رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە دۆسیەی عەجاج درێژکراوەی دۆسیەی گەورەی ئەنفالە و دادگا توانیویەتی لە هەشت مانگی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردندا بە پشتبەستن بە ئەرشیفی دەزگا ئەمنییەکانی دەسەڵاتی پێشوو و گوتەی زیاتر لە 200 شایەتحاڵ، تاوانەکانی بسەلمێنێت.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، سەعد لامی، سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە لە میدیاکاندا لەبارەی نازناو و وێنەی تۆمەتبارەکەوە بڵاوکرابوونەوە، هاوکات روونی دەکاتەوە کە لەسێدارەدانەکە هەموو قۆناخە یاساییەکانی بڕیوە و ئێستا تەنیا چاوەڕێی مەرسوومی کۆمارییە بۆ جێبەجێکردن.
لامی جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەپێی دەستوور و یاسای دادگای باڵای تاوانەکان، هیچ کەسێک تەنانەت سەرۆککۆماریش مافی ئەوەی نییە لێبوردن بۆ ئەم جۆرە تاوانانە دەربکات یان سزاکەیان سووک بکات.
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ سەعد لامی، سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ:
رووداو: زۆر پرسیار هەن، ئێمە گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەیەکی زۆر گرنگ دەکەین کە لانیکەم سێ دەیەی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام دەمەوێت لە پرۆسەی دەستگیرکردنەکەوە دەستپێبکەم، تاوانبار عەجاج، دوای تێپەڕینی سێ دەیە لە ئەنجامدانی ئەو تاوانانە، چۆن توانرا (عەجاج) دەستگیر بکرێت؟
سەعد لامی: بەڵێ، تاوانبار عەجاج ئەحمەد حەردان، لە ساڵی 2005 لە کاتی دادگاییکردنی عەلی حەسەن مەجید لە کەیسی ئەنفالدا، سکاڵاکاران باسیان لەوە کردبوو کە چۆن لە پرۆسەکانی ئەنفال و بۆردوومانی ناوچە جیاوازەکان رزگاریان بووە لە ناوچەکانی باکوور و دواتر بە زۆر گواستراونەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە پێیانوابووە ئارامە و هێزەکانی ئەوکات گواستوویاننەوە بۆ بیابانەکانی سەماوە و زیندانی (نوگرە سەلمان). کە ساڵی 2005 لە دادگای تاوانەکان باسیان لەوە کردبوو کە بەسەریان هێنراوە لە ئەشکەنجە و کوشتن و گۆڕی بەکۆمەڵ و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان. لەوکاتەدا باسی تاوانبارێکیان کردبوو بە ناوی (عەجاج)، ئەوکاتە ناوی تەواوی نەزانرابوو (عەجاج ئەحمەد حەردان) و تەنیا ناوێک هەبوو کە (عەجاج بوو) جگە لە یەکێک لە سکاڵاکاران کە ئاماژەی بە ناوی (عەجاج ئەحمەد) کردبوو، تەنیا یەک سکاڵاکار، بەڵام سکاڵاکارەکانی دیکە تەنیا ناوی (عەجاج)ـیان هێنابوو، لەوکاتەدا نەتوانرا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەربکرێت لەلایەن دادگاوە.
لە ساڵی 2024ـدا دەزگا ئەمنییەکان دەستیان کرد بە گەڕان بەدوای ناوی تەواو و شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبار. دەزگا ئەمنییەکان (دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە سەماوە لەگەڵ یەکەیەکی ئەمنی لە ئاسایشی سەلاحەدین) و بە هاوکاریی ژمارەیەک لە سەرچاوە ئەمنییەکان، پێموایە دوو یان سێ سەرچاوەیان لە نوگرە سەلمانەوە دەستکەوت لە قەزای سەلمان، دوو سێ سەرچاوەش لە ناوچەی زڵووعییە، گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە ئەو هێشتا لە ژیاندا ماوە و نەمردووە وەک ئەوەی پڕوپاگەندەی بۆ دەکرا.
دوای چاودێریکردن دەرکەوت کە ناوی تەواوی (عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدی)ـیە، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە خرایە ژێر چاودێری. یەکەم جار لە بازاڕێک لە زڵووعییە بینرا، جاری دووەمیش لە چایخانەیەک بینرا. لەسەر ئەو بنەمایە بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام چاودێری کرا، دوای کۆکردنەوەی زانیارییەکان و وردبینی کردن لەبارەیەوە، لە ناو و شوێنی نیشتەجێبوونی و دڵنیابوونەوە، هەروەها لە لێکنەچوونی ناوەکەی لەگەڵ کەسی دیکەدا. دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لە ناوی تەواوی ئاگادار کرایەوە و فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو. دوای دەرکردنی فەرمانی گرتن لە پارێزگای موسەننا، لە سەلاحەدین دەستگیر کرا و رۆژی دواتر رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوە کرا لە موسەننا، لەگەڵ گەیشتنی بە لێکۆڵینەوە، ژمارەیەک لە سکاڵاکاران بانگهێشتکران و بە فەرمی ناسرایەوە، لە رێگەی نیشانەکانی رووخساری کە هێشتا لە یادەوەرییاندا مابوونەوە.
هاوکات تۆمەتبار دانی بەوە دانابوو بەڵێ ئەو (عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدی)ـیە و ئەفسەری ئەمن بووە و ئەفسەر بووە لە نوگرە سەلمان.
