رووداو دیجیتاڵ
کۆتایی مانگی رابردوو مارتن هووت، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە. لەم هەڤپەیڤینە تایبەتەدا لەگەڵ رووداو، مارتن هووت باس لە هەڵوێستی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەکات لەسەر رووداوەکانی عێراق و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا. هەروەها باسی ئەو کار و چالاکییانە دەکات کە یەکێتیی ئەوروپا بۆ هاریکاریکردنی خەڵکی عێراق پێشکەشیان دەکات.
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو لەبارەی ئەوەی کە بوونی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق رێگە بەوەدەدات عێراق سەقامگیرییەکی ناوخۆیی بەخۆیەوە ببینێت؟ مارتن گووت گوتی "نەخێر... وەڵامی روون بەدڵنیاییەوە نەخێرە. پێویستە دەوڵەت تاکە هێزی سەربازی بێت. هەر وڵاتێک لە جیهاندا پێویستە چەکی بەدەستبێت و رۆڵ ببینێت نەک گرووپەکان. ئەم رەوشەی ئێستا قبووڵنەکراوە. پێموایە حکومەتی عێراقیش بەباشی ئاگاداری ئەو راستییەیە."
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ مارتن هووت، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق
رووداو: پێمخۆشبوو یەکمانبینی
مارتن هووت: سوپاس بۆ بانگهێشتکردنی من، خۆشحاڵم کە لە رووداوم، زۆرم لەبارەیەوە بیستووە.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز لەدوای دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی رەوشی عێراق چۆن دەبینی؟
مارتن هووت: لەگەڵ دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی وەک سەرۆکی حکومەتی عێراق، سەردەمێک کۆتایی هات، وەک دەزانی سەرۆکی پێشووی حکومەت دەستی لە کارکێشایەوە، لە بەغدا بۆماوەیەکی درێژ بەدوای کەسێکدا دەگەڕان بۆ ئەوەی بیکەنە سەرۆکی حکومەت. لە هەمان کاتدا لە عێراق خۆپیشاندانی گەورە بەڕێوەچوون. شتێکی باشە کە ئەو کەسە دۆزرایەوە. شتێکی باشە کە ئێستا حکومەتێک هەیە بەتەواوی ئاگاداری کێشەکانی عێراقە. کێشەکان لە چەندین ئاستی جیاوازدان. کێشەی ئابووری، کێشەی کۆمەڵایەتی، کێشەی ئەمنی هەروەها بێگومان کێشەی سیاسی. لە سەرووی هەمووشیانەوە قەیرانی کۆرۆنا هەیە. عێراق لە یەک کاتدا رووبەڕووی چەندین کێشە دەبێتەوە. شتێکی باشە حکومەتێک هەیە کە نەک تەنیا ئاگاداری ئەو کێشانەیە، بەڵکو هەوڵیش دەدا چارەسەریان بکات. جموجۆڵی باشمان بینیوە، توانای باش هەیە، بەڵام نامەوێ ئەوە رەتبکەمەوە کە کێشەکانی ئەم وڵاتە تا بڵێی زۆرن، ئەرک و ئالنگارییەکانی ئەم حکومەتە زۆر گەورەن.
رووداو: ئایا کازمی دەتوانێ ئەو کێشانە چارەسەر بکات کە لە چەندین ساڵ لەمەوبەرەوە درووستبوون؟ وەک دەزانی حیزبە سیاسییەکانیش رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە حکومەتی عێراقدا.
مارتن هووت: پێموایە ئەوە ئەو کاتە دەردەکەوێت کە هەڵبژاردن کرا. یەکێک لە بڕگەکانی بەرنامەکەی کازمی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە. بڕیارە لە حوزەیرانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت. گرنگە هەموو هەنگاوەکان بنرێن بۆئەوەی بتوانرێ ئەو هەڵبژاردنە ئەنجامبدرێ. واتە پرۆسەی ئامادەکاری بۆ دەنگدان تەواو بکرێت. بابگەڕێمەوە سەر وەڵامی پرسیارەکەت، ئەم حکومەتە کە بەدڵنیاییەوە حکومەتێکی راگوزەرە، دەتوانێ هەموو کێشەکانی عێراق تاوەکو کاتی هەڵبژاردن چارەسەر بکات؟ بێگومان نەخێر. کاتی زۆرتری دەوێت. هەر چاکسازییەکیش، بەتایبەت لە بواری ئابووریدا، کاتی زۆرتری دەوێت. بەڵام پێویستە کێشەکان هەڵبسەنگێندرێن، نەخشە رێگەیەک دابنرێت، پاشان دەستبکرێت بە چاکسازی.
