رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئالماتی، پایتەختی کولتووریی کازاخستان، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی ''ئاسۆکانی زمان، ئەدەبیات و مێژووی کورد'' بەڕێوەچوو. لە نێو دەیان لێکۆڵەر و پسپۆڕی وڵاتانی جیاواز، مایکل لیزنبێرگ، مامۆستای زانکۆی ئەمستردام و فەیلەسووفی هۆڵەندی، بە گوتارێکی جیاواز دەربارەی شاکاری 'مەم و زین'ـی ئەحمەدی خانی، سەرنجی ئامادەبووانی راکێشا.
لیزنبێرگ ساڵانێکی زۆری تەمەنی لە لێکۆڵینەوەی فەلسەفە، زمان و کولتووری کوردیدا بەسەر بردووە، لەم هەڤپەیڤینەدا وەکو دۆستێکی نزیکی کورد دەدوێت و باس لەوە دەکات 'مەم و زین' تەنیا بەرهەمێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو دەبێت وەکو شاکارێکی زانستی و فەلسەفی لە نێو شارستانییەتێکی گەورەی جیهانیدا ببینرێت.
ئەم پسپۆڕە هۆڵەندییە رەخنەی تووند لەو کوردناسەکان دەگرێت (بە تایبەت کوردناسەکانی سۆڤیەت) کە کولتوور و ئەدەبیاتی کوردییان تەنیا لە چوارچێوەی "فۆلکلۆر و ژیانی گوندنشینی"دا کورت کردووەتەوە و نەریتە زانستییە نووسراوەکەیانیان پشتگوێ خستووە.
لیزنبێرگ بە زمانێکی کوردیی پاراو دەدوێت، لەم دیدارەدا پەردە لەسەر چیرۆکی فێربوونی زمانەکەی لادەبات چۆن دوای کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، خەمی کورد دەبێتە بەشێک لە ژیانی ئەکادیمیی ئەو.
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی مایکل لیزنبێرگ:
رووداو: دەزانم پێشتریش لە چەند بەرنامەیەکی رووداو دەرکەوتووی، بەڵام دیسان دەمەوێت بینەرەکانمان جەنابت بناسن.
مایکل لیزنبێرگ: بەڵێ، من خەڵکی هۆڵەندام، خۆم فەیلەسووفم، کار و لێکۆڵینەوەکانم بە فەرمی دەربارەی فەلسەفەیە، لە هەمان کاتیشدا جاروبار دەتوانم دەربارەی زمان، مێژوو و کولتووری کوردی لێکۆڵینەوە بکەم.، پێش مانگێک کتێبێکم دەربارەی (مەم و زین)ـی ئەحمەدی خانی تەواو کرد، ئێستا بڵاویش کراوەتەوە. کتێبی لێکۆڵینەوەکەم بە ئینگلیزییە. هیواخوازم وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی یان تورکی. بەڵام ئێستا هێدی هێدی وەرگێڕانێکی 'مەم و زین'ـی خانی بۆ سەر زمانی هۆڵەندی ئامادە دەکەم.
رووداو: لە کۆنفرانسەکەدا گوتت 'مەم و زین'ـی ئەحمەدی خانی بەرهەمێکی ناوخۆیی (لۆکاڵ) نییە یان تەنیا نەتەوەیی نییە، بەڵکو لە دەرەوەی سنوورە نەتەوەییەکانە و تەنانەت جیهانییە. مەبەستت چییە و چۆن روونی دەکەیتەوە؟
مایکل لیزنبێرگ: چونکە تاوەکو ئێستا هەمووان وا دەزانن 'مەم و زین'ـی خانی لە نەریتی فۆلکلۆری کوردییەوە دانراوە و کتێبێکی تەواو کوردییە. چەندین هۆنراوەی کلاسیکی کوردی هەن، بۆ نموونە دەربارەی (لەیلا و مەجنوون). لەیلا و مەجنوون هۆنراوەیەکی فارسی و عەرەبیشە، بەڵام بە گشتی دەڵێن (مەم و زین) تەواو کوردییە و تەنیا کوردییە. من گوتم ئەوە تەواو راست نییە، چونکە بەڕاستی ئێمە نازانین، رەنگە نەریتێکی تەنیا کوردی هەبووبێت. مەبەستم ئەوەیە، کاتێک ئەم نەریتە زارەکی بوو و نەنووسرابووەوە، ئێمە نازانین.