رووداو: با کەمێک باس لە کەسایەتیی عەجاج بکەین و دڵنیابینەوە کە ئەو عەجاجەی دەستگیرکراوە عەجاجەکەی نوگرە سەلمانە، لە میدیاکان وێنەیەک بڵاوکرایەوە، هەندێک گوتیان ئەمە وێنەی عەجاج نییە، وێنەی پیاوێک کە مارێکی بەدەستەوەیە. جەنابی دادوەر ئێوە وەک دادگا چۆن دڵنیابوونەوە کە ئەو تۆمەتبارەی لە بەردەمتانە عەجاجە کە لە ساڵانی هەشتاکاندا لە نوگرە سەلمان بوو؟
سەعد لامی: لە راستیدا لێکۆڵینەوەکانی دادگا هیچ پەیوەندییەکیان بەوەوە نییە کە لە میدیاکان بڵاودەبێتەوە. میدیاکان زۆرجار وێنە و هەواڵ بڵاودەکەنەوە لەبارەی شتێک کە پەیوەندیی بە لێکۆڵینەوە دادییەکانەوە نییە. منیش وەکو هەر کەسێکی دیکە وردبوومەتەوە لە وێنەی عەجاج، لە راستیدا ئەو وێنەیە لەنێو دۆسیەی دادگا و داواکەدا نییە، وێنەی تۆمەتبارەکەش نییە. هەروەها میدیاکان تەنیا لە وێنەی تۆمەتبارەکە هەڵەیان نەکردووە، بەڵکو هەڵەیان کردووە کاتێک نازناوی "تکریتی"ـیان بۆ بەکارهێناوە؛ لە دۆسیەکەدا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەو نازناوە نییە کە نازناوەکەی تکریتی بێت، تۆمەتبارەکە ناوی (عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدی)ـیە و فەرمانی گرتن و راگرتنیشی بەو ناوەوە بۆ دەرکراوە. رێوشوێنە دادوەرییەکان هەر لەسەر ئەو ناوە رۆیشتن و بڕیاری لەسێدارەدانیشی هەر بە ناوی (عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدی) بۆ دەرکرا، ئەو کەسە نەناسراوەی دەزگاکانی راگەیاندن بڵاویان کردووەتەوە هیچ پەیوەندی بە دۆسیەکەوە نییە.
رووداو: کەواتە ئەو وێنەیە هەڵە بوو لەبارەی عەجاج، هەروەها نازناوی تکریتی بە هەمان شێوە هەڵە بوو؟
سەعد لامی: وێنەکە و ئەو نازناوە لە لێکۆڵینەوە دادوەرییەکاندا نییە، ئەوە هەڵەیەکی میدیاییە ئەو هەڵەیەش هیچ کاریگەرییەکی نەبوو لەسەر رێڕەوی لێکۆڵینەوە، پشتمان بە لێکۆڵینەوەی وردی ئەمنی و ناسنامەی راستەقینەی تۆمەتبارەکە بەستووە نەک پڕوپاگەندەی میدیایی.
رووداو: بەر لە دەستپێکردنی دادگاییەکە راگەیێندراوێک هەبوو لەلایەن کەسوکاری دەستگیرکراوەکەوە، لە راگەیێندراوەکەیاندا گوتبوویان ئەو دەستگیرکراوە عەجاج نییە، جەختیان کردەوە کە کوڕەکەیان لە نوگرە سەلمان بووە، بەڵام پیاوێکی باش بووە، ئایا ئەو دەستگیرکراوە عەجاجی داواکراو نییە؟
سەعد لامی: وەکو گوتم ئەو پڕوپاگەندەیەی دەکرێت کە ئەمە کەسی داواکراو نییە تەنیا لە راگەیاندنەکاندا هەیە، لێکۆڵینەوە دادوەرییەکان گەیشتوونەتە ئەوەی بڕوای تەواومان هەیە تۆمەتبار (عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدی)ـیە، رەنگە کەسوکاری تۆمەتبارەکە ئەوەیان قۆستبێتەوە کە بەشێک لە میدیاکان بڵاویانکردەوە تاوەکو گومان بخەنە سەر تۆمەتبارەکە کە نازناوی تکریتی نییە، ئەو وێنەیەی بڵاوکراوەتەوە بەڕاستی وێنەی تۆمەتبارەکە نییە، رەنگە ئەو هەڵەیەی میدیاکانیان قۆستبێتەوە بۆ دروستکردنی گومان لەسەر بابەتەکە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان هیچ پەیوەندییان بەوەوە نییە کە راگەیاندنەکان باسیان کردووە. دادگا گەیشتووەتە کەسی راستەقینە و نازناوی راستەقینەی کە (عوبەیدی)ـیە و (تکریتی) نییە، دادگا بەرپرس نییە لەوەی لە میدیاکان باس دەکرێت.
رووداو: ئایا تۆمەتبار لە بەردەم دادگا دانی بەوە داناوە کە (عەجاج)ـە؟
سەعد لامی: تۆمەتبار لە هەمان ئەو رۆژەی کە دەستگیرکرا لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە پارێزگای سەلاحەدین لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا، پرسیاری لێکرابوو ئایا تۆ ئەو کەسەی کە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە (عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدی)ـیە، وەڵامی دابووەوە کە بەڵێ ئەو (عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدی)ـیە و ئەفسەری ئەمن بووە و لە زیندانی نوگرە سەلمان بووە، کە ئەوەش کەسی داواکراوە. جگە لەوەش وەک گوتم لەلایەن ژمارەیەک لە سکاڵاکاران ناسراوەتەوە لە رێگەی رووخسارییەوە، لەپاڵ ئەوەشدا دوای گواستنەوەشی بۆ موسەننا، لەوێش دانی پێداناوە کە بەڵێ ئەوە و لە نوگرە سەلمان کاری کردووە، دانی بە چەندین تاواندا ناوە کە کەسی داواکراوە.
