رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەربازیی کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا رایگەیاند، دەیانەوێت لە ساڵانی داهاتوودا پێشمەرگە ببێتە هێزێکی مۆدێرن و کاریگەر، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، "پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە زۆر زۆر بە سستی دەڕوات".
کۆلۆنێڵ یان تن هۆڤە، راوێژکاری سەربازیی کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا لەمیانی بەشداریکردنی لە هەڤپەیڤینێکی رووداو، باسی یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80ی کرد و گوتیشی، "کاری سەرکردە سیاسییەکانە رێککەوتنێک بکەن لەسەر قەبارەی هێزی پێشمەرگە"، پێیوایە هەبوونی یەک سەرکردەش لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان "لەوانەیە یارمەتیدەربێت بۆ یەکخستنی پێشمەرگە".
بە گوتەی راوێژکاری سەربازیی کۆنسوڵخانەی هۆڵەندا، راوێژکاریی سەربازیی هۆڵەندا لەدوای کشانەوەی ئەمریکا کۆتایی نایەت. سەبارەت بە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا، ئەو دەڵێت، "پێویستی بە چاکسازیی پێشمەرگەیە"، هیوایشی خواست کە ساڵی 2025 ئەو ساڵە بێت کە وەزارەتێکی نوێی پێشمەرگە ببینن.
رووداو: بەڕێز کۆلۆنێڵ زۆر سوپاس کە هاتی بۆ ئێرە.
کۆلۆنێڵ یان: خۆشحاڵم کە لێرەم.
رووداو: تۆ ئەندامی گرووپی نێودەوڵەتیی راوێژکاریت؛ ئەو گرووپە چییە و چی دەکات؟
کۆلۆنێڵ یان: بەڵێ ئەوە گرووپێکە پێکدێت لە ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، ئێمە پێی دەڵێین هاوپەیمانێتیی بە ویست. فۆکەسی لەسەر پرۆگرامی چاکسازیی پێشمەرگەیە. هەندێک کەس لەپێش ئێمەوە هاتبوون نەخشەڕێگەیەکیان پێکهێنابوو کە ژمارەیەکی زۆر پرۆژەی تێدابوو، کۆی گشتی 26 پرۆژە، هەر وڵاتێکیش 4 بۆ 5 پرۆژەی هەیە، بەو هیوایەی لە ساڵی 2025دا بگەینە ئەوەی کە لەم رستەیەدا کۆمانکردووەتەوە ''یەک هێزی پێشمەرگەی کاریگەر و مۆدێرن و رێزلێگیراو''.
رووداو: دەتوانیت باسێکی پرۆسەی چاکسازییەکە بکەیت؟ ئایا ئێستا چۆن بەڕێوەدەڕوات؟
کۆلۆنێڵ یان: بۆئەوەی راستگۆبم لەگەڵ خەڵک و ئەوانەی کاریان لەگەڵدا دەکەن؛ پرۆسەکە زۆر زۆر بە سستی دەڕوات، بەڵام دەجووڵێت. گۆڕانکاریی گەورە لە هۆڵەندا و ئەڵمانیا و بەریتانیاش هەر هێواشە. بەتایبەتی لێکدانی هێزەکانی 70 و 80 کە سەر بە لایەنی سیاسین بۆ نێو وەزارەتی پێشمەرگە، کارێکی ئاسان نییە، بەڵام هەنگاوی بچووک دەنێین. لە راستیدا لە ساتێکی هەستیاری پرۆژەیەکداین کە پێویستی بە بڕیاربەدەستانی سیاسییە لەسەری رازی بن؛ ئەویش پەیوەستە بە پێکهاتە و قەبارەی هێزەکە. ئەم پرۆژەیە زۆر گرنگە، چونکە پرۆژە گەلێکی دیکە بەدوای خۆیدا بۆ ساڵانی داهاتوو دەهێنێت.
