رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق، لە لۆکسەمبۆرگ لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشکی خستەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەورووپا و دۆخی نێوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان. سەبارەت بە کاریگەریی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر کێشەی مووچە لەگەڵ بەغدا، فوئاد حوسێن گوتی: "سەرمان لە خۆمان و لە خەڵکی دیکەش شێواندووە. ئەمە دروست نییە."
فوئاد حوسێن لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا زیاتر قسەی کرد، گوتی نەوت "کێشەیەکی گەورە بوو، ئەوە پەیوەست بوو بە مووچەوە. لەم ماوەیەی دواییدا توانیمان لە دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت، کە سێ لایەنە بوو لەگەڵ حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا، بگەینە ئەنجام و سوپاس بۆ خودا ئێستا نەوت رەوانە کرایەوە".
لەبارەی مووچەش گوتی، "مانگی 8 دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت، ئینجا دوای ئەوە مانگی 9 دێت، چونکە کێشە نەماوە. پرسی سەرەکیی نەوت و داهاتی ناوخۆ بوو. لەسەر داهاتی ناوخۆ تێگەیشتنێک هەیە لەنێوان هەردوو لادا کە بڕە پارەیەک مانگانە بنێردرێت و پرسی نەوتیش چارەسەر کرا".
دەقی هەڤپەیڤینی ئاڵا شاڵی لەگەڵ فوئاد حوسێن:
رووداو: سڵاوتان لێ بێت، بەڕێزان. من ئاڵا شاڵیم، ئەمجارە لە لۆکسەمبۆرگەوە لەگەڵتانم. دکتۆر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، چەند رۆژێکە لە لۆکسەمبۆرگ و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەورووپا کۆبووەوە. سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی و سەبارەت بە دۆخی ئێستای عێراق و هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەمەوێت چەند پرسیارێکی ئاراستە بکەم. دکتۆر، زۆر سوپاس کە لەگەڵماندای.
فوئاد حوسێن: سوپاس بۆ ئێوە.
رووداو: دکتۆر، بەڕێزتان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەورووپا کۆبوونەوە، چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاوکاریی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و عێراق بوو. ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە چی بوو؟
فوئاد حوسێن: ئێمە ساڵی جارێک کۆدەبینەوە و ئەمە بە کردار چوارەمین کۆبوونەوەیە، هەم لەگەڵ بەرپرسانی باڵای یەکێتیی ئەورووپا و، هەم وەزیرانی دەرەوەی ئەورووپا کە ئامادەبوون. کۆبوونەوەکە لەسەر بنەمای ئەو پەیمانەیە کە لەنێوان یەکێتیی ئەورووپا و عێراقدا هەیە. ئەو پەیمانەی ساڵی 2012 واژۆ کراوە و لە 2018 جێبەجێ کراوە. لە دوای 2018ـەوە، ساڵانە کۆدەبینەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پەیوەندییانەی هەن و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی ئەو پەیمانەی لەنێوان هەردوو لادایە. لەسەر پرسی وزە، دیموکراسی و مافی مرۆڤ، تەندروستی، و پرسە ئابووری و بازرگانییەکانە. ئەم بابەتانە هەموویان دێنە بەرباس و چەندین لێکتێگەیشتن لەنێوان یەکێتیی ئەورووپا و عێراقدا هەیە. بۆ ئەوەی بزانین چی جێبەجێ کراوە و چی لە داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت، ئەم گفتوگۆیانە دەکرێن.
