رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی کە لیژنەی داڕشتنی راگەیێندراوی دەستووری سووریا ئەمڕۆ پێنجشەممە نێوەڕۆکی دەستوورە کاتییەکەی خستەڕوو و لە لایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری وڵاتەکەوە واژۆی لەسەر کرا، فەرماندەی سەربازیی درووزەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دان بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع و دەستوورەکەدا نانێن.
لە بووڵتەنی کاژێر 19:00ی رووداودا کە دلبخوین دارا پێشكێشی کرد، بەها جەمال، فەرماندەی سەربازیی درووزەکانی سووریا گوتی: "داواکاریمان داواکاریی هەموو سوورییاییە شکۆمەندە ئازادیخوازەکانە. داوای وڵاتێکی عەلمانی دەکەین. وڵاتێکی مرۆیی کە رێز لە مرۆڤ بگرێت، بێ ئەوەی جیاکاری لەنێوان تائیفەکان و نەژادەکان بکات".
جەمال جەختیکردەوە کە درووزەکان دژی دابەشبوونی سووریان، بەڵام دەڵێت "ئەوەی لە دۆخی راستەقیندا هەیە، سیستمێکی تەکفیریی سەلەفیی ئایینی و نەژادی هەیە و سیستمێک نییە مرۆڤایەتیی پێوە دیار بێت".
سەبارەت بە راگەیێندراوی دەستووریی سووریا کە لە پێنج ساڵی قۆناخی راگوزەر لەبری دەستوور کاری پێ دەکرێت، فەرماندەی درووزەکان راشکاوانە گوتی "کاتێک دەڵێین سەرۆککۆمار، دەبێت هەڵبژاردنی رەوا لە سەرانسەری کۆمار بکرێن. ئێمە دان بە سەرۆککۆماردا نانێین. ئێمە دوای هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد دان بە سەرۆککۆماردا دەنێین. دان بە کەسێکی تیرۆرستدا نانێین".
ئەوەشی خستەڕوو کە تا ئێستا هیچ رێککەوتنێک لە نێوان درووزەکان و حکومەتی شامدا نییە و گوتیشی "هەر رێککەوتنێکیش بکرێت، پێویستە لە لایەن بەڕێز ئەبو سەلمان (حیکمەت هەجەری)، سەرۆکی رۆحیی تائیفەی درووزەوە پەسند بکرێت".
سەبارەت بە مەترسیی هێرشی حکومەتی نوێی سووریا بۆ سەر ناوچەکانیان، فەرماندە سەربازییەکەی درووزەکان دڵنیایی دا "ئێمە لێرە سوپاس بۆ خوا لە رووی سەربازییەوە ئامادەین، هەزاران سەربازمان هەیە، چەک و پێداویستیمان هەیە. ئەگەر هەر هێرشێکی سەربازی بکرێتە سەر ناوچەی جەبەل یان پارێزگاکە، ئەوا مافی ئەوەمان هەیە وەڵامبدەینەوە. بەڵام دەستپێشخەر نابین".
جەمال وەڵامی پرسیاری رووداوی دایەوە سەبارەت بە پەیوەندی درووزەکان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و رایگەیاند: "ئێمە وەک گرووپێکی چەکدار، هیچ هاوئاهەنگییەکمان نییە لەگەڵ ئەوان. بەڵام ئەوان یەکێکن لە پێکهاتەکانی گەلی سووریا".
جەمال پشتیوانی خۆی بۆ رێککەوتنەکەی مەزڵوم عەبدی لەگەڵ ئەحمەد شەرع دەربڕی، بەڵام گوتی کە نازانێت رێککەوتنەکە و بەندەکانی چۆنن، بەڵام "برایانی کورد داواکاریی رەوایان هەیە و ئەمە مافی ئەوانە دوای بکەن".