رووداو: لەبەر چی ئەو پرۆسەیە بەو شێوەیە سستە؟ هۆکارەکەی چییە؟
کۆلۆنێڵ یان: هۆکارەکەی متمانەیە. پێموایە هەمووان هاوڕان کە کارێکی زەحمەتە بە هۆکاری مێژوویی کە هێشتا مێژوویەکی نوێیە. دروستکردنی متمانە پێویستی بە کۆبوونەوەی زۆر و ئاسۆیەکی روونە، هەروەها پێویستی بە پشتیوانیی رای گشتی و سەربازییشە. لە دوای شەڕی داعشەوە پێویستییەکی زۆر دروستبووە بۆ دروستکردنی یەک هێزی پێشمەرگە، بەڵام پێویستە متمانە هەبێت بۆئەوەی ئەو هەنگاوانە بنرێن. ئێستا پێویستمان بە بڕیارێکی سیاسییە بۆئەوەی بزانین پێکهاتەی ئەو هێزە لە داهاتوودا چییە.
رووداو: ئایا هیچ دەستکەوتێک هەیە؟ هەرچەندە گوتت کە پرۆسەکە زۆر بە سستی دەڕوات.
کۆلۆنێڵ یان: گەورەترین دەستکەوت ئەوەیە کە ئێستا یەک وەزارەتی پێشمەرگەمان هەیە، پێشتر دوو بوون. هەروەها بەڵگەنامەی ستراتیژی واژۆ کراون، رێککەوتنێک هەیە کە یەکەم و دووەم فەرماندەیی پاڵپشتی لەنێو هێزەکانی 70 و 80 لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگەدا بن. فەرماندەییەکانی پاڵپشتی گرنگن، چونکە چەکە قورسەکان و هێزەکانی لۆجستیکی لەوێن. ئەوە نیشانەیەکی روونی متمانەیە بۆ یەکخستنی هێزەکان لەسەر دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە. لە پرۆژەکانی دیکەشدا، بۆ نموونە هاوکارانی ئەڵمانیم کار لەسەر نەخۆشخانەیەکی پێشمەرگە دەکەن. هەروەها لە قۆناخی کۆتایی قوتابخانەیەکی پێگەیاندندان، قوتابخانەیەک بۆ سەربازان و ئەفسەرانی هێزەکانی پێشمەرگە. هەروەها بەریتانیا پرۆژەی راهێنانی سەربازیی پڕۆفیشناڵیان هەیە لە چەند کۆلێژێکدا. ئەوانە هەنگاوی بچووکن، بەڵام کاریگەرن، بۆئەوەی هێزێکی کاریگەر و مۆدێرن لە ساڵی 2025دا دروستبکەین.
رووداو: ئایا بەربەستی سەرەکیی سستیی ئەو پرۆسەیە چییە؟ خەتای کێیە کە بەو شێوەیە؟ تۆ باسی متمانەت کرد، بەڵام ئایا کەس هەیە کە بڵێی خەتای ئەو کەسەیە؟
کۆلۆنێڵ یان: نەخێر خەتای کەس نییە، بەڵکو ئەو مێژووەیە کە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین، بەڵام ئەو مێژووە نوێیەی هەیە، دەیسەلمێنێت کە پێویستیتان بە یەک هێزە. نابێت چەند هێزێکی جیاواز لە کوردستان هەبن بۆ شەڕی دژی داعش یاخود هەر دووژمنێکی دیکە لە داهاتوودا. ئێستا کاری سەرکردە سیاسییەکانە کە رێککەوتنێک بکەن لەسەر قەبارەی هێزەکە، چونکە دەبێ بتوانن خەرجی ئەو هێزە بکەن. ئەوە شتێک ئێمە زۆر جەختی لەسەر دەکەین.
رووداو: ئایا ئێستا هێزەکە زۆر گەورەیە؟
کۆلۆنێڵ یان: ئێستا زۆر گەورەیە. هەروەها دەبێت هێزێکی گەنجترمان هەبێت، دەبێت یاسای خانەنشینی هەبێت. دەبێت ئەوە بە چەند قۆناخێک رێکبخرێت لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا بۆئەوەی ببێتە هێزێکی مۆدێرن و کاریگەر. هیوادارام لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا، سەرکردە باڵاکان بگەنە رێککەوتنێک لەسەر قەبارە و پێکهاتەی هێزەکە.