رووداو: باشە، وزە پرسێکی هەرە گرنگە لە ئەورووپا و بەڕاستی لە دوای شەڕی ئۆکراینا و رووسیا، ئەورووپای یەکجار سەرقاڵ کردووە، لەبەر ئەوەی وزە زۆر زۆر گرانە ئێستا لە ئەورووپا. چ رێککەوتنێک لەنێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا کراوە؟
فوئاد حوسێن: ئێمە کە باسی وزە دەکەین، وزە بە هەموو بەشەکانییەوە، واتە باسی نەوت دەکەین، باسی غاز دەکەین، بەڵام باسی کارەباش دەکەین و دۆخی کارەبا لە عێراق. هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی ئەوەی چۆن بتوانین هاوکار بین هەردوو لا. سەبارەت بە نەوت، عێراق دەوڵەتێکی نەوتییە و ئێستا لەم ماوەیەدا 4.3 ملیۆن بەرمیل رۆژانە دەردەهێنێت. لەو چوار ملیۆن و کەمێک زیاترە، 3.3 ملیۆن بەرمیل رەوانەی دەرەوە دەکات. بازاڕی نەوتی عێراق لە بنەڕەتدا چین و هیندستانە. زۆربەی هەرە زۆری نزیکەی دوو ملیۆن و نیو لەو بڕە دەچێت بۆ بازاڕی چین و هیندستان. بۆ بازاڕی ئەورووپا نزیکەی 10% تاوەکو 15%ـی نەوتی عێراق دێت. ئێمە لەگەڵ ئەورووپییەکان ئەو باسەمان کرد و بەشێک لە دەوڵەتە ئەورووپییەکان نیازیان هەیە کە پەیوەندییمان پێوە بکەن تاوەکو بتوانن لە داهاتوودا نەوتی عێراق بکڕن.
لەبارەی غاز، ئێمە ناتوانین ببینە جێگرەوەی غازی رووسیا یان دەوڵەتانی دیکە بۆ ئەورووپا، چونکە هێشتا خۆمان غازمان نییە. لە عێراق ئەم ساڵ و نیوەی رابردوو، گرێبەستێکمان کرد لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی کە بتوانن ئەو غازەی دەسووتێنرێت بیگرنەوە و بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا وەبەرهێنانی تێدا بکەن. دوای ئەوە، چەندین کێڵگەی گەورەی غاز هەن کە لەگەڵ چەندین کۆمپانیا گرێبەستمان واژۆ کردووە. لە داهاتوودا عێراق غازیش دەردەهێنێت، کە باسی داهاتوو دەکەم، مەبەستم سێ، چوار، یان پێنج ساڵی داهاتووە. عێراق دەبێتە دەوڵەتێکی غازی. لە سەرەتادا ئەو غازە بۆ ناوخۆ بەکاردەهێنێت، بەڵام لە داهاتوودا عێراق جگە لە نەوت، دەتوانێت غازیش هەناردە بکات.
رووداو: دکتۆر، ئێستا دەچمە سەر چەند پرسێکی پەیوەندیدار بە سەردانەکانی رابردووی بەڕێزتانەوە بۆ تورکیا. بەڕێزتان سەردانی تورکیاتان کرد، لەوێ داواتان کرد تورکیا ئاوی زیاتر بەربداتەوە بۆ عێراق. ئایا تورکیا بەڵێنی دا ئاوی زیاتر بەربداتەوە؟
فوئاد حوسێن: سەرپەرشتیی شاندێکی گەورەم کرد بۆ تورکیا و بنچینەی بابەتەکە بەڕاستی، ئاو بوو، چونکە ئەوانەی لەگەڵمدا بوون، زۆربەیان پسپۆڕی ئاو بوون. وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانیش لەگەڵمدا بوو. لەگەڵ بەرپرسە تورکەکان دانیشتنمان هەبوو. وەکو گوتم، بنچینەی بابەتەکە ئاو بوو. ئێمە لە تورکیا بە دوو شێوە گفتوگۆمان کرد. یەکەم، پێویستە ئاوی زیاتر بەربدەنەوە لە ماوەی 50 رۆژی داهاتوودا، چونکە ئەم ساڵ وشکەساڵییە و تاوەکو ئێستاش باران نەباریوە. بێگومان ئەم وشکەساڵییە تەنیا لە عێراق نییە، لە تورکیا و ئێرانیش هەیە، بەڵکو لە هەموو ناوچەکەدا هەیە، بەڵام چونکە تورکیا بەنداوی هەیە و ئاوی کۆکراوەی هەیە، دەتوانێت یارمەتیمان بدات. گەیشتینە ئەو لێکتێگەیشتنە کە بەشێک لە ئاو بەرەو فورات و بەشێکی دیکە بەرەو دیجلە بۆ ماوەی 50 رۆژ بەربدەنەوە، چونکە پێشبینی دەکرێت لە دوای 50 رۆژ زستان دەست پێبکات و باران و بەفر ببارێت و دۆخەکە بگۆڕێت، بەڵام گەیشتینە لێکتێگەیشتنێکی دیکەی درێژخایەن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئاو و بەڕێوەبردنی بکرێت.
