رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کارگێڕیی شاری سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێ، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 پرسی ئاوارەکان کۆتایی دێت و هەمووان دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان. ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا کارەبا 24 کاژێرییە و وێستگەی ئاوی عەلۆکیش دەست بە دابەشکردنی ئاو دەکاتەوە.
عەبدوڵڵا جەشعەم، بەڕێوەبەری کارگێڕیی سەرێکانی رۆژی سێشەممە 21ی تەممووزی 2026 لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە نالین حەسەن لەگەڵی ئەنجامی دا، رایگەیاند، حکومەت بڕیاری داوە "تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 هیچ ئاوارەیەک لەنێو خێوەتدا نەمێنێت."
بە گوتەی جەشعەم، پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بە پاککردنەوەی ناوچەکە لە مین و تەقەمەنییەوە بەستراوەتەوە. ئەوەشی خستەڕوو، "دوای تەواوبوونی ئەو کارە، شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی سەرپەرشتیی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات."
خزمەتگوزارییەکان؛ کارەبای 24 کاژێری و کردنەوەی وێستگەی عەلۆک
لە کاتێکدا زۆربەی ناوچەکانی سووریا بەدەست بێ کارەباییەوە دەناڵێنن، عەبدوڵڵا جەشعەم باسی لەوەکرد کە "لە سەرێ کانی کارەبا 24 کاژێر هەیە." سەبارەت بە پرسی ئاویش، کە کێشەیەکی گەورەی حەسەکە و دەوروبەری بوو لەم چەند ساڵەی رابردوودا، عەبدوڵڵا جەشعەم ئاماژەی بەوەدا کە وێستگەی (عەلۆک) لە رۆژی 22 یان 23ی تەممووزی 2026 بە فەرمی و بە ئامادەبوونی پارێزگار و شاندە حکومییەکان دەکرێتەوە.
جەشعەم باسی لەوە کرد، سەرێکانی لە بواری تەندروستیدا هەنگاوی گەورەی ناوە. بۆ نموونە، نەخۆشخانەی نیشتمانیی شارەکە کە شەشەم گەورەترین نەخۆشخانەی سووریایە، بە توانای 200 قەرەوێڵە و 360 کارمەند و پزیشک خراوەتەوە خزمەت، کە ئەمەش ئاسایشی تەندروستی بۆ دانیشتووانە 130 هەزار کەسییەکەی ناوچەکە دەستەبەر دەکات.
سەرێ کانی لە ساڵی 2019 لە لایەن سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سووریای نزیک لە تورکیا داگیرکرا و ئیدی ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان ئاوارە بوون. سەرێ کانی لە لایەن بەشێک لە هاووڵاتییانی عەرەبی سووریاوە بە رەئسل عەین ناودەبردرێ.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەبدوڵڵا جەشعەم:
رووداو: دۆخی ئێستای سەرێ کانی لە رووی ئەمنی، خزمەتگوزاری و کارگێڕییەوە چۆنە؟
عەبدوڵڵا جەشعەم: حکومەتی سووریا لە 28ی شوباتی 2026دا شارۆچکەی سەرێکانی وەرگرتەوە. ئێستا کارگێڕیی ناوچەکە و کارمەندانی شارەوانی بە هەموو توانایەکەوە کاردەکەن. 110 کرێکار بەدرێژایی هەفتە خەریکی پاککردنەوەی شارەکەن. لە کەرتی ئاودا، 72 بیر لە ناوچەکەدا کاردەکەن، کە هەندێکیان بە وزەی خۆر و هەندێکی دیکەیان بە کارەبا کاردەکەن. دۆخەکە باشە و خزمەتگوزارییەکان بەردەستن، بەڵام ژێرخانی سەرێکانی پێویستی بە نۆژەنکردنەوە و کارێکی زۆرە، بەتایبەتی کە 12 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی دەوروبەری حەسەکەدا هەن؛ گەڕانەوەیان پێویستی بە باشترکردنی ژێرخانە بۆ ئەوەی جێگەی هەمووان ببێتەوە. 12 هەزار خێزان ژمارەیەکی کەم نییە و رەنگە بگاتە 60 هەزار کەس. ئێستا 130 هەزار کەس لەم ناوچەیەدا دەژین. ئەگەر 60 هەزار کەسی دیکەشیان بۆ زیاد بێت، دەبێت نان، ئاو و ژێرخانی پێویستیان بۆ دابین بکرێ.