رووداو: چۆن دەتوانرێت بکرێتە هێزێکی گەنج لە کاتێکدا سیستەمی وەرگرتنی سەربازیمان نییە؟ بەڵکو هەمووی لەسەر بنەمای لایەنگیریی سیاسییە.
کۆلۆنێڵ یان: لەبەر ئەوەیە کە ئێمە وشەی رێزلێگیراومان داناوە لە دیدگای خۆماندا، ئەویش بریتییە لە ''یەک هێزی کاریگەر و مۆدێرن و رێزلێگیراو'' کە گەنجەکان بیانەوێت بەشداریی تێدا بکەن و وەکو هەنگاوێکی گەورە لە ژیانی پیشەیی خۆیاندا بیبینن. من لە مارینزی هۆڵەندام، مارینز ناوێکی گەورەی هەیە، بەرپرسیارێتیی هەیە. کاتێک بەرەو هەنگاوەکانی دیکەی ژیان دەڕۆیت و دەتەوێت کارێکی دیکە بکەیت، سیڤییەکەت پیشانی دەدات کە تۆ بەشێک بووی لە هێزەکانی پێشمەرگە، چونکە ناوی براندەکە ئێستا زۆر بەهێزە. دەمەوێ بڵێم هێز و ئارەزووی دەروونیی پێشمەرگە بۆ شەڕکردن شتێکە من زۆر رێزی لێدەگرم، لەو بەشەیدا کێشەمان نییە، ئێستا دەبێت بیبەین بەرەو هێزێکی کاریگەر و مۆدێرن.
رووداو: هیچ بەربەستێک لە بەشەکانی خوارەوەی پێشمەرگە هەیە؟ ئایا پێشمەرگەکان دەتوانن پێکەوە کار بکەن و ببنە بەشێک لە یەک پێکهاتە؟
کۆلۆنێڵ یان: بەڵێ دەتوانن و لە شەڕی دژی داعشدا ئەوەیان سەلماندووە. گرفت لەوەدا نییە، تەنانەت لە ئاستە باڵاکانی سەربازییشدا گرفت نییە؛ بەڵام هەموو لایەک چاوەڕێی ئەو متمانە سیاسییە دەکەن، بۆئەوەی بگەنە رێککەوتن. لە هەموو شوێنێک ئەوە هەیە، بۆ نموونە لە هۆڵەندا لەنێوان سوپا و هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی کێبڕکێ هەیە، نەبوونی متمانە هەیە، بۆیە دەبێت بڕیاربەدەستی سیاسی بڕیاربدات کە هێزەکەی بە چ شێوەیەک دەوێت.
رووداو: ئەو گۆڕانکارییانەی لە سلێمانی روویاندا لەنێو سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی، بێگومانم کە ئاگاداری ئەو گۆڕانکارییانەیت، پێتوایە ئەوە هیچ گۆڕانکارییەک لەو پرۆسەیەدا دەکات کە ئێستا ئێوە خەریکن؟
کۆلۆنێڵ یان: هەبوونی یەک سەرکردە لەوانەیە یارمەتیدەربێت؛ من زۆرجار لەگەڵیاندا دانیشتووم، هەردووکیان کاک بافڵ و کاک لاهوور هاوڕابوون لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە، نامەوێت بچمە نێو پرسە سیاسییەکانی دیکەوە.