ئێمە بەڕاستی نازانین پێش 300 یان 400 ساڵ ئەم نەریتە چی بووە. بەڵام دەزانین لەو سەردەمەدا زۆر چیرۆک، بۆ نموونە لە (شانامە)ـی فیردەوسی، وەک ڤێرژنی زارەکی دەگێڕانەوە و ئەم نەریتە زارەکییەش بەشێک بوو لە ئەدەبیاتی کلاسیکی فارسی و نەریتە ئێرانییەکان بە گشتی.
دەنگبێژ و گۆرانیبێژانی کورد (مەم و زین)ـیان دەگوت، تەنانەت ئەوانەی ئەرمەنی یان جوو بوون، واتە هەر تەنیا کورد نەبوون. لە سەردەمی خانیدا، هەمووان دەیانزانی زمانی کلاسیکی ئەدەبی زمانی فارسی بووە. بۆ نموونە، هۆزانڤانە عوسمانییەکان بە گشتی بە فارسییان دەنووسی. لە هەموو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا هۆنراوەی فارسی دەنووسرا، یان رەنگە بە زمانەکانی دیکەش نووسرابێت، ئەم هۆنراوانە بە زۆر وشە و ئیلهامیان لە فارسی کلاسیکەوە وەرگرتووە. من دەبینم (مەم و زین)ـی خانییش هۆنراوەیەکی ئاوایە. واتە ئەو لە ناو شارستانییەتی کلاسیکی فارسیدایە، یان پێی دەڵێین 'Persianate'، واتە تەنیا بە زمانی فارسی نییە، بەڵکو لە ناو کولتووری فارسیی گشتیدایە. خانی لە ناو پێشەکی هۆنراوەکەیدا دەنووسێت: "ویستم هۆنراوەیەک بە زمانی 'عامێ' (زمانی گەل)، واتە بە زمانی کوردی بنووسم، بۆ 'عامێ' واتە بۆ خەڵکی کورد." لە هەمان کاتدا، بەڕاستی ئەوە هۆنراوەیەکی میللی نییە، هۆنراوەیەکی زانستییە و پڕە لە زاراوەی فارسی و زاراوەی زانستی، فەلسەفی و تەسەوفی. ئاوا دەتوانم بڵێم ئەدەبیاتێکی کۆزمۆپۆلیتە، واتە تەنیا لە نەریت و کولتووری کوردییەوە دانەمەزراوە، بەڵکو لە شارستانییەتێکی جیهانییەوە هاتووە. بەڵام من ئەوەشم نووسیوە ئەدەبیاتێکی جیهانییە بە مانایەکی زۆر سەربەخۆ. پێش چەند ساڵێک گفتوگۆیەک هەبوو لە باشوور: "ئایا مەم و زینی خانی ئەدەبیاتی جیهانییە یان نا؟" هەندێک کەس دەیانگوت بەتایبەتی بە وەرگێڕانە نوێیەکانی (مەم و زین) بۆ فەرەنسی، ئەڵمانی و ئینگلیزی، ئێستا ئەو بەرهەمە بووەتە بەرهەمێکی جێگیر و ناسراوی جیهانی. بۆ نموونە رۆمانەکانی تۆڵستۆی و دۆستۆیڤسکی و ئەوانی دیکە، وەکو ئەدەبیاتی کلاسیک و جیهانیی ناسراون و هەموو کەس هەوڵ دەدات ئەو کتێبانە بخوێنێتەوە. بەڵام من پێموایە بەداخەوە تاوەکو ئەمڕۆ (مەم و زین)ـی خانی نەبووەتە ئەدەبیاتێکی جیهانی، چونکە تاوەکو ئێستا لەلایەن رەخنەی ئەدەبیی نێودەوڵەتییەوە ئاوڕی لێنەدراوەتەوە. بۆ نموونە، چەند وەشانخانەیەک لە کوردستان و چەند وەشانخانەیەکی بچووک لە ئەورووپا وەرگێڕانی (مەم و زین)ـیان بڵاوکردووەتەوە، بەڵام لە رۆژنامە و گۆڤارە ئەدەبییەکانی ئەورووپادا تاوەکو ئێستا بەڕاستی نەبینراوە. ئاوا ئێمە بەڕاستی ناتوانین بڵێین ئەمڕۆ (مەم و زین)ـی خانی بەشێکە لە ئەدەبیاتی جیهانی، بەداخەوە. هیواخوازم رۆژێک ئاوا بێت.