رووداو: دادگاییکردنەکە خێرا بوو بە جۆرێک لە جۆرەکان، ئایا ئەمە کاریگەریی نەبوو لەسەر هاوسەنگیی لە نێوان رێکارە یاساییەکان و گەرەنتی پرۆسەیەکی دادپەروەرانە؟
سەعد لامی: دادگاییکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان خێرا نەبوو، بەڵام پێدەچێت راگەیاندنەکان بەراورد بکەن لە نێوان دادگاییکردنی سەدام و دادگاییکردنی عەجاجدا. دادگاییکردنی عەجاج لقێک بوو لە دۆسیەی ئەنفال کە پەیوەست بوو بە دۆسیەی سەدام و عەلی حەسەن مەجید، بەڵام لە دادگاییکردنی سەدام حوسێندا دۆخێکی ئەمنی و سیاسی و تایبەتی هەبوو، لەو دۆسیەیەدا پێنج بۆ شەش تۆمەتبار هەبوون، هەر تۆمەتبارێکیان تیمێکی پارێزەریان هەبوو، هەر پارێزەرێکیش پەراوی تایبەتی خۆی هەبوو، ئەمەش کاتی زۆری ویست و دانیشتنەکان زۆریان خایاند، لەپاڵ ئەوەشدا تۆمەتبارەکان تەنیا یەک دۆسیەیان نەبوو، بەڵکو چەندین تۆمەتیان لەسەر بوو، شتێکی ئاساییە کە دانیشتنەکان دوابخرێن لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە و زۆریان پێبچێت، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە عەجاج ئەحمەد حەردانەوە هەیە، پرۆسەکە هەشت مانگی پێچوو، دادگا وردەکارییەکی زۆری کۆکردەوە، سکاڵاکارەکان شایەدی وردیان دابوو، دادگا ویستی دڵنیابێتەوە لە راستی و دروستییان و داوای زانیاریی لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئامادەکردنی شایەتحاڵەکان، هەروەها داوای ئەرشیفی شایەدییەکانمان کرد تاوەکو بەراورد بکرێن لەگەڵ شایەدییە نوێیەکان و لە دروستی دڵنیابینەوە، ئەمە لەبارەی سکاڵاکار و قوربانییەکان. ئەوەی پەیوەندی بە تۆمەتبارەکەوە هەبوو پێش دانیشتنی یەکەم بینیمان کە تۆمەتبار دانپێدانانی هەیە بە هەموو وردەکارییەکانەوە کە تاوانی کۆمەڵکوژیی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە، دادگا تاوەکو دڵنیابێتەوە لە دروستی دانپێدانانەکان سێ رێکاری گرتەبەر.
رێکاری یەکەم داوا لە لایەنەکانی لێکۆڵینەوە کرا کە تۆمەتبار ببەنە شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کە خۆی دانی پێداناون، رێکاری دووەمیش ئەوە بوو داوای زانیاریی لە فەرمانگەی تایبەتمەندی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کرا کە ئایا ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە پێشتر دۆزراونەتەوە لە دەوروبەری نوگرە سەلمان، تووشی سەرسوڕمان بووین کە بەڵێ زیاتر لە گۆڕێکی بەکۆمەڵ لەو ناوچەیە هەیە و دوایین گۆڕیشیان ئەوە بوو کە تۆمەتبارەکە باسی کردبوو، رێکاری سێیەمیش داوامان لە ئاسایشی نیشتمانیی کرد بۆ ناردنی دۆسیەی راژەی تۆمەتبار کە پێیدەگوترێت (هێڵی خزمەت - خط الخدمة)، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەو وەک ئەفسەر لەوێ کاری کردووە و پلە کارگێڕییەکەی بەکارهێناوە بۆ ئەنجامدانی تاوان و ئایا بە دڵنیایی ئەفسەری ئەمن بووە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنی موسەننا، ئاسایشی نیشتمانی دۆسییەکەی بۆ ناردین، دۆسییەکانی لێکۆڵینەوە تەواوبوون و دانیشتنی یەکەمی دادگا کرا.
لە دانیشتنی یەکەم و دانیشتنی دووەمدا، دادگا مافی دا بە هەموو لایەنەکان سکاڵاکار و قوربانییەکان گوتەیان لێوەرگیرا و دەرفەتی بەرگریکردنیش درا بە تۆمەتبار لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کرابوون بەرگری لە خۆی بکات و دەرفەتی رووبەڕووبوونەوەی شایەتحاڵ و سکاڵاکارەکانی پێدرا، هەموو بەڵگەکان لەسەر شاشە لە هۆڵی دادگاییەکە نمایشکران، تۆماری ڤیدیۆیی و دەنگی، هەروەها گوێ لە پارێزەرەکەی گیرا. دادگا بەرژەوەندی هەردوولای لەبەرچاوگرت، پێوانەی دادگاییەکی دادپەروەرانە بە ژمارەی دانیشتنەکان نییە، بەڵکو پێدانی مافە بە هەر لایەنێک لە لایەنەکانی داواکە.
رووداو: قوربانییەکان زۆر دڵخۆش بوون کاتێک حوکمەکەی عەجاج خوێندرایەوە، بەڵام پرسیارەکەم ئەوەیە رێکارەکانی جێبەجێکردنی سزاکە گەیشتوونەتە کوێ؟
سەعد لامی: دوای ئەوەی دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی دەرکرد، دۆسیەکە رەوانەی دادگای پێداچوونەوە (تەمییز) کرا و دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بڕیاری لەسێدارەدانەکەی پەسند کرد، دادگای پێداچوونەوە دۆسیەکەی نارد بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار لە رۆژی 29ـی حوزەیرانی 2026. پێویستە رێکارەکان لە سەرۆکایەتیی کۆمار تەواوکرابن و پێموایە لەو ماوەیەدا تەواوکراون، لە دوای پەسندکردنی بڕیارەکە لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە مەرسوومی کۆماری بۆ دەردەکرێت و سەرۆکایەتیی کۆمار وەزارەتی داد پابەند دەکات بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانەکە. بەپێی یاسا سەرۆککۆمار مافی ئەوەی نییە سزاکە سووک بکات یان لێبوردنی بۆ دەربکات، چونکە پابەندیی دەستووری هەیە و پابەندی یاسایی هەیە، دەستوور رێگەنادات بە سەرۆککۆمار لێبوردن دەربکات بۆ ئەو تاوانانەی لە تایبەتمەندیی ئەم دادگایەیە.
هەروەها نابێت حوکمەکە سووک بکرێت بەوپێیەی ئەو تاوانانە هاوشێوەی ئەو تاوانانەیە کە لە تایبەتمەندیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتییە بەپێی پەیماننامەی رۆما، هەروەها مافی تایبەتی قوربانییان و سکاڵاکارانی تێدایە ئەمە لە رووی پابەندیی دەستوورییەوە، هەروەها پابەندی یاسایی هەیە بۆ سەرۆککۆمار مادەی 27 لە یاسای دادگا، رێگەنادات سەرۆککۆمار سزا سووک بکات یان لێخۆشبوون دەربکات بۆ سزاکان.
رووداو: لەبارەی شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە، لە رووی یاساییەوە، چونکە هەندێک لە قوربانییەکان داوا دەکەن لە نوگرە سەلمان جێبەجێ بکرێت، ئایا ئەمە لە رووی یاساییەوە دەکرێت لە شوێنێکی دیکە لەسێدارە بدرێت جگە لە شوێنی دەستنیشانکراو بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان؟
سەعد لامی: یاساکان شوێنی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان دیاریکردووە کە ئەویش دامەزراوەکانی سەر بە چاکسازییەکانە کە سەر بە وەزارەتی دادن، بەڵام بابەتی جێبەجێکردنی لەسێدارەدان لە شوێنی تاوان شتێکی کۆنە و ناگونجێت لەگەڵ یاسا نوێیەکان. راستە کاریگەریی هەیە لەسەر رای گشتی و قوربانییان زیاتر هەست بە دادپەروەریی و وەرگرتنەوەی مافەکانیان دەکەن، بەڵام یاسا رێگە بەوە نادات.
رووداو: عەجاج باسی لەوە کردووە کە لە کارەکەی دوورخراوەتەوە دوای رووداوەکانی نوگرە سەلمان بەبێ زانینی هۆکارەکەی، ئێمەش وەک رۆژنامەڤانان بەدوای ئەو بابەتەدا دەگەڕێین. عەجاج کەسێک بووە دەسەڵاتێکی زۆری هەبووە لە نوگرە سەلمان، بۆچی دوورخراوەتەوە؟ دادگا هۆکاری دەرکردنی عەجاجی لە کارەکەی دەستکەوتووە دوای رووداوەکانی نوگرە سەلمان؟
سەعد لامی: ئەو بەڵگەنامەیەی لای دادگایە ئاماژە بە راستی دەرکردنی دەکات، هەروەها رۆژی دەرکردنی، بەڵام باس لە هۆکاری دەرکردنەکەی ناکات، هەروەها تۆمەتبار چەند گوتەیەکی جیاوازی هەبووە و لەسەر گوتەیەک نەماوەتەوە لەبارەی دەرکردنی. لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان گوتوویەتی تووشی سەرسوڕمان بووم بە دەرکردنم و هۆکارەکەی نازانم، لەکاتی دادگاییدا باسی لەوە کرد کە هۆکاری دەرکردنەکەی ناکۆکی بووە لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی حیزبی دەسەڵاتدار، چیرۆکی سێیەمیش کە لەسەر زاری پارێزەرەکان و تۆمەتبار بوو لە کاتی دادگاییکردن و هەروەها لەکاتی لێکۆڵینەوەش گوایە تۆمەتبار بەشێوەیەکی مرۆڤدۆستانە مامەڵەی لەگەڵ زیندانیانی نوگرە سەلمان کردووە و ئەوەش بە دڵی دەسەڵاتی پێشوو نەبووە بۆیە دەرکراوە، ئەوە بەراستی پووچەڵە لای دادگا، چونکە یەکناگرێتەوە لەگەڵ چیرۆکەکانی تۆمەتبار، هەروەها یەکناگرێتەوە لەگەڵ گوتەی سەتان سکاڵاکار کە تاوانەکانی عەجاجیان بە وەحشی دەچواند تاوەکو ئەو ئاستەی عەجاجیان بە کەسایەتیی حەجاج ناهێناوە کە کەسایەتییەکی مێژووییە کە بە ستەم و خوێنڕشتن ناسراوە، هەربۆیە هەبوونی جیاوازیی لە گوتەکانی لەبارەی هۆکاری دەرکردنی ئاماژەن بۆ دادگا کە هۆکارێکی شاراوە هەیە.
هەروەها دادگا دەستی گەیشتە بەڵگەنامەیەکی ئەمنی، بەڵام یاسایی نەبوو، لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانیی لەبارەی ئەو تۆمەتبارانەی لە ئەستۆی دادگاکەمان بوون، یەکێکیان تۆمەتبار بوو بە کوشتنی (محەممەد باقر سەدر) کە سزادرا بە لەسێدارەدان و تۆمەتبارێکی دیکە دۆسیەکەی تایبەت بوو بە کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان، بە هەمانشێوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکراوە، بەشێوەیەکی تایبەت لێکۆڵینەوە لەو دوو ئەفسەرە کراوە و ناوی زۆرینەی ئەفسەرە باڵاکانی بەعسیان هێنابوو، چونکە ئاگاداری وردەکارییە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی پێشوو بوون و پلەیان لیوا بوو کە دەستگیرکرابوون، باسی دۆسیەی عەجاجیان کردبوو، باسیان لەوە کردبوو دانیشتنێکیان هەبووە لەگەڵ عەجاج و باسیشیان لەوە کردبوو کە هۆکاری دەرکردنی ئەوە بووە عەجاج کەسێکی دەمهەراش بووە و لە دانیشتنە تایبەتەکاندا باسی ئەو کۆمەڵکوژییانەی دەکرد کە دەزگای هەواڵگریی جێبەجێی دەکردن، هەروەها ئەوەی ئەمنی پێشوو جێبەجێی دەکردن بەتایبەت لە دژی کوردە ئەنفالکراوەکان و کوردانی فەیلی، ئەمە قسەی تۆمەتبار بووە لە دانیشتنێکی تایبەت و یەکێک لە ئامادەبووانی دانیشتنەکە هەواڵی لێداوە و بەوهۆیەوە بڕیاری دەرکردنی دراوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی رژێمی پێشوو لەسێدارەدانە نهێنییەکانی بە هێڵی سوور دادەنا و هیچ کەسێک مافی نەبوو باسیان بکات، عەجاج ئەو سنوورەی بەزاندبوو بۆیە دەرکراوە لە کارەکەی.
رووداو: لە کاتی دادگاییکردنەکەدا چ بەڵگەیەک لەلایەن دادگاوە رووبەڕووی تۆمەتبار کرایەوە، شایەتحاڵتان هەبوو، سکاڵاکارتان هەبوو، بەڵام وەکو بەڵگە کە رووبەڕووی تۆمەتبار عەجاجتان کردەوە چیتان لە بەردەست بوو؟
سەعد لامی: بەڵگەکان زۆر بوون؛ بەشێکیان بەڵگەی بەرجەستەی تاوانەکان بوون و بەشێکی دیکەیان پەیوەندییان بە تۆمەتبار و تاوانەکانییەوە هەبوو، ئەوەی کە گرنگە و پەیوەندیی بە تۆمەتبار و تاوانەکەوە هەبوو ئەرشیفی کارکردنی بوو، ئەرشیفێکی تەواومان لە بەردەست بوو کە باس لە دەستبەکاربوونی، خوێندنی لە کۆلێژی ئاسایشی نەتەوەیی و، چۆنییەتی گواستنەوەی بۆ پارێزگای هەولێر و کارکردنی لە بەشی ئابووری و، دواتر گواستنەوەی بۆ پارێزگای موسەننا. لە پارێزگای موسەنناش زیاتر لە پلەیەکی وەرگرتووە و دواتر گواستراوەتەوە بۆ زیندانی نوگرە سەلمان، ئەرشیفێکی پڕ لە وردەکاریی بوو، هەر لەنێو بەڵگەکاندا بەڵگەی دەرکردن و رۆژی دەرکردنەکەی هەبوون، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ دەرچوونی دەستگیرکراوان لە نوگرە سەلمان دوای ئەوەی لێبوردنیان بۆ دەرکراوە و ئازادکراون، هەروەها کۆنووسی بەڵگەکانی تاوانمان لە بەردەست بوون، تۆماری ڤیدیۆیی و دەنگیی و بەڵگەکانمان لە بەردەست بوون، خۆی شوێنی یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئاشکراکرد لە دەوروبەری نوگرە سەلمان، بەڵام گۆڕەکە بۆ لێکۆڵینەوە هەڵنەدرایەوە چونکە ئەوە لە تایبەتمەندی دەستەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانە و پێویستە تیمێکی پسپۆڕ ئەو کارە بکات، بەڵگەی زۆر هەبوون لەم دۆسیەیەدا.
رووداو: بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانە، ژمارەی دەستگیرکراوان لە نوگرە سەلمان چەند بوون؟
سەعد لامی: بەپێی دانپێدانانەکانی تۆمەتبار و هەندێک گوتەی سکاڵاکاران، زیاتر لە 3000 کوردی ئەنفالکراو لە نوگرە سەلمان زیندانی کرابوون، زیاتر لە سێ هەزار کەس. دادگا بۆی دەرکەوت کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە زیندانی نوگرە سەلمان کوژراون دەوروبەری 155 کەسن کە دادگا ناوەکانی دەستکەوتوون، نەوەک ژمارەی هەموو کوژراوان، بەڵکو ژمارەی ئەو کوژراوانەی کە ناوەکانیان لەلای دادگا تۆمارکراون، چونکە ژمارە راستەقینەکە زیاترە لە 155 کەس.
زیاتر لە 660 کەس ئەشکەنجەدراون و تووشی برسییەتی و تینوێتییەکی کوشندە کراون و زیاتر لە 243 کەسیش هێشتا چارەنووسیان نادیارە و ناوەکانیان لەلای دادگا تۆمارکراون، هاوکات ئەو قوربانییانەی کە هێشتا چارەنووسیان نادیارە و ناوەکانیشیان لەلای دادگا نەناسراوە زیاترە لە 2000 کەس، لەبارەی ئەو ژنانەی دەستدرێژییان کراوەتە سەر تەنیا ناوی حەوت ژن تۆمارکراون، بەڵام ژمارەی راستەقینە زیاترە لەوە، چونکە ژنان لە کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتیدا بێدەنگ دەبن لە ئاستی ئەو تاوانانە، چونکە ئەو تاوانانە کۆمەڵایەتین و باسکردنیان باش نییە بەلای ژنان و خێزانەکانیانەوە، هەربۆیە دەیشارنەوە.
رووداو: لەکاتی دانیشتنەکاندا باس لەوە دەکرێت دانیشتنێکی نهێنی بۆ یەکێک لە سکاڵاکاران کراوە، مەبەست و هۆکارەکەی چی بوو؟
سەعد لامی: بەڵێ یەکێک لە ژنە سکاڵاکاران داوای کرد دانیشتنەکەی نهێنی بێت، دادگا لە داواکەی روانی و بینی کە هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی داوای دانیشتنی نهێنی بکات، دادگا رازی بوو تاوەکو دەرفەتێکی بداتێ بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئازادانە گوتەی خۆی پێشکێش بکات، شەرمەزار نەبێت لەلای ئامادەبووان، چونکە ژمارەیەکی زۆر خەڵک ئامادەبوون و دەزگاکانی راگەیاندنیش ئامادەبوون، هەربۆیە دادگا داوای لە ئامادەبووان کرد هۆڵەکە چۆڵ بکەن، دادگا گوێی لە گوتەکانی گرت، لەکاتی وەرگرتنی گوتەکانی ئەو ژنە زۆر کاریگەر بوو و دەگریا و بە ئاستەم دەیتوانی قسە بکات بەهۆی ئازاری لایەنی دەروونی، بەڵام دادگا کاتی پێدا تاوەکو ئارام ببێتەوە و چیرۆکەکەی تەواو بکات، دادگا بەڵگەکانی ئەو شایەدییەی کۆدەکردەوە لەگەڵ ئەوەی زۆر کاریگەر بوو، بەڵام دادگا چاودێریی گوتەکانی دەکرد و بەدواداچوونی بۆ راستی و دروستی گوتەکان دەکرد، هاوکات هەڵسەنگاندن و بەراوردی بەڵگەکانمان دەکرد، چونکە لە هەموو دۆخێکدا پێویستە بەڵگەکانی بە وردی هەڵبسەنگێندرێن، چونکە بابەتەکە تایبەت و هەستیار بوو و پێویست بوو وردبینەوە لە گوتەکانی.
ئەو ژنە رووبەڕووی تۆمەتبارەکەش بووەوە، دوای ئەوەی لەڕووی دەروونییەوە ئارام بووەوە و گوتەکانی تەواوکرد و رووبەڕووی تۆمەتبار بووەوە، تۆمەتبار نکۆڵی لە هەموو تاوانەکان دەکرد کە ئەو ژنە باسی کردن.
دادگا تەنیا لە کاتی وەرگرتنی گوتەکانی بەدواداچوونی بۆ نەکرد، بەڵکو لە ماوەی دەرچوونی بڕیارەکەش وردبینی بۆ گوتەکانی کردەوە و بینی کە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ گوتەکانی دیکە.
رووداو: لە دۆسیەی عەجاجدا، تۆمەتباری سەرەکی کێ بوو؟
سەعد لامی: دۆسیەی عەجاج وابەستە و درێژکراوەی دۆسیەی ئەنفالە، سکاڵاکارانی دۆسیەی ئەنفال هەمان سکاڵاکارانی دۆسیەی عەجاجن، تۆمەتباری سەرەکی و یەکەمی نوگرە سەلمان سەدام حوسێن و عەلی حەسەن مەجید و چەند ئەفسەرێکی باڵا بوون، ئەوانە تۆمەتباری سەرەکین.
سەدام خۆی ئامادەی چەندین دانیشتنی دادگا بووە و گفتوگۆی لەگەڵ قوربانییانی نوگرە سەلمان کردووە، بەڵام رێکارە یاساییەکان بەرامبەری راگیران دوای دەرچوونی بڕیاری لەسێدارەدانی لەسەر دۆسیەی دوجەیل و جێبەجێکردنی بڕیارەکە، دوای هەفتەیەک لە لەسێدارەدانی سەدام حوسێن بەهۆی تاوانی دوجەیل، رێکارەکان لەبارەی دۆسیەی ئەنفال راگیران، بەڵام رێکارەکان بەردەوام بوون بەرامبەر عەلی حەسەن مەجید و ئەفسەرەکانی دیکە تاوەکو بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو. ناوی عەجاج لە هەمان دۆسیەدا مایەوە کە دۆسیەی ئەنفال بوو، سکاڵاکاران ناویان هێنابوو، لەوکاتەدا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرنەکرابوو، بۆیە دۆسیەکەی بە کراوەیی مایەوە و بووە دۆسیەیەکی سەربەخۆ.
رووداو: لە کاتی دانپێدانانەکانی، پرسیار دەکرێت لەبارەی وابەستەیی عەجاج بە دۆسیەی دیکەوە، بۆ نموونە حیزبی دەعوە و حیزبی شیوعی، ئاماژە بە بازنەیەکی فراوانتر دەکرێت لە پێشێلکاری، ئایا دادگا گەیشتە هیچ لەبارەی تێوەگلانی عەجاج لەو تاوانانەدا؟
سەعد لامی: بەڵێ تۆمەتبار لە لێکۆڵینەوەکان لە سەماوە دانی بەوە داناوە و دانپێدانانەکەشی لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دووبارە کردووەتەوە لە سەماوە، کە کاتێک لە ئاسایشی موسەننا کاری کردووە کاری چاودێریکردنی ئەندامانی حیزبی دەعوەی کردووە، هەروەها حیزبی شیوعی و هەروەها راوەدونانی ئەو کەسانەی هاتوونەتە دانیشتنەکانی (حوسەینییە)، لە دوو رێگەوە چاودێریی ئەو کەسانەی کردووە، یەکەم دانانی سیخوڕ لەنێو ئەندامانی حیزبی دەعوە و حیزبی شیوعی و ئامێری دەنگ تۆمارکردنی پێداون، دواتر دەنگەکانی وەکو راپۆرت نووسیوەتەوە و ناردوونی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی لە بەغدا.
رێگەی دووەمیش چاودێریکردنی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان بووە کە لەو سەردەمە تەلەفۆنی زەوینی هەبوو لە رێگەی بگۆڕەکانی پەیوەندی چاودێریی پەیوەندییەکانی کردووە، تۆماری کردوون و ناردوونی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی.
بەپێی دانپێدانانەکانی تۆمەتبار، کەسانێکی زۆر لەوانەی چاودێری کردوون لە حیزبی دەعوە و حیزبی شیوعی و کەسانی دیکە دواتر بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە (بەپێی رێنماییەکان- حسب السیاق)، وشەی بەپێی سیاق لە تێگەیشتنی پیاوانی ئەمنی ئەو سەردەمەدا واتا جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدان بەبێ دادگاییکردنی یاسایی.
رووداو: لە دانپێدانانەکاندا ئاماژە بە (ناوچەی تۆپزاوا) کراوە، کە شوێنێکی دیاری قوربانییانی ئەنفالە، ئایا تۆمەتبار (عەجاج) هیچ بەرپرسیارێتییەکی لەو شوێنە هەبووە؟
سەعد لامی: پرۆسەکانی ئەنفال لە باکووری عێراق و ئەو هێرشە ئاسمانی و بۆردوومانانەی کراون بوونە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر پەنا بۆ چەند شوێنێک ببەن کە پێیانوابوو ئارامن، بەڵام هێزە ئەمنییەکان دوایانکەوتن دەستگیریان کردن و رەوانەی ناوەندەکانی دەستگیرکردنی جیاوازیان کردن، بەشێک لە چەمچەماڵ، بەشێک لە تۆپزاوا و بەشێکیشیان لە نوگرە سەلمان.