رووداو: هەردووکیان یەک بۆچوونیان هەبوو؟
کۆلۆنێڵ یان: هەردووکیان یەک بۆچوونیان هەبوو. هەردووکیان پێیان گوتم کە دەیانەوێت پێکهاتەکە ببینن و ئەو کات فەرماندەیی پاڵپشتیی هێزەکانی 70 دەخەنەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی پێشمەرگە. بۆیە دەمەوێت لەم هەڤپەیڤینەدا جەخت لەوە بکەمەوە کە با رێکبکەوین لەسەر ئەو پێکهاتەیە؛ لەسەر ژمارەی یەکەکان و فەرماندەیی ناوچەکان و قەبارەی هێزەکە. ئەو پرۆژەیەی من ئێستا کاری لەسەر دەکەم بریتییە لە مووچەی ئەلیکترۆنی، ئەوەش زۆر گرنگە بۆ بوونی شەفافییەت، بۆئەوەی دڵنیابین کە ساختەکاری و گەندەڵی روونادات. دواتر پێویستمان بە قەبارە و پێکهاتەی هێزەکەیە. پرۆژەیەکی دیکە من کاری لەسەر دەکەم، بریتییە لە دووبارە رێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە؛ ئایا وەزارەت بەو هەموو هێزەیەوە بە چ شێوەیەک دەبێت؟ بەڵام من دەبێت بزانم چ جۆرە پێکهاتەیەک هەڵدەبژێرن و قەبارەی هێزەکە چەندە؟
رووداو: کەواتە تۆ پێتوایە هەبوونی یەک سەرکردە لە یەکێتیی نیشتمانی هاوکار دەبێت؟
کۆلۆنێڵ یان: دەکرێت وابێت.. وەکو پێشتر گوتم، ئەوان هەردووکیان هاوڕابوون، ئەوەیان بە من گوتووە. گرنگە هەموو سەرکردە سیاسییەکان لەسەر مێزێک پێکەوە دابنیشن، بە ئامادەبوونی گرووپی راوێژکارانی نێودەوڵەتی. ئەوان هەردووکیان باوەڕیان وابوو کە دەگەینە رێککەوتنێک، بەڵام دانیشتنیان پێکەوە لەسەر مێزێک هەندێکجار ئاسان نییە.
رووداو: یاسای چاکسازیی ژمارە 2ی ساڵی 2020، ئایا تاوەکو چەند کارەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە؟
کۆلۆنێڵ یان: پێموایە بەشێکە لەو چاکسازییە. بێگومان تەنیا وەزارەتی پێشمەرگە ناگرێتەوە، بەڵکو پەروەردە و تەندروستی و ئەوانی دیکەش. من ئەوەم گوتووە کە ئەگەر ئەو چاکسازییە سەرکەوتووبێت، کاریگەریی دەبێت لەسەر چاکسازی لە شوێنەکانی دیکەش، ئەگەر بتوانین لەوەدا تاوەکو پێش ساڵی 2025 سەرکەوتوو بین، هاوکار دەبێت بۆ پرۆژەی چاکسازی لە شوێنەکانی دیکەشدا.
رووداو: کەی دەتانەوێت ئەو پرۆژەیەی دەستانپێکردووە کۆتایی بێت؟ ئایا هیچ کاتێکی دیاریکراو هەیە؟
کۆلۆنێڵ یان: پرۆژەکان پەیوەست نین بە کاتێکی دیاریکراوەوە، بەڵام گەورەترینیان ئەوەیە کە پێی دەڵێین ''کۆنسێپتی ئۆپەرەیشن'' کە پێکهاتە و قەبارەی هێزەکە دەگرێتەوە، ئەمساڵ یاخود هیوادارین لەم مانگەدا تەواو ببێت. هەروەها پێشبینی دەکەم ساڵی داهاتوو پێدانی مووچە بە شێوازی ئەلیکترۆنی و یەک راژەی ژمێریاری لەجیاتی دوو یاخود سێ راژە، تەواو ببێت.