رووداو: باشە، ئەوەی وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی رووسی، ئازەربایجانی، تورکی، تەنانەت بەشێوەی پەخشان بە عەرەبی و زمانەکانی دیکە، فارسییش هەیە، ئەوانە ناچنە ناو ئەو پۆلێنەی جیهانیبوونەوە؟
مایکل لیزنبێرگ: پێشتر منیش ئاوا نووسیبووم ئەدەبیاتی جیهانییە. ئەوەش بەپێی قسەی پرۆفیسۆری کۆچکردووی هارڤارد دەیڤید دامرۆش، ئەدەبیاتی جیهانی ئەوەیە کتێبێک یان هۆنراوەیەک تەنیا بە زمانێک و لە ناو کولتووری خۆیدا نەمێنێتەوە، بەڵکو بە زمانەکانی دیکە و لە ناو کولتوورەکانی دیکەشدا بخوێنرێتەوە و گوێی لێ بگیرێت.
رووداو: مامۆستا، پێش ماوەیەک، پێموایە چەند ساڵێک لەمەوبەر، لە گوتارێکدا رەخنەیەکی تووندت لە کوردناسەکان گرتبوو، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر (مەم و زین) لێکۆڵینەوەیان کردووە. مەرگاریتا رۆدینکۆ، کەدەزانین یەکەمجار ئەو (مەم و زین)ـی دەرخست و وەریگێڕایە سەر رووسی، رەخنەت لێ گرتبوو. تۆ دەڵێیت کوردناسەکانی سۆڤیەت ئەدەبیاتی کوردی و تەنانەت مێژووی کوردییان بە فۆلکلۆر کردووە و بە لۆکاڵی هێشتوویانەتەوە. بنەمای رەخنەکانت چییە؟ ئایا رەخنەکەت لەسەر کوردناسییە بە گشتی یان لەسەر کوردناسەکانە؟
مایکل لیزنبێرگ: پێش هەموو شتێک دەمەوێت بڵێم کارەکانی ئۆگست جابا و رۆژهەڵاتناسە رووسەکانی دیکە، بۆ نموونە مینۆرسکی و نیکیتین، زۆر بە نرخ و گرنگ بوون. بەڵام لە هەمان کاتدا، لە نووسینەکانی جابا و بەتایبەتی لە بڵاوکردنەوەی کارە هاوبەشەکانی مەلا مەحموودی بایەزیدی و ئۆگست جابادا، ئەو دووانە پێکەوە کاریان کردووە؛ بۆ نموونە جابا لە بایەزیدیی پرسیوە: "دەتوانیت شتێک دەربارەی ئەتنۆگرافیای (گەلناسی) کوردی بۆ من بنووسیت؟" (وەکو کتێبی عادات و رسووماتنامەی ئەکرادییە). ئێمە دەزانین مەلا مەحموودی بایەزیدی مەلا بووە، ئەنترۆپۆلۆگ (مرۆڤناس) نەبووە، ئەو چەند شتێکی نووسیوە چۆن، بۆ نموونە نەریتی کوردان چۆن بووە و شتی دیکە، کارگەلێکی زۆر بە نرخی نووسیوە. بەڵام ئەو کارانە بە گشتی بە ناوی جاباوە بڵاوکراونەتەوە، نەک بە ناوی بایەزیدی. بایەزیدی دەستنووسێکی رێزمانی عەلی تەرەماخی، داوەتە ئۆگست جابا. ئەوە سەت ساڵ لە کتێبخانەی ئەکادیمیای زانستیی پترسبۆرگدا مابووەوە و تەنیا سەت ساڵ دواتر لەلایەن مارف خەزنەدارەوە بڵاوکرایەوە. بە بڕوای من، ئۆریەنتاڵیزمی (رۆژهەڵاتناسیی) رووسی ئەوەیە زانستی کوردی وەکو زانست نەبینراوە. واتە زۆر مرۆڤی وەکو مەحموودی بایەزیدی هەبوون، عالیم و زانای کورد بوون، دەیانزانی بە کوردی، فارسی، عەرەبی و زمانی دیکە بنووسن، بەڵام کارەکانیان وەک بەشێک لە زانستی کوردی نەبینراون. وەکو زانیاریدەر بینراون. ئەمڕۆ هەموو دەڵێن گارزۆنی باوکی کوردۆلۆجییە، چونکە بە بڕوای ئەوان یەکەم فەرهەنگ و رێزمانی کوردیی نووسیوە، بەڵام بەڕاستی دەتوانین بڵێین عەلی تەرەماخی باوکی کوردۆلۆجییە، چونکە )سەرفی کورمانجی) پێش کتێبەکەی گارزۆنی نووسراوە. بە بڕوای من، رۆژهەڵاتناسی لە کوردۆلۆجیدا ئەوەیە نەریتێکی زانستیی کوردی هەیە لە سەدەی 17ـەوە تاوەکو ئێستا. ئەو نەریتە قوتابخانەییە و کتێبەکەی خانی، بەتایبەتی (مەم و زین) و کتێبەکانی دیکەی وەک (عەقیدەی ئیمان)، ئەوانەش بە کوردی نووسراون بۆ منداڵانی کورد و فەقێکانی کورد، تاوەکو بتوانن بە زمانی کوردی دەربارەی ئیسلام و زانست بخوێنن. هەروەها فەرهەنگی (نووبەهار). ئەم نەریتە نووسراوەی بە زمانی کوردی هەیە و مێژووەکەی لە 300 ساڵ کۆنترە. ئەم نەریتە زانستییە تاوەکو ئێستا بەردەوامە. ئێستاش ئەم رۆژهەڵاتیناسییە کەمێک هەیە، چونکە بۆ نموونە لە ئەورووپا زۆر کوردناس هەن کوردی کەم دەزانن یان هەر نایزانن. ئەوان بۆ نموونە دەربارەی ئەم نەریتە زانستییە کوردییە زۆر کەم دەزانن، دەربارەی ئەدەبیاتی کوردیی کلاسیکیش کەم دەزانن و بەشێک لەم بەفۆلکلۆرکردنی کوردان ئاوا بەردەوامە. واتە، سیاسەتڤان و گەلناس و رەگەزناسانی کورد، بەتایبەتی دەربارەی فۆلکلۆری کوردی دەنووسن و کورد وەکو عەشیرەت دەبینرێن، وەک گوندنشین دەبیندرێن، نەک وەک گەلێکی شارستانی کە خاوەنی شارستانییەتێکی نووسراویشە. من پێموایە بۆ ئێمە ئێستا گرنگە زیاتر دەربارەی ئەم نەریتە زانستییە کوردییە کلاسیکە لێکۆڵینەوە بکەین و بەتایبەتی هۆنراوەکانی خانی.