لەگەڵ حکومەتی تورکیا و کۆمپانیا تورکییەکان گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێک کە ئەوان لە عێراق بەڕێوەبردنی ئاو بکەن. یاداشتێکی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەین. کە بگەڕێمەوە، چاوەڕێ دەکەم هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، بێتە عێراق و بتوانین هەردوولا ئەو یاداشتە واژۆ بکەین. چی لەو یاداشتەدایە؟ یەکەم، بەڕێوەبردنی ئاو، کە چۆن بکرێت و کۆمپانیا تورکییەکان بەم بابەتە هەڵبستن، چونکە ئەزموونیان هەیە. دووەم، دروستکردنی بەنداوی زیاتر لەنێو عێراقدا بۆ کۆکردنەوەی ئاو. سێیەم، دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو، واتە پاککردنەوەی ئاوی پیس بۆ ئەوەی بۆ کشتوکاڵ و بواری دیکە بەکاربهێنرێت. چوارەم، چۆنیەتیی کۆکردنەوەی ئاوی باران. پێنجەم، چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئاوی ژێرزەوی. شەشەم، پرسی ئاوی دەریا، بەتایبەتی لە شەتولعەرەب و لە بەسرە، کە چۆن ئەو ئاوە شیرین بکرێتەوە. ئەمە هەمووی باسکراوە و کە واژۆی دەکەین، بە مانای ئەوە دێت کە کۆمپانیا تورکییەکان لە داهاتوودا بەو کارە هەڵدەستن. ئەمە پرسێکی ستراتیژییە، بەڵام پرسی کورتخایەن، وەکو گوتم، ئەوەیە کە لە 50 رۆژی داهاتوودا ئاوی زیاتر بەرەو عێراق بەردەدەنەوە.
رووداو: باشە، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی پرۆسەی ئاشتیتان کرد. تورکیا هیچ داوایەکی لە ئێوە کرد؟
فوئاد حوسێن: ئێمە هەر لە سەرەتاوە کە پرۆسەی ئاشتی و دانوستاندن لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستی پێکرد، بەرپرسانی تورکیا باسیان بۆ دەکردین و زۆر پشتگیریمان لەو پرۆسەیە کرد. راستييەکەی بڵێم، پرۆسەیەکی گرنگە هەم بۆ ناوخۆی تورکیا، هەم بۆ ئێمەش، چونکە وەکو ئاشکرایە پەکەکە لە چیاکانی قەندیل و لە شنگال و لە شوێنی دیکەن. بۆیە گرنگە بۆ ئێمە کە پەکەکە و حکومەتی تورکیا بگەنە رێککەوتنێک و چەک دابنێن. پشتگیریمان لە پرۆسەی چەکدانان کردووە، بۆ ئەوەی بابەتەکە ببێتە بابەتێکی سیاسی. تاوەکو ئێستا بەردەوامن و گفتوگۆ لەنێوانیاندا بەردەوامە، بەڵام هەر دەستپێکردنی پرۆسەکە بابەتێکی گرنگە.