رووداو: مەبەستت لە یەک راژەی ژمێریاری چییە بە تەواوی؟
کۆلۆنێڵ یان: بە مانای ئەوەی کە هەموو کارە ژمێریارییەکان و مووچەکان لە یەک شوێنەوە بێت، ئەویش وەزارەتی پێشمەرگەیە. نەک چەند راژەیەکی جیاوازت لە چەند شوێنێکەوە هەبێت. دواتر دەمانەوێت پرۆژەی یەکخستنەوە لە ساڵی 2023دا ببینین. لە هەمان ساڵدا پێکهاتەی نوێی وەزارەتی پێشمەرگە دەبینین، بۆئەوەی بتوانین کاری دووبارە رێکخستنەوە لە ساڵی 2024دا ئەنجامبدەین. بێگومان لەوانەیە ئەوە زۆر بێت کە داوای دەکەین، بەڵام دەبێت گوشار لە خۆشمان بکەین، نەک تەنیا لەسەر لیواکان و بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی، بەڵکو گوشار لەسەر ئێمەش. من تاوەکو دوو هەفتەی دیکە لێرەم، ئەو کەسەی لە دوای من دێت بە گوڕێکی زیاترەوە پرۆژەکان بەڕێوەدەبات.
رووداو: نموونەیەک لە جیهاندا هەیە کە ئێوە لەو پرۆسەیەی ئێرەدا چاوی لێبکەن و بەکاریبهێنن؟
کۆلۆنێڵ یان: سوپای لوبنان. بەهۆی سوپای لوبنانەوە ئێمە دەستەواژەی رێزلێگیراومان لە دیدگاکەدا داناوە. ژمارەیەکی زۆر گەنجی ئەو وڵاتە ویستیان بچنە نێو سوپای وڵاتەکەیان و لەسەر سیڤی خۆیان ئەوە بنووسن. هەرچەندە وەکو دەزانن ئێستا دۆخی لوبنان بەتایبەتی لەڕووی داراییەوە زۆر باش نییە؛ بەڵام ئەوە نموونەیەکە. وەکو پێشتریش گوتم، گۆڕانکاریی گەورەی لەو شێوەیە زەحمەتە و کاتی زۆری پێویستە، لە هەموو شوێنێک بەو شێوەیەیە.
رووداو: ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیاریداوە لە کۆتایی ئەمساڵدا هێزە شەڕکەرەکانیان لە عێراق دەکشێننەوە. ئایا ئەو بڕیارە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کارەکەی ئێوە دەبێت؟ چونکە ئەمریکاش لەگەڵتان بەشدارە.
کۆلۆنێڵ یان: لەسەر ئاستی راوێژکاری و کارەکەی ئێمە، نەخێر.
رووداو: کەواتە تاوەکو چەند لێرە دەمێننەوە؟
کۆلۆنێڵ یان: نازانین تاوەکو چەند، چونکە ساڵانە نوێدەکرێتەوە. لانیکەم تاوەکو ساڵێکی دیکەش هۆڵەندا کۆلۆنێڵێک دابیندەکات بۆ ئەو گرووپی راوێژکارییە، کە بەریتانیا و ئەمریکا و ئەڵمانیاشی تێدایە. سەبارەت بە هێزەکانی هاوپەیمانانیش، دڵنیا نیم ماوەی کاتی کارکردنیان چەندە، هەمووی پەیوەستە بە شەڕی دژی داعش. ئێمە شەڕی داعش ناکەین، تەنیا جەختمان لەسەر چاکسازی و پێشڤەچوونی پێشمەرگەیە.
رووداو: ئایا پێشڤەچوونەکانی ئێوە کاریگەریی لەسەر شەڕی دژی داعش دەبێت؟
کۆلۆنێڵ یان: ئێستا هیچ کاریگەرییەکی نییە، چونکە هەموو ئەو پرۆژانەی ئێمە کاریان لەسەر دەکەین، باسی داهاتووی هێزی پێشمەرگەیە؛ بەڵام بە هەمووان دەڵێم کە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە داهاتوودا پێویستی بەوەیە، بۆ کارەکان و نەوەکانی داهاتوو. دەزانین ئێستا ئۆپەراسیۆنی جیاواز لە ناوچەی جیاواز هەیە، بەڵام ئێمە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی رۆژانە و هەفتانە کار دەکەین بۆئەوەی دڵنیابین پلانمان هەبێت و کار بکەین لەگەڵ تیمەکانی جێبەجێکردن لە وەزارەتی پێشمەرگە. هەروەها باسی باڵەخانەیەکی نوێ دەکەین بۆ وەزارەت، چونکە ئەوەی ئێستا زۆر کۆنە، ئەوەش پێویستە نموونەیەک بێت، ئەگەر بمانەوێت یەک هێزی یەکگرتوو و مۆدێرنمان هەبێت، دەبێت باڵەخانەیەکمان هەبێت بەرجەستەی ئەوە بێت. هیوادارم ئەوە لە 3 تا 4 ساڵی داهاتوودا ببینم، هیوادارم ساڵی 2025 ئەو ساڵە بێت کە وەزارەتێکی نوێی پێشمەرگە ببینین.
