رووداو - تەندروستی
ئەمڕۆ شەممە 25-1-2025 دەزگای روانگە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ زانکۆی لوبنانیی فەرەنسی سیمپۆزیۆمێکی زانستی و تەندروستی بە ناونیشانی ''زانستە تەندروستییەکان و پەرستاری'' لە هەولێر ئەنجامدەدات، هاوکات تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی سیمپۆزیۆمەکەیە.
ئامانجی سیمپۆزیۆمەکە دەرخستنی تواناکانی توێژەران و ئاشکراکردنی ئەنجامی توێژینەوە جیاوازەکانە لەبوارە هەنووکەییە تەندروستییەکان، بەتایبەت شێرپەنجە و گۆڕانی کەشوهەوا و باسکردنی داهێنانە تەندروستی و پزیشکییەکان.
هەروەک دکتۆر ئاراس برادۆستی لە رێوڕەسمی راگەیاندنی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە