رووداو دیجیتاڵ
شارۆچکەی سەرێکانێ یەکێکە لەو ناوچانەی لە ساڵانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو شەپۆلی کۆچبەری و ئاوارەبوونی بەخۆیەوە بینیوە، دۆسیەی گەڕانەوەی خەڵک و دووبارە بونیادنانەوەی ئارامی و خزمەتگوزارییەکان وەک گەورەترین ئاڵنگاری ماوەتەوە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، عەبدوڵڵا ئەلجەشعەم، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرێکانێ باس لە رەوشی شارەکە لە رووی ئەمنی، کارگێڕی و خزمەتگوزارییەوە دەکات. هەروەها دۆسیەی ئاوارەکان، مافی گەڕانەوە و ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵکدان، لەوانە دۆسیەی خانووبەرە و کارەکانی هەڵگرتنەوەی مین، لەگەڵ پلانەکانی دووبارە چالاککردنەوەی دامەزراوە گشتییەکان تاوتوێ دەکات.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ئێوە رەوشی ئێستای شارەکە لە رووی ئەمنی، خزمەتگوزاری و کارگێڕییەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
عەبدوڵڵا ئەلجەشعەم: حکومەتی سووریا لە 28ی شوباتی 2026 دا شاری سەرێکانێی وەرگرت. بەڕێوەبەرایەتی ناحیەکە و کادیرانی شارەوانی بە هەموو توانایەکیانەوە کار دەکەن. لە کەرتی پاککردنەوەدا، 110 کرێکار بەدرێژایی هەفتە شارەکە پاک دەکەنەوە. لە کەرتی ئاودا، 72 بیری ئاومان لە ناحیەی سەرێکانێ هەیە، هەندێکیان بە وزەی خۆر و هەندێکی دیکەیان بە کارەبا کار دەکەن. رەوشەکە باشە و خزمەتگوزارییەکان بەردەستن، بەڵام ژێرخانی سەرێکانێ پێویستی بە نوێکردنەوە و کارێکی گەورە هەیە، بەتایبەت کە 12 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی دەوروبەری حەسەکەن و گەڕانەوەیان پێویستی بە باشترکردنی ژێرخان هەیە تاوەکو شوێنی هەموو کەسێکی تێدا ببێتەوە. ئەمڕۆ 12 هەزار خێزان ژمارەیەکی کەم نییە، ژمارەیەکی گەورەیە و پێدەچێت بگاتە 60 هەزار کەس. ئێستا لە ناحیەی سەرێکانێ 130 هەزار کەس هەن و ئەگەر 60 هەزار کەسی دیکەیش بێنەوە، دەبێت ئێمە نان، ئاو، ژێرخان و خزمەتگوزارییەکانیان بۆ دابین بکەین.
رووداو: ئایا تەنیا پرسی خزمەتگوزارییەکان ئاستەنگی سەرەکییە لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵک، یان هۆکاری دیکەیش هەن؟
عەبدوڵڵا ئەلجەشعەم: نەخێر، بابەتی خزمەتگوزارییەکان لە پلەی دووەمدایە، بەڵام گرنگە. کێشەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەرێکانێ ئاڵۆزە. یەکەم، پەیوەستە بە کردنەوەی رێگاکان و هەڵگرتنەوەی مینەکان. وەزارەتی بەرگری زیاتر لە مانگێکە کار لەسەر هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچەی نێوان رێگای ئێم فۆڕ لە سنووری تورکیا دەکات، کە ناوچەیەکی پڕ لە مین و مەترسیدارە و تا ئەو مینانە هەڵنەگیرێنەوە، خەڵکی سڤیل ناتوانن بە سەلامەتی تێپەڕ بن. دووەم، ئاوارەمان لە خودی شاری سەرێکانێدا هەیە، کە لە ناوچەکانی تری وەک قامیشلۆ و حەسەکە و گەڕەکەکانی وەک خوێران و عەزیزییە هاتوون، ئێمە بە هەماهەنگی لەگەڵ شاندی سەرۆکایەتی چاودێری ئاشتەوایی کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەوانیش بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. بێگومان، ژمارەیەکی باشی ئاوارەکان گەڕاونەتەوە، بەڵام نەک وەک کاروان، بەڵکو بە شێوەی تاکەکەسی.
رووداو: ژمارەی ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە ناوچەکانی وەک حەسەکە، ژمارەی ئەو ئاوارە سەرێکانێیانەی گەڕاونەتەوە شارەکەی خۆیان، چەندە؟
عەبدوڵڵا ئەلجەشعەم: ژمارەیەکی ورد نییە، چونکە گەڕانەوەکە بەردەوامە، بەڵام ئامارە کۆتاییەکان نیشانی دەدەن نزیکەی 300 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکانی وەک شکرییە، عەبدولسەلام و مشرافە، لەگەڵ خێزانانی دیکەیش کە گەڕاونەتەوە بۆ ناوەندی شاری سەرێکانێ. بە گشتی ژمارەکە بە بەراورد بە ژمارەی ئاوارەکان گەورە نییە، بەڵام گەڕانەوەکە بەردەوامە.
رووداو: کەی کاروانەکانی گەڕانەوەی خەڵکی سەرێکانێ بەڕێدەخرێن، وەک ئەوەی بۆ خەڵکی عەفرین روویدا؟ ئایا کاتێکی دیاریکراو هەیە دەست پێ بکەن؟
عەبدوڵڵا ئەلجەشعەم: کاتی دیاریکراو بە شاندی سەرۆکایەتی چاودێری گەڕانەوەی ئاوارەکانەوە پەیوەستە. وەک بینیتان، کاروانی گەورە بۆ عەفرین رۆیشتن. لە سەرێکانێ، کێشەکە بە چەند قۆناغێک چارەسەر دەکرێت. سەرەتا دوای تەواوبوونی کردنەوەی رێگاکان و هەڵگرتنەوەی مینەکان، دەچینە ناو پرۆسەی گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەی لە ناو سەرێکانێدان بۆ شوێنی خۆیان، پاشان زامنکردنی سەلامەتی ئەو ئاوارانەی کە دێنەوە ئەوێ. ئەم ئەرکە بە شاندی سەرۆکایەتییەوە بەستراوەتەوەو ئەوان بە شێوەیەکی چڕوپڕ کاری لەسەر دەکەن.
رووداو: ئایا دەتوانیت کاتێکی نزیک، لە ماوەی چەند مانگ یان هەفتەیەکدا، دیاری بکەیت؟
عەبدوڵڵا ئەلجەشعەم: ئەم بابەتە پێش هەموو شتێک بە خێرایی وەزارەتی بەرگری لە هەڵگرتنەوەی مینەکاندا پەیوەستە. ئەوان زیاتر لە مانگێکە کار دەکەن و نزیکەی 40 بۆ 50٪ی کارەکانیان تەواو کردووە. ئەگەر وەزارەت بڵێت بارودۆخەکە سەلامەتە، بڕوام وایە شاندی سەرۆکایەتی دەست بە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات.
رووداو: ئایا بارودۆخی ئەمنی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان گونجاوە؟
عەبدوڵڵا ئەلجەشعەم: بەڵێ، بارودۆخی ئەمنی ئێستا لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوخۆ و پۆلیسی سڤیل و سەربازیدایە، کە سەر بە وەزارەتەکانی خۆیانن وەک وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری. وەک دەزانن سەرێکانێ لە ساڵی 2019ەوە رزگار کراوە. بارودۆخی ئەمنی لە سەرێکانێ ئاساییە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی شەدادێ، تل حەمیس و شارەکانی دیکەی حەسەکە، رەققە و دێرەزوور. ئاسایشی ناوخۆ سەر بە وەزارەتی ناوخۆ چاودێری رەوشی ئەمنی لە سەرێکانێ دەکات و شوکر بۆ خودا، هیچ پێشێلکاری، تەقینەوە یان شتێک کە رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بکات نییە، جگە لەو سێ بابەتەی کە باسمان کردن و لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە کاریان لەسەر دەکرێت.