دانپێدانانەکانی تۆمەتبار ئاماژە بەوە ناکەن هیچ پەیوەندیی هەبووبێت بەوەی لە تۆپزاوا روویداوە، لە سەربازگەی تۆپزاوا، بەوپێیە ئەو وەکو ئەفسەرێکی ئەمن فەرماندەی زیندانی نوگرە سەلمان بووە، بەرپرس بووە لە تاوانەکانی برسیکردن، تینووکردن، کوشتن، گۆڕی بەکۆمەڵ و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان، ئەمە بۆ دادگا سەلماوە، بەڵام هیچ بۆ دادگا نەسەلماوە کە پەیوەندی بەو تاوانانەوە هەبێت کە لە تۆپزاوا کراون.
رووداو: سکاڵاکارەکان و شایەتحاڵەکان زۆرینەیان کەسانی بەتەمەن بوون، لە دادگا چۆن مامەڵەتان لەگەڵ گوتەکانیان و شایەدییەکانیان کرد؟
سەعد لامی: ژمارەی شایەتحاڵەکان لە 200 کەس زیاتر بوون و شایەدییەکەیان زۆر گرنگ بوو چونکە ئەوان لەنێو تاوانەکەدا ژیابوون، زۆرینەیان گوتەیان دابوو لەکاتی دادگاییکردنی عەلی حەسەن مەجید و سەدام حوسێن لە ساڵی 2005ـدا، گوتەکانیان زۆر ورد و یەکگرتووبوون لەگەڵ ئەو گوتانەی ئێمە لە ساڵی 2025 وەرمانگرتن، دادگا هات لەنێو ئەو شایەدییە ورد و یەکانگیرانە هەرچەندە کاتەکانیان جیاوازبوون، هەندێکیان لە 2025 وەرگیرابوون و هەندێکیان لە 2024 وەرگیرابوون و هەندێکیشیان لە ساڵی 2005 وەرگیرابوون لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق وەکو گوتمان لەگەڵ جیاوازیی شوێنەکانی وەرگرتنی گوتەکان بەشێکیان لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان وەگیرابوون لە کەلار، سلێمانی، هەولێر و ناوچەکانی دیکە، بەشێکیشیان لە موسەننا تۆمارکرابوون، ئەم جیاوازییە لە شوێن و کات، لەگەڵ ئەوەشدا هەموویان یەکیان دەگرتەوە لەگەڵ بابەتە جەوهەرییەکان کە پەیوەندییان بە تۆمەتبارەوە هەبوو لە کوشتن، ئەشکەنجەدان و برسیکردن و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و چۆن کەسوکاری قوربانییانی ناچارکردووە کە ئەو تەرمانەی لەنێو ژوورەکان کەوتوون بگوازنەوە بۆ دەوروبەری زیندانەکە و چۆن بە سەختی توانیویانە کەسوکاریان بەخاک بسپێرن، چونکە ناوچەیەکی زەحمەت بووە و ئاسان نەبووە گۆڕی بەکۆمەڵی تێدا هەڵبکەندرێت، ئەم وردەکارییانە هەموویان وردەکاریی جەوهەریی و گرنگن لەلایەن شایەتحاڵەکانەوە و هەموویان هاوشێوەبوون لەگەڵ یەکتر، یەکیشیان دەگرتەوە لەگەڵ بەڵگەنامەکانی ناو ئەرشیفی دادگا کە ساڵی 2005 کۆکرابوونەوە و یەکانگیریش بوو لەگەڵ دانپێدانانەکانی تۆمەتباردا، هاوکات یەکانگیربوون لەگەڵ بەڵگەکانی تاوان و راپۆرتی دەستەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، هەموو بەڵگەکان یەکانگیربوون لەگەڵ گوتەی شایەتحاڵەکان.
رووداو: دادگا چ گەرەنتییەکی دا بە تۆمەتبار بۆ ئەوەی بەرگریی لە خۆی بکات و مافەکانی خۆی وەکو تۆمەتبارێک لە بەردەم دادگادا وەربگرێت؟
سەعد لامی: تۆمەتبار سەرەتا بە ئامادەبوونی پارێزەر گوتەی لێوەرگیراوە، پێش ئەوەش گوتەی لێوەربگیرێت بە ئامادەبوونی پارێزەر، لەکاتی دەستگیرکردنیدا سەرەتا بۆ دڵنیابوون لەوەی ناوی لەگەڵ کەسی دیکە تێکەڵ نەبووە، لێکۆڵینەوەی وردی لەگەڵ کرا و ناوی راستەقینەی پشتڕاستکرایەوە و وەڵامی دابوونەوە کە بەڵێ ئەو (عەجاج ئەحمەد حەردان)ـە و ئەفسەری ئەمن بووە لە نوگرە سەلمان، ئەمە هەر لە سەرەتا و پێش بڕیاری راگرتنی، دوای ئەوە نێردرا بۆ موسەننا، لە موسەننا بە هەمانشێوە دانپێدانانەکانی بە ئامادەبوونی پارێزەر لەسەر ئەرکی دەوڵەت وەرگیراوە و نوێنەری داواکاری گشتیش ئامادەبووە.
دواتر لە (سێ بۆ چوار پارێزەر)ـی هەبوون، دادگا دابینیکردبوون و دواتر دوو پارێزەریان بەردەوام بوون، دادگا هەموو تۆمەت و بەڵگەنامەکانی پێشاندا لەگەڵ هەموو ئەو بەڵگەنامانەی لەلای دادگا هەبوون تاوەکو دەرفەتی بداتێ و بزانێت ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون چین.