رووداو: دەتوانیت باسێکی ئەو راهێنانانەش بکەیت کە پێشکێشی دەکەن؟
کۆلۆنێڵ یان: ئێمە راهێنان پێشکێش ناکەین... لە سەرەتادا کارەکە بە راهێنانی یەکەکان و بەتالیۆنەکان دەستیپێکرد. پێموایە هاوپەیمانان هەندێک راهێنان دەکەن. ئێمە لەسەر ئاستی وەزیر و دامودەزگاکە کار دەکەین.
رووداو: ئەگەر باسی رۆژێکی کاری خۆتان بکەیت لەکاتی راوێژکردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوە بە چ شێوەیەکە؟ ئایا لەگەڵ وەزیر یاخود راوێژکارەکان قسە دەکەن؟
کۆلۆنێڵ یان: هەندێکجار.. بە شێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی کار دەکەین. دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکی تەواوی چاکسازی، نیشانەیەکە بۆ ئێمەش کە ئێوە دەتانەوێت چاکسازی بکەن. ئێمە دەزانین ئەگەر تیمێکی گەورە هەبێت لە لیواکان بۆ کارکردن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر پرۆژە جیاوازەکان، ئەوە مانای ئەوەیە کە بە رژدییەوە لە کارەکە دەڕوانن. لەگەڵ زۆربەی تیمەکان کار و کۆبوونەوە دەکەین. لەنێوان بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازی و وەزارەتی پێشمەرگە کار دەکەین، لەگەڵ هەردوو راوێژکاری وەزیر لیوا هەژار و لیوا بەختیار لە یەکەکانی 70 و 80، هەروەها چوون بۆ سلێمانی بۆئەوەی دڵنیابین کە هێزەکانی 70 و 80 پێکەوە دێنە ژێر دەسەڵاتی وەزارەت. دروستکردنی پەیوەندیی باش بەشێکی دیکەیە لە کاری ئێمە. بۆ نموونە من یان تن هۆڤە لە هۆڵەندا، بەڵام ئایا متمانەم پێدەکەن؟ بەڵێ دەتوانن متمانەم پێبکەن، چونکە من زۆرجار ئەوە دەڵێم کە ئەمە دووەمجارە لێرەم. یەکەمجار لە ساڵی 1991 لە کاتی راپەڕینەکەدا وەکو سەربازێکی گەنج لێرە بووم. ئێستا لێرەم بەهۆی داواکارییەکی هەرێمی کوردستان بۆئەوەی هاوکاریتان بکەین لەو کارەدا. کارێکی زەحمەتە، بەڵام خۆشحاڵم بەو هەنگاوە بچووکانەی کە دەیبینین.