رووداو: بگەڕێینەوە سەر کۆنفرانسەکە. کۆنفرانسەکەت چۆن بینی؟ بەڕاستی توانی هەموو کێشەکانی زمان، ئەدەبیات و مێژووی کوردی دەربخات؟ بێگومان لە کۆنفرانسێکدا هەمووی ناکرێت، بەڵام تێزە گرنگەکان چی بوون بە بڕوای تۆ؟
مایکل لیزنبێرگ: بەڵێ، پێش هەموو شتێک دەمویست بڵێم زۆر دڵخۆشم ئێستا هەموومان لە کازاخستانین. چونکە من لە 35 ساڵ پێش ئێستاوە دەزانم لێرە گروپێکی کورد هەیە، پێش 90 ساڵ لەلایەن حکومەتی ستالینەوە دوورخراونەتەوە. لێرە زۆر کورد هەن زۆر چالاکن و ژمارەیان زۆر گەورە نییە، بەڵام لێرە زمان و کولتووری کوردی ژێردەستە نەبووە و قەدەخە نەکراوە. ئەم کۆنفرانسەش بەشێکە لەو کارە کولتوورییانە. چەند فیدراسیۆنێکی کۆمەڵایەتیی کوردان هەن، چالاکییەکانیان زۆر بە نرخن. پێش هەموو شتێک، من پێموایە بایەخدان بە کوردانی ئاسیای نێوەڕاست بۆ ئێمە زۆر گرنگە، چونکە تاوەکو ئێستا زۆر کەممان دەربارەی ژیان و سیاسەتیان دەزانی، ئێستا هێدی هێدی زیاتر دەزانین.
رووداو: کێشەکانی زمان، مێژوو و ئەدەبیات تاووتوێ کران. لە ئەنجامدا هیچ بڕیار یان پێشنیازێک کرا، بەتایبەتی بۆ دیاسپۆرا، کێشەی سەرەکیی ئاسیمیلاسیۆن (توانەوە)، تەنانەت لە کوردستان، لە باکووری کوردستان؟ ئەمانە تا چەند گرنگن و لە کرداردا چ ئەنجامێکیان دەبێت؟
مایکل لیزنبێرگ: تواندنەوەی کورد تاوەکو ئێستا مەترسییەکی گەورەیە. ئەم کۆنفڕانسە گرنگ بوو، چونکە دەتوانین پەروەردەی زمان، مێژوو و زانستی کوردی بەردەوام بکەین. هیوادارم کتێبێک لەم کۆنفرانسە چاپ بکرێت. لە هەمان کاتدا، لێرە دەرفەت بۆ فێربوونی زمانی کوردی هەیە، بەڵام زۆر نین، هیواخوازم بتوانین کاری زیاتر بۆ ئەو زمانە بکەین. ئەم کۆنفرانسە بەشێکی کۆنفرانسێکی ئەکادیمی بوو و بەشێکیشی کۆنفرانسێکی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری بوو. ئەوە باش بوو، بەڵام هیوادارم بتوانین بە لێکۆڵینەوە ئەکادیمییەکانیشمان بەردەوام بین.
رووداو: با هەندێک پرسیاری مەگەزینی بن، زۆر کەس مەراق دەکەن مایکل لیزنبێرگ چۆن ئاوا خۆش و ئەکادیمی بە زمانی کوردی قسە دەکات؟
مایکل لیزنبێرگ: دەمویست زمانی کوردی فێرببم، چونکە کاتێک قوتابی بووم، بەڕاستی ئەو کاتە هیچ شتێکم دەربارەی کورد نەدەزانی. بەڵام لە ساڵی 1988دا یەکەمجار لە تورکیا بووم، بەتایبەتی لە باکوور، لە سووریاش بووم. لەوێ چەند کوردێکم ناسی و هەموویان دەیانگوت "ئێمە ژێردەستەین، ناتوانین بە زمانی خۆمان بدوێین، ناتوانین کولتووری خۆمان بەکاربهێنین." لە هەمان کاتدا، کاتێک گەڕامەوە، هەواڵەکانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە گەیشتنە ئەورووپا. ویستم بزانم، هیچ تێنەدەگەیشتم، کورد بۆچی ئەوەندە ژێردەستەن، بۆچی ئەوەندە تووندوتیژی هەیە. ئیدی دەستم بە فێربوونی کوردی کرد و هێدی هێدی دەستم بە خوێندنەوە دەربارەی مێژووی کوردیش کرد. چەند جارێک گەڕامەوە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ تورکیا، بۆ باکوور و بۆ عێراقیش، ئەو کاتە لە ژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێندا بوو. هێدی هێدی زیاترم دەربارەی کورد زانی و هێدی هێدی زمانی کوردییەکەم باشتر دەبوو.
رووداو: ئایا فێربوونی زمانی کوردی زەحمەتە؟
مایکل لیزنبێرگ: وەکو زمان زۆر زەحمەت نییە. بەڵام کاتێک من دەستم پێکرد، زۆر کەم کتێبی وانەی زمانی کوردی هەبوو. تەنیا رێزمانی (لێسکۆت) و (بەدرخان) هەبوو و کتێبێکی پرۆفیسۆر زەردەشت حەجۆ بە ئەڵمانی هەبوو، ئەوە زۆر یارمەتیدەرم بوو.
رووداو: مەبەستم ئەوەیە، زۆر کورد هەن زمانی خۆیان نازانن و دەڵێن زەحمەتە، ئێستا دوای ئەم تەمەنە ناتوانین زمانی خۆمان فێرببین. تۆ بەوانە چی دەڵێیت؟
مایکل لیزنبێرگ: رەنگە هۆکاری دیکەش هەبن، بەتایبەتی کوردانی باکوور، بۆ ئەوان ئاخافتن بە کوردی شتێکی شەرمە. ئەوان لە قسەکردن بە کوردی هەندێک دەترسن، واتە لە ناو کۆمەڵگەی تورکیادا، وەکو زمانێکی گوندنشین، زمانێکی بێ شارستانییەت، زمانێکی بێ ستاندارد دەبینرێت. حکومەتی تورکیا تاوەکو ئێستا ئاوا قسە دەکات. ئەوانیش ناتوانن و دەترسن لە بە کوردی قسە بکەن. چەند هۆکارێکی دیکەش بۆ ئەمە هەن. دەڵێن "بۆچی دەبێت کوردی بزانین؟" چونکە "ناتوانین بە کوردی بخوێنین، لە تەلەڤزیۆنەکاندا هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەمە." لە باکوور کەمێک باشتر بووە، ئێستا لە چەند زانکۆیەکی تورکیادا بەشی کوردی هەن و وەک دەزانین TRT Kurdi هەیە. بەڵام منداڵانی کورد دەپرسن: "بۆچی دەبێت ئەم زمانە فێرببین ئەگەر بۆ ئابووری یان بۆ کارەکەمان پێویست نەبێت؟" بەداخەوە ئاوایە، بەڵام هیواخوازم هەر کەسێک بتوانێت زمانی دایکیی خۆی فێرببێت، چونکە زمانێکی خۆش و شیرینە.
رووداو: مایکل، نازانم دیسان مەگەزینییە یان نا، هەندێک کەس دەڵێن تۆ خۆت وەکو کوردێک دەبینیت و تەنانەت دەخوازیت بە کوردی ناوت بهێنرێت. تۆ چ ناوێکت بۆ خۆت هەڵبژاردووە؟
مایکل لیزنبێرگ: بەڵێ، شتێکی دڵخۆشکەرە کاتێک بە زمانی کوردی دەست بە ئاخافتن دەکەیت، چەندین کەس ناتوانن بڕوا بکەن لە بنەڕەتدا تۆ کورد نیت. دەتوانم بڵێم، من لە بنەڕەتدا هۆڵەندیم، بەڵام بە قاچاخی کوردم.
رووداو: کام ناوە هەڵدەبژێریت؟ جارێک بیستبووم دەڵێیت کورد پێم نەڵێن مایکڵ.
مایکل لیزنبێرگ: میکایل، وەکو ئێوە چۆن دەخوازن. بە هۆڵەندی میخیلە، بە ئینگلیزی مایکڵە، بە رووسی میخایلە و بۆ کوردیش دەکرێت ببێتە 'میهۆ' یان 'میکۆ' یان 'مەمۆ'یش، هەموویان باشن.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.


