رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی مەسەدە رایدەگەیێنێت، سووریا بەرەو قۆناخێکی مێژوویی نوێ هەنگاو دەنێت و کورد دەبنە هاوبەشی سەرەکی لە بنیاتنانی "سووریای نوێ"دا. ئاشکراشی دەکات کە مەزڵووم عەبدی ئەرکە سەربازییەکەی کۆتایی دێت و وەک راوێژکاری دۆسیەی کورد لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق جێگیر دەبێت.
حەسەن محەممەد عەلی، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند، دوای چەندین رێککەوتن لەنێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا، ئێستا باس لە قۆناخێکی نوێ دەکرێت کە کورد تێیدا دەبێتە هاوبەشی راستەقینەی سیستم. ئەو دۆخەی ئێستای سووریای بە عێراقی ساڵی 2003 چواند، کاتێک سیستم گۆڕدرا و پێکهاتەکان پێکەوە وڵاتیان بنیاتنایەوە.
مەزڵووم عەبدی لە کۆشکی سەرۆکایەتی
سەبارەت بە رۆڵی نوێی فەرماندەی گشتیی هەسەدە، حەسەن محەممەد عەلی گوتی: "ئەمە گۆڕانکارییەکی مێژووییە؛ مەزڵووم عەبدی بەرەو کۆتایی کارە سەربازییەکانی دەچێت و لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق وەک راوێژکاری کێشەی کورد جێگیر دەبێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە عەبدی بەرپرسی بەدواداچوونی دۆسیە گەورەکانی کورد دەبێت کە زمان، کولتوور و مافە دەستوورییەکان لەخۆدەگرێت.
لەبارەی کەسایەتییەکانی دیکەوە، بەرپرسەکەی مەسەدە ئاشکرای کرد کە ئیلهام ئەحمەد لە پۆستێکی سیاسی یان پەرلەمانیدا جێگیر دەبێت و کەسایەتییە سەربازییەکانی وەک سیپان حەمۆش رۆڵیان دەبێت لە بنیاتنانەوەی "سوپای نوێی سووریا"دا.
حەسەن محەممەد عەلی جەختی لە پرسی زمان کردەوە و رایگەیاند: "حکومەتی سووریا قبووڵی کردووە کە زمانی کوردی لە هەموو قۆناخەکانی خوێندن، لە سەرەتاییەوە تاوەکو زانکۆ، بەکاربهێندرێت." گوتیشی ئامانجیان ئەوەیە کوردی ببێتە زمانێکی فەرمی و دەستووری و هەموو وانەکانی مێژوو و ئەدەبیات بەو زمانە بخوێندرێن.
بە گوتەی بەرپرسەکەی مەسەدە، مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق وەک ناوەندێک بۆ کاروباری کورد کار دەکات و لەوێوە لەگەڵ هەموو پارتە کوردییەکان، لەوانە (ئەنەکەسە)، دانوستاندن دەکات بۆ گەیشتن بە سیاسەتێکی نیشتمانیی هاوبەش؛ ئەوەشی وەک "دەرفەتێکی مێژوویی" بۆ یەکگرتوویی کوردان وەسف کرد.
حەسەن محەممەد عەلی ئاماژەی بەوە کرد، مەسەدە بڕیاری داوە کۆنگرەی خۆی ببەستێت بۆ گونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سووریا. گوتیشی: "دەمانەوێت پسپۆڕانی کورد لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کار بکەن؛ تێکۆشانی نوێمان بەم شێوەیە لە ناوخۆی دەوڵەتدا بەردەوام دەبێت بۆ چەسپاندنی مافەکانمان."
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ حەسەن محەممەد عەلی:
رووداو: کاک حەسەن، بەخێرهاتی. ئەمە چی بوو لە دیمەشق؟ لەناکاو مەزڵووم عەبدی دەرکەوت، هەسەدە هەڵوەشایەوە و دەگوترێت دەبێتە راوێژکاری سەرۆکایەتیی سووریا بۆ کاروباری کورد. تۆ لەسەر ئەمە چی دەڵێیت؟
حەسەن محەممەد عەلی: دوای رێککەوتنی بنەڕەتیی 10ـی ئادار کە پێکهات، چەند رێککەوتنێکی دیکەش کراون. ئێمە ئێستا لە سووریا دوای کەوتنی سیستم، گفتوگۆ لەسەر سووریایەکی نوێ دەکەین؛ چۆن بەڕێوەدەچین و کورد چۆن دەبنە هاوبەش.
