار و بژێوی زەحمەت بوو، بۆیە دۆخەکە بەگشتی ناسەقامگیر بوو. ئایندە رۆشن نەبوو، کریستیانەکانیش متمانەیان بەو داهاتووە نەمابوو. ئەگەر گۆڕانێکی ریشەیی لەو عەقڵیەتەدا روو نەدات، دەوڵەت نەبێ بە دەوڵەتی یاسا و دەوڵەتی عەدالەت و یەکسانی و هاونیشتیمانێتی، نە کریستیانەکان و نە خەڵکی دیکەش ناتوانن بمێننەوە.
 
رووداو: دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، زۆر موڵک و ماڵی کریستیانەکان تاڵان کران، ئایا گەڕێندرانەوە بۆ کریستیانەکان؟
 
لویس ساکۆ: نەخێر سەردەمی سەددام حسێن شتی وا نەبووە.
 
رووداو: مەبەستم دوای رژێمی سەددام؟
 
لویس ساکۆ: ئا... دواتر، بێگومان. موڵک و ماڵێکی زۆر تاڵان کران. هەر دوێنێ خانمێک لای من بوو. باسی ئەو تاقمەی کرد، دەیگوت 20 دەفتەر دۆلاریان لێ وەرگرتووە لە بەرامبەر ئەوەی هاوکارییان کردووە موڵک و ماڵەکەی بفرۆشێ. دەستیان بەسەر موڵکی خەڵکدا گرتووە، خانوویان داگیر کردوون، بەتایبەتی لە تلکێف و بەغدا. هەر ئەوان نین بێگومان خەڵکی دیکەشن. گرووپی مافیای ئازادن. لەناکاو دێن دەڵێن ئێمە لە فڵان جەماعەتین، بەڵام رەنگە درۆش بکەن و سەر بە هیچ لایەک نەبن. هۆیەکەش ئەوەیە کریستیانەکان لە ئەنجامی ئەو دۆخەدا بوونە ئەڵقە لاوازەکە، چونکە ئێمە ئەو مەیلەمان بۆ توندوتیژی و چەک نییە. حەزمان لە چەک نییە، حەزمان لە ئارامی و سەقامگیری ئاشتییە. ئەگەر شتێکیشمان لێ قەوما دەچینە دادگە و پەنا بۆ سکاڵا دەبەین، بەڵام ئەمڕۆ بۆ کوێ بچین؟ بەڕاستی وەلائی ئێمە بۆ نیشتیمانە، بۆ دەوڵەت و حکومەتە نە بۆ ئەم لایەن و ئەو لایەن.
 
رووداو: جەنابی کاردیناڵ چەند کلدان لە جیهان هەن؟
 
لویس ساکۆ: کریستیانەکان.. یان با بڵێم عێراقییە کریستیانەکان، چونکە ئێمە کریستیانی عێراقین.
 
رووداو: مەبەستم کلدانەکانە لە جیهاندا.
 
لویس ساکۆ: بەڵێ پێتدەڵێم، پێش رووخانی رژێم نزیکەی ملیۆن نیوێک بوون.
 
رووداو: تەنیا عێراق!.. یان لە عێراق و هەرێمی کوردستان؟
 
لویس ساکۆ: لە هەموو عێراق.. لە هەموو عێراق، چونکە لەبیرنەکەین لە هەرێمی کوردستان لە سەردەمی سەدام حوسێندا هەموویان راگوازران. ئێمە کریستیانەکان هەمیشە هەر راگوازراوین. چەوساوینەتەوە. گوندەکانمان، تەنانەت گوندەکەی ئێمەش لە باکوور هەموویان راگوازران و چوونە شارە گەورەکان. ئەوکاتە هێشتا هەرێمی کوردستان نەبوو، هەموویان هاتنە بەغدا و موسڵ و کەرکووک و بەسرە. لە بەغدا تەنیا کلدانەکان لە پێش رووخانی رژێمدا 750 هەزار کەس بووین. لەگەڵ کریستیانەکانی دیکە زیاتر لە ملیۆنێک کەس بووین. ملیۆنێک لەنێو شەش یان حەوت ملیۆن کەس ژمارەیەکی گەورەیە. گەڕەکمان هەبوو بە تەواوی کریستیان بوون، دۆرە، میکانیک، کەڕادە و بەغداد جەدیدە، بەڵام دوای ئەوە پەرتەوازە بووین. ئێستا هەست ناکەین کە ئێمە ئایندەیەکمان لێرە هەیە، یان هەست بکەین بەشێکین لە کۆمەڵگەی عێراقی، چونکە زوڵم هەیە، دوورخستنەوەی بەئەنقەست هەیە.
 