رووداو: ئایا تەنیا پرسی خزمەتگوزارییەکان رێگرە لەبەردەم گەڕانەوەی دانیشتووان یان هۆکاری دیکەش هەن؟
عەبدوڵڵا جەشعەم: نەخێر، پرسی خزمەتگوزارییەکان لاوەکییە، بەڵام گرنگە. پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکان بابەتێکی ئاڵۆزە. یەکەمجار بەستراوەتەوە بەکردنەوەی رێگەکان و هەڵگرتنەوەی مین. وەزارەتی بەرگری زیاتر لە مانگێکە خەریکی هەڵگرتنەوەی مینە لەو ناوچانەی کە لە رێگەی "M4"ەوە دەستپێدەکات تاوەکو سنووری تورکیا. ئەو ناوچانە زۆر مەترسیدارن و ئەگەر مینەکانیان هەڵنەگیرێنەوە، خەڵکی سڤیل ناتوانن هاتووچۆ بکەن. دووەم، ئێمە ئاوارەمان لێرە هەیە کە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی وەک قامشلۆ، حەسەکە و گەڕەکەکانی غوێران و عەزیزییەن. بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو شاندە سەرۆکایەتییەی سەرپەرشتی پڕۆسەی گەڕانەوە دەکات، هەوڵ دەدەین ئەوانیش بگەرێنینەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان. تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی باش لە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە، بەڵام نەک بە شێوەی کاروان، بەڵکو وەک تاک و خێزانی جیاجیا.
رووداو: ژمارەی ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە بۆ شوێنەکانی وەک حەسەکە چەندە؟ هەروەها چەند خێزانی ئاوارەی سەرێ کانی گەڕاونەتەوە بۆ شارەکەی خۆیان؟
عەبدوڵڵا جەشعەم: ئامارێکی زۆر ورد نییە، چونکە گەڕانەوەکە بەردەوامە، بەڵام دوایین ئامار ئاماژە بە گەڕانەوەی نزیکەی 300 خێزان دەکات بۆ گوندەکانی وەک (شوکرییە، عەبدولسەلام و مشرافە)، جگە لەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە بۆ سەنتەری شاری رەئسل عەین. ژمارەکە بەراورد بە کۆی گشتی ئاوارەکان زۆر نییە، بەڵام پڕۆسەی گەڕانەوە بەردەوامە.
رووداو: کەی کاروانی گەڕانەوەی خەڵکی سەرێکانی دەستپێدەکات، هاوشێوەی ئەوەی بۆ خەڵکی عەفرین کرا؟ ئایا کاتێکی دیاریکراو هەیە؟
عەبدوڵڵا جەشعەم: دیاریکردنی کاتەکە بەدەست ئەو شاندە سەرۆکایەتییەیە کە سەرپەرشتی گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکات. وەک بینیتان، کاروانی گەورە بەرەو عەفرین رۆیشتن. لە رەئسل عەین کێشەکە بە چەند قۆناخێک چارەسەر دەکرێ؛ سەرەتا دوای کردنەوەی رێگەکان و لابردنی مین، دەست دەکرێ بە گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارە بیانیانەی لە رەئسل عەین نیشتەجێن بۆ ناوچەکانی خۆیان، پاشان جێگیرکردنی ئەو ئاوارە رەسەنانەی دەگەڕێنەوە بۆ شارەکە. ئەم ئەرکە سپێردراوە بە شاندە سەرۆکایەتییەکە و بە چڕی کاری لەسەر دەکەن.
