رووداو دیجیتاڵ
سەردار یوکسەل، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا و سیاسەتڤانی کوردی باکووری کوردستان، لە میانی سەردانێکی دا بۆ هەرێمی کوردستان، میوانی رووداو بوو، وەڵامی پرسیارەکانی رووداوی دایەوە. یوکسەل، لە ئەڵمانیا لەدایکبووە و بەڕەچەڵەک خەڵکی دێرسمە، یەکێکە لەو دەنگە دیارانەی ناو پەرلەمانی ئەڵمانیا بەردەوام داکۆکی لە مافەکانی کورد و پێکهاتە و نەتەوەکانی دیکە دەکات.
سەردانەکەی یوکسەل، لە کاتێکدایە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، بەتایبەتی پرسی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و شەڕی ئێران و ئەمریکا، یوکسەل تیشکی خستە سەر هەڵوێستی وڵاتەکەی بەرامبەر بەم گۆڕانکارییانە و جەختی لە گرنگیی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کردەوە.
یوکسەل هۆشدارییەکی روون و ئاشکرا دەداتە هەر لایەنێک بیەوێت هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەو دەڵێت: " پێیان دەڵێین، هەر بیری لێ مەکەنەوە هێرش بکەنە سەر کوردستان، ئێمە لێرەین و دەمێنینەوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، یوکسەل ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، ئەو سەرۆک بارزانی بە "سیاسەتڤانێک لە ئاستی جیهان دا" دادەنێ و دەڵێت: "خاوەن کاریزمایەکی گەورەیە.'' نێچیرڤان بارزانیشی بە "دیپلۆماتکارێکی ئاستبەرز" ناوبرد کە لەسەر ئاستی جیهان خاوەنی رێزێکی گەورەیە.
یوکسەل جەختی لەوە کردەوە "دڵخۆش و بەختەوەرن" دوو سیاسەتڤانی وا بە ئەزموون سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەن.
جگە لە پرسی سەربازی و ئەمنی، یوکسەل باسی لە چەندین بابەتی دیکە کرد، لەوانە دۆخی کوردانی ئێزدی و پێویستیی ئاوەکردنەوەی شنگال، سیاسەتی ئەڵمانیا بەرامبەر بە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، هەروەها رۆڵی دیاسپۆرای کورد لە ئەڵمانیا.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: گەورەترین کۆمەڵگەی کوردی لە ئەورووپا لە ئەڵمانیایە، زۆرترین ژمارەی کوردی هەر چوار پارچەی کوردستان لە ئەڵمانیا دەژین. کوردانی ئەوێ چیدیکە وەکو جاران نین؛ لە زۆر بواری گرنگدا جێگەیان گرتووە، پەرلەمانتاریان هەیە، بزنسمانیان هەیە، لە خوێندن دا لەپێشن و ئاستی کورد لە ئەڵمانیا لە ئاستێکی بەرزدایە.
میوانی ئەمجارەم، پەرلەمانتاری فیدراڵیی ئەڵمانیا سەردار یوکسەلە، کوردێکی باکووری کوردستانە، لە ئەڵمانیا لەدایکبووە و خەڵکی دێرسمە. هاتووەتە کوردستان و لە ستۆدیۆی رووداو میوانمانە. کاک سەردار بەخێربێیت، خۆشحاڵم.
سەردار یوکسەل: رۆژباش
رووداو: زازاکی و کورمانجی تێدەگەیت؟
سەردار یوکسەل: زازاکی دەزانم، بەڵام کورمانجی کەم دەزانم
رووداو: پێش ئەوەی دەست بە هەڤپەیڤینەکە بکەین، گوتت لە ماڵەوە بە چ زمانێک قسە دەکەن، گوتت کاتێک تووڕە دەبین بە زازاکی، لە گفتوگۆی ئاساییدا بە ئەڵمانی و تورکی، تۆ لە ئەڵمانیا لەدایکبوویت. ئەگەر ئێستا بە کورمانجی پرسیار بکەم، سەت لە سەت تێدەگەیت؟
سەردار یوکسەل: نەخێر
رووداو: من بە کورمانجی پرسیارەکان دەکەم، ئەو بە ئەڵمانی وەڵام دەداتەوە، ئەمە چەندەمین جارە دێیتە کوردستان؟
سەردار یوکسەل: ئەمە 21ـەمین جارە دێمە کوردستان
رووداو: لەم سەردانەدا کوردستانت چۆن بینی؟
سەردار یوکسەل: بێگومان ئامانجی سەردانەکەم لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێرانەوە رووبەڕووی هێرش دەبێتەوە، پێشاندانی پشتیوانییە، ئێوە دەزانن زیاتر لە 900 هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان، ویستم بەم سەردانە پەیامی روون پشتیوانی خۆم بگەیێنم و بڵێم ئەم هێرشانەی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان قبووڵکراو نین، دەبێت بوەستێنرێن. ئەگەر ئێران بیەوێت بگەڕێتەوە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دەبێت ئەم هێرشانەی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ رابگرێت، من لێرەم بۆ ئەوەی بەناوی پەرلەمانی ئەڵمانیاوە پشتیوانیی خۆم بۆ هەموو کورد و حکومەتی هەرێـمی کوردستان پێشان بدەم. ئێمە بۆ گەشتکردن نەهاتووین، من لێرەم بۆ ئەوەی پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد بکەم.
رووداو: زۆر باشە. پرسیارێک هەیە هەموو کەسێک دەیەوێت بیزانێت؛ ئایا ئەڵمانیا هەموو هێزەکانی لە کوردستان دەکشێنێتەوە؟
سەردار یوکسەل: نەخێر، نەکشاوەتەوە، لە ئەڵمانیا لەسەر ئەم بابەتە گفتوگۆ هەیە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە واشنتن لەگەڵ ئەمریکا قسەی کردووە لەسەر چوونە دەرەوەی هێزەکانیان لە عێراق، پلانی ئەمریکا ئەوەیە تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول بکشێتەوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی داوە تاوەکو 1ـی تشرینی یەکەم گرووپە چەکدارەکان چەک بکات. بەڵام هەرکەسێک دۆخی کوردستان بزانێت، تێدەگات میلیشیاکانی بەغدا چەکەکانیان دانانێن، هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو بابەتە نەدراوە. من زۆر لایەنگری ئەوەم یەکەیەکی گەورەی سەربازانی ئەڵمانیا (بوندسڤێر) لە کوردستان بمێنێتەوە. ئەمە زۆر گرنگە سوپای ئەڵمانیا لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە لێرە بمێنێتەو، ئێمە وەکو پەرلەمانتاران هەوڵ دەدەین ئەرکی سوپای ئەڵمانیا بۆ راهێنانکردن بە پێشمەرگە بەردەوام بێت، واتە بڕیاری کۆتایی نەدراوە.
رووداو: واتە ئەڵمانیا بڕیاری مانەوە یان نەمانی خۆی لە کوردستان بە بڕیاری ئەمریکاوە دەبەستێتەوە؟
سەردار یوکسەل: دەبێت ئێمە بڕیاری سەربەخۆ بدەین، ئێمە سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر ئێران دەبینین، بەیانی شتێک دەڵێت، نیوەڕۆ و ئێوارە شتێکی دیکە، ئەمە سیاسەتێکی باش نییە ئەمریکییەکان دەیکەن. لەبەرئەوە دەبێت ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەورووپی مانەوەی سەربازیی خۆیان لێرە بپارێزن. ئەمە تەنیا بۆ پشتیوانیکردنی کورد نییە، بەڵکو لەبەرئەوەی دۆخەکە هێشتا ئارام نییە، ئەمە ئاماژەیەکە بۆ هەرکەسێک کە بیەوێت هێرش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان، پێیان دەڵێین: هەر بیری لێ مەکەنەوە هێرش بکەنە سەر کوردستان، ئێمە لێرەین و دەمێنینەوە، داعش هێشتا بەتەواوی تێکنەشکێنراوە، شانەی نووستوویان هەیە. لەبەرئەوە هێشتا لێرە پێویستیمان بە سەربازانی ئەڵمانیا هەیە، بۆیە ئێمە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا گفتوگۆ دەکەین دەبێت ئەڵمانیا و سوپای ئەڵمانیا بەسەربەخۆیی بڕیاری خۆیان بدەن، ئێمە بینیمان بەهۆی کشانەوەی ئەمریکییەکان لە ئەفغانستان چ ئاڵۆزییەک دروست بوو، ئێمە نامانەوێت لێرە ئاڵۆزی لەدوای خۆمان بەجێبهێڵین، بەڵکو دەبێت ئەڵمانیا لەگەڵ هاوبەشەکانی دیکەی ئەورووپی بەرپرسیارێتیی نێودەوڵەتیی خۆی لە کوردستان هەڵبگرێت.