رووداو: لە هەرێمی کوردستان چەند کلدانی هەیە؟
 
لویس ساکۆ: ئێمە 80٪ـین لەسەر ئاستی عێراق. لە کوردستان زیاتر لە 95٪ین. هەمووی کلدانە، چونکە ئەگەر کوردستان وەرگرین، ئاشووری و کەمێک ئەرمەنیش هەن. ئەوان کەمن لە زاخۆ و ئەوانە هەن. من باسی ئەو کریستیانانە ناکەم کە ئێستا لە کوردستان نیشتەجێن، چونکە ناسنامەکانیان موسڵ و شوێنی دیکەیە. لێرە سریانیش هەن کە سەرووی هەزار خێزانن. کاتۆلیک هەن کە سەرووی هەزار خێزانن و سریانی ئەرتۆدۆکس هەن، بەڵام ئەمانە ناسنامەکانیان هێشتا لەسەر ناوەندە، لەسەر موسڵ و بەغدا و کەرکووکە و هاتوونەتە ئێرە لەبەرئەوەی لێرە ئاسایش و ئازادی زیاتر هەیە، بەڵام ئەگەر وەکو رێژە قسە بکەین، ئێمەی کلدان لە هەرێمی کوردستان 95٪ین.
 
رووداو: رێژەیەکی زۆر.
 
لویس ساکۆ: بەڵام هێشتاش لە نوێنەرایەتیدا وەکو پێویست نین.
 
رووداو: پەیوەندی مێژوویی نێوان کلدان و کورد چییە، واتە پەیوەندی نەتەوەیی.
 
لویس ساکۆ: بەڕاستی نازانم ئەو پەیوەندییە چۆنە، بەڵام ئەو پێکەوەژیانەی لێرە هەبووە، سەیرکە زۆربەی گوندەکانی ئێمە لە کوردستانن، چونکە لە سەدەی دوازدەهەم کە مەغۆل هێرشی سەر بەغدایان کرد، ئەوکاتە بەغدا و باشووری عێراق ناوەندێکی گرنگی کریستیانەکان بوون. ئیمارەتی مەنازیرە هەبوو لە نەجەف و کەربەلا. بەیتی حیکمە هەموو کریستیان بوون. کۆشکی خەلافەت ئەوانەی لەوێ کاریان دەکرد و رۆشنبیرەکان هەموو کریستیان بوون، بەڵام کە مەغۆل هاتن، کریستیانەکان هەڵاتن بۆ کوردستان، چونکە لێرە چیا هەیە و دەیانتوانی خۆیان بپارێزن. بەوجۆرە بە گوندەکاندا بڵاوبوونەوە. دەیان گوندی کریستیان لێرە هەن، چونکە هەستیان بە ئارامی و ئاسایش کردووە. خەڵکیش لەوکاتەدا یان جووتیار بوون یان ئاژەڵیان بەخێوکردووە. ئەوان پەنایان هێناوەتە ئێرە و بەوجۆرە تێکەڵی و هامشۆ و دراوسێیەتی دروست بووە. گوندمان هەیە کە خەڵکەکەی تێکەڵن لە کورد و کریستیان و کێشەی ئەوتۆش لەنێوانیان پەیدا نەبووە. بەوجۆرە لێرە ماونەتەوە هەتا ئەوکاتەی شۆڕش لە کوردستان دەستیپێکرد و سەدام کریستیانەکانی راگواست. ئێ ئێمە دەزانین چۆن کوردیشیان راگواست بۆ باشوور و زۆریان لەوێ مردن. ئەنفال و هەتا دوایی. لاپەڕەی ئەو مێژووە دەبێ دابخرێ و دەست بە نووسینەوەی مێژوویەکی نوێ بکەین و کۆتایی بەم هەموو جەنگ و ململانێ و ناکۆکییە بهێنین کە وڵاتەکەمان و خەڵکەکەمانی وێران کرد. ئێمە لەدوای پێکهێنانی هەرێمی کوردستان و فیدراڵیزمەوە کێشەمان نەهاتووەتەڕێ. کریستیانەکان لە فەرمانگەکاندا کار دەکەن و لە حکومەتدان. گرنگ نییە کلدانن ئاشوورین یان ئەرمەنن، گرنگ ئەوەیە ئەو هەستەیان هەیە کە مافیان پارێزراوە.
 