رووداو: كوشتنی خەڵك لە ماڵەكانیان و شارەكانیاندا بەردەوامە لە عێراق، ئێوەچەند جارێك كوشتنی چالاكڤان و خۆپیشاندەرانتان شەرمەزار كردووە. دەبێ حكومەتی عێراق چی بكات بۆ وەستاندنی كوشتنی ئەو كەسانە؟
مارتن هووت: لەبارەی کوشتن و هەڕەشەکردن لە چالاکڤانان، ئەگەر لەدوای سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانەوە، واتە لە ئۆکتۆبەری 2019ەوە بیانژمێرین، لانیکەم 500 کەس کوژراون. بەم دواییانە کۆمەڵێک هێرشی دیکەمان بینی بۆ سەر چالکڤانانی سڤیل، بەتایبەتی لە باشووری عێراق. ئەمە مایەی نیگەرانی قووڵە بۆ یەکێتیی ئەوروپا. ئەو هێرشانەمان شەرمەزارکردوون و بەردەوامدەبین لە شەرمەزارکردنیان.
رووداو: تەنیا شەرمەزاریان دەکەن؟
مارتن هووت: شەرمەزارمان کردوون. پێویستە ئەو هێرشانە بووەستێندرێن. لەبارەی پرسیارەکەت کە حکومەت دەتوانێ لەو بارەوە چی بکات؟ پێویستە حکومەت بەدواداچوون بکات، پێموایە دەستکراوە بە لێکۆڵینەوە و پێویستە ئەو لێکۆڵینەوانە ئەنجامیان هەبێت. هێرشکەران دەستنیشانبکرێن و دادگایی بکرێن. لەسەروو هەموویەوە، ئالنگارییەک کە هەموومان لێی ئاگادارین ئەوەیە کە پێویستە دەوڵەت رێبگرێت لە بەکارهێنرانی چەک. لە هەموو وڵاتێکی جیهاندا تەنیا دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەوڵەت مافی ئەوەیان هەیە، لەبارودۆخی دیاریکراودا، تووندووتیژی و هێز بەکاربهێنن. نابێ رێگە بدرێت لایەنی دیکە ئەو کارە بکات. تێگەیشتنی ئێمە ئەوەیە بەشی زۆری ئەو هێرش و کوشتنانە کە دەکرێنە سەر ئەو چالاکڤانانە لەلایەن گرووپی چەکدارەوە ئەنجامدەدرێن، پێویستە ئەو گرووپانە کۆنتڕۆڵ بکرێن. ئەوە کێشەیەکی گەورەی عێراقە.