رووداو: ئایا پلانێکتان بۆ چۆڵکردنی خانووەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان هەیە، کاتێک ئەوان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە سەرێکانێ؟
عەبدوڵڵا ئەلجەشعەم: کێشەی خانووەکان کێشەیەکی بەشەکییە لە ناوەندی شارەکە، بەڵام لە گوندەکاندا خانوویەک نییە کە لەلایەن کەسانی دیکەوە دەستی بەسەردا گیرابێت. ئێمە بە هاوکاری وەزارەتی بەرگری یارمەتیمان دا کە چەندین خێزانی گەورە وەک خێزانی "مەلا دەوێش" و "محەمەد سەعید" کە لە پێکهاتەی ئێزیدین، بگەڕێنەوە گوندی شکرییە، هەروەها خێزانی کوردی گەورەی وەک خێزانی عەبدولباقی سەیدا، ئەحمەد ئیسماعیل عومەر سەیدا و محەمەد عەبدولمەجید ئۆسۆ، ئەوان بە شێوەیەکی کردەیی زەوییەکانی خۆیان وەرگرتەوە و تەنانەت کرێی زەوی و بەرهەمەکانی ساڵانی رابردووشیان وەرگرتەوە. کاتێک پرۆسەی ئەمنی گوندەکان کۆتایی دێت و رێگاکان دەکرێنەوە و ئاوارەکان دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان لە قامیشلۆ و ناوەندی شاری حەسەکە وەک گەڕەکەکانی خوێران و عەزیزییە، ئەم خانووانە بێگومان بۆ خاوەنەکانیان دەمێننەوە و ئەمە مافی خۆیانە نەک منەت.
رووداو: ئەگەر لایەنێک دەست بەسەر زەوی هاووڵاتییەکدا بگرێت، ئایا نووسینگەیەکی دیاریکراو هەیە بۆ پێشکێشکردنی سکاڵا؟
عەبدوڵڵا ئەلجەشعەم: بێگومان، نووسینگەی ئاشتەوایی و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی سەرێکانێ هەیە و ئەو بابەتانە لە نزیکەوە دەبینێت. هەر کەسێک بێت و بڵێت زەوییەکەم لای ئەم کەسەیە، ئێمە یەکسەر بەدواییدا دەنێرین. هەر کەسێکیش گەڕاوەتەوە سەرێکانێ، کرێی زەوییەکانی وەرزەکانی رابردووی وەرگرتووە.
رووداو: کام دامەزراوە و فەرمانگانە گەڕاونەتەوە سەر کار و کامیان هێشتا راگیراون؟
عەبدوڵڵا ئەلجەشعەم: شارەوانی بە تەواوی کار دەکات. کەرتی وزە، کارەبا 24 کاتژمێر بەردەستەو ئەمەش لە سەرتاسەری سووریادا کەمە، جگە لە ناوچەکانی باکوور، چونکە کارەبا لە تورکیاوە دێت و نرخەکەی کەمێک بەرزە، بەڵام ئەمە بەهۆی جۆری کارەباکەیەوەیە. ئاو و فڕنەکان بە باشی کار دەکەن. لە رووی تەندروستییەوە، نەخۆشخانەی نیشتمانی چالاک کراوە، کە شەشەم گەورەترین نەخۆشخانەی سووریایە بە توانای ٢٠٠ قەرەوێڵە و تاقیگەش چەند رۆژێک لەمەوبەر کەوتە خزمەتەوە و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گرێبەستی لەگەڵ پزیشکان واژۆ کردووە، ئێستا نزیکەی ٣٦٠ کەس لە نەخۆشخانەکەدا کار دەکەن. خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بە باشی کار دەکەن، بەڵام ئێمە پێویستمان بە پاڵپشتی رێکخراوەکانی وەک خاچی سووری نێودەوڵەتی هەیە، کە بەڵێنی داوە هەندێک وێستگەی ئاو گەشە پێ بدات و ئامێری کلۆر و پاککردنەوەیان بۆ زیاد بکات، هەروەها وێستگەی عەلۆکیش لەم نزیکانەدا دەکرێتەوە..