رووداو: هەردوو هێزی 70 و 80 هەریەکەیان لای خۆیەوە دەڵێت هەنگاو بەرەو ئەو ئاراستەیە دەنێن، بەڵام کامەیان خێراترە لە هەنگاوەکانیدا؟
کۆلۆنێڵ یان: ئێستا ناتوانم وەڵامی ئەوە بدەمەوە. ئەگەر ئەوان وادەڵێن، ئەوە تەنیا وشەیەکە، یاخود واژۆیەکە؛ بەڵام لە راستیدا گواستنەوەی دەسەڵاتی هێزەکان بۆ وەزارەت و دڵنیابوون لەوەی کە پێکهاتەکە بە تەواوی لەجێی خۆیدایە، هەنگاوی دووەمە. هیوادارم ئەوە لە ساڵی 2023دا رووبدات، ئەوکات دەتوانین بڵێین کە دەسەڵاتی هێزەکان لەژێر دەستی وەزارەتدایە. ئەوە پێشبڕکێیەک نییە، دەبێت هەنگاو بە هەنگاو ئەنجامبدرێت و هەردووکیشیان هەنگاوی دروست دەنێن. لایەنی سەربازیی هەردوولا پێم دەڵێن ئەوان زۆر پێویستیان بەوەیە، بەڵام هەندێکجار هەنگاوی پێویست لەسەر ئاستی باڵا زۆر پێویستە. لە هەڤپەیڤینێکدا دوو مانگ پێش ئێستا ئەوەم گوتووە. کات بە خێرایی دەڕوات، بۆیە پێویستە پێکەوە دابنیشن و ئەو هەنگاوە پێویستە بنێن بۆئەوەی بتوانین لە چاکسازییەکە بەردەوام بین.
رووداو: دەگوترێت گەندەڵییەکی زۆر لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگە بەگشتی هەیە، لەوبارەیەوە چی دەڵێیت؟ ئەوە چ کاریگەرییەکی لەسەر کارەکەی ئێوە هەیە؟
کۆلۆنێڵ یان: لەسەر کاری من هیچ کاریگەریی نییە.
رووداو: بەڵام لەسەر پرۆسەکە چ کاریگەرییەکی هەیە؟
کۆلۆنێڵ یان: کاریگەریی لەسەر پرۆسەکە هەیە، چونکە بۆ نموونە ئەگەر باسی پێدانی مووچە بە شێوەی ئەلیکترۆنی بکەین، دەبێت باسی شەفافییەت بکەین، چونکە ئێمە دەمانەوێت هێزێکی کاریگەر و مۆدێرنی پێشمەرگەمان هەبێت. دەبینین لیواکان دەیانەوێت ئەو چاکسازییە بکرێت، ئەوانەی من دەیانناسم گەندەڵ نین، هەرچەندە من دەزانم گەندەڵی هەیە، بەڵام من بۆ ئەوە لێرە نیم.
رووداو: بەڵام ئایا نیگەرانن لەوە؟
کۆلۆنێڵ یان: بێگومان ئێمە هەموومان لەوە نیگەرانین، چونکە ئەوە شتێکە لە هەموو بەشەکاندا هەیە. هیوادارم کە لەو نێوەندەشدا پێشڤەچوون رووبدات.
رووداو: هیچ پێشڤەچوونێک دەبینیت؟
کۆلۆنێڵ یان: نازانم.. نازانم.. پێموانییە ئەوە هەبێت، بەڵام پرسی یەک راژەی ژمێریاری و پێدانی مووچە بە ئەلیکترۆنی زۆربەی گەندەڵییەکە دەباتە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم؛ ئێوە بەمزووانە کوردستان بەجێدەهێڵن، چ شتێکی کوردستان لەگەڵ خۆتان دەبەنەوە؟
کۆلۆنێڵ یان: ئێوە زۆر زیاتر لە هۆڵەندییەکان بەڕێزن. من زۆر راشکاوم... زۆر شت لە میواندارێتیی کورد لەگەڵ خۆم دەبەمەوە. هەروەها ئەو رێزەی کە لەنێو ئێوەدایە، کاتێک کەسێک دێتە ژوورەوە، هەمووتان هەڵدەستنەوە سەرپێ، ئێمە لە هۆڵەندا هەر دادەنیشین دەڵێین سڵاو. زۆر شت لە هەڵسوکەوتی خەڵکی کورد لەگەڵ خۆم دەبەمەوە کە لێیەوە فێربووم. هەروەها دەمەوێت لەگەڵ هاوژینەکەم لە ساڵی داهاتوو وەکو دۆستێک و گەشتیارێک بگەڕێمەوە بۆئەوەی کوردستانی جوانی پیشانبدەم، هەروەها بۆ ئەوەی پیشانی بدەم لە کوێ و لەگەڵ کێدا لەو ماوەیەدا کارم کردووە.
رووداو: زۆر سوپاس