رووداو: لە ماوەی رابردوودا چەندین جار مووشەك و هاوەن گیراونەتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق. ئەوە بارودۆخێكی خراپی بۆ هەبوون و كاری ئێوەی لە عێراقدا قورستر نەكردووە؟
مارتن هووت: روونە کە تووندووتیژی بە گشتی، کە ئەم هێرشە مووشەکییانە بەشێکن لێی، ژیانمان لە عێراق ئاسانتر ناکەن. وەک دیپلۆمات، لە هەر وڵاتێک بێت، بەڕاستی بۆ کارەکەت پشت بەوە دەبەستی کە بچیە دەرەوە و تێکەڵی خەڵک ببیت. لە سەدەی 21 دا دیپلۆماسی تەنیا پەیوەندی نێوان حکومەتەکان نییە، بەڵکو دەبێ تێکەڵی خەڵکی سەر شەقام ببیت. بۆئەوەی بزانی چ روودەدات و خەڵک چۆن بیردەکەنەوە. لەبەر رەوشی ئەمنی ئەمە لە عێراق زۆر سەختە. لەسەرووی هەمووشیەوە ئەو هێرشە مووشەکییانە هەن کە بە روونی دەڵێم هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەنجامدانیان. ئەو بیانووانەی کە دەیانبیستین وەڵامێکی زۆر راشکاویان هەیە؛ هیچ داگیرکارێکی بیانی لە عێراقدا نییە. هیچ هۆکارێک نییە بۆ هاویشتنی ئەو مووشەکانە. تەنیا وادەکەن ئێمە و لایەنی دیکەش نەتوانین کارەکەمان بە گونجاوی بکەین بۆ یارمەتیدانی عێراق. جگە لەوەی ئەو کارە پێچەوانەی هەموو رێسا و هەڵسوکەوتێکی نێودەوڵەتییە کە باڵیۆزخانە و دامەزراوە دیپلۆماسییەکان ئامانجی ئەو هێرشانەن. بێگومان ئەوانەی ئەو هێرشانە دەکەن کردەوەی نایاسایی و نابەرپرسیارانە دەکەن. ژیانی خەڵکی مەدەنی دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەخەنە مەترسییەوە. دەکرێ بەهۆی ئەو هێرشانەوە خەڵک بکوژرێن.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز کێ لە پشت ئەو هێرشانەوەیە؟
مارتن هووت: ئەوەی لە پشت ئەو هێرشە مووشەکییانەوەیە میلیشیا و گرووپی چەکدارن. من تەنیا باسی ئەوە دەکەم کە لەمیدیاکانەوە دەیبیستم بۆیە ئاماژەم بە ئەو قسەیە کرد کە دەڵێ لە عێراق داگیرکاریی بیانی هەیە. ئەو گرووپانەن کە لەدژی هەبوونی وڵاتانی بیانین لە عێراق و لەدژی هەبوونی هاوپەیمانانن. بیرت دەخەمەوە کە یەکێتیی ئەوروپا ئەندامی هاوپەیمانی دژی داعشە لە عێراق، بەڵام بەشێوەی سەربازیی نا. ئامانجی ئەو هاوپەیمانێتییە زۆر روونە؛ یارمەتیدانی عێراق لە ئەرکێکدا کە پێموایە هەمووان لەسەری کۆکن ئەویش شەڕی دژی داعشە. بۆیە هیچ هۆکارێک نییە بۆ هێرشکردنە سەر ئەندامانی ئەو هاوپەیمانێتییە. وەکو گوتم تاوەکو ئێستا بیانوویان رووبەڕووبوونەوەی داگیرکاریی بیانییە. من هیچ داگیرکارییەکی بیانی لە عێراق نابینم.
رووداو: ئەمریکا گوتی ئێرانیش لە پشت ئەو هێرشانەوەیە.
مارتن هووت: هێرشەکان لەلایەن میلیشیای چەکدارەوە دەکرێن. من نامەوێ بڵێم ئێران دەستی تێدایە. چونکە ئەوە خاڵە گرنگەکە نییە. بەڵام بەپشتبەستن بە لێدوانی ئەوانەی هانی ئەو هێرشانە دەدەن روونە کە کێیان لەپشتە.
رووداو: گوتت ناتوانی لەبەغدا بچیتە نێو خەڵک، چەند رۆژێکە لە هەولێر و کوردستانی هیچ جیاوازییەک دەبینی لە نێوان بەغدا و هەولێر لەڕووی ئەمنیییەوە؟
مارتن هووت: سێیەم جارە سەردانی هەولێر دەکەم. ماوەیەکی زۆر نەمدەتوانی سەردانی ئێرە بکەم بەهۆی قەیرانی کۆرۆنا. ئێستا خۆشحاڵم کە دەتوانم پێنج رۆژ لێرە بەسەر ببەم، بەڵام نەک تەنیا لە هەولێر، بەڵکو بەنیازم سەردانی سلێمانیش بکەم. بۆئەوەی دەرفەتی ئەوەم هەبێت وێنەیەکی گەورەتری هەرێمی کوردستانم لەلا دروستببێت. بێگومان لێرە لە هەولێر دەتوانی بسووڕێیتەوە و وەک پێشتریش گوتومە بەئاسانی دەتوانی ببینیت و بخۆیت و بۆنبکەی. ئەوە وادەکات لێرە خۆشحاڵبیت.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز ناکۆکی نێوان تاران و واشنتن بەم دواییە زۆرتربووە، ئایا کاریگەری لەسەر کاری ئێوە هەیە لە عێراق؟ چونکە مەیدانی بەشێک لەو ململانێیە عێراقە.