رووداو: دەکرێت بڵێین لە چەند مانگ یان چەند هەفتەی داهاتوودا دەستپێدەکات؟
عەبدوڵڵا جەشعەم: ئەمە بە پلەی یەکەم بەندە بە خێرایی کارەکانی وەزارەتی بەرگری لە هەڵگرتنەوەی مینەکان. ئەوان زیاتر لە مانگێکە کار دەکەن و نزیکەی 40% بۆ 50%ی کارەکانیان تەواو کردووە. هەر کاتێک وەزارەت گوتی ناوچەکە پارێزراوە، بڕوا دەکەم شاندە سەرۆکایەتییەکە دەست بە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بکات.
رووداو: ئایا دۆخی ئەمنی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان گونجاوە؟
عەبدوڵڵا جەشعەم: بەڵێ، ئێستا دۆخی ئەمنی لەژێر سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ناوخۆ و پۆلیسی مەدەنی و سەربازییە. رەئسل عەین لە ساڵی 2019وە رزگارکراوە. دۆخی ئەمنی لەوێ ئاساییە، وەک شەدادی، تەل حەمیس و ناوچەکانی دیکەی حەسەکە، رەققە و دێرزوور. ئاسایشی ناوخۆ سەرپەرشتی دۆخەکە دەکات و سوپاس بۆ خودا هیچ پێشێلکاری یان تەقینەوەیەک نییە کە رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بکات، تەنیا ئەو سێ خاڵەی باسمان کردن نەبێت کە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کاریان لەسەر دەکەن.
رووداو: هیچ پلانێکتان هەیە بۆ چۆڵکردنی ئەو ماڵانەی لەلایەن کەسانی دیکەوە گیراون و گەڕاندنەوەیان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان؟
عەبدوڵڵا جەشعەم: کێشەی ماڵەکان تەنیا لە سەنتەری شارەکەدا هەیە، لە گوندەکاندا هیچ ماڵێک نییە کە خەڵکی دیکەی تێدا بێت و هی خاوەنەکەی نەبێت. بە هاوئاهەنگی وەزارەتی بەرگری هاوکار بووین لە گەڕانەوەی چەندین خێزانی گەورە، وەک خێزانی مەلا دەوێش و محەممەد سەعید بۆ گوندی شوکرییە کە لە پێکهاتەی ئێزدیین، هەروەها خێزانی کوردی گەورەی وەک عەبدولباقی سەیدا، ئەحمەد ئیسماعیل عومەر سەیدا و محەممەد عەبدولمەجید ئۆسۆ؛ ئەمانە زەوییەکانیان وەرگرتووەتەوە و تەنانەت کرێی زەوی و بەرهەمی ساڵانی رابردووشیان وەرگرتووەتەوە. کاتێک گوندەکان بەتەواوی پارێزراو دەبن و رێگەکان دەکرێنەوە و ئاوارەکان دەگەڕێنەوە بۆ قامشلۆ و حەسەکە، ئەو ماڵانەی نێو شار بە دڵنیاییەوە بۆ خاوەنەکانیان دەمێننەوە، ئەمە مافی خۆیانە و منەت نییە.
رووداو: ئەگەر لایەنێک دەستی بەسەر زەوی هاووڵاتییەکدا گرتبێت، ئایا نووسینگەیەک هەیە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا؟
عەبدوڵڵا جەشعەم: بێگومان، نووسینگەی (ئاشتەوایی و بەدواداچوون) لە ناوچەی رەئسل عەین هەیە و لە نزیکەوە چاودێری ئەم بابەتانە دەکات. هەر کەسێک بێت و بڵێت زەوییەکەم لای فڵان کەسە، یەکسەر بەدواداچوونی بۆ دەکەین. هەر کەسێک گەڕاوەتەوە بۆ رەئسل عەین، مافی زەوییەکانی بۆ وەرزەکانی پێشوو وەرگرتووەتەوە.