رووداو: باشە، عێراق دەتوانێت لە پرۆسەی ئاشتیدا چی بکات و چۆن هاوکار بێت؟
فوئاد حوسێن: کە باسی قەندیل دەکەین، باسی کوردستان دەکەین کە لە عێراقە. کە باسی شنگال دەکەین، ئەویش لە عێراقە. کەواتە بابەتەکە بۆ عێراق گرنگە. گرنگە شەڕکەرانی پەکەکە لە قەندیل چەک دابنێن و ئەم کێشەیە لە عێراقیش نەمێنێت و پرۆسەکە بگەڕێتەوە تورکیا و ببێتە پرۆسەیەکی سیاسی. ئەوان لە عێراق کێشەی جۆراوجۆر بۆ ئێمە دروست دەکەن. یەکێک لەو کێشانە ئەوەیە تورکەکان هەمیشە دەڵێن، ئێمە لەوێین یان هێرشی سەربازی دەکەین چونکە پەکەکە لەوێیە. کە پەکەکە نەمێنێت، عێراق دەتوانێت باسی ئەم بابەتە لەگەڵ تورکەکان بە شێوەیەکی دیکە بکات.
رووداو: بەڵام عێراق چۆن دەتوانێت هاوکار بێت؟
فوئاد حوسێن: گوتمان ئێمە ئامادەین. ئەوەی پەیوەندیی بە قەندیلەوە هەیە، ئەگەر پێویست بکات، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا، چونکە لەنێو خاکی عێراقدایە، ئێمە بتوانین یارمەتی بدەین و پێمان گوتوون کە ئامادەین یارمەتییان بدەین.
رووداو: ئایا هیچ دانوستاندنێک هەیە سەبارەت بە کەمپی مەخموور لەگەڵ تورکیا؟
فوئاد حوسێن: نا، کەمپی مەخمووریش بەشێکە لەو پرۆسەیە. وەک دەزانن، ئەوانەی لە کەمپی مەخموورن پەناهەندەن و لە بنەڕەتدا کوردی تورکیان. دەبێت بزانین پەرلەمانی تورکیا چ هەنگاوێک دەنێت، چونکە پێویستە هەنگاوی سیاسیش هەبێت. من وادەزانم لە تورکیا هەنگاوی سیاسی ئامادە دەکەن. کە ئەو سیاسەتە جێبەجێ کرا، ئەوکات بڕیار دەدرێت چارەنووسی ئەوانەی لە کەمپی مەخموورن چی دەبێت، ئایا دەگەڕێنەوە تورکیا یان دەچنە شوێنێکی دیکە.
رووداو: دکتۆر، پرسێکی دیکە کە لە ئەورووپا زۆر گەرمە، پرسی کۆچبەران و پەناخوازانە. وڵاتانی ئەورووپا داوای گەڕاندنەوەی پەناخوازانی عێراقی دەکەن، بەتایبەت ئەوانەی داواکانیان رەتکراوەتەوە یان بە رێگەی نایاسایی هاتوون. هیچ رێککەوتنێک هەیە لەنێوان عێراق و وڵاتانی ئەوروپا؟
فوئاد حوسێن: نەک تەنیا وڵاتانی ئەورووپا، بەڵکو یەکێتیی ئەورووپا داوا دەکات. باشتر بڵێم یەکێتیی ئەورووپا، داوایان هەیە. کێشەکە ئەوانە نین کە ئیقامەیان هەیە، کێشەکە ئەوانەن کە هاتوون و 5 ساڵ، 7 ساڵ، یان 10 ساڵە لەم وڵاتانە دانیشتوون و پرۆسەی دادوەرییان تەواو بووە و هیچ رێگەیەکی دیکەیان نییە بۆ وەرگرتنی ئیقامە. یەکەم جار ئەڵمانەکان دەستیان پێکرد. لەبیرمە لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی کە دەهاتین و لەگەڵیان دادەنیشتین، باسی 25 هەزار کەسیان دەکرد. سیاسەتی حیزبەکان لە ئەورووپا گۆڕاوە و لە ئەنجامدا سیاسەتی حکومەتەکانیش گۆڕاوە. ئەو سیاسەتە کراوەیەی پەناهەندەیی نەماوە و توند بوونەتەوە. دەڵێن ئەوانەی ئیقامەیان نییە، نابێت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بمێنن. ئەگەر ئێمە بڵێین نامانەوێن، چۆن دەبێت وڵاتێک بڵێت من هاووڵاتیی خۆم قبووڵ ناکەم؟ ئێمە گوتوومانە ئامادەین، بەڵام بە مەرجێک ئەو کەسە خۆی ئامادە بێت بگەڕێتەوە و بە زۆر نەبێت، هەروەها هەموو پرۆسەیەکی یاسایی تەواو کردبێت و نەگەیشتبێتە ئەنجام. جگە لەوە، بەشێک لەو پەناهەندانە تاوانیان لەو وڵاتانە کردووە. وڵاتەکان دەڵێن ئێمە تەحەمولیان ناکەین و کە سزاکەیان تەواو بوو، رەوانەیان دەکەینەوە. ئێمە گوتوومانە باش نییە بە زۆر رەوانەیان بکەنەوە، ئامادەکارییان بۆ بکەن و ئێمەش ئامادەین وەریانبگرینەوە.