مارتن هووت: بەڵێ بەدڵنیاییەوە قسەکەت راستە. ناکۆکی و ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا بە بەردەوامی لە عێراق خۆی نمایشدەکات. ناڵێم کاریگەری زۆری لەسەر کارەکەم هەیە، بەڵام ئێستا کە لە گۆڕانی رەوشی سیاسی ناوچەکە و عێراق دەڕوانین، ئەوە مژارێکە کە لێی ورد دەبینەوە و هەوڵدەدەین شرۆڤەی بکەین. با قسەیەکی لەسەر بکەم؛ لە روانگەی تایبەتی خۆمەوە، عێراق لەڕووی جیۆگرافی مێژووییەوە کەوتووەتە ناوچەیەکەوە کە جاربەجار زۆر ئاڵۆز دەبێت. کەوایە چارەنووس و تایبەتمەندی دەوڵەتێکی وەک عێراق چۆن دەبێت کە لە رەوشێکی لەمجۆرەدایە؟ بە بۆچوونی من دوو ئەگەر هەن؛ یەکێکیان ئەوەیە بگەشێتەوە بەهۆی ئەوەی کەوتووەتە ئەو ناوچەیەوە. دەکرێ ببێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی هێزە جیاوازەکان و ئەو کەسانەی لە ناوچە و دەوڵەتی جیاوازەوە دێن. دەکرێ لەسەر ئەو بنەمایە ببووژێتەوە و گەشە بکات.
هەروەها دەکرێ ببێتە دەوڵەتێک کە بناڵێنێت بەدەست ئەو رەوشە و ئەو پێگە جوگرافییەی تێیدایە. من پێموایە پێویستە عێراق لەو رەوشەوە خۆی بگوازێتەوە بۆ رەوشێکی ئەرێنی. ئەوە ئومێدی منە کە عێراق رێچکەیەک بگرێتەبەر. توانای ئەرێنی باشی تێدا دەبینم.
رووداو: بەپێی زانیاری و لێكدانەوەكانی ئێوە ئێستا مەترسی بەهێزبوونەوەی داعش لە عێراق و ناوچەكەدا زۆرە یان نا؟
مارتن هووت: لەبارەی زانیاریی هەواڵگری با شتێکت بۆ روونبکەمەوە؛ لەبەرئەوەی دامەزراوەی یەکێتیی ئەوروپا یەک دەوڵەت و یەک وڵات نییە دەزگای هەواڵگری تایبەت بەخۆمان نییە. زۆرتر پشت بە روانین و هەڵسەنگاندن دەبەستین. لەو روانگەیەوە ئەوە روونە کە تاوەکو عێراق پەرتەوازەتر بێت، تاوەکو رەوشی ئابووری عێراق خراپبێت و توووندووتیژی هەبێت، ئەگەری زۆرە گرووپی تیرۆریستی وەکو داعش دەرفەت بقۆزنەوە و بگەڕێنەوە. ئەو مەترسییە هەمیشە هەیە. ئێمە وای دەبینین شەڕی دژی داعش گەیشتووەتە خاڵێکی ئەرێنی. بەڵام هێشتا چەند شانەیەکی ماون. رەنگە پێویستیان بەوە بێت خۆیان رێکبخەنەوە یان رەنگە کێشەی داراییان هەبێت. پێویستە هەموان بەئاگابن و شەڕەکە بەردەوامبێت.
رووداو: ئێوە لەو باوەڕەدان كە بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە گرووپە چەكدارەكان لە عێراق، رێگەبدات عێراق سەقامگیرییەكی ناوخۆیی بەخۆیەوە ببینێت؟
مارتن هووت: نەخێر... وەڵامی روون بەدڵنیاییەوە نەخێرە. پێویستە دەوڵەت تاکە هێزی سەربازی بێت. هەر وڵاتێک لە جیهاندا پێویستە چەکی بەدەستبێت و رۆڵ ببینێت نەک گرووپەکان. ئەم رەوشەی ئێستا قبووڵنەکراوە. پێموایە حکومەتی عێراقیش بەباشی ئاگاداری ئەو راستییەیە.
رووداو: بوونی گرووپی چەكداری جۆراوجۆر بە ناسنامەی تائیفییەوە تاوەكو چەند زەمینەی بەهێزبوونەوەی رێكخراوەكانی وەك داعش لە عێراق خۆشدەكاتەوە؟
مارتن هووت: وەکو گوتم گرووپی وەکو داعش ئەو دابەشبوونە دەقۆزنەوە. ئەو ناسەقامگیرییەی لە عێراق هەیە دەیقۆزنەوە. سەیری رەوشی کۆمەڵایەتی و ئابووری بکە، بێکاری و ناڕازیبوونی فراوانی خەڵک هۆکارن بۆ سەرهەڵدانی گرووپی تووندئاژۆ. نەک تەنیا داعش بەڵکو گرووپی دیکەش. ئەوە دەریدەخات کە چەند پێویستە کە نەک تەنیا شەڕی ئەو گرووپە تووندئاژۆیانە بکرێت بەڵکو کاربکرێت بۆ بووژاندنەوەی ئابووری وڵات و سەقامگیرکردنی وڵات.
رووداو: هەبوونی رێككەوتن و هاوكاری درێژخایەن لەنێوان حكومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی كوردستان تاوەكو چەند یارمەتی سەقامگیربوونی عێراق دەدات؟
مارتن هووت: پێموایە وشەی سەرەکی لە پرسیارەکەتدا 'درێژخایەنە'، بەمدواییانە رێککەوتنێکی کاتیمان بینی. با زۆر دوور نەڕۆین بەرەو داهاتوو، بەڵام بۆ ئێستا هەنگاوێکی باشە. تێدەگەم کە عێراق هێشتا پڕۆژەاسای بودجەی بۆ 2021 نییە. هەرێمی کوردستان لە پێنج ساڵی رابردوودا بودجەیەکی راستەقینەی نەبووە. ئێستا قەیرانی دارایی هەیە، بێگومان ئەوە پڕوکێنەرە. کاتێک داهاتی پێویست لەبەردەستدا نەبێت، نرخی نەوت دابەزیبێت، هەمووان دەیانەوێ هەرچۆنێک بێت شتێکیان دەست بکەوێت. بەڵام رێگەی دروست بەرەو پێشەوە ئەوەیە تێبگەین قەیرانەکە کار لە هەمووان دەکات و ئەو تێگەیشتنە بکەنە شتێکی ئەرێنی و لە پێویستی لێک نزیکبوونەوە و کارکردن لەسەر رێککەوتنێکی درێژخایەن تێبگەن. رێککەوتنی درێژخایەن، میکانیزمێکی درێژخایەن تاکە رێگەی بەردەم هەولێر و بەغدایە. هیوادارم هەردوولا، هەولێر و بەغدا لەم رەوشەدا تێبگەن کە پێویستە پێکەوە کار لەسەر رێککەوتنێکی درێژخایەن بکەن. ئەوە ئەو شتەیە کە من و هاوکارە ئەوروپییەکانم پێیەوە سەرقاڵین. بەردەوام هانی هەردوولا دەدەین بۆ ئەو مەبەستە. پێموایە دەکرێ بکرێت و پێویستیشە بکرێت. ئەوە تاکە رێگەی دەرچوونە.
