رووداو دیجیتاڵ محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ENKS و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا PDKS لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند "وەک هەڵوێست، کورد سیستمی فیدراڵی بە باشترین سیستم دەبینێ بۆ سووریا... زۆر لە دەوڵەتەکان، کاتێک بوونە فیدراڵی، پێشکەوتن. سەیری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بکە، هەموویان عەرەبن و لەنێو خۆیاندا بوونە فیدراڵی". دەشڵێت، "دوای تێکشکانەکانی سەرەتای ئەم ساڵ بەڕاستی، شکۆی کورد شکا. بە شکانی شکۆی کورد زۆر شت خاو بوونەوە". محەممەد ئیسماعیل، کە رۆژی 16ی ئابی 2026 لە نووسینگەی پەدەکەسە لە قامشلۆ قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی ئەوان لە کۆنگرەی داهاتووی پارتەکەیان دا ناوی کوردستان لە ناوی پارتەکەیان ناکەنەوە "هیچ گومانێک نییە لەوەی کە نایگۆڕین". هەروەها گوتی زۆر دڵگران دەبوون کە نەدەگوترا "رۆژئاوای کوردستان" و تەنیا دەگوترا "رۆژئاوا". محەممەد ئیسماعیل، کە ئێستا سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردیشە رایگەیاند کە لەو 12 پەرلەمانتارەی لە پەرلەمانی سووریادان 6 لەوانە ئەندامی ئەنەکەسەن و بۆ دوو مەبەست چوونەتە پەرلەمانی سووریا "یەکەم، بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەکانی خەڵکی خۆیان بکەن و یاساکان لە بەرژەوەندیی خەڵکی سووریا و ناوچەکەدا دابنێن؛ نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو خەڵک و پێکهاتەکانی ناوچەکە. دووەم، پەیوەندی لەگەڵ پێکهاتەکانی سووریادا دروست بکەن". دەقی هەڤپەیڤینی محەممەد ئیسماعیل لەگەڵ دلبخوین دارا: رووداو: مامۆستا محەممەد، چۆنی؟بەخێربێیت. زۆر پرس هەن قسەیان لەسەر بکەین. محەممەد ئیسماعیل: سەرچاو، بەخێربێی بۆ قامشلۆ، سەرچاو هاتی. رووداو: چاوت ساخ بێت، تەندروستیت چۆنە؟ محەممەد ئیسماعیل: باشە، زۆرجار دەڵێن لە خوداوە باشە و لە بەندەکانیشەوە کێشە نییە. رووداو: ئێستا باشە! هەم لە خوداوە باشە و هەمیش... محەممەد ئیسماعیل: سوپاس بۆ خوا باشە. رووداو: مامۆستا، 12 ئەندامی کورد لە پەرلەمانی سووریا هەن. چەندیان ئەندامی ئێوەن؟ محەممەد ئیسماعیل: لەو 12 ئەندامە، شەشیان ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردین. رووداو: شەش ئەندامتان لە پەرلەمانی سووریادان؟ محەممەد ئیسماعیل: ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردین. رووداو: پەرلەمانتاری PDKS نین؟ محەممەد ئیسماعیل: نەخێر پەرلەمانتاری پەدەکەسە نین، پەرلەمانتاری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردین. رووداو: بەڵام کاتێک پەرلەمان کرایەوە، کەسێک نەیگوت (ئێمە ئەندامی ئەنجوومەنین، یان ئەندامی پەدەکەس ین، یان سەرکردەی پەدەکەسەین). واتە، دیار نەبوو کە ئەوان لەلایەن ئێوەوە چوونەتە پەرلەمان. محەممەد ئیسماعیل: ئەنەکەسە و پەدەکەسە، هەردووکیان بۆ خزمەتی نەتەوەکەیان و خزمەتی دۆزەکەیان چوون، بۆ ئەوەی دوو کار بکەن: یەکەم، بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەکانی خەڵکی خۆیان بکەن و یاساکان لە بەرژەوەندیی