بۆ ئەمە هەوڵەکانمان دا تاوەکو رێککەوتن بکرێن. هەسەدە چوو بۆ دیمەشق و 10ـی ئادار رێککەوتنێکی کرد، دوای ئەوە لە مانگی یەک و لە مانگی نیسانیشدا رێککەوتن کران. سووریایەکی نوێ لەنوێوە بنیات دەنرێتەوە و لەم سووریا نوێیەدا دەبێت ئێمە ببینە شەریک. وەک ئەو کاتەی سیستم لە عێراق لە ساڵی 2003ـدا رووخا؛ هەموو پێکهاتەکان بەتایبەت کورد و شیعە عێراقیان لەنوێوە بنیاتنایەوە.
ئەمە گۆڕانکارییەکی مێژووییە. قۆناخی تێکەڵکردنی ئەم دۆسیانە کاتی دەوێت. پێشتریش بەڕێز مەزڵووم عەبدی ئاشکرای کردبوو کە ئێمە بەرەو کۆتایی دەچین. ئەمانە هەنگاون؛ ئیدی لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق گفتوگۆیان لەسەر ئەمە کرد و گوتیان ئێمە ئەم قۆناخە کۆتایی پێدەهێنین. ئیدی قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات. ئەمە بڕیارێکی مێژووییە. کێشەی کورد کە پێشتر لە دەرەوەی دەوڵەت گفتوگۆی لەسەر دەکرا، ئێستا لە ناوخۆی دەوڵەتدا دەبێتە بەشێک لە سیاسەتی دەوڵەت و دەستوور.
رووداو: بەڕێز مەزڵووم عەبدی تاوەکو ئێستا ژەنەراڵ و فەرماندەی گشتیی هەسەدە بوو. ئیدی چ پۆستێک وەردەگرێت؟ رۆڵی ئەو لە داهاتوودا چی دەبێت؟
حەسەن محەممەد عەلی: من بڕوام وایە رۆڵێکی زۆر گرنگە. رۆڵە هەرە سەختەکە ئێستا دەستپێدەکات. پێشتر لە بارودۆخی شەڕدا سەنگەرەکان دیار بوون. بەڵام ئێستا لەناو دەوڵەتدا دەبێت بە دامەزراوەییبوون کار بکرێت و مافەکان لەناو دەستووردا گەرەنتی بکرێن. ئەم گفتوگۆیانەی کە هەن دەبێت ببنە تێکستی دەستووری و ببنە یاسا.
رووداو: پۆستەکەی بە فەرمی چی دەبێت؟
حەسەن محەممەد عەلی: بەپێی گفتوگۆکان، ئەو وەک راوێژکاری کێشەی کورد لە کۆشکی سەرۆکایەتی جێگیر دەبێت. ئەو بەرپرسی بەدواداچوونی ئەم دۆسیە گەورەیە دەبێت. کێشەی کورد لە سووریا ئاڵۆزترین کێشەیە. ئێستا ئەم مەسەلەیە بە شێوەیەکی رووبەڕوو لە کۆشکی سەرۆکایەتی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. کێشەی کورد تەنیا پۆستێک نییە؛ مەسەلەی زمان، کولتوور، مافە یاساییەکان و دەستوورییەکانە. کورد ئیدی دەڵێن "من کوردم و من سوورییم". رێگەکانی تێکۆشان بەپێی ئەم بارودۆخە نوێیە دەگۆڕدرێن.
رووداو: مەرسوومی سەرۆکایەتی کەی دەردەچێت بۆ ئەوەی بەڕێز مەزڵووم عەبدی ببێتە راوێژکار؟
حەسەن محەممەد عەلی: ئەمە مەسەلەیەکی رۆتینی بیرۆکراتییە. من وای دەبینم لە نزیکدا دەربچێت. بۆ ئەوەی کارە پراکتیکییەکان دەستپێبکەن دەبێت ئەم مەرسوومە دەربچێت. لەسەر ئەم شتانە رێککەوتوون.
رووداو: ئیلهام ئەحمەد چ پۆستێک وەردەگرێت؟
حەسەن محەممەد عەلی: بۆ ئیلهام ئەحمەدیش گفتوگۆ هەیە. مەسەلە تەنیا پۆستەکان نین. بەڵکو لە پەرلەمان یان لە لیژنەی کاروباری دەرەوەدا جێگەیەکی دەبێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە ئەم پۆستانە رێگە لەبەردەم چارەسەری کێشەی کورد بکەنەوە. کورد لە بواری سیاسی، یاسایی و ئەمنیدا دەبنە شەریکی سەرەکی.
لە بواری سەربازیشدا وەک بەڕێز سیپان حەمۆ، ئەوان سوپای عەرەبیی سووریای نوێ بنیات دەنێن. کورد دەبنە بنەمای بنیاتنانی سووریای نوێ. کورد چیدی نایانەوێت لە دەرەوە بمێننەوە، دەیانەوێت مافەکانیان لە دەستووردا جێگیر بکەن.