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پەیوەندی درووزەکان لەگەڵ ئیسرائیل، بەها جەمال رایگەیاند "ئێمە پەیوەندیی ئایینی و پەیوەندیی خزمایەتییمان لەگەڵ خزمەکانمان لە فەلەستین و دەوڵەتی ئیسرائیل هەیە،" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ درووزەکانی ئەودیوی سنوور، بەڵام گوتیشی "هیچ هاوئاهەنگییەکی سەربازیمان نییە. ئەگەر ئیسرائیل یارمەتیمان بدات، سوپاسی دەکەین".
لە لایەکی دیکەوە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، کۆمیتەی پسپۆرانی راسپێردراو بۆ داڕشتنی راگەیێنراوی دەستووری سووریا رایانگەیاند، نە پەرلەمان دەتوانێت سەرۆککۆمار لابدات، نە سەرۆککۆمار دەتوانێت پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و بەم نزیکانە حکومەتێک بۆ قۆناخی راگوزەر و دادگەی دەستووری پێکدەهێنرێت.
عەبدولحەمید عەواک، ئەندامی کۆمیتەکە رایگەیاند "راگەیێندراوی دەستووری، لەسەر بنەما گشتییەکان کاردەکات، بەوپێیەی کۆمیتەکە هەڵبژێردراو نییە و راگەیێنراوە دەستوورییەکەش ناخرێتە گشتپرسییەوە".
ئەو دەستوورە بۆ قۆناخی راگوزەرە کە ماوەی پێنج ساڵە، تاوەکو هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت و دەنگ لەسەر دەستوورێکی هەمیشەیی دەدرێت.
ریعان کحێلان، ئەندامێکی دیکەی کۆمیتەکە ئاماژەی بەوەدا "لە راگەیێنراوی دەستووریدا ئازادی بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا دەستەبەرکراوە، دادگەیەکی دەستووری باڵا پێکدەهێنرێت و سەرۆککۆمار ئەندامەکانی دیاری دەکات بۆ ئەوەی ئەو دادگەیە لایەنی پەیوەندار بێت بە ئاستی دەستووریی یاساکان و لێپرسینەوە لە سەرۆککۆمار".
بە گوێرەی راگەیێندراوە دەستوورییەکە، لەو پێنج ساڵەدا، ژمارەیەک لیژنە پێکدەهێنرێن، لەوانە لیژنەی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی پەرلەمانێک هەڵببژێردرێت، هەموو دەسەڵاتێکی جێبەجێکاری تەنیا لە دەستی سەرۆککۆماردا دەبن کە دەبێت کەسێکی موسڵمان بێت، بەڵام دەسەڵاتی رەهای نابێت؛ ئەنجوومەنی گەل دەسەڵاتی بانگکردن و لێپرسینەوەی وەزیرانی هەیە؛ سەرۆککۆماری راگوزەر دادگەی دەستووریی پێشوو هەڵدەوەشێنێتەوە و یەکێکی نوێ پێکدێنێت و دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆ دەبێت.
راگەیێندراوە دەستوورییەکە هەروەها دەڵێت، دەبێت مافەکانی ژنان، ئازادیی رادەربڕین و راگەیاندن بپارێزێت. ئەم راگەیێندراوە دەستوورییە لە ئەنجامی راسپاردەکانی کۆڕبەندی گفتوگۆی نیشتمانیی سووریا کە لە کۆتایی شوبات بێ بەشداریی کورد و دروزەکان بەڕێوەچوو، ئامادەکراوە.
لیژنەی ئامادەکار دەڵێت، رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە، کاریگەریی لەسەر ئامادەکردنی ئەم راگەیێندراوە دەستوورییە نەبووە.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەها جەمال، فەرماندەی سەربازیی درووزەکانی سووریا:
رووداو: هیچ رێککەوتنێک لە نێوان ئێوە و حکومەتی شامدا هەیە؟
بەها جەمال، فەرماندەی سەربازیی درووزەکانی سووریا:
هیچ رێککەوتنێک لە نێوان ئێمە و ئەواندا نییە، بە هیچ شێوەیەک. هەر رێککەوتنێکیش بکرێت، پێویستە لە لایەن بەڕێز ئەبو سەلمان (حیکمەت هەجەری)، سەرۆکی رۆحیی تائیفەی درووزەوە پەسند بکرێت."