رووداو: واتە هاوکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبێ؟
سەردار یوکسەل: بەڵێ، دەبێت ئەمە روون بێت، ئێمە بەردەوام دەبین لە پێشکێشکردنی پشتیوانیی سەربازی، ئابووری و مرۆیی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئێمە دەزانین کوردستان دوایین ناوچەی فرەئیتنیک و فرەئایینە لەم ناوچەیەدا، نابێت کورد لەم کاتە سەختەدا بە تەنیا بەجێبهێڵین. بۆیە من زۆر گەشبینم ئێمە و هاوبەشە ئەوروپییەکانمان بەرپرسیارێتیی خۆمان لێرە لە کوردستان جێبەجێ دەکەین.
رووداو: تۆ لەم سەردانەدا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوویتەوە، باسی چیتان کرد؟
سەردار یوکسەل: باسمان لە دۆخی ئێستا، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێـمی کوردستان و کێشەکانی سووریا و عێراق کرد، هەروەها باسمان لەو ئاڵنگارییانە کرد رووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبنەوە، بۆ من کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی زۆر مانادار و کاریگەر بوو، من لە منداڵییەوە دەیناسم، هەمیشە لە تەلەڤیزیۆن بینیومە، بەڵام دەرفەت هەبوو و لەلای دانیشم. ئەو کاریزمایەکی گەورەی هەیە و مرۆڤ تێدەگات سیاسەتڤانێكە لە ئاستی جیهان دا، بۆ من زۆر کاریگەر بوو سەرۆک مەسعود بارزانیم بینی، هەروەها سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ئاستی نێودەوڵەتی دا دیپلۆماتکارێکی زۆر گرنگە، چ لە واشنتن، پاریس، میونشن یان ئەنقەرە، شام یان بەغدا بێت، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دیپلۆماتکارێکی ئاستبەرزە و خاوەنی رێزێکی گەورەیە لەسەر ئاستی جیهان، ئێمە دڵخۆش و بەختەوەرین دوو سیاسەتڤانی بە ئەزموونی وەکو سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە سەرکردایەتی ئەم وڵاتەدا هەیە.
رووداو: ئەم رۆژانە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی بوو، هەندێک پەرلەمانتاری ئەڵمانی رەخنەیان لە حکومەت گرت ئەو بەڵێنانەی دراون جێبەجێ نەکراون، تۆ وەکو پەرلەمانتارێکی کورد کە نزیکی لە کوردانی ئێزدی، سیاسەتەکانی ئەڵمانیا چۆن دەبینیت؟
سەردار یوکسەل: ئەڵمانیا 3 ساڵ لەمەوبەر جینۆسایدی ئێزدییەکانی ناساند، من خۆم 12 ساڵ لەمەوبەر کەمپێکی پەنابەرانم دروستکرد کە ئێستا 5 هەزار ئێزدی تێیدا دەژین. من خۆم لە ئەڵمانیا پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێزدی هەیە، من دژی رەوانەکردنەوەیانم. مرۆڤ ناتوانێت جینۆساید بناسێنێت و رۆژی دواتر بە زۆر بیانگەڕێنێتەوە، دەبێت دیدگەیەک هەبێت، ئێمە پشتیوانییان دەکەین مافی مانەوەیان هەبێت. من خۆم داوای ئەوەم کردبوو و بە یارمەتیی من زۆر کەس توانییان لە ئەڵمانیا بمێننەوە، بێگومان کێشەمان لەگەڵ پەنابەرانی تاوانبار هەیە، هەرکەسێک لە ئەڵمانیا تاوانی قورس بکات، رەوانە دەکرێتەوە. بەڵام ئەوانەی کار دەکەن، فێری زمان بوون و خێزانیان پێکهێناوە، دەبێت لە ئەڵمانیا داهاتوویەکی باشیان هەبێت.
رووداو: ئەمجارە سەردانی کەمپەکانی کوردانی ئێزدیت کرد؟
سەردار یوکسەل: بەڵێ، چووم بۆ کەمپی شێخان ، هەر ئەو کەمپەی 12 ساڵ لەمەوبەر داممەزراندبوو. من زۆر جار دەچمە ئەوێ و بەردەوام یارمەتیی ئەو کەمپە و کەمپەکانی دیکەش دەدەین، هەر لە سەرەتاوە، لە ساڵی 2012ـەوە ئێمە پشتیوانیی کەمپی شێخان دەکەین، بۆ من دیمەنێکی زۆر خەمناکە کاتێک دەبینم ئەو منداڵانەی 12 ساڵ لەمەوبەر لەوێ لەدایکبوون، هێشتا لەژێر چادر و لە کۆنتەینەردا دەژین. لە شنگال ئاسایش نییە، دەبێت حکومەتی عێراق ئاسایش دابین بکات و گەڕانەوەی ئێزدییەکان رێکبخات و دەبێت ژێرخانی شنگال ئاوەدان بکاتەوە، تاوەکو خەڵک بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان، لەوێ نە ئاسایش، نە قوتابخانە و نە نەخۆشخانە هەیە، ئێزدییەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام پێویستیان بە یارمەتیدان و پشتیوانی هەیە، بۆیە من داوا لە حکومەتی عێراق دەکەم بە یارمەتیی دارایی پشتیوانیی گەڕانەوەی ئێزدییەکان بکات و ژێرخانی شنگال ئاوەدان بکاتەوە، ئەمە هێشتا بە شێوەیەکی باش نەکراوە، ئێمە لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا ئەو داوایە دەکەین و بەرپرسیارێتیی گەڕاندنەوەی ئێزدییەکان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە.
رووداو: با بێینە سەر بابەتی رۆژئاوا، تۆ سەردانی رۆژئاوات کردووە؟
سەردار یوکسەل: بەڵێ، من دوو جار چوومەتە ئەوێ. لە مانگی شوبات دا لە شام بووم. من سوپاسی سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانیم کرد بۆ پاراستنی کورد لە شام و ئەشرەفییە، چونکە سەرۆک مەسعود بارزانی هۆشداریی دابووە شەرع نابێت هێرشی سەربازی بکرێتە سەر کوردانی ئەشرەفییە، سەرۆک مەسعود بارزانی نەک تەنیا لە کوردستان رۆڵێکی گرنگی هەیە، بەڵکو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش. نێچیرڤان بارزانی لە شام بوو، لەهیچ سەردانێکی فەرمی دا ئاڵای کوردیم ئەوەندە گەورە نەبینیبوو، ئەمە دانپێدانان و ئاماژەیەکی گرنگ بوو بۆ کورد، من لە سەردانەکەی مانگی شوباتیشمدا بە وەزارەتی دەرەوەی سووریام گوت دەبێت سووریا ببێتە وڵاتێکی فرەئیتنیک، فرەئایین و مافی مرۆڤ بپارێزرێت، ئەوانیش دەتوانن سەیری ئێرە، سەیری کوردستان بکەن بۆ ئەوەی بزانن چۆن بەڕێوەدەبرێت؟
رووداو: کوردانی رۆژئاوا هەست دەکەن ئەڵمانیا ئەوانی لەبیرکردووە، بەتایبەتی دوای شەڕی داعش و پەیوەندییە نوێیەکان لەگەڵ شام، ئایا بەرلین رۆژئاوای کوردستانی لەبیرکردووە؟
