=
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دیمەشق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو، دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پڕۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریای ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "ئیرادەیەکی جیدی" لە هەردوولاوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان هەیە.
عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە دیمەشق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا کە سۆلین حەمەدەمین، پەیامنێری رووداو لە دیمەشق لەگەڵی ئەنجام داوە، رایگەیاند، "زۆربەی هێزە سەربازییەکان و ئاسایش تێکەڵی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا کراون."
سەبارەت بە یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، عەبدولکەریم عومەر گوتی، بەهۆی ئەوەی سوپای سووریا ژنی تێدا نییە، پێشنیاز کراوە یەپەژە وەک تیمێکی تایبەتی دژەتێرۆر بچێتە سەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ و چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی سەرۆککۆمار دەکەن.
یەکێک لە خاڵە جێناکۆکەکان پرسی زمانە. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوای خوێندن بە زمانی کوردی دەکات، لە کاتێکدا دیمەشق تەنیا دوو کاژێری لە هەفتەیەکدا پێشنیاز کردووە. ئێستا پێشنیازێکی نوێ دراوەتە دیمەشق بۆ وەرگێڕانی پرۆگرامی نیشتمانیی سووریا بۆسەر زمانی کوردی.
عومەر عەبدولکەریم رایگەیاند، لەگەڵ کۆتاییهاتنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی دامەزراوەکان، هەڵوەشاندنەوەی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رادەگەیێندرێ.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: دەمەوێ بزانم دۆخی ئەم رێککەوتن یان تێکەڵبوونە ئێستا لە چ ئاستێکدایە؟ چ دامەزراوە و دەستەیەک تاوەکو ئێستا نەچووەتە ژێر چەتری دامەزراوەکانی حکومەتی سووریا؟ خاڵە ناکۆکەکانی نێوانتان چین؟
عەبدولکەریم عومەر: بەخێر بێیت سۆلین خان. بێگومان خاڵەکانی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم بەردەوامن، واتە هەندێک ئاست هەن ئێستا کارمان لەسەر کردوون و دەمانەوێ بەرەو پێش بچن. دەزانیت دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە دەیانن، با نەڵێم بە سەتان، تەمەنی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان زیاتر لە 10 ساڵە. هەندێک لەو دامەزراوانە زوو تێکەڵ دەکرێن، هەندێکی دیکەیان کاتیان پێویستە. هەندێک کێشەش هەن ئێستا دیالۆگ لەبارەیانەوە دەکرێ و هێشتا بڕیاریان لێ نەدراوە، بەڵام هەنگاوی باش نراون. واتە شەمەندەفەرەکە کەوتووەتە سەر رێڕەوی خۆی و ئیرادەیەکی جیدی لای ئێمە و حکومەتی دیمەشقیش هەیە کە بتوانین ئەم رێککەوتنە جێبەجێ بکەین.
رووداو: ئەو دەستانەی تاوەکو ئێستا تێکەڵ نەبوون کامانەن؟
عەبدولکەریم عومەر: شتێک نییە بڵێین دەستمان پێنەکردبێت، بەڵام هەندێک ئاست تا ئێستا ماون. بۆ نموونە، هێزە سەربازییەکانمان و ئاسایش بە تەواوی چوونەتە سەر وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆ. ئەو بابەتەی کە ماوە تێکەڵ بێت، یەکێکیان یەکینەکانی پاراستنی ژنە (یەپەژە)یە. دەزانیت یەکینەکانی پاراستنی ژن جەخت دەکەنەوە کە بچنە سەر وەزارەتی بەرگری، بەهۆی ئەو کار و خەباتەی کردوویانە، بەڵام وەزارەتی بەرگری و حکومەتی دیمەشق دەڵێن لە سوپای سووریادا ژن نییە. بۆیە وەک پێشنیازێکی نوێ لە لایەن یەکینەکانی پاراستنی ژنەوە کراوە کە ئامادەن بچینە سەر وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام وەک گرووپێک، وەک تیمێکی دژەتێرۆر لە نێو وەزارەتی ناوخۆدا. ئەوەش ئێستا لەسەر مێزی سەرۆککۆماری دیمەشقە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوین. هەروەها بۆ نموونە، وەزارەتی پەروەردە، لە وەزارەتی پەروەردەدا زۆر هەنگاو نراون، وەک ئەوەی بەڕێوەبەر لە حەسەکە دیاری کراوە، بەڵام کێشەی خوێندنی کوردی ماوە، چونکە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا خوێندنی کوردی بە زمانی کوردی بوو، بەپێی مەرسوومی 13ی بەڕێز سەرۆک، مافی زمان و کولتووری کوردی هەیە. بەپێی ئەوەش، دەبێت قوتابیان مافیان هەبێت بە زمانی خۆیان بخوێنن. وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی دیمەشق پێشنیازی ئەوە دەکات کە هەر هەفتەیەک دوو کاژێر بە زمانی کوردی بخوێنن.