رووداو: پێشتر ئاگادار دەکرێنەوە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپاوە؟
فوئاد حوسێن: بێگومان ئەمە هەر ئیشی وەزارەتی دەرەوە نییە، راستییەکەی بڵێم، ئیشی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتەکانی ترە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە ئەو خەڵکە دێنەوە. پێویستییان بە بەڵگەنامە هەیە بۆ ئەوەی بزانین کێن و خەڵکی عێراقن یان نا.
رووداو: دکتۆر، پرسێکی دیکەش لە ئەورووپا زۆر گەرمە، پرسی گرتنی قاچاخچییەکانە. ئایا هیچ هاوکاری و هەماهەنگییەک هەیە لەنێوان وڵاتانی ئەوروپی و عێراق بۆ دەستگیرکردنی ئەو قاچاخچیانەی کە کۆچبەران بە رێگەی نایاسایی دەهێنن بۆ ئەوروپا؟
فوئاد حوسێن: من نازانم، خۆ ئەگەر قاچاخچی بن، مانای وایە زۆربەیان لە ئەوروپان. بەپێی یاساکانی ئەوروپا و زانیارییەکانی خۆیان دەستگیریان دەکەن. بەڵام ئەگەر پەیوەندییەک هەبێت لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ یان لایەنە ئەمنییەکان، ئەوە جیاوازە. بەڵام ئەساسەن ئەم قاچاخچیانە لە ئەوروپان و ئەگەر بیانگرن، لە ئەوروپا دەیانگرن، نەک لە عێراق.
رووداو: بەڵام هیچ هەماهەنگییەک هەیە ئەگەر قاچاخچییەکە لە عێراقیشەوە کار بکات؟
فوئاد حوسێن: ئەوەی پەیوەندیی بە عێراقەوە هەبێت، بەرپرسیارێتیی عێراقە. ئەوەی پەیوەندیی بە خاکی ئەوروپاوە هەبێت، بەرپرسیارێتیی ئەوروپییەکانە.
رووداو: باشە دکتۆر، هێشتا هەندێک خەڵک دەڵێن هەڵبژاردنەکان لە عێراق ناکرێت بەهۆی ئەگەری هێرشکردنی ئەمریکا یان ئیسرائیل بۆ سەر هەندێک گرووپی چەکداریی عێراقی. ئایا هیچ مەترسییەک هەیە کە هەڵبژاردن نەکرێت؟
فوئاد حوسێن: نا، هیچ شتێکی ناوخۆیی نییە کە بگاتە ئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت. بەپێچەوانەوە، بانگەشەی هەڵبژاردن زۆر گەرم بووە. بەڵام ئەگەر شەڕێک رووبدات، مەبەستم شەڕێکی گەورە و درێژخایەنە لە ناوچەکە، نازانم کاریگەریی چی دەبێت لەسەر هەڵبژاردن، بەڵام هیچ شتێکی ناوخۆیی نییە کە بڵێین هەڵبژاردن بەهۆیەوە دوادەکەوێت. تائێستا، پرۆسەی هەڵبژاردن هەر بەردەوامە.