سەردار یوکسەل: نەخێر، لەبیری نەکردوون. بەڵام لە سیاسەتدا شتێک هەیە پێی دەگوترێت "سیاسەتی واقیعی". بەڵام نوێنەری ئەمریکا بۆ ئەنقەرە و شام بە ئاشکرا بە کوردانی رۆژئاوای گوت: پێویستیمان پێتان نەما و ئێمە ئیدی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی، لەگەڵ شەرع، کار دەکەین. هەڵبەتە ئەڵمانیا لە سەردانی ئەحمەد شەرع بۆ بەرلین دووپاتی کردەوە هاوکاری و یارمەتییەکانی ئەڵمانیا و ئەورووپا لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا تەنیا لەو کاتەدا دەبێت مافەکانی مرۆڤ، مافە ئایینییەکانی پێکهاتەکان و هەروەها مافەکانی کورد قبووڵ بکرێن، ئەگەر ئێمە میوانداریمان نەکردبا، هیچ کاریگەرییەکمان لەسەری نەدەبوو، بەداخەوە لە سیاسەتدا وایە مرۆڤ ناتوانێت هاوڕێ و ئەوانەی دانوستاندنیان لەگەڵ دەکات بەپێی حەزی خۆی هەڵبژێرێت، بۆیەش ئێمە لە بەرلین لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسەمان کرد و بە بڕوای من ئەمە گرنگ بوو. بەڵام پێویستیشە هەڵوێست و داواکارییەکانی ئەڵمانیا و ئەورووپا ئاشکرا بکرێن.
رووداو: مافی کورد لە دەستووری سووریادا جێی دەبێتەوە؟
سەردار یوکسەل: لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئەحمەد شەرع جەخت کراوەتەوە دەبێت مافی کورد و ناسنامەی کولتووری و زمانییان لە دەستووردا بپارێزرێت. ئەمە نابێت تەنیا بە بڕیارنامەیەک بێت، بەڵکو دەبێت لە دەستووری سووریادا بێت. هەروەها کورد نوێنەرێکی لێهاتووی وەکو مەزڵووم عەبدی هەیە. مەزڵووم عەبدیش چەند رۆژێک لەمەوبەر لە شام بوو و ئەحمەد شەرعی بینیوە و لەسەر ئەو بابەتانە قسەیان کردووە. هەروەها من زۆر گەشبینم، چونکە بۆ ئاوەدانکردنەوەی سووریا پێویستیی ئەحمەد شەرع بە رۆژئاواییەکان هەیە، بۆیە ناچار دەبن پابەند بن بە داواکاریی ئێمە بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی کەمینە و پێکهاتەکان لە دەستووردا.
رووداو: بۆچی ئەم پرسیارە دەکەم، کاک سەردار، چونکە دوای ئەوەی رژێمی ئەسەد تێکشکا و هەڵات. کورد هەستیان کرد بە تەنیا جێهێڵراون. راستە؟ کورد بێخاوەنن لە رۆژئاوای کوردستان؟
سەردار یوکسەل: نەخێر، هەر لە سەرەتاوە ئاشکرا بوو رەنگە لە سووریاش هەرێمێکی سەربەخۆی کوردی بەپێی نموونەی هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق دروست بکرێت. بەڵام بەشێکی دیکەی راستییەکە ئەوەیە زۆر شاری عەرەبی هەبوون نەیاندەتوانی لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی کوردیدا بمێننەوە، هەڵوێستەکانی ئەورووپا و ئەڵمانیا لەو بابەتەدا زۆر روونن، ئەوان دەیانەوێت سەروەریی سووریا بەتەواوی وەکو خۆی بمێنێتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەیانەوێت سووریا وەکو دەوڵەتێکی فرەنەتەوە و فرەئایین بمێنێتەوە، ئەمە چەندین جار لەگەڵ ئەحمەد شەرع دووپاتکراوەتەوە. هەم لەلایەن سەرۆکی فەرەنسا و هەم لەلایەن فریدریش مێرتزی راوێژکاری ئەڵمانیا، ئێمە هەمیشە چاودێریی ئەوە دەکەین ئەو پرۆسەیە لە بەرژەوەندیی پێکهاتەکان، وەکو 3.5 ملیۆن کورد لە رۆژئاوا لەبەرچاو بگیرێت.