رووداو: ئێوە چیتان دەوێ؟
عەبدولکەریم عومەر: ئێمە دەمانەوێ خوێندن بە زمانی کوردی بێت. هەفتەی رابردوو من و بەڕێز ئیلهام ئەحمەد و بەڕێز تورکۆ، وەزیری پەروەردەی سووریا پێشنیازێکمان دایە سەرۆککۆماری دیمەشق کە پرۆگرامی نیشتمانیی سووریا وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی. کوردێک کە بیەوێ بە کوردی بخوێنێت بیخوێنێت و ئەوەشی بیەوێ بە عەرەبی بخوێنێت هەر بیخوێنێت. ئەم پێشنیازەش ئێستا لەسەر مێزی بەڕێز سەرۆکە هەتا وەڵام بداتەوە. دامەزراوەکانی دیکەشمان هەنگاوی باشیان ناوە، بۆ نموونە، دەستەی ژنان و دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی تێکەڵ بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی سووریا کراون. نووسینگەی جێبەجێکاری ئەم پارێزگایە دیاری کرا، هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی هەرێم دیاری کرا. بۆ یەکەمجار لە مێژووی سووریادا، وەک بەڕێوەبەری هەرێمێکی وەک قامشلۆ، ژنێک دیاری کراوە و ئەو ژنەش کوردە.
رووداو: ئەو پێشنیازە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە بوو یان حکومەتی سووریا ئەو لیستەی پێشنیاز کرد؟
عەبدولکەریم عومەر: بەپێی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم و لە رێگەی دیالۆگەوە بوو، چونکە ئەو رێککەوتنە دەبێت هەموو دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، چ کارگێڕی، چ سەربازی و چ بەڕێوەبردن، تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا ببن. لەسەر ئەو بنەمایەش دیالۆگ هەبوو، لیژنەکان پێک هاتبوون و پێکەوە گفتوگۆیان دەکرد. سەرۆککۆماریش کەسێکی لێهاتوو بوو بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەوڵە و ئەو تێکەڵبوونەی دەکرێ. بۆیە ژنێک بووە بەرپرسی هەرێمێک لە سووریادا و ئەوەش جێگەی شانازییە، چونکە پەیوەندیی بە تێکۆشانی ژن و بەتایبەت ژنی کوردەوە هەیە لە ئاستی سیاسی، سەربازی و کۆمەڵایەتیدا. هەروەها هەنگاوی باش نراوە لە پرسێکی دیکەدا کە زۆر گرنگە و پرسێکی مرۆییە، ئەویش پرسی ئاوارەکان. ئاوارەکان عەفرین، گرووپی داهاتوو کە نزیکەی 1000 خێزانن، رۆژی پێنجشەممە بەرەو عەفرین دەگەڕێنەوە. ئەو دۆسیەی ئاوارەکانی عەفرین ئێستا دەستی پێکردووە و ئەوە مژدەیەکی خۆشە بۆ هەموو گەلەکەمان. هێشتا پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی و رەققە ماوە، ئەوەش کار و خەباتی لەسەر دەکەین و هیوادارین لە داهاتوودا هەموو ئاوارەکانی سووریا بگەڕێنەوە سەر جێ و واری خۆیان، چونکە بەڕاستی ئەو شەڕە ناوخۆییەی لە سووریا روویدا، زیاتر لە 14 ساڵ، زۆر ئاوارەی لێکەوتەوە، ئەمە پرسێکی مرۆییە و دەمانەوێت لە سووریایەکی نوێدا کەسی ئاوارە نەمێنێت.
