رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری حەسەکە و گوتەبێژی تیمی سەرۆکایەتی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ـی کانوونی دووەم، زانیاریی نوێ لەبارەی یەکخستنەوەی هێزە سەربازییەکان و فەرمانبەرانی ئیدارەی خۆسەر لەگەڵ حکومەتی سووریا ئاشکرادەکات و دەڵێت، یەپەگە دەبێتە بەشێک لە هێزەکانی ناوخۆ و زیاتر لە 20 هەزار فەرمانبەریش یەکخراون.
ئەحمەد هیلالی، جێگری پارێزگاری حەسەکە، رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، لە پەراوێزی پێشانگەی نێودەوڵەتیی دیمەشق، لە هەڤپەیڤینێکی کورتدا لەگەڵ سۆلین محەممەدئەمین، پەیامنێری رووداو لە دیمەشق رایگەیاند، پرۆسەی یەکخستنەوەی (دەمج)ـی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر و هەسەدە بۆ نێو سیستەمی دەوڵەتی سووریا بەردەوامە.
سەبارەت بە چارەنووسی هێزە چەکدارەکان، هیلالی ئاشکرایکرد: "یەپەگە (YPG) دەبێتە بەشێک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سووریا (قوی الامن الداخلی)؛ ئەوان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ کۆبوونەتەوە و لەسەر رێککەوتنن کە بەپێی پێویستییەکانی وەزارەت رێکبخرێنەوە."
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە چوار هەزار ئەندامی هەسەدە ماوەی سێ مانگە مووچەکانیان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا وەردەگرن، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێ لەدوای راگەیێندراوەکەی مەزڵووم عەبدی.
لەبارەی دۆسیەی فەرمانبەرانەوە، جێگری پارێزگاری حەسەکە گوتی: "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 هەزار فەرمانبەر یەکخراون. ئەم پرۆسەیە بەردەوام دەبێت و بەپێی وەزارەتەکان و نووسینگەکانی جێبەجێکردن لە پارێزگاکانی حەسەکە و حەلەب، کێشەی مووچەی هەمووان چارەسەردەکرێت."
هیلالی مژدەی ئەوەیدا کە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ دوای مانگێکی دیکە دەبێتە "فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی" و رایگەیاند کە 80%ـی کارەکانی تەواوبووە. سەبارەت بە دەروازەی سێمالکا، هیلالی گوتی: "هەنگاوی باش نراوە بۆ ئەوەی ببێتە دەروازەیەکی فەرمی."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: دەتوانین وات بناسێنین کە بەرپرسی یەکخستنەوەی پەروەردەی؛ بڕیاری کۆتایی لەبارەی چارەنووسی قوتابییان چییە؟
ئەحمەد هیلالی: بێگومان من بۆ ئەم بۆنەیە لێرەم لە کۆشکی کۆنفرانسەکان، 64ـەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی دیمەشق. زۆر شاندی بیانی لێرەن، دوای ئەوەی سووریا لە لیستی تیرۆر دەرهێندرا. ئەم کۆنفرانسە دوای راگەیاندنی یەکخستنەوە (دەمج) هات، کە دوێنێ بەڕێز مەزڵووم عەبدی رایگەیاند، هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر بوونەتە بەشێک لەم دەوڵەتە. پرۆسەی یەکخستنەوەمان ئینشەڵڵا بەردەوامە. ئێستا پرۆسەکە کاردەکات، فەرمانبەر هەن و خەریکی گواستنەوەن بۆ ناو سیستەمی دەوڵەت.
رووداو: چوار هەزار فەرمانبەر لە حەلەب هەن، لە شەهبا، شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە هەن؛ چارەنووسی ئەمانە چی دەبێت؟ تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە؟
ئەحمەد هیلالی: زۆرن، تەنیا چوار هەزار نین. ئێستا چوار هەزار ئەندامی هەسەدە هەن کە سێ مانگە مووچەکانیان لە وەزارەتی بەرگریی سووریا وەردەگرن. زۆر لەوە زیاتریش هەن، زیاتر لە 20 هەزار فەرمانبەر یەکخراون. ئەم پرۆسەیە ناوەستێت، بەڵام شێوازی کارکردنەکەمان جیاوازە؛ بەپێی وەزارەتەکان و نووسینگەکانی جێبەجێکردن لە پارێزگاکان، چ حەسەکە بێت یان حەلەب، شێوازەکە دەگۆڕێت. ئینشەڵڵا ئەم کێشەیە چارەسەردەبێت.
رووداو: دەروازەی نسێبین کەی دەکرێتەوە و چی ئامادەکارییەکی بۆ کراوە؟
ئەحمەد هیلالی: کارکردن تێیدا بەردەوامە، کێشەکە ئەندازیارییە. چونکە شوێنە کۆنەکە بچووک بوو، ئێستا شوێنێکی فراوانتر هەیە و ئەندازیاران لێکۆڵینەوەی بۆ دەکەن. پێشبینیدەکەم لە سەری ساڵدا تەواوبێت.
رووداو: ئەی سەبارەت بە فڕۆکەخانەی قامیشلۆ؟
ئەحمەد هیلالی: فڕۆکەخانەی قامیشلۆ دوای مانگێکی دیکە ئینشەڵڵا دەبێتە فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی. دەستەی فڕۆکەوانی رایگەیاندووە کە زیاتر لە 80%ـی کارەکانی فڕۆکەخانە تەواوبوون.
رووداو: ئایا بیر لەوە دەکەنەوە دەروازەی سێمالکا ببێتە دەروازەیەکی فەرمی؟
ئەحمەد هیلالی: ئەویش ئینشەڵڵا هەنگاوی زۆر باشی بۆ نراوە. مەسەلەی کۆنسوڵخانە (لە هەرێمی کوردستان) هەیە، وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئێستا بیری لێدەکاتەوە. کاتێک کۆنسوڵخانە کرایەوە، بێگومان دەروازەی سێمالکاش دۆخی باشتر دەبێت لە نێوان ئێمە و هەرێمی کوردستاندا.
رووداو: چارەنووسی یەپەگە (YPG) چی دەبێت؟ بڕیاردراوە بچنە سەر وەزارەتی ناوخۆ یان چۆن؟
ئەحمەد هیلالی: ئێمە لەسەر ئەو بابەتە کاردەکەین. ئەوان لەگەڵ وەزیری ناوخۆ کۆبوونەتەوە و لەسەر رێککەوتنن کە یەپەگە ببێتە بەشێک لە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (قوی الامن الداخلی) ئینشەڵڵا، ئەوەش بەپێی پێویستییەکانی وەزارەتی ناوخۆ رێکدەخرێت.