رووداو: سیاسەتی ئەڵمانیا هەم لە سووریا و هەم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتێکی نادیار بوو، نەک چالاک، لە سیاسەتی سووریادا نەیتوانی سیاسەتێکی جیدی و نێوبژیکارانە لەنێوان کورد و شامدا ببینێت. فەرەنسا زیاتر لەپێشەوە بوو، ئێوە پێتانوایە ئەڵمانیا لە داهاتوودا رۆڵێکی چالاک و جیدی بگێڕێت کوردانی ئەوێ بەڕاستی هەست بکەن بەرلین لە پشتیانە؟
سەردار یوکسەل: دەبێت رۆڵێکی چالاکتر بگێڕێت، ئێمە 1.3 ملیۆن کەسمان هەیە لە سووریاوە هەڵاتوون بۆ ئەڵمانیا، هەروەها ئەڵمانیا دەیەوێت دەرفەتێکی گەڕانەوە بۆ ئەو کەسانە هەبێت دەیانەوێت بگەڕێنەوە. ئەگەر ئەو کەسانە ناچار بکرێن لە ئازادی و ئاشتیی ئەڵمانیاوە بڕۆن و بگەڕێنەوە سووریا، ئەوا ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتێکی رووخاو، بۆیە دەبێت ئەڵمانیا لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەدا بەشدار بێت و کاریگەریی خۆی لەوێ مسۆگەر بکات، ئەڵمانیا بەرامبەر ئەو 1.3 ملیۆن کەسە بەرپرسیارێتیی هەیە، ئێمە دەمانەوێت بە کردەوە لە ئاوەدانکردنەوەدا بەشدار بین، بۆ نموونە ئێستا وەبەرهێنان لە وێستگەکانی کارەبادا دەکرێت. ئێمە لە دروستکردنی قوتابخانە، نەخۆشخانە لە سووریادا هاوکارین. کەواتە ئەڵمانیا لە ئاوەدانکردنەوەی سووریادا چالاکە، ئێمە لە رووی یارمەتییە مرۆییەکانەوە زۆر شت دەکەین و زیاتر لەوەی فەرەنسا دەکەین، بەڵام بە بێدەنگی دەیکەین. فەرەنسییەکان کەمتر دەکەن، بەڵام دەنگیان بەرزترە. بە بڕوای من ئەگەر مرۆڤ بیەوێت کاریگەریی لە سووریا هەبێت، دەبێت یارمەتیدەر بێت و لە هەمان کاتدا یارمەتییەکان بە مەرجی وەکو پاراستنی بنەماکانی دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ، کەمینەکان، ژنان، کورد، مەسیحی و درووزەکانەوە ببەستێتەوە. دەبێت بەوانەوە پابەند بن. ئەگەر ئەوانە جێبەجێ نەکرێن و ئەگەر مافەکانی مرۆڤ پێشێل بکرێن و دیمەنی وا ببینین کە نامانەوێت بیانبینین، ئەوا هاوکارییەکە بە شێوەیەکی زۆر خێرا کۆتایی دێت، حکومەتی شامیش ئەمە دەزانێت.
رووداو: ئەمجارە چووی بۆ رۆژئاوای کوردستان، لەم گەشتەت دا سەردانی ئەوێت کرد؟
سەردار یوکسەل: لە مانگی شوباتدا من تەنیا چووم بۆ شام. پلانێک هەیە لە ئەم ساڵ دووبارە بچمەوە شام و رەنگە ئەو جارە بچمە رۆژئاواش. من جارێک چووم بۆ قامشلۆ و جارێکی دیکەش چووم بۆ دێرک، ئەوەش لە کاتی شەڕدا بوو و قەدەخەش بوو، بەڵام من هەر چووم.