رووداو: هیچ مەترسییەک نییە کە ئەمریکا یان ئیسرائیل هێرش بکەنە سەر عێراق؟
فوئاد حوسێن: نازانم، ئەگەر هێرش بکەن، بە من ناڵێن. بە کەس ناڵێن.
رووداو: باشە، ئێستا دەمەوێت بزانم عێراق هیچ رۆڵێکی نێوەندگیریی هەیە لەنێوان ئەمریکا و ئێران؟
فوئاد حوسێن: نا، جاران هەبوو، ئێستا زەحمەتە. سیاسەتی ئەمریکا گۆڕا. کاتێک سەرۆک بایدن و تیمەکەی هاتن، حەزیان دەکرد دانوستاندن بەردەوام بێت. ماوەیەک ئێمە لە نێواندا بووین، دواتر عومان لە نێواندا بوو. ئاگادار بووین و هەماهەنگیی تەواومان هەبوو. هەم لە ئەمریکییەکان و هەم لە ئێرانییەکانمان دەبیست کە پرۆسەی دانوستاندن چۆنە. بەڵام ئێستا وەک دیارە، دانوستاندن لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا نییە.
رووداو: مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی عێراقە، واتە تەمەنی ئەم حکومەتە کۆتایی دێت. ئایا بەڕێزتان پێتان وایە ئەم حکومەتە توانی پرۆگرامی خۆی جێبەجێ بکات؟
فوئاد حوسێن: نا، دەزانی چییە، زەحمەتە بڵێین پڕۆگرامی خۆی. کاتێک ئەم حکومەتە دامەزرا، ئێمە دانوستاندنمان کرد و من ئەو شەرەفەم هەبوو کە یەکێک لە دانوستانکاران بم. رێککەوتنێکی سیاسی کرا لە نێوان هەموو هێزە سیاسییەکان کە ئەم حکومەتەی دروست کرد. لەو رێککەوتنە سیاسییەوە پڕۆگرامی حکومەت دەرچوو. بەشێک لەو پڕۆگرامە هەوڵ درا جێبەجێ بکرێت و بەشێکی مایەوە. بەڵام ئەو یاسا سەرەکییانەی کە واژۆمان لەسەر کردبوون و ویستمان دەربچن، بەداخەوە ئەوانە نەکران. یاسای نەوت و غاز یەکێک لەوانە بوو، یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی یەکێکی تر بوو، ئەوانەی پەیوەندییان بە کوردستانەوە هەیە. بێگومان یاسای تریش هەیە. جێگەی داخە ئەو یاسایانەی کە رێککەوتنمان لەسەر کرد، نەمانتوانی دەریانبکەین. ئایا تاوانی حکومەتە یان پەرلەمان، ئەوە شتێکی دیکەیە.
رووداو: باشە، وەک وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا توانیتان چی بکەن؟
فوئاد حوسێن: یەکەم، عێراق نەکەوتە ناو شەڕەوە. ئەوە ئاسان نەبوو، ناوچەکە هەمووی لەژێر ئاگردا بوو. ئاگر نەگەیشتە عێراق تاوەکو ئەمڕۆ. دووەم، ئێمە رۆڵێکی گەورەمان بینی لە ئاشتکردنەوەی زۆرێک لە وڵاتان. سعودیە و ئێران لە عێراق ئاشت بوونەوە. راستە چوون لە پەکین رایانگەیاند، بەڵام هەموو کارەکە لە بەغدا بوو. سێیەم، عێراق خۆی پەیوەندی یەکجار باشی هەیە لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ و لەگەڵ جیهانی دەرەوە. بەڵام گەورەترین شت کە من دەیبینم ئەوەیە کە نەمانهێشت عێراق بکەوێتە ناو کێشەکانی سووریاوە لە کاتی هەستیاردا و توانیمان عێراق دووربخەینەوە لە ئاگری شەڕ. لەم ماوەیەدا زۆربەی هەرە زۆری کۆمپانیا گەورەکانی جیهان هاتن بۆ عێراق. ئێکسۆن مۆبیل کە وازی هێنابوو، گەڕایەوە. شێڤرۆن کە وازی هێنابوو، گەڕایەوە. تۆتاڵ گرێبەستی لەگەڵ کرا. ئەمە هەمووی پەیوەندی بە کاری دەرەوەوە هەیە.