رووداو: یەكێتی ئەوروپا هیچ پلانێكی هەیە بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بەپێی مادەی 140ی دەستووری عێراق؟
مارتن هووت: وەکو خۆت ئاماژەت پێ کرد. دەستوور بنەمایە. پێویستە دەستوور بنەماکە بێت. یەکێتیی ئەوروپا بەشێوەیەکی چالاک لە پرۆسەکەدا بەشدارنییە. ئێمە تەنیا هانی هەردوولا دەدەین بۆئەوەی چارەسەرێک بدۆزنەوە. وەکو گوتم، لەسەر بنەمای دەستوور.
رووداو: هاندان؟ هەمیشە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا دەڵێن ئێمە هانی هەردوولا دەدەین. بەڵام ئەو هاندانە چۆن کاری خۆی دەکات؟
مارتن هووت: وەکو هەر کێشەیەکی دیکەی عێراق، پێویستی بە پرۆسەیەکە کە عێراقییەکان خاوەنی بن. دڵنیام کاتێک بەرپرسانی بەغدا و هەولێر پێکەوە دادەنیشن چارەسەر دەخەنەڕوو، چارەسەرگەلێک کە رەنگە بۆ هەردوولا سەت لە سەت رازیکەر نەبن، رەنگە پێویستیان بە سازش بێت. بەڵام هەبوونی ئەو ئیرادەیە گرنگە. متمانەی تەواوم هەیە ئەگەر ئیرادەی باش هەبێت دەتوانن چارەسەرێک بدۆزنەوە. نابێ نە ئێمە و نە هیچ کەسێکی دەرەکی پێشنیازی ئەو چارەسەرە بکات.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز یەكێتیی ئەوروپا هیچ پلانێكی هەیە بۆ یارمەتیدانی ئەو ناوچانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە وێرانبوون بەتایبەتی ناوچەی شنگال؟
مارتن هووت: ئەگەر دەرفەتم پێبدەی باسی کار و چالاکیمان دەکەم لە عێراق. لەڕاستیدا یەکێتیی ئەوروپا وەک دامەزراوە، سێیەم گەورەترین دابینکەری یارمەتی مرۆییە بۆ عێراق. ئەگەر یارمەتی مرۆیی دەوڵەتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپاش لەبەرچاوبگرین ئەوە ئێمە گەورەترین دابینکەری یارمەتی مرۆیین بۆ عێراق. قەبارەی دارایی یارمەتییەکە ئێستا نزیکەی 800 ملیۆن یۆرۆیە. جەختی تایبەتمان لەسەر ناوچە ئازادکراوەکانە. چەندین ساڵە سەرنجمان خستووەتە سەر بونیادنانەوە و گەڕاندنەوەی خەڵک بۆ ناوچەکانیان، رووبەڕووبوونەوەی بێکاری و یارمەتیدانی خەڵک بۆئەوەی بگەڕێنەوە سەر کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان. لە شنگال و دەشتی نەینەوا یارمەتی هەزاران خێزان دەدەین کە بە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکن.
وەک دەزانین دەشتی نەینەوا کە سەبەتەی نانی عێراقە، بەتەواوی وێران بووبوو. خەڵک ئاوارەبووبوون، کە گەڕانەوە بینییان هیچ شتێکیان نەماوە. ئێمە ژمارەیەک بەرنامەمان هەن بۆ یارمەتیدانیان. لە شنگال، کە تۆ ئاماژەت پێکرد، خەریکی دۆزینەوەی رێگەچارەین بۆئەوەی وابکەین پێکهاتە جیاوازەکان بتوانن پێکەوە بژین و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەیان دەکەین. هەموو ئەو کارانەمان پێویستیان بە بەشداری چەندین لایەن و هەوڵدانی زۆر هەیە. رێگەم بدە ئاماژە بە کێشەیەک بکەم کە لەبەردەمماندایە؛ پرۆژەکانمان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو رێکخراوە مرۆییانەوە جێبەجێدەکرێن کە لە عێراق کار دەکەن. ئێمە بە جێبەجێکار ناویان دەبەین. ئێمە پارەیان دەدەینێ، دوای ئەوەی هاوڕادەبین لەسەر پڕۆژەکان دەست دەکەن بە جێبەجێکردنیان. کێشەکە ئەوەیە ئێستا لانیکەم هەشت بۆ نۆ مانگ دەبێت کە ئەو رێکخراوانە ناتوانن بچنە ئەو ناوچانە کە کاریان تێدا دەکەن. دەمەوێ بەڕوونی بڵێم؛ بەداخەوە، ئەگەر ئەو جێبەجێکارانە نەتوانن بچنە ئەو ئەوناوچەیەی کە دەبێ کاری تێدا بکەن، ئەوە ئێمە ناتوانین ئەو یارمەتییە دابین بکەین کە ئەو ناوچانە سەرگەردانن بۆی. ئەگەر بۆ نموونە باسی داخستنی کەمپی ئاوارە نێوخۆییەکان بکەین، حکومەتی عێراق پلانی هەیە ئەو کەمپانە دابخات. داخستنیان پێویستی بەوەیە خەڵک بچنەوە ناوچەکانیان، ئەوەش پێویستی بە گرتنەبەری چەند رێوشوینێکە.