رووداو: ئەڵمانیا بیری لەوە کردووەتەوە لە ئاوەدانکردنەوەی سووریا و رۆژئاوای کوردستانیشدا بەشدار بێت؟
سەردار یوکسەل: بەڵێ، ئێمە پێشتریش ئەمەمان رامانگەیاندووە. بە سەتان ملیۆن یۆرۆ لە ئاوەدانکردنەوەی سووریا دا هاوکار دەبین، روونە ئێمە ئەم پارەیە نادەینە حکومەتی سووریا، بەڵکو ئەم پارەیە دەدرێتە ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییانەی کە لەوێ لە ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتەدا چالاکن. بێگومان یەکێک لەو ناوچانە رۆژئاوایە.
رووداو: تۆ دیاسپۆرای کوردی لە ئەڵمانیا چۆن دەبینیت؟ بە بڕوای تۆ وەکو هەم پەرلەمانتارێکی ئەڵمان و هەم وەکو کوردێک لە ئەڵمانیا لەدایکبوویت، گۆڕانکاری روویداوە، لە جێی خۆی ماوەتەوە، بەهێزە یان لاوازە؟
سەردار یوکسەل: زۆر ئەرێنییە، کاتێک من بوومە ئەندامی پەرلەمان، بۆ یەکەمجار گرووپی پەرلەمانی "ژیانی کوردی"مان دامەزراند. پەرلەمانتارانی هەموو حیزبەکانی تێدایە و بەردەوام یەکدی دەبینن. ئێمە نەک تەنیا لەسەر دۆخی کورد لە ئەڵمانیا کار دەکەین، بەڵکو چاودێریی دۆخی کورد لە سووریا، عێراق، ئێران و تورکیا دەکەین. هەروەها نەک تەنیا پەرلەمانتارانی کورد، بەڵکو پەرلەمانتارانی ئەڵمانیش لە گرووپەکەدان و ئەوان دەیانەوێت رۆڵێکی گەورەتر بگێڕن و یارمەتیمان بدەن کە پردێکی باش لەنێوان هەولێر و بەرلین دا دروست بکرێت، من گەشبینم و دەبێت کوردانی ئەڵمانیا رۆڵێکی گەورەتر بگێڕن.
رووداو: کەم کەس هەن خەڵکی دێرسم بن، لە ئەڵمانیا لەدایکبووبن، بەڵام ئەوەندە کوردستانی بن. بەڕاستی شتێکی کەم نییە. خێزانەکەشت سیاسەتڤانە؟
سەردار یوکسەل: هەموو ماڵباتێکی کورد سیاسەتڤانن. کاتێک بۆ رۆژی لەدایکبوون، ئاهەنگی هاوسەرگیری یان پرسە کۆدەبینەوە، باسی سیاسەت دەکەین، لە مێژووی هەموو خێزانێکدا راکردن و دەرکردنی بەزۆر هەیە. مێژووی خانەوادەی منیش لە ساڵانی 1937- 38 لە دێرسم بە جینۆساید و کۆچبەری دا تێپەڕیوە، ئەم چارەنووسەی چەوسانەوە و بێ وڵاتیی ئێمە، هەموومان لە هەموو وڵاتانی ئەم جیهانە پێکەوە دەبەستێتەوە. گرنگ نییە لە کوێ بین، لە ئوسترالیا، ئەمریکا یان ئەڵمانیا، نابێت ناسنامەی کوردیی خۆمان لەدەست بدەین، هەر بۆیەش کورد لە جیهاندا زۆر بەهێزن، زۆر زانا، سیاسەتڤان، هونەرمەند هەن لە زۆر ئاستدا چالاکن. ئێمە دەتوانین شانازی بەو رۆڵەوە بکەین لەم جیهانەدا دەیگێڕین.
رووداو: زۆر سوپاس کاک سەردار، بەم چاوپێکەوتنە دڵخۆش بووم، زۆر سوپاس.
سەردار یوکسەل: سوپاس بۆ ئێوە