رووداو: ئەو دۆسیەیەی زۆر جێگەی ناکۆکییە لەنێوان هەردوولادا، چ پرسی دژەتیرۆر بێت، چ پرسی هێزی ژن یان یەپەژە بێت، چ پرسێک لە دەرەوەی ئەمانە ماوە کە ناکۆکن و باسی دەکەن؟
عەبدولکەریم عومەر: هەندێک پرس ماون کە جێگەی مشتومڕن. یەکێک لەو پرسە سەرەکییانە، پرسی پەرلەمان و لیژنەی داڕشتنەوەی دەستووری سووریایە بۆ داهاتوو، چونکە پرسی کورد تەنیا پرسێکی کارگێڕی یان دیاریکردنی بەرپرسێک لە شوێنێک نییە؛ پرسی کورد لە سووریا پرسێکی سیاسییە. ئەو پرسە دەبێت لە ئاستی سیاسی، دەستووری و یاساییدا چارەسەر بکرێ. بۆ نموونە ئەو شتەی لە پەرلەمانی ئێستای سووریادا هەیە، ئێمە لێی رازی نین.
رووداو: دکتۆر، بە راستی دەمەوێ پرسیار بکەم، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە پرۆسەی تێکەڵبووندایە لەگەڵ حکومەتی سووریا، کەسێک نەبوو لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە بچێتە نێو ئەو پەرلەمانە؟ چونکە پەیوەندییەکی زۆر قووڵتان لەگەڵ حکومەتی سووریا هەیە، تێکەڵبوون دروست دەبێت. بۆچی نەکرا؟ دەتوانین بڵێین بایکۆت کرا یان چ پێشنیازێک هەبوو کە نەکرا؟ لە لیستی سەرۆکایەتیی سووریایشدا ناوی کەس لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نەبوو، ئەمە هۆکاری چی بوو؟
عەبدولکەریم عومەر: لە دیمەشقی پایتەخت دەتوانیت وەڵامی ئەم پرسیارە وەربگری. ئێمە بە تەواوی لە شێوازی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا ناڕازی بووین، چونکە بە شێوەیەک بوو کە نوێنەرایەتیی گەلی تێدا نەبوو. ئەو نوێنەرانەی هەڵبژێردرابوون یان دیاری کرابوون، 30٪ـیان لە لایەن سەرۆککۆماری وڵاتەوە دیاری کرابوون. بە گشتی ئەو پەرلەمانەی هاتە ئاراوە بەو شێوەیە نییە کە خەڵکی سووریا بۆ داهاتوو دەیانەوێ. ژمارەی کورد تێیدا زۆر کەمە، 10 بۆ 12 کورد، ئەوە ژمارەیەکی زۆر کەمە. ژمارەی ژنان زۆر کەمە، هەروەها نوێنەرایەتیی پێکهاتەکانی دیکەش بەو شێوەیە نییە کە دەویسترا. ئەوەی زۆر گرنگە و جێگەی پرسیارە، چۆن دەبێت کورد وەک نەتەوەی دووەم لە سووریادا بەم شێوەیە بێت؟ سووریا دوای 60 ساڵ لە ستەمکاری و دوای 14 ساڵ لە شەڕی ناوخۆیی، سیستمێکی ناوەندیی تەسکی پەیڕەو کردووە کە ئیدی ناگونجێت. ناکرێت جارێکی دیکە بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ سووریایەکی نوێدا بکرێ، خەڵکی سووریا هەرگیز قبووڵی ناکەن. سووریا دەوڵەتێکی فرەڕەنگ، فرەپێکهاتە و فرەنەتەوەیە. بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی نوێ، دەبێت هەموو پێکهاتە و هێزە سەرەکییەکان لەسەر مێزێک پێکەوە دابنیشن و رێککەوتنیان هەبێت. بەبێ رێککەوتن ئەستەمە هیچ شتێک تەنیا بە هەڵبژاردن جێبەجێ بکرێ. با ژمارەی کورد لە پەرلەماندا 30 کەس بێت یان 40 کەس بێت، ئەگەر دەسەڵاتیان نەبێت، سووریا تووشی قەیرانی گەورە دەبێت. بۆیە پێش بنیاتنانی لیژنەی دەستووری دەبێت دیالۆگ هەبێت. کورد، سریانی، ئەرمەن، عەلەوی، دروز، دەبێت پێکەوە بین و بە شێوەیەکی هاوبەش کار بکەین بۆ سووریایەکی نوێ. ئەو سووریا نوێیەی بنیاتی دەنێین دەبێت دیموکراسی بێت، ژن تێیدا رۆڵی سەرەکی هەبێت و هەموو پێکەوە بە شێوەیەکی ناناوەندی و دیموکراسی بەڕێوەی ببەین، چونکە ئەستەمە جارێکی دیکە دەوڵەتێکی وەک سووریا بە شێوازێکی ناوەندی بەڕێوە ببردرێ.