خەڵکی سووریا و ناوچەکەدا دابنێن؛ نەک تەنیا بۆ کورد، بەڵکو بۆ هەموو خەڵک و پێکهاتەکانی ناوچەکە. دووەم، پەیوەندی لەگەڵ پێکهاتەکانی سووریادا دروست بکەن و نەتەوەی سووریا ئاشنا بکەن بەوەی کورد کێن و چین، چونکە بەعسییەکان ئەوەیان لە مێشکی سوورییەکاندا چاندووە کە کورد شمشێرێکیان هێناوە بۆ ئەوەی سووریا لەتبکەن و جیا ببنەوە. ئەرکی ئەندامانی پەرلەمان ئەوەیە کە لەنێو پەرلەمان نوێنەری گەلی سووریابن بەگشتی، پەیوەندیی باش دروست بکەن، راستیی کورد، داواکارییەکانی کورد، هەڵوێستی کورد، بوونی کورد، مافەکانی کورد و تایبەتمەندیی زمانی کوردی بە خەڵک بناسێنن. نەک تەنیا بچنە ئەوێ و لە دانیشتنی یەکەم دا ئاڵای کوردستان بەرز بکەنەوە و بڵێن ئێمە هاتووین. دەبێ بڵێم لە یەکەم دانیشتنەوە نابێ بەشێوەیەکی سۆزداری بێت، مەسەلەکە سۆزداری نییە. رووداو: کەواتە تۆ دەڵێی ئەوە کێشەیەکی گەورە نییە و ئاساییە کە نەیانگوتووە ئێمە کێین لێرە؟ محەممەد ئیسماعیل: نا، کێشە نییە. رووداو: بەڵام ئایا دەتوانن نوێنەرایەتیی گەلی کورد لە رۆژئاوای کوردستان بکەن؟ محەممەد ئیسماعیل: بەپێی ژمارەی پەرلەمانتاران بێت ژمارەمان کەمە، بەڵام ئەوەی حکومەت گوتی ، کردی. راستە کەمە و ئێمە ناتوانین بڵێین یان هەموو شتێک یان هیچمان ناوێت؛ هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچین. ئێمە وەک ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا، هەوڵماندا بەشدار بین و هەبین. کاتێک 12 ئەندام هەن، شەشیان ئەندامی ئەنجوومەنن. شەشەکەی دیکەیش کەسانی باش و چاکن و ئێمە هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ ناکەین لەنێوان ئەندامانی ئەنجوومەن و نوێنەرانی دیکەدا. ئەوانیش نوێنەری خەڵکی دیکەن؛ دووانیان سەر بە حکومەتن و کوردی چاک و هێژان، دووانیان سەربەخۆن و گەنجی زۆر باشن، دووانیشیان لە کۆمەڵگەی مەدەنی و پەیەدەن و سەر بە وانن و دوو گەنجی هێژان. هەموویان پێکەوە دەتوانن شتی باش پێشکێش بکەن. بنەمای سەرەکی ئەوەیە کە هەر 12 پەرلەمانتارەکە پێکەوە بتوانن پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و خەڵکانی دیکە دروست بکەن و دۆست بۆ خۆیان پەیدا بکەن، بەوشێوەیە دەتوانن ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن. رووداو: ئێستا ئێمە لە قامشلۆین، رۆژئاوای کوردستان بەشێکە لە کوردستانی گەورە، واتە یەکێکە لە چوار پارچەی کوردستان کە دابەشکراوە. ئێوە وەک ئەنەکەسە، وەک پەدەکەسە کار لەسەر ئەوە دەکەن کە لە داهاتوودا، لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی دەوڵەت دا، لە ئەرشیڤی دەوڵەت دا، لە داهاتووی سووریادا، بەڕاستی ناوی کوردستان بێت و جێگەی خۆی بگرێت؟ محەممەد ئیسماعیل: شتێکی بنەماییە. نەتەوەی ئێمە 69 ساڵ بەبێ وەستان خەباتی بۆ ماف و بوونی گەلی خۆی کردووە. 69 ساڵ خەبات، نەوەیەک رادەستی نەوەیەکی دیکەی کردووە. کەسمان ناتوانین، من ناتوانم شتێک بەبێ خەباتی پێشوو بدەمە لایەکی دیکە کە لەگەڵ فیداکاری و قوربانیدانی ئەم نەتەوەیە نەگونجێت؛ ئەمە ئەمانەتە تاوەکو نەتەوەی ئێمە دەگاتە مافە رەواکانی خۆی لەنێو کوردستانی سووریادا. راستە، ئێمە هەنگاو بە هەنگاو دەڕۆین، سیاسەت بەم جۆرەیە؛ سەرەتا هەوڵدەدەیت شتێک بەدەستبێنی و دواتر داواکارییەکانی دیکە بکەیت، بەڵام گومانی تێدا نییە کە رۆژێک لە رۆژان دەستبەرداری یەک مافی نەتەوەکەمان نابین. لەبەرئەوەی مافی نەتەوەی ئێمە لەسەر حیسابی مافی کەسی دیکە نییە. ئەگەر مافی کورد لەسەر حیسابی کەسی دیکە بێت، ئەوە کەمکردنەوەی مافی کەسێکی دیکەیە و ئەوکاتە دەمگوت ئێمە زوڵم لە کەس ناکەین، بەڵام کاتێک تۆ جەخت لە مافی رەوای گەلی کورد و تایبەتمەندیی کوردی دەکەیەوە، ئەمە زوڵمکردن نییە لە کەس، بەپێچەوانەوە، دەبێتە دەوڵەمەندییەک بۆ سووریا. کاتێک کاک نێچیرڤان هات و ئاڵای کوردی لە کۆشکی کۆماریی سووریا بەرزکرایەوە، چ شتێک لە سووریا کەم بووەوە؟ بەپێچەوانەوە، سووریا گەشایەوە، سووریا جوان بوو. ئەو مەترسییەی کە شۆڤێنیزم لەنێو کۆمەڵگەی سووریادا دروستی کردبوو، شتێکی هەڵەیە، ئەوە نادادپەروەرییە و ئەوە دەستدرێژیکردنە بۆ سەر مافی خەڵک. مافی رەوای گەلی کورد، بوونی کورد و تایبەتمەندیی کوردی دەوڵەمەندییە بۆ سووریا. ئێمە بەردەوامین لەسەر خەباتی خۆمان لەبەر خاتری نەتەوەکەمان و کوردی سووریا و، لەبەر خاتری نەتەوەی سووریاش بەگشتی. رووداو: باشە، ئێستا کاتێک قسە دەکەین، تۆ دەڵێی "کوردستانی سووریا" بەڵام لە راگەیێندراوە فەرمییەکانی ئەنەکەسە و پەدەکەسە دا ناڵێن "کوردستانی سووریا"؟ محەممەد ئیسماعیل: بەڵێ چۆن نایڵێین! ناوی پارتەکەمان پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریایە. رووداو: راستە، بەڵام ئایا لە بەیاننامە و لێدوانەکانتاندا زیاتر کوردستانی سووریا بەکاردێنن؟ محەممەد ئیسماعیل: بەڵێ، کاتێک هەندێک کەس دەیانگوت رۆژئاوا، دڵگران دەبووین، زۆر دڵگران دەبووین. رووداو: ئێوە دەستەواژەی رۆژئاوا بەکارناهێنن؟ محەممەد ئیسماعیل: "رۆژئاوای کوردستان" بەکاردێنین، بەڵام "رۆژئاوا"، رۆژئاوای کوێ؟ تەنیا "رۆژئاوا"؟ ئێمە زۆر دڵگران بووین، بەڕاستی قبووڵمان نەدەکرد و نەماندەویست. ئێمە هیچ کاتێک تەنیا "رۆژئاوا"مان بەکارنەهێناوە، بەڵکو "رۆژئاوای کوردستان". رووداو: مامۆستا، ئێستا بۆ نموونە پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا لە 1957 وەک یەکەم پارتی کوردی لە سووریا دامەزراوە. لە داهاتوودا ناوی کوردستان بۆ ئێوە نابێتە کێشە؟ محەممەد ئیسماعیل: بەڕاستی لە سەردەمی رژێم دا زیاتر کێشە بوو و خۆمان راگرت. خەباتێکی درێژمان کرد و کۆڵمان نەدا و بەردەوام بووین، گوێمان نەدایە هیچ قوربانیدان و زەحمەتییەک، چونکە وەک پێشتریش گوتم، هیچ ستەمێکمان لە کەس نەکردووە؛ کاتێک باسی مافەکانی خۆمان دەکەین، باسی تایبەتمەندییەکانی خۆمان دەکەین، ئەم ناوچەیە کوردن و کورد لێرە ژیاوە. ئەمڕۆ نەتەوەی کورد نەبووەتە هۆی ناکۆکی نە لە سووریا و نە لە هیچ وڵاتێکی دیکەش. ئەو ترسە، ترسی نەتەوەپەرستییە تەسکە عەرەبییەکەیە کە تەنیا عەرەب دەبینن؛ ئێمە ئێستا لەم ئاسۆیە نوێیەدا، دەڵێم لەم کەشە ئیسلامییەدا، هەر بیرۆکەیەکی دیکە بێت جگە لە رەگەزپەرستیی عەرەبی، کورد قبووڵ دەکات. ئێمەش ئامادەین خەباتی خۆمان بکەین و خۆمان بە خەڵک قبووڵ بکەین. خودای گەورە ئێمەی بە کورد دروستکردووە، با بچن داوای لێپرسینەوە لە خودا بکەن. رووداو: لە کۆنگرەی خۆتاندا، ناوی کوردستان لەسەر پارتەکەتان دەهێڵنەوە یان نا؟ محەممەد ئیسماعیل: لەلای ئێمە هیچ گومانێک نییە لەوەی کە نایگۆڕین. رووداو: کەواتە لەسەر ئەم ناوە، پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا دەمێننەوە؟ محەممەد ئیسماعیل: دەیهێڵینەوە، راستە، ئێستا هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناخە کە بزانین رەوشی سووریا لەم قۆناخی راگوزەرەدا چۆن دەگۆڕێت، بەڵام وەک پەندێکی ئینگلیزی هەیە دەڵێت (کەی لە پردەکە دەپەڕیتەوە؟ دەڵێت کاتێک گەیشتینە بەردەم پردەکە و کاتێکیش گەیشتینە بەردەم پردەکە دەزانین چۆن دەپەڕینەوە). رووداو: ئێوە هێشتا نەگەیشتوونەتە بەردەم پردەکە؟ محەممەد ئیسماعیل: نەگەیشتووینەتە بەردەم پردەکە، کاتێک گەیشتین، دەزانین چۆن دەپەڕینەوە. رووداو: باشە مامۆستا، لە ئایندەدا داهاتووی سووریا روون دەبێتەوە، داهاتووی رۆژئاوای کوردستان دیار دەبێت، دەستوور ئامادە دەکرێت. ئێوە خۆتان بۆ ئەوە ئامادە کردووە؟ بۆ نموونە لیژنەتان بۆ دەستووری نوێی سووریا ئامادە کردووە تاوەکو بزانن لە دەستووری سووریادا مافی کورد چی دەبێت؟ محەممەد ئیسماعیل: هەموو بژاردەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە. ئۆفیسێکی یاساییمان هەیە کە وەک خوێندنەوە و پێشنیاز پێشکێشی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دەکات لەبارەی دەستووری سووریا و تەنانەت بابەتی خۆبەڕێوەبەریی خۆجێیی بەرفراوانیش کە بە چ شێوازێک دەبێت. یاسای 107 هەیە کە چۆن دەکرێت بابەتی خۆبەڕێوەبەریی کەمێک بەرفراوانتر بکرێت؛ بابەتی ناناوەندێتی، بابەتی فیدراڵی. دەبێ گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتانە بکەین و بزانین چ دەستەواژەیەک بەکاربێنین باشە، کامیان بۆ ئەم قۆناخە باشترە و ئێمەش خۆمان بۆ ئەوە ئامادەکردووە. خاڵی سەرەکی بەرژەوەندیی نەتەوەکەمانە، بوونی بنەڕەتیی نەتەوەی کورد، مافە رەواکانی گەلی کورد و، بەشدارییەکی راستەقینە لەم وڵاتەدا. ئەگەر ئەم شتانە هەبن، ئەگەر باوەڕبوون بە کورد دروست ببێت و باوەڕ بە پارتە کوردییەکانیش دروست دەبێت؛ باوەڕ بە بەرنامەکەمان دروست دەبێت. بەرنامەیەکی نیشتمانیمان هەیە کە جوانە و داوای بەشدارییەکی راستەقینە دەکات، نەک ئەوەی پۆستێکمان بدەنێ، یان پلەوپایەیەکمان پێببەخشن. ئەوە نابێتە هاوبەشیی راستەقینە و ئەوە مافی کورد نییە؛ بەشداریی راستەقینە ئەوەیە شتێکت پێبدرێت لەبەرئەوەی تۆ کوردی. رووداو: کەواتە ئێوە ئامادەنین هیچ پۆستێکی حکومی وەربگرن؟ محەممەد ئیسماعیل: پۆستەکان وەردەگرین، بەڵام نەک لەسەر بنەمای کەسی. واتە ئەگەر بە من بڵێن وەرە تۆ وەک کەس ببە شتێک، ئەگەر پۆست هەبێ دەبێ وەک کوردبێت نەک کەسیی؛ ئەگەر وانەبێت واتە ئێمە هیچمان دەستنەکەوتووە. سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی راگوزەری سووریا بانگهێشتی دیمەشقیان کردین، گوتیان “بەڕێزانی هێژا” واتە وەک کەس و بە ناوی خۆمانەوە، ئێمەش نەچووین، گوتمان یان بە ناوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی، یان بە ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا، یان بە ناوی نوێنەرانی کوردەوە دێین. بە هەر شێوازێک بێین، دەبێ تەنیا وەک کورد بێت. ئێمە ئەو هەموو ساڵە خەباتمان بۆ کوردایەتی کردووە نەک بۆ کەسی خۆمان. لە کۆتاییدا من وەک محەممەد ئیسماعیل بچمە دیمەشق، پێویستم بەو پلەوپایەیە نییە. رووداو: واتە دەتانویست وەک ئەنجوومەنی کوردی بە فەرمی بانگهێشت بکرێن؟ محەممەد ئیسماعیل: بانگهێشت کراین، دوای چوار مانگ وەک ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی بانگهێشت کراین؛ یەکەم پێکهاتەی سیاسیی سووریا بووین کە بە ناوی پێکهاتەی سیاسییەوە بانگهێشت بکرێت ئەویش ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی بوو، دواتریش لەم ماوەی دواییدا ئەنجوومەنی تورکمانیش بانگهێشت کرا. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هێزێکی سیاسیی سووریا وەک هێزی سیاسی بانگهێشت نەکراون جگە لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی و ئەنجوومەنی تورکمانی. رووداو: باشە، ئێوە داوای چ جۆرە سیستمێک دەکەن بۆ سووریا؟ سەردەمێک دەتانگوت فیدراڵی، سەردەمێک دەتانگوت ناناوەندێتی. ئایا هیچ گۆڕانکارییەک لە بۆچوونەکانتاندا روویداوە یان نا؟ ئەنەکەسە و پەدەکەسە چ جۆرە سووریایەکیان دەوێت؟ محەممەد ئیسماعیل: وەک هەڵوێست، کورد سیستمی فیدراڵی بە باشترین سیستم دەبینێ بۆ سووریا، بۆ داهاتوو و بۆ چارەسەرکردنی زۆر لە کێشەکانی سووریا. زۆر لە دەوڵەتە فیدراڵییەکان، کاتێک بوونە فیدراڵی، پێشکەوتن. سەیری ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بکە، هەموویان عەرەبن و لەنێو خۆیاندا بوونە فیدراڵی، واتە هیچ کێشەیەک نییە؛ کێشەکە ئەوەیە ئەوان وابیردەکەنەوە کە دوای فیدراڵی جیابوونەوە دێت. فیدراڵی بە ئینگلیزی واتە یەکگرتوویی، واتە یەکێتی، بەڵام ئەو رژێمانە واتێگەیشتوون کە جیابوونەوەیە. ئەوە باشترین سیستمە. ئەوە نەهاتەدی، بەڵام ئێستا لەبەرئەوەی خۆمان وەک ئۆپۆزیسیۆن پێشان نەداوە و نامانەوێت ئاڵنگاری دروست بکەین، دەڵێین ناناوەندێتی. ناناوەندێتیش هەیە، لە ناناوەندێتیی کارگێڕییەوە تاوەکو ناناوەندێتیی سیاسی؛ ناناوەندێتیی سیاسیش فیدراڵی یە. فیدراڵی هەر وڵاتێک وەک ئەوی دیکە نییە؛ فیدراڵی ئیمارات وەک ئەوەی ئەڵمانیا نییە، ئەوەی ئەڵمانیا وەک فیدرالیی سویسرا نییە، ئەوەی سویسرا وەک ئەمریکا نییە. هەر وڵاتێک بەپێی خۆی، بەپێی نەتەوەکەی، چۆن دەتوانێ تایبەتمەندیی خۆی بپارێزێت رێککەوتنیان کردووە؛ ئێمەش دەکرێت گفتوگۆ لەسەر فیدراڵیەتێک بکەین کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی سووریا و نەتەوەکەماندا بگونجێت. ئەگەر تاوەکو ئێستا نەتەوەی عەرەب یان حکومەتی سووریا و بارودۆخی سیاسی و نێودەوڵەتییەکەی بۆ ئەمە ئامادە نەبێت، دەتوانین لەسەر ناناوەندێتی قسە بکەین، تەنانەت بڕیارنامەی بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکانیش فراوانتر بکەین. بۆ نموونە، پارێزگار لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دادەنرێت؛ ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵدەبژێردرێت. بۆ نموونە لە پارێزگای حەسەکە 15 کەس هەڵبژێردران، گوتمان با ئەو 15 کەسە یەکێک لەنێو خۆیان بکەنە پارێزگار، ئەمە دەبێتە ناناوەندێتی، واتە پارێزگار لە ناوەندەوە دەستنیشان ناکرێت و بە بڕیاری سەرۆککۆمار نابێت، بەڵکو دەبێت بە بڕیاری خەڵکی ناوچەکە بێت. واتە زۆر شت هەن کە دەکرێت لە یاسای 107دا بکرێن و ئاسانکاری دروست بکەن. تاوەکو ئێستا ئێمە کەمێک گەشبینین بەوەی لە حکومەتی کاتییەوە دەردەکەوێت، بۆ نموونە پرسی ئاڵای کوردی و پرسی مافەکانی کورد هێشتا نەبوونەتە کێشە. راستە مەرسوومی 13 دەرچوو، بەڵام بەس نییە، لەگەڵ ئەوەش دا هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە بەراورد بە رابردوو. بۆیە ئێمە دەڵێین دەتوانین پێکەوە گفتوگۆ لەسەر بەرژەوەندیی وڵات، بەرژەوەندیی نەتەوەکەمان، بەرژەوەندیی گەلی سووریا بەگشتی و بەرژەوەندیی تەواوی ناوچەکە بکەین بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دروستببێ و پێموایە هەموومان بەوە رازین. رووداو: کاک محەممەد کاتێک رژێمی ئەسەد رووخا، سەرۆک مەسعود بارزانی گوتی، "باشترین سیستم بۆ سووریا فیدراڵییە، بەڵام کوردی رۆژئاوای کوردستان خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدەن". واتە ئەو دەتوانێ پشتیوان بێت بۆتان و هەردەم پشتیوانیی خۆیشی دەربڕیوە؛ بەڵام ئایا کوردی رۆژئاوای کوردستان، لەسەر داهاتووی خۆیان لە سووریای نوێ دا هاوڕان؟ محەممەد ئیسماعیل: ئێمە هەموومان بۆ داهاتووی خۆمان خەبات دەکەین. نەوەی ئێمە تەمەنمان رۆیشت، من لە نەوەی پێشووم؛ ئێمە بۆ نەوەکانی داهاتوو خەبات دەکەین. رووداو: من تەنیا باسی ئەنەکەسە و پەدەکەسە ناکەم، باسی کورد دەکەم. محەممەد ئیسماعیل: سەیرکە، دۆخێک هاتە پێشەوە، بۆ نموونە مانگی یەکی ئەم ساڵ لە ئەشرەفییە، شێخ مەقسوود، ئەو کارەساتانەی دروستبوون، لە دێرحافیرەوە تاوەکو تل کۆچەر. بەڕاستی، شکۆی کورد شکا. بە شکانی شکۆی کورد زۆر شت خاو بوونەوە. ئاستی گوتاری کوردیش بیری لە واقیعێک کردەوە؛ گوتاری رقوکینە لەلای عەرەبەکان زیادی کرد. ئەو ئومێدەی کە دەیگوت راستەوخۆ بەرەو فیدراڵی دەچین، ئەو هیوایە کەمێک دابەزی. لەبەر ئەو هۆکارە، کورد ناچارە سیاسەت بکات. ئێمە ناچارین لە سووریا بگەیێنین کە ئێمە نەهاتووین ئەم وڵاتە دابەش بکەین و تەنیا بەدوای تایبەتمەندییەکانی خۆمانەوە بین. ئێمە دەڵێین هەموو پێکهاتەکان هەن؛ کورد هەن، تورکمان هەن، سریانی و ئاشووری هەن، پێکهاتەی ئایدیۆلۆجی هەن، سۆسیالیست هەن، ئاییندار هەن. لە سووریادا دەبێ شوێنی هەموو کەسێک هەبێت. سووریا ئیتر ئەو سووریا یەکڕەنگە نییە؛ ئێمە یەکین، سووریاین، بەڵام بە جیاوازییەکانی خۆمانەوە. جیاوازی و جۆراوجۆری هەیە، بەڵام ئێمە سووریاین ! ئەگەر بڕوا بە فرەنەتەوەیی، فرەپارتی، فرەئایینی هەبێت، ئەگەر ئەوە هەبێت دڵنیایی لەنێو تەواوی کۆمەڵگەی سووریاییدا دروست دەبێت. رووداو: شتێکی دیکە، نێوانتان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر چۆنە؟ محەممەد ئیسماعیل: هیچ شتێک لەنێوان ئێمە و بەڕێوەبەرایەتیدا نییە، لە رۆژی یەکەمەوە نە باوەڕمان پێیبووە، نە چووینەتە نێو دامەزراوەکانی و نە بووینەتە هاوبەشی پرسەکانی؛ ئەگەر شتێکی باشیان هەبێت بۆ خۆیانە و ئەگەر خراپەیەکیشیان هەبێت، گەندەڵی و دزی بێت هەر بۆ خۆیانە. رووداو: دەتانەوێت بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بمێنێتەوە یان نەمێنێت؟ محەممەد ئیسماعیل: چوار ئیدارەی سووریا هەبوون: ئیدارەی حکومەت بوو، حکومەتی رزگاری (ئینقاز) بوو لە ئیدلب، حکومەتی کاتیی ئیئتیلاف بوو و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر؛ لەوانەیە حکومەتی رزگاری کەمێک لەوانیدیکە باشتر بووبێت، بەڵام سێیەکەی دیکە شکستیان هێنا؛ ئەوەی ئیئتیلاف، ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و ئەوەی حکومەتیش سەرکەوتوو نەبوون و رۆیشتن. هەموو شتێک ئاشکرا بوو، هەموو شتێک روونبووەوە، کێ راستگۆ بوو و کێ نادروست بوو و کێش تۆڵەی دەکردەوە؛ ئەو قۆناخە تێپەڕی و ئاشکرا بوو. لەبارەی لایەنی پەیەدە کە پەیوەستبوو بە بیری پەکەکەوە، حەز دەکەین یەکهەڵوێستیی کوردی هەبێت، پێویستە پێکەوەبین، حەز بکەین یان نا جیاوازی لە بۆچوونەکانماندا زۆرە، بەڵام ناچارین پێکەوەبین؛ ئێمە وەک ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی، هیچ ئەجێندایەکمان نییە بۆ تێکدانی یەکهەڵوێستیی کوردی. حەزدەکەین یەکهەڵوێستیی کوردی لە سنووری گونجاودا دروست بکەین، لانیکەم بە پەیماننامەیەک، بە بەرەیەک، کارێکی هاوبەش بکەین، تاوەکو لانیکەم لە داهاتوودا شەڕی یەکدی نەکەین، چونکە نەتەوەکەمان ماندووە بە گوتار و دروشمەکان، کێ راستە و کێ هەڵەیە 15 ساڵە لەم رەوشەدایە. دەبێ پێکەوە لەگەڵ ئەو حکومەتە کاتییە نوێنەرایەتیی نەتەوەکەمان بکەین و بتوانین شتی باش بۆ نەتەوەکەمان بەدەستبێنین. ئەم ناکۆکییانەی لەنێوانماندا دروست دەبن حکومەت سوودیان لێوەردەگرێت؛ کاتمان دەڕوات و تەمەنمان بەسەردەچێت و ئەوەش لەسەر حیسابی نەتەوەکەمانە. رووداو: بۆ زمانی کوردی، ئێوە دەتانەوێت زمانی کوردی لە ناوچە کوردییەکان زمانی فەرمی بێت و لە دەستووری سووریادا جێگیر بێت؟ محەممەد ئیسماعیل: بێگومان، زمانی کوردی یەکێکە لە داواکارییە سەرەکییەکانمان. ئێمە لە سەردەمی پێشوودا بە نهێنی خەڵکمان فێری ئەلفوبێی کوردی دەکرد و تاوەکو ئێستاش نەتەوەکەمان پێوەی پابەندە و شانازی بە زمانی خۆیەوە دەکات، شانازی بە خوێندنی کوردییەوە دەکات؛ شانازییە کە نەتەوە قوربانی لەپێناوی زمانەکەیدا بدات. یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانمان نەک تەنیا بۆ زمانی کوردی وەک خوێندن، بەڵکو هەموو کولتووری کوردی، مێژووی نەتەوەی کورد، چیرۆک، پەند، ئەدەبیات و وێژەی کوردی دەبێ دیاری بکرێن؛ مادام کورد هەیە، دەبێ پارتیی کوردی هەبن، دەبێ زمانی کوردیش هەبێت، دەبێ پەرتووکی کوردی، مێژوو و چیرۆکی کوردیش هەبن. رووداو: زمانی کوردی و پەروەردە بە زمانی کوردی یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانتان دەبێت لە دیمەشق؟ محەممەد ئیسماعیل: فەرمانی 13 دەرچوو، گوتمان ئەوە کەمە و بەس نییە، چونکە مەسەلەی زمانی کوردی تەنیا ئەوە نییە فێری زمانی خۆمان بین، بەڵکو دەبێ خوێندن بە زمانی کوردی هەبێت، لەبەرئەوەی بە تەنیا زانین نییە بەڵکو فێربوونی زمانەکەی خۆتە، بۆ ئەوەی گەلی کورد زمانەکەی باشتر فێربێت و ببێتە یەکێک لە زمانەکانی سووریا؛ ئەمەش دەبێتە دەوڵەمەندییەک بۆ سووریا و کەموکوڕی نییە، زمانی کوردی دەوڵەمەندییە بۆ ئەم وڵاتە. نەتەوەی ئێمە لەسەر خەباتی خۆی بەردەوامە؛ بەڕاستی ئەمە یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانمان. رووداو: لێرە هەموو قوتابخانە و زانکۆکان بە زمانی کوردی بوون و ئێستا هەوڵدەدرێت ئەمە بەردەوامبێ و حکومەتیش دانی بە بڕوانامەکانیان دانا. محەممەد ئیسماعیل: بەڵێ، ئەگەر ئێمە لەگەڵ ئیدارەکەدا هاوڕا نەبووبین، ئەمە بەو واتایە نایێت کە لەسەر زمانی کوردیش هاوڕانین؛ زۆر خاڵی هاوبەشمان هەن، ئێمە پێکەوە کوردین. داوکاریی و ژیانمان یەکە، لەوانەیە بۆچوونمان لە شێوازی خەبات دا جیاوازبێت، بەڵام لە پرسی زمانی کوردی، ئەدەب و کولتووری کوردی دا، کورد هەموویان یەکن. رووداو: کاک محەممەد، نێوانتان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) چۆنە؟ محەممەد ئیسماعیل: ئێمە زۆر کارمان پێکەوە کردووە. دانیشتن و دیداری زۆرمان ئەنجامداوە؛ لەوانەیە زۆرجار گفتوگۆی تووندیش لەنێوانماندا دروست بووبێت، بەڵام ئەو کەسێکی پشوودرێژە و توانیومانە لە کاتی تەنگانە و ناڕەحەتییەکانی نێو نەتەوەکەماندا پێکەوە کۆببینەوە؛ ئەو دانیشتنانەمان ناکۆکییە ناوخۆییەکانی کوردیان کەم دەکردەوە و کێشەکانیان خاو دەکردەوە. ئەمە شتێکی زۆر گرنگ و پێویست بوو. گەیشتینە ئاستێک کە زۆرجار پێکەوە لەگەڵ ئەمریکییەکان، فەرەنسییەکان، بەریتانییەکان و لەگەڵ جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دانیشتنمان کردووە. ئەو دیدارانەمان ئاسوودەییان بە نەتەوەکەمان دەبەخشی، ئەوە لەلایەک. لەلایەکی دیکەشەوە جاران کۆبوونەوەکانمان کۆبوونەوەی ناکۆکی نەبوون، بەڵام هەر کەس بۆچوونی خۆی دەردەبڕی، رەخنە و تبینیەکانیشمان باس دەکردن؛ تیمی جەنابی کاک مەزڵوومیش لە زۆر شوێن لاوە هاوکار بوون. رووداو: لە داهاتوودا پێکەوە کار دەکەن؟ محەممەد ئیسماعیل: هێڵی نێوانمان بەردەوام کراوەیە و تاوەکو ئێستا دانەخراوە، حەزیش دەکەین بە کراوەیی بمێنێتەوە و هەر شتێک لە بەرژەوەندیی نەتەوەکەماندا بێت، ئێمە ئامادەین. رووداو: زۆر سوپاس، ئەگەر لە کۆتاییدا پەیامێکت بۆ کوردی رۆژئاوای کوردستان هەبێت. محەممەد ئیسماعیل: من سوپاسی ئێوە دەکەم، دەستخۆشی لە کارمەندانی رووداو دەکەم کە لە قۆناخی رابردوودا خەباتێکی باشیان کردووە، سەرەڕای ئەوەی جەماوەری ئێمە لە هەندێک دەستەواژە زۆر رازی نەبوون. بەڵام سوپاس بۆ ئێوە، بەخێربێن بۆ قامشلۆ، سەرچاو. رووداو: زۆر سوپاس، محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەکەسە و پەدەکەسە. میوانی من بوو یان من میوانی تۆ بووم؟ محەممەد ئیسماعیل: تۆ میوانی من بوویت. رووداو: من میوانی ئەوان بووم. زۆر سوپاس، جوامێریتان نواند، بەڕاستی جوامێرن. سوپاس مامۆستا محەممەد، هەر هەبی؛ کاتی خۆت پێداین، دەزانم کارت هەیە، زۆر سوپاس و ماڵت ئاوابێت.
هەڤپەیڤین22-08-2026مەزڵووم عەبدی بۆ رووداو: پلانمان داناوە لەم مانگەدا تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریادا تەواوببێ