رووداو: کام هێز فەرمانڕەوایی سوەیدا دەکات؟
بەها جەمال، فەرماندەی سەربازیی درووزەکانی سووریا:
ئێمە لێرە مەرجەعیەتی ئایینی و کۆمەڵایەتیمان لێرە هەیە؟ لە سەرووی هەموویانەوە ئەبو سەلمان (حیکمەت هەجەری) سەرۆکی تائیفەکەمان. هەر رێککەوتنێک بکرێت لە هەر لایەنێکەوە بێت، لەگەڵ رێزمان بۆ هەموو پێکهاتەکان، لای ئێمە لەم پارێزگەیە دانی پێدانانرێت، مەگەر لە لایەن بەڕێز شێخ ئەبو سەلمان (حیکمەت هەجەری)یەوە پەسندبکرێت. ئەمە ئاماژەی ئەوەیە کە لێرە لایەنێکی خاوەن دەسەڵات هەیە، بەڵام نەک دەسەڵاتی خۆسەپێنی ئەمنی، بەڵکو بە پێچەوانەوە، وەک مەرجەعیەتێکی ئایینیی بەهێز و خاوەن جەماوەری گەورە، ئەمڕۆ سێ چارەکی ناوچەی جەبەل لە ژێر فەرمانڕەوایی سەماحەتی شێخ حیکمەت هەجەریدایە، تەنانەت بەشێکی دەرەوەی پارێزگاکەش لە ژێر فەرمانڕەوایی سەماحەتی شێخدایە. قسەی یەکەم و کۆتایی لای سەماحەتی ئەبو سەلمان (حیکمەت هەجەرییە)، ئەو لە نێوخۆ، نێودەوڵەتی و لەسەر هەموو ئاستێک نوێنەرایەتیمان دەکات.
رووداو: مەترسی هەیە حکومەتی سووریا هێرشتان بکاتە سەر؟
بەها جەمال، فەرماندەی سەربازیی درووزەکانی سووریا:
نەخێر، چەندین جار گوتوومانە، هیچ حیسابێکیان بۆ ناکەین و بە لامانەوە گرنگ نییە هێرشمان بکەنە سەر یان نا. ئێمە لێرە سوپاس بۆ خوا لە رووی سەربازییەوە ئامادەین، هەزاران سەربازمان هەیە، چەک و پێداویستیمان هەیە. سوپاس بۆ خوا. بەڵام ئێمە دەستپێشخەری ناکەین. بەڵام ئەگەر هەر هێرشێکی سەربازی بکرێتە سەر ناوچەی جەبەل یان پارێزگاکە، ئەوا مافی ئەوەمان هەیە وەڵامبدەینەوە. بەڵام دەستپێشخەر نابین.
رووداو: ئێوە داوای چی دەکەن؟
بەها جەمال، فەرماندەی سەربازیی درووزەکانی سووریا:
داواکاریمان داواکاریی هەموو سوورییاییە شکۆمەندە ئازادیخوازەکانە. داوای وڵاتێکی عەلمانی دەکەین. داوای وڵاتێکی مرۆیی دەکەین کە رێز لە مرۆڤ بگرێت، بێ ئەوەی جیاکاری لەنێوان تائیفەکان و نەژادەکان بکات. ئەمە داواکارییەکانمانن. ئێمە داوای دابەشکردن[ی سووریا] ناکەین. ئێمە دژی دابەشکارین. بەڵام ئەوەی لە دۆخی راستەقیندا هەیە، سیستمێکی تەکفیریی سەلەفیی ئایینی و نەژادی هەیە و سیستمێک نییە مرۆڤایەتیی پێوە دیار بێت. بە پێچەوانەوەیە. ئێمە سەرکۆنەی ئەو کۆمەڵکوژیانە دەکەین کە بەرامبەر بە خەڵکەکەمان لە ناوچە کەنارییەکان کران. چونکە ئەوان خەڵکی سڤیل بوون و پەیوەندییان بە هیچ شتێکەوە نەبوو و پاشماوەی رژێم نەبوو وەک ئەوەی کە ئەحمەد شەرع و دەستەی تەحریر شام بانگەشە دەکەن. هەڵیانکوتایە سەر ئەوان و خراپترین تاوانی دژی مرۆڤایەتییان کرد. ئێمە داوای وڵاتێک دەکەین کە دادپەروەری و یەکسانی تێیدا سەروەر بێت.