رووداو: مەسەلەی زمان زۆر گرنگە. حکومەت قبووڵی دەکات کە زمانی کوردی لە ناوچەی کوردان ببێتە زمانی فەرمیی خوێندن؟
حەسەن محەممەد عەلی: گفتوگۆکانی سەر زمان بەردەوامن. ئەم مەسەلەیە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. دەبێت گەلەکەمان بتوانێت بە زمانی خۆی بخوێنێت و پەروەردە بێت. ئەمە مافێکی بنەڕەتییە و ئێمە دەمانەوێت لە ناو سیستمی نوێدا ئەمە قبووڵ بکرێت.
مەسەلەی زمان بۆ ئێمە تێکۆشانێکە. تەنیا فێربوونی زمان نییە، نەتەوەی کورد خۆی بە زمانی خۆی دەدوێت. مەسەلە ئەوەیە ئێمە چۆن زمان لە ژیاندا، لە خوێندندا لە سەرەتاییەوە تاوەکو زانکۆ بەکاربهێنین. ئەم بابەتەی کە لە نێوانماندا هەیە، ئەوانیش قبووڵیان کردووە. دەبێت ئەم زمانە ببێتە گەرەنتییەکی دەستووری و ببێتە زمانێکی فەرمی.
دوای ئەوەی مەرسوومەکە دەردەچێت، ئێمە لەسەر ئەم بابەتانە کار دەکەین کە چۆن بەکاریبهێنین. تێکۆشانی نەتەوەکەمان لە لایەنی زماندا دەبێتە گەرەنتییەکی دەستووری. ئەو کەسانەی پۆستەکانی دەوڵەت وەردەگرن، لە ناوخۆی دەوڵەتدا بۆ ئەم مافە کار دەکەن.
رووداو: ئایا حکومەتی سووریا ئامادەیە زمانی کوردی لە ناوچەی کوردان ببێتە زمانی فەرمیی خوێندن؟ دەگوترێت دیمەشق گوتوویەتی تەنیا وانەکانی ئەدەبیات بە کوردی بن و ئەوانی دیکە بە عەرەبی بن.
حەسەن محەممەد عەلی: ئێستا لە سووریا دەستوورێکی نوێ نییە. کاتێک لیژنەی دەستوور دروست دەبێت، دەبێت کوردی لە پرۆگرامی خوێندندا وەک زمانێکی فەرمی جێگەی ببێتەوە. لە هەنگاوی یەکەمدا دەبێت هەردوو لایەن لەسەر ئەم بنەمایە رێکبکەون. ئامانجمان ئەوەیە هەموو وانەکانی مێژوو، ئەدەبیات و وانەکانی دیکە بە کوردی بخوێندرێن. ئێمە کوردی دەکەینە زمانی فەرمیی سووریا.
رووداو: لایەنە کوردییەکانی دیکە وەک ئەنەکەسە و پارتەکانی دیکە لەم قۆناخەدا جێگەیان دەبێت؟ پەیوەندیی ئێوە و ئەوان لە چ ئاستێکدا دەبێت؟
حەسەن محەممەد عەلی: کێشەی کورد کێشەی پارتێک نییە، کێشەی هەموو گەلی کوردە. بەڕێز مەزڵووم عەبدی وەک ناوەندێک بۆ کاروباری کورد دیاری کراوە. ئەو لە کۆشکی سەرۆکایەتی لەگەڵ هەموو پارتە کوردییەکان، چ ئەنەکەسە بێت و چ لایەنەکانی دیکە، لەگەڵ هەموویان گفتوگۆ و مامەڵە دەکات. مەزڵووم عەبدی تەنیا نوێنەری لایەنێک نابێت، ئەو لە کۆشکی سەرۆکایەتی بۆ هەموو کوردان دانوستاندن دەکات تاوەکو سیاسەتێکی هاوبەش پەیڕەو بکرێت. ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کوردان کە لە ناو دەوڵەتدا ببنە یەک.
رووداو: مەسەدە دەمێنێتەوە یان دەگۆڕدرێت؟
حەسەن محەممەد عەلی: مەسەدە بڕیاری داوە کە کۆنگرەی خۆی ببەستێت. کاتێک مەسەدە دامەزرابوو، مەرج و بارودۆخی سووریا جیاواز بوون. ئێستا سیستەم دەگۆڕێت و ئێمە بەرەو سووریایەکی نوێ دەچین. لە کۆنگرەی مەسەدەدا بڕیار دەدرێت کە ئەم دامەزراوەیە بە چ شێوەیەک و بە چ سیستەمێک کار دەکات. ئێمە دەمانەوێت کادیرە لێهاتووەکانی کورد وەک پزیشک، ئەندازیار و پارێزەر لە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کار بکەن تاوەکو ببنە بنەمای بنیاتنانی سووریای نوێ. تێکۆشانی نوێمان بەم شێوەیە لە ناوخۆی دەوڵەتدا بەردەوام دەبێت.