هەروەها دادگا پێش بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە تەنیا پشتی بە دانپێدانانەکانی کاتی لێکۆڵینەوە نەبەست، بەڵکو ویستی دڵنیابێت لە دروستی دانپێدانانەکان و بۆیە داوای لە تیمی لێکۆڵینەوە کرد هاوەڵی بکەن بۆ شوێنی ئەنجامدانی تاوانەکە، کاتێک ئەو گوتبووی شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەزانێت، دادگا ویستی دڵنیابێتەوە و داوای ئاراستەی فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کرد ئەوانیش پشتڕاستیان کردەوە کە گۆڕی بەکۆمەڵ هەیە لە دەوروبەری نوگرە سەلمان، هەروەها لە رۆژی دادگاییکردندا دەرفەتی تەواوی پێدرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی شایەتحاڵەکان و سکاڵاکارەکان، تەنانەت جارێکیان گفتوگۆی لەگەڵ یەکێک لە شایەتحاڵەکان کرد و ناڕەزایی دەربڕی و پارێزەرەکەشی ئامادەبوو، تەنانەت کاتێک دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکرد و بڕیارەکە خوێندرایەوە، بەهەمانشێوە دادگا بۆی روونکردەوە کە دەتوانێت داوای پێداچوونەوەی بڕیارەکە بکات لە ماوەیەکی دیاریکراودا، بەپێی یاساکانیش پێویستە پرۆسەی دادگاییکردن ئاشکرابێت و پێویستیشە دادگاییەکە بە ئامادەبوونی تۆمەتبار بێت نەوەک بەبێ ئامادەبوونی خۆی، هەموو گرێنتییەک درا بە تۆمەتبار.
رووداو: بەپێی بەدواداچوونتان بۆ بەڵگەنامەکان، ئایا گەیشتن بەو راستییەی کە رژێمی پێشوو زیندانی نوگرە سەلمانی لە هەشتاکان تایبەت کردووە بە ئەنفالکراوانی کورد، یان خەڵکانی دیکەش لەوێ بوون؟
سەعد لامی: راستە هەرچەندە کەیسەکەی عەجاج تایبەت بوو بە کورد و ئەنفال و زیندانی نوگرە سەلمان، بەڵام نوگرە سەلمان تەنیا ناوەندێک نەبووە بۆ زیندانیکردنی کورد، دادگا کەیسی دیکەی لە بەردەستە کە پەیوەندییان بە راپەڕینی شەعبانییە و نەیارانی دیکەی رژێمی پێشووەوە هەیە، ژمارەیەکی زۆر سکاڵاکار هەن و سکاڵایان کردووە لەوەی بەرامبەریان کراوە لە نوگرە سەلمان، پێموایە ئەو سکاڵاکارانەی گوتەیان لە دادگا لێوەرگیراوە زیاترن لە 25 سکاڵاکار لەم بابەتەدا، هەموو سکاڵاکارێکیش باسی کوشتنی کردووە لە ئەندامانی خێزانەکەی، بابەتەکە تەنیا پەیوەست نییە بە ئەنفالکراوانی کورد.
رووداو: دوای گوێگرتنت لەم چیرۆکە خەمبار و ترسناکانەی کوشتنی منداڵ، دەستدرێژی، برسیکردن، لە کۆتاییدا بەڕێز سەعد لامی مرۆڤە و هەستی هەیە، لە هەمان کاتدا پێویستە بڕیاری دادپەروەرانە بدەیت لەبارەی تۆمەتبارێک کە دێتە بەردەمت، کاریگەریی ئەم چیرۆک و رووداوانە لە سەرت چۆن بوون؟
سەعد لامی: بەڵێ، من پرسیارەکەت وەک دۆسیەیەکی دیاریکراو وەردەگرم، وەک دۆسیەی عەجاج، دادوەریش وەک هەر مرۆڤێکی دیکە، لەڕووی ویژدانییەوە کاریگەر دەبێت بە ئازار و نەهامەتییەکانی قوربانییان، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێت کاریگەر نەبیت بە هەست و سۆز بۆ هەڵسەنگاندنی شایەتییەکان و هەڵسەنگاندنی بەڵگەکان، چونکە دادوەر کاتێک گوێ لە ئازاری قوربانییان دەگرێت و گوێ لە شایەتحاڵەکان دەگرێت لەبارەی ئازارەکانیان، لە هەمان کاتدا چاودێریی ئاستی شایەتحاڵەکە و وردەکارییەکان دەکات و دەبێت ببینێت تاوەکو چەند شایەدییەکە یەکدەگرێتەوە، هەروەک پێشتریش باسمان کرد لە کاتی پێداچوونەوە و پێش دەرکردنی بڕیارەکە وردبینی لە گوتەکانی شایەتحاڵ دەکرێت، هەرچەند گریان و خەمی هەبێت، بەڵام پێویستە شایەدییەکەی وردبینی تێدا بکرێت بۆیە دادوەر پێویستە هەستەکانی وەلابنێت لەکاتی هەڵسەنگاندن و وردبینی لە بەڵگەکان.
رووداو: جیاوازیی ئەم دادگایە چییە لەگەڵ دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، لە ساڵی 2005ـدا؟
سەعد لامی: دادگاکەی 2005 واتە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق سەر بە ئەنجوومەنی وەزیران بوو، وابەستەبوونی بە ئەنجوومەنی وەزیران، دادوەر وابەستە دەکات بە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، بەڵام ئەم دادگایە لە دوای 2012ـەوە بووە بەشێک لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و هەموو دادوەرەکانی لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دادەنرێن، دادگای تاوانەکانی پێشوو کە وابەستەبوو بە ئەنجوومەنی وەزیران، ئینجا لە ساڵی 2011 یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2011 دەرکرا و وابەستەیی بە ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوەشاندەوە و خرایە سەر ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی، دادوەرەکانی خانەنشین کران، هەروەها ئەم دادگایە پەیکەرەکەی جیاوازە لە پەیکەرەی دادگاکەی پێش 2012.