گەڕانەوە پێویستە خۆویستانەبێت. لە چرکەیەکدا ئەوە روونادات. پێویستە کەسانێک لەوێ بن بۆئەوەی یارمەتییان بدەن. ئەگەر ئێمە نەتوانین لەوێ بین، ئەوە ئەو پلانەی حکومەتی عێراق ناتوانرێ جێبەجێبکرێت. بۆیە دەمەوێ ئەم سەکۆیە بەکاربهێنم بۆئەوەی داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەم ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن و رێگە بدەن جێبەجێکارانمان کاری باشی خۆیان لە عێراق بکەن. کە لە کۆتاییدا لەبەرژوەندی عێراقدایە.
رووداو: ئێستا ئەوانەی لە کوردستان ڤیزای شنگنیان هەیە بەبێ هەبوونی رەزامەندی نەخۆشخانەیەكی ئەوروپا ناتوانن لە هەرێمی كوردستانەوە بچنە ئەوروپا، كەی چوونی هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوروپا ئاسایی دەبێتەوە؟
مارتن هووت: چارەسەری جادوویم پێ نییە. نازانم کەی قەیرانی کۆرۆنا تەواو دەبێت. کاریگەری لەسەر هەموومان داناوە. ئاگاداری ئەوەنیم کە ئەوانەی لە عێراقەوە گەشت دەکەن بۆ ئەوروپا پێویستیان بە رەزامەندی نەخۆشخانەیەک هەبێت. بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ئەوە نیم.
رووداو: لەڕاستیدا بەپێی تێگەیشتنی من پێویستیانە.
مارتن هووت: لەسەردەمی قەیرانی کۆرۆنادا هەر دەوڵەتێک ستانداردی خۆی هەیە بۆ هاتنی گەشتیاران لە وڵاتانی دیکەوە. ئەوەی کە پێویستە ئەوەیە دەبێ ئەو کەسانە کەرەنتین بکرێن و پشکنینی CPR یان پێبێت. بێگومان بۆ زۆر لە گەشتیاران ئەوە شتێکی دڵخۆشکەر نییە و هەندێکجار زەحمەتە. بەڵام ئەو پێوەرانە مایەی لێکتێگەیشتنن و نادادپەروەرانەنین. لەسەر بنچینەی هەبوونی مەترسی نەخۆشییەکە دانراون بۆ ئەو گەشتیارانە کە لە چەند وڵاتێکەوە گەشت دەکەن کە رەوشی کۆرۆنا تیایاندا زۆرباش نییە. لەم رۆژگارەدا پێویستە گەشتیاران باش خۆیان ئامادە بکەن. گەشتکردنیش قورستربووە بەڵام ئەوە راست نییە کە پێمانوابێت گەشتکردن لە عێراقەوە مەحاڵە یان تەنیا بە رەزامەندی نەخۆشخانەیەک دەکرێ گەشتبکرێت، ئەوە شتیکی نوێیە بۆ من و پێموایە راستنییە.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، لەبارەی ناکۆکی دارایی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، ئایا ئێوە یارمەتیدەرن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە لەنێوان بەغدا و هەولێر؟
مارتن هووت: جارێکی دیکە دەڵێم ئێمە هانیان دەدەین بە شێوازێک لەیەک نزیک ببنەوە کە سەیری ئاوێنە بکەن و لە کورتهێنانی دارایی و هەڵەکانی رابردوویان تێبگەن. باسی مووچە بکەن. زۆرینەی پارەی بەغدا و هەولێر بۆ مەبەستی زۆر بێبەرهەم خەرج دەکرێ کە دابینکردنی مووچەی خەڵکە. ئەم شێوازە مایەی پشتپێبەستن نییە بۆ داهاتوو. پێویستە رێککەوتنێک واژۆ بکەن لەسەر شێوازێک کە بتوانن لە داهاتوودا پشتی پێببەستن. جارێکی دیکە دەڵێم لەبری سکهەڵگوشین لەبەر نەبوونی داهاتی پێویست، پێکەوە دابنیشن و پلانێکی هاوبەش دابنێن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی درێژخایەن.
هەرێمی کوردستان، لەگەڵ رێزی تەواوم بۆی، پێویستە بەشێک بێت لە پرۆسەی چاککردنەوەی رەوشی ئابووری تەواوی عێراق.
رووداو: ئایا حیزبە سیاسییەکانی عێراق گوێ لە پێشنیازەکانت دەگرن؟
مارتن هووت: گفتوگۆی باشمان هەیە لەگەڵ هەموو حیزبەکان. ئەوەی بەلای منەوە سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کاتێک لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان قسە دەکەم، یان تەنانەت لەگەڵ کەسانی ئەکادیمیش، هەموویان تێگەیشتنی باشیان هەیە لەبارەی ئەو شتانەی لە عێراق تەواونین یان ئەو شتانەی کە پێویستە بگۆڕدرێن. هەموان لەوە تێدەگەن. تێگەیشتنی تەواو و دیدگای روون هەیە. وەک چاودێری دەرەکی، یان وەک کەسێک کە چاوم بە خۆشگوزەرانی عێراق دەگەشێتەوە، ئەوەی حەزدەکەم بیبینم ئەوەیە ئەو دیدگایانە بکرێنە کردار.
بابۆتی روون بکەمەوە کە ئێمە چ بەرژەوەندییەکمان لەوەدا هەیە؛ ئێمە لە سەتەی 21 دا دەژین، ئەو کاتەی من منداڵبووم و لە ئەڵمانیا دەژیام، وڵاتانی ئەم ناوچەیە لە خەیاڵێ ئێمەدا زۆر دوورەدەست بوون. هەستمان بە کاریگەری ئەم وڵاتانە نەدەکرد لەسەر خۆمان. کاتی قەیرانی نەوت لە ساڵانی حەفتاکان بۆیەکەمجار هەستمان بە کاریگەری ئەو بڕیار و رووداوانە کرد کە لەم وڵاتانەوە سەرچاوەدەگرن. ئێستا لە جیهانێکدا دەژین کە زۆر لەیەکەوە نزیکین، جیهان بەدیجیتاڵی کراوە و جیهانگیری هەیە. رۆیشتن لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دی زۆر ئاسانبووە. ساڵانی 2016 و 2017 قەیرانێکی گەورەی کۆچبەریمان هەبوو. ئێستا هەمووان تێدەگەن ئەوەی ئەمڕۆ لێرە روودەدات، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە هەموو ناوچەکە، رۆژێک دواتر کاریگەری لەسەر ئێمەدادەنێت لە ئەوروپا. ئێستا دراوسێین و چارەنووسمان هاوبەشە. بۆیە بەرژەوەندی گەورەمان لە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ئەم ناوچەیەدا هەیە. ناتوانین ئەوەی لێرە روودەدات پشتگوێی بخەین. بۆیە ئێمە لێرەین و بە شێوازێکی دۆستانە هانی گۆڕانکاری دەدەین. بۆیە یارمەتی مرۆیی دەگەیەنینە ئێرە. هەر لەبەر ئەوەشە کە بەردەوام هیوامان هەیە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش.