رووداو: بەڕێزتان رۆڵێکی گرنگتان هەبوو لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بەتایبەتی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. ئایا ئەوە هیچ کاریگەریی هەبوو لەسەر کارەکەتان وەک وەزیری دەرەوە؟
فوئاد حوسێن: بەشێکی زۆری کارەکەم سیاسەتی ناوخۆیە. راستە وەزیری دەرەوەم، بەڵام من ئەندامی ئەنجومەنی ئابووریشم. ئەنجومەنی ئابووری مانای ئەوەیە وەزیرەکانی دارایی، پلاندانان، کشتوکاڵ، پیشەسازی، بازرگانی، وەبەرهێنان و بانکی ناوەندی، هەمووی لەو ئەنجوومەنەدان. دۆخی ئابووری و دارایی هەمیشە بەشێکە لە کارەکەم. بەڵام پرسی کوردستانیش، بە شەرەفەوە، کەوتووەتە سەر شانی من و دۆستەکانم لە بەغدا. کێشەی نەناردنی نەوت کێشەیەکی گەورە بوو، ئەوە پەیوەست بوو بە مووچەوە. لەم ماوەیەی دواییدا توانیمان لە دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت، کە سێ لایەنە بوو لەگەڵ حکومەتی هەرێم و حکومەتی بەغدا، بگەینە ئەنجام و سوپاس بۆ خودا ئێستا نەوت رەوانە کراویەوە.
رووداو: کەی مووچەی مانگی 8 و 9 دەنێردرێت؟
فوئاد حوسێن: مانگی 8 دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت، ئینجا دوای ئەوە مانگی 9 دێت. چونکە کێشە نەماوە. پرسی سەرەکیی نەوت و داهاتی ناوخۆ بوو. لەسەر داهاتی ناوخۆ تێگەیشتنێک هەیە لەنێوان هەردوو لادا کە بڕە پارەیەک مانگانە بنێردرێت و پرسی نەوتیش چارەسەر کرا. بێگومان، بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو پێویستە خوێندنەوەی دیکە بکەین. من پێم وایە دروست نییە پرسی مووچە و ناوی فەرمانبەران لە بەغدا بێت. پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ئەو بنەمایەی کە بڕێکی دیاریکراو لە بودجەی عێراق بچێت بۆ کوردستان و حکومەتی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان بەرپرس بن لە دابەشکردنی. کێشەکە لە چەند شوێنێکەوە روویدا: یەک، نەوت نەچوو. دوو، ناکۆکیی ناوخۆی کوردستان هەبوو. سێ، ناکۆکییەکەیان هێنایە بەغدا. چوار، کردیانە یاسایی. پێنج، چوو بۆ دادگای فیدراڵی و بڕیاری لێدا. پێویستە بگەڕێینەوە و هیوادارم لە کوردستانیش حکومەت دروست بێت، چونکە ئەگەر دروست نەبێت، خراپە، هەم بۆ کوردستان، هەم بۆ پێگەی هەرێم لە بەغدا و هەم لە دنیای دەرەوە.
رووداو: کەواتە پرسیارەکەم دووبارە دەکەمەوە، کێشەی ئێستای نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسییە، ئیدارییە، یان تەکنیکییە؟
فوئاد حوسێن: سیاسەت کاریگەریی هەیە. ئێستا باسم کرد کە کێشەی ناوخۆمان سیاسی بوو و بووە کێشەیەکی یاسایی. بەشێک لەم کێشانە لە بەغدا بوو، بەڵام لە بنەڕەتدا کێشەکە لە هەرێمەوە هات بۆ ناو بەغدا و بووە کێشەیەکی سیاسی، دوایی یاسایی، ئینجا تەکنیکی. پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ریشەی کێشەکە و چارەسەری بکەین. چارەسەرەکەش ئەوەیە لە کوردستان یەک دیدگامان هەبێت دەربارەی نەوت، مووچە و ئەو یاسایانەی لە بەغدا دێنە پێشەوە، وەک یاسای نەوت و یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی.
رووداو: لە هەرێمی کوردستان، نەبوونی مووچە بووەتە کێشەیەکی هەرە گەورە و گوشارێکی زۆری دەروونی دروستکردووە.
فوئاد حوسێن: راستییەکەی بڵێم، زەحمەتە نانی خەڵک ببڕدرێت، بەڵام کە لە بەغدا ئەم گفتوگۆیە دەکەین، ئەوان پرسی تر دێننە پێشەوە، وەک بڕیاری دادگای فیدراڵی. بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەشێک لە کێشەکە و بەشێکیش لە چارەسەرەکە بوو، بەڵام خۆمان چووین بۆ دادگای فیدراڵی.
رووداو: ئەوە بوو ویستم پرسیار بکەم، ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چییە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەمە دووبارە نەبێتەوە؟
فوئاد حوسێن: پێویستە بگەینە یەک هەڵوێست. من ناڵێم پێویستە لە هەموو شتێکدا پێکەوە بین، بەڵام یەک هەڵوێستمان هەبێت دەربارەی ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە هاووڵاتیی کوردستانەوە هەیە. پرسی مووچە پەیوەندیی بە هەموو کەسێکەوە هەیە، ناکرێت یەک هەڵوێستمان نەبێت. ئەگەر ئەوە هەبێت، لە بەغدا زۆر زەحمەت نییە. بەڵام ئەگەر کورد دابەش بێت، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کێشانە لە بەغدا جیاواز دەبێت.
رووداو: دکتۆر، زۆربەی بەرپرسانی وڵاتانی ئەورووپاش هەمان قسە دەکەن و دەڵێن پێویستە یەکگرتووتر بن.
فوئاد حوسێن: بێگومان هەموو جیهان ئاگادارە. جاران کە من لە کوردستان بووم، بە ناوی حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێمەوە دەهاتین، بەڵام یەک دەنگ بووین. بەڵام ئێستا کە خەڵک دێت و لۆبی دەکات، ئەوە دژی ئەوە و ئەو دژی ئەوە. سەرمان لە خۆمان و لە خەڵکی دیکەش شێواندووە. ئەمە دروست نییە. پێویستە حکومەت زوو دروست ببێت. ئەمە هەڵەیە کە حکومەت دروست نەبووە. ناکرێت لە دوای 11 مانگ، کە خەریکە دەبێتە ساڵێک، هێشتا پەرلەمان دانەنیشتووە.
رووداو: بەڕێزتان دڵنیام کە ئەمەتان بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گوتووە.
فوئاد حوسێن: رای من روونە. من لە کۆبوونەوەی ناوخۆیی بێت، دەرەوە بێت، لە میدیا بێت، هەمیشە لەگەڵ ئەوەم یەک هەڵوێستمان هەبێت، چونکە دەزانم ئەگەر یەک هەڵوێست نەبێت، زۆر لاواز دەبین.
رووداو: من لێرەوە بەو هیوایەم بە زووترین کات یەکگرتن دروست ببێت.
فوئاد حوسێن: هیوا بەس نییە، پێویستە کاری بۆ بکەین. ئیشی ئێمەیە کە بە کردەیی ئیش بکەین.
رووداو: بەڵێ دکتۆر، زۆر زۆر سوپاس کە لەگەڵماندا بوویت.
فوئاد حوسێن: منیش سوپاستان دەکەم.


.jpg&w=3840&q=75)