رووداو: ئێوە ئەم دەستوورە کاتییەی کە ئەحمەد شەرع واژۆی کردووە قبوول دەکەن؟
بەها جەمال، فەرماندەی سەربازیی درووزەکانی سووریا:
کاتێک دەڵێین سەرۆککۆمار، دەبێت هەڵبژاردنی رەوا لە سەرانسەری کۆمار بکرێن. ئێمە دان بە سەرۆککۆماردا نانێین. ئێمە دوای هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد دان بە سەرۆککۆماردا دەنێین. دان بە کەسێکی تیرۆرستدا نانێین کە بە تیرۆرست پۆڵێنکراوە [...] پێویستە هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد بکرێت. تاوەکو ئێستا دەستوورمان نییە.
رووداو: ئێوە رێککەوتنی مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع چۆن دەبینن؟
بەها جەمال، فەرماندەی سەربازیی درووزەکانی سووریا:
ئێمە پشتیوانیی لێدەکەین. بەڵام نازانین رێککەوتنەکە و بەندەکانی چۆنن. ئێمە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بینیمان. برایانی کورد داواکاریی رەوایان هەیە و ئەمە مافی ئەوانە دوای بکەن.
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ هەسەدە هەیە؟
بەها جەمال، فەرماندەی سەربازیی درووزەکانی سووریا:
ئێمە وەک گرووپێکی چەکدار، هیچ هاوئاهەنگییەکمان نییە لەگەڵ ئەوان. بەڵام ئەوان یەکێکن لە پێکهاتەکانی گەلی سووریا. خەڵکی ئێمەن. رێزیان دەگرین و شانازییان پێکەوە دەکەین. بەڵام وەک هاوئاهەنگیی سەربازی، هیچ هاوئاهەنگییەک لە نێوان ئێمە و ئەواندا نییە. رەنگە پەیوەندییانە لەگەڵ هەندێ رەوت و گرووپی ئێرەدا هەبێت، بەڵام ئێمە خۆمان هیچمان کارێکی سەربازی و سیاسیمان لەگەڵ ئەواندا نییە.
رووداو: هیچ هاوئاهەنگییەک لە نێوان ئێوە و ئیسرائیلدا هەیە؟
بەها جەمال، فەرماندەی سەربازیی درووزەکانی سووریا:
ئێمە پەیوەندیی ئایینی و پەیوەندیی خزمایەتییمان لەگەڵ خزمەکانمان لە فەلەستین و دەوڵەتی ئیسرائیل هەیە. بەڵام هیچ هاوئاهەنگییەکی سەربازیمان نییە. ئێمە تەنیا پەیوەندیی ئایینیمان هەیە. بەڵام وەک هاوپەیمان، مافی خۆمانە هاوپەیمانمان هەبێت، چ دەوڵەتی ئیسرائیل بێت یان دەوڵەتێکی دیکە بێت. هەر وڵاتێکی دۆست دەستی یارمەتیمان بۆ درێژ بکات، دەستمان بۆی درێژ دەکەین و کێشەمان لەگەڵ ئەوەدا نییە. پێشتر پێشوازیمان لە هەڵوێستەکانی ئیسرائیل کرد و سوپاسیان دەکەین کە پشتیوانی لە ستەملێکراوان دەکەن، چونکە ئەوەی لە ناوچە کەنارییەکان روویدا، ستەم بوو. ئێمە ئەوە رەتدەکەینەوە. ئێمە مافی خۆمانە هاوپەیمانێکمان هەبێت. ئەگەر ئیسرائیل یارمەتیمان بدات، سوپاسی دەکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