رووداو: جەنابی کاردیناڵ تۆ گوتت لە زاخۆ لەدایک بوویت، هاوڕێی منداڵیت لە زاخۆن یان موسڵ؟
 
لویس ساکۆ: من تەمەنم شەش ساڵان بووە کە خێزانەکەمان کۆچیان کردووە بۆ موسڵ.
 
رووداو: بۆچی چوونە موسڵ؟
 
لویس ساکۆ: هەندێ کێشە روویاندا و کاریش نەبوو. برا گەورەکانم، دوو برای لە خۆم گەورەترم هەبوون، چووبوون لەوێ کاریان دەکرد، لە موسڵ، ئێمەش چووینە لای ئەوان. ئەو سەردەمە کوردییەکەی من زۆر باش بوو، وەک بولبول، بەڵام کە هاتینە موسڵ خوێندنمان بە عەرەبی بوو.
 
رووداو: کوردیت لەبیر چوو.
 
لویس ساکۆ: کوردیم لەبیر چوو. بەڵی
 
رووداو: حەزت دەکرد چەند وشەیەکی کوردی قسە بکەیت. بە سەردان چوویە زاخۆ؟
 
لویس ساکۆ: بەڵێ کاتێک قسە دەکەن تێدەگەم.
 
رووداو: بە کوردی کاک کاردیناڵ تکایە بە کوردی بیڵێ تۆ چوویە زاخۆ؟
 
لویس ساکۆ: بەڵی چوومە زاخۆ
 
رووداو: کەی، چ ساڵێک؟
 
لویس ساکۆ: بەڵێ، ئەمساڵ.
 
رووداو: ئەمساڵ چووی؟
 
لویس ساکۆ: بەڵێ ئەمساڵ چوومە زاخۆ لای مەتران و قەشە و کەنیسە.
 
رووداو: زاخۆ جوانە، ئێستا زۆر مۆدێرن و زۆر خۆشبووە خۆشحاڵم بە ناسینت، زۆر سوپاس، زۆرم لەبارەی تۆوە بیستووە و خوێندومەتەوە وە سەیری چاوپێکەوتنەکانتم دەکرد تاوەکو چاوم بە جەنابت کەوت و رووبەڕوو چاوم پێتکەوت زۆر سوپاس بۆ وەڵامدانەوەی هەموو پرسیارەکانم بەو گەرمییە.
 
لویس ساکۆ: سوپاس بۆ تۆ و لوتفی ئێوە و سوپاس بۆ رووداو بۆ ئەم میواندارییە. پشتیوان بە خوا لە هەرێمی کوردستان دەمێنمەوە و کوردییەکەم دیسان باش دەبێتەوە.
 
رووداو: وردە وردە زمانی کوردیت بیر دێتەوە.
 
لویس ساکۆ: بەڵی.
 
رووداو: جەنابی کاردیناڵ 6٦ مانگ لە زاخۆ بمێنەوە و بە باشی فێری زمانی کوردی دەبیت
 
لویس ساکۆ: من چوومەتە زاخۆ.
 
رووداو: بڕۆ بۆ زاخۆ، سروشتەکەی هێندە جوان بووە، لێرە فێری سۆرانی و لە زاخۆش فێری کورمانجی دەبیت ئەگەر دەرفەتمان هەبوایە دەمبردی بۆ کۆبانی من خەڵکی کۆبانیم.
 
لویس ساکۆ: کۆبانێ عەینو لعەرەبە، زەحمەتە زەحمەتە.
 
رووداو: ئێستا چوون بۆ کۆبانی قورسە. بە عەرەبی پێی دەڵێن عەینو لعرب، بەڵام لەوێ یەک عەرەبی لێ نییە، هەموویان کوردن. جاران ئەرمەنی و دانیشتووی ئۆرتۆدۆکس هەبوون. ئێمە و ئەرمەنەکان لە ژیانماندا وەک برا بووین.
 
لویس ساکۆ: بەڵێ دەزانم زۆر لە ئەرمەنەکان بوونە موسوڵمان بەهۆی ئەو گوشارانەی هەبوون. وەختێ کەسێکی خوێنشیرینی وەکو تۆ دەبینم دەڵێم رەنگە باپیرە گەورەی ئەرمەن بووبێ.        
 
رووداو: زۆر سوپاس، خۆشحاڵی بوو بە ناسینی جەنابتان.
 
لویس ساکۆ: خوای گەورە پاداشتتان بداتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.