رووداو: چ دامەزراوە و فەرمانگەیەک دەستی بە کار کردووەتەوە؟
عەبدوڵڵا جەشعەم: شارەوانی بەتەواوی کار دەکات. لە کەرتی وزەدا، کارەبا 24 کاژێر بەردەستە، ئەمەش لەسەر ئاستی سووریا کەم وێنەیە، مەگەر لە ناوچەکانی باکوور بێت، چونکە کارەباکە لە تورکیاوە دێت و نرخەکەی کەمێک بەرزە، بەڵام کارەبایەکی باشە. ئاو و نانەواخانەکان بە باشی کار دەکەن. لە رووی تەندروستییەوە، نەخۆشخانەی نیشتمانیمان چالاک کردووەتەوە کە شەشەم گەورەترین نەخۆشخانەیە لەسەر ئاستی سووریا و جێگەی 200 تەختی تێدا دەبێتەوە؛ تاقیگەکەی دەستی بەکار کردووە و 360 کارمەند و پزیشک تێیدا کار دەکەن. خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان باشن، بەڵام پێویستمان بە پاڵپشتی رێکخراوەکانی وەک خاچی سووری نێودەوڵەتییە بۆ پەرەپێدانی وێستگەکانی ئاو و بەستنی ئامێری کلۆر، وێستگەی عەلۆکیش بەمزووانە دەکرێتەوە.
رووداو: باست لە وێستگەی عەلۆک کرد. ئاو گەیشتووەتە هەندێک گەڕەکی حەسەکە. کەی بە فەرمی دەکرێتەوە؟
عەبدوڵڵا جەشعەم: بە ئەگەرێکی زۆرەوە سبەی چوارشەممە 22ی تەممووزی 2026 یان دووسبەی پێنجشەممە 23ی تەممووزی 2026 بە ئامادەبوونی شاندی سەرۆکایەتی و عەمید زیاد عایش و پارێزگاری حەسەکە بە فەرمی دەکرێتەوە. ئێستا بە شێوەی ئەزموونی کار دەکات بۆ تاقیکردنەوەی هێڵەکان و پاککردنەوەیان.
رووداو: وەک بەڕێوەبەری کارگێڕیی ناوچەکە، پەیامت بۆ ئاوارەکانی سەرێکانی چییە؟
عەبدوڵڵا جەشعەم: مافی گەڕانەوە بەپێی یاسا پارێزراوە، ئەمە بەڵێنێکی سەرۆککۆماری سووریا، بەڕێز ئەحمەد شەڕعە، کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 هیچ ئاوارەیەک لەنێو خێوەتدا نەمێنێت، نە لەسەر ئاستی سووریا و نە لە حەسەکە، هەمووان دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان.
رووداو: چەندین جار ناوی (رەئسل عەین)ت هێنا. پێکهاتەی کورد دەڵێن (سەرێکانی) و عەرەب دەڵێن (رەئسل عەین). دەزانم لە دامەزراوە حکومییەکاندا دەڵێن رەئسل عەین، بەڵام لە کۆبانێ بینیمان حکومەت ناوی کۆبانێی بۆ تابلۆ سەرەکییەکە زیاد کرد. ئایادەکرێت ئەمە لە سەرێکانیش دووبارە بێتەوە؟
عەبدوڵڵا جەشعەم: بابەتی ناوەکان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ یان بە مەرسوومی سەرۆککۆمار دەردەچێت. کەس ناتوانێت ناوی ناوچەیەک بگۆڕێ، ئەگەر بە رێکارە یاساییەکان نەبێت. ئەگەر دەوڵەت بڕیار لەسەر ئەو ناوە بدات، ئەوا پەسند دەکرێ. ناوی سەرێ کانی وەک ئێوە دەڵێن و ناوی رەئسل عەین لە کتێبەکانی یاقووتی حەمەویدا زیاتر لە هەزار ساڵ پێش ئێستا هاتووە. ئەو ناوەی ئێستا لە وەزارەت وەک "ناوچە" تۆمارکراوە، رەئسل عەینە. ئێمە وەک کەس کێشەمان نییە ئەگەر دەوڵەت بڕیار بدات هەردوو ناوەکە بەکاربهێندرێ، چونکە ئەوە لە دەسەڵاتی دەوڵەتدایە نەک ئێمە.
.jpg&w=3840&q=75)