رووداو: باست لە وێستگەی عەلۆک کرد، ئاو گەیشتووەتە هەندێک گەڕەکی حەسەکە. کەی وێستگەکە بە فەرمی دەکرێتەوە؟
عەبدوڵڵا ئەلجەشعەم: بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی یان دووسبەی بە فەرمی دەکرێتەوە، بە ئامادەبوونی شاندی سەرۆکایەتی، عەمید زیاد ئەلئاییش، پارێزگاری حەسەکە و چالاکڤانانی مەدەنی. ئێستا بە شێوەیەکی تاقیکاری کار دەکات بۆ تاقیکردنەوەی هێڵەکان و پاککردنەوەیان.
رووداو: وەک بەڕێوەبەری ناحیەکە، پەیامت بۆ ئاوارەکانی سەرێکانێ چییە؟
عەبدوڵڵا ئەلجەشعەم: مافی گەڕانەوە بەپێی یاسا پارێزراوەو ئەمە بەڵێنی سەرۆککۆماری سووریا، بەڕێز ئەحمەد ئەلشەرعە، کە تا کۆتایی ساڵی 2026 هیچ ئاوارەیەک لە سەرتاسەری سووریا، نەک تەنیا لە حەسەکە، لە ناو چادرەکاندا نامێنێت و بە ئیزنی خودا هەمووان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئەمەش مافێکی سروشتییە.
رووداو: چەندین جار ناوی "رەئس ئەلعەین"ت هێنا. کورد دەڵێن سەرێکانێ و عەرەب دەڵێن رەئس ئەلعەین. دەزانین لە دامەزراوە حکومییەکاندا ئێوە ناوی رەئس ئەلعەین بەکاردەهێنن، بەڵام لە کۆبانی بینیمان حکومەت ناوی کۆبانی بۆ سەر تابلۆ سەرەکییەکە زیاد کرد. ئایا ئەم ئەزموونە دەکرێت لە سەرێکانێش دووبارە بێتەوە؟
عەبدوڵڵا ئەلجەشعەم: بابەتی ناونان لەلایەن وەزارەتی کارگێڕی خۆجێی یان لەلایەن بەڕێز سەرۆککۆمارەوە بە مەرسوومێک دەردەچێت. کەس ناتوانێت ناوی ناوچەیەک بگۆڕێت تاوەکو بە ڕێکارە دیاریکراوەکاندا تێنەپەڕێت. ئەگەر دەوڵەت ئەو ناوە پەسەند بکات، بەکاردەهێنرێت. ناوی "سەرێ کانیێ" وەک ئەوەی دەڵێن و ناوی رەئس ئەلعەین لە نووسینەکانی یاقوت ئەلحەمەویدا بەر لە زیاتر لە هەزار ساڵ باسی لێوە کراوە. ئەو ناوەی ئێستا لە وەزارەتی کارگێڕی خۆجێی وەک ناحیە تۆمارکراوە رەئس ئەلعەینە. ئێمە وەک کەس، کێشەمان نییە ئەگەر دەوڵەت بڕیار بدات هەردوو ناوەکە بەکاربهێنێت، ئەمە لە دەسەڵاتی دەوڵەتدایە نەک ئێمە. ئەگەر ناوی کۆبانی لەسەر تابلۆکە دانرابێت و لەلایەن دەوڵەتەوە پەسەند کرابێت، ئەمە بەو مانایەیە کە دەوڵەت ئەو پێشنیازەی کردووە، ئەگەریش پەسەند نەکرابێت، ئەوا ناوێکی کاتییە.

.jpg&w=3840&q=75)