رووداو: دکتۆر عەبدولکەریم، زۆر باسی ئەوە دەکرێت کە کاتێک دیاری کراوە بۆ راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر یان هێزەکانی سووریای دیموکرات. ئایا ئەمە پەیوەستە بە پرۆسەی تێکەڵبوونەوە؟ کاتێک دیاری کراوە کە ئەم تێکەڵبوونە کۆتایی پێ بێت و رابگەیێندرێت کە ئیدی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نەماوە؟
عەبدولکەریم عومەر: ئەوەی دەیڵێیت راستە. بۆ نموونە، ژنێکی سریانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری هەرێمی جزیرە بوو، ئێستا بووەتە جێگری نووسینگەی جێبەجێکار لە پارێزگای حەسەکە. بەڕێز جیهان سەعید کە بەڕێوەبەری هەرێمی قامشلۆیە، پێشتر لە حکومەتی جەزیرە بوو، واتە وردە وردە دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبن. کاتێک ئەم پرسە کۆتایی هات، بێگومان هێزەکانی سووریای دیموکراتیش کە پرسی یەکینەکانی پاراستنی ژنی تێدایە دەبنە بەشێک لە وەزارەتی بەرگریی سووریا. کاتێک تێکەڵبوونەکە تەواو بوو، کۆتایی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات رادەگەیێندرێ. ئێمە هیوادارین ئەم هەنگاوە بەرەو پێش بچێت، بەتایبەت پرسی سیاسی و پرسی کورد کە پرسێکی نەتەوەیی و سیاسییە و دەبێت بە شێوازێکی سیاسی و یاسایی لە دەستووری داهاتووی سووریادا چارەسەر بکرێ. تەنیا بە تێکەڵبوونی کارگێڕی سەقامگیری دروست نابێت، دەبێت کورد و هەموو پێکهاتەکانی سووریا مافەکانیان گەرەنتی بکرێن بۆ ئەوەی پێکەوە رووبەڕووی تیرۆر ببینەوە.
رووداو: باسی مافی کورد دەکەیت، رۆڵی کورد چییە لەم نێوەندەدا دوای کۆنفرانسی هەڵوێست و یەکڕیزیی کوردان؟ ئایا ئەوان ئێستا لە ناو گفتوگۆکاندان لەگەڵ حکومەتی سووریا؟
عەبدولکەریم عومەر: دەزانیت کۆنفرانسی 26ی نیسان یەکەمجار بوو هەموو پارتە سیاسییە کوردییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەکانی ژنان و کەسایەتییە سەربەخۆکان پێکەوە کۆببنەوە. لەوێدا رێککەوتنێک کرا لەسەر پڕۆژەیەک بۆ داهاتووی سووریا و مافی گەلی کورد و لیژنەیەک هەڵبژێردرا. بەداخەوە، لەو رۆژەوەی ئەو لیژنەیە هەڵبژێردراوە و ویستوویەتی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق دابنیشێت بۆ چارەسەرکردنی مافی گەلی کورد، هەتا ئێستا دیمەشق وەڵامی نەداونەتەوە. کورد جارێکی دیکە و دووجار و سێجار داوای کردووە، بەڵام دیمەشق پێشوازی لێ نەکردوون. ئەوەش جێگەی نیگەرانییە. دەبێت ئێمە وەک کوردی رۆژئاوا یەکڕیز بین و پێکەوە دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بکەین بۆ بنیاتنانی سووریایەکی نوێ و چارەسەرکردنی پرسی کورد و هەموو پێکهاتەکانی تری ناو سووریا.

.jpg&w=3840&q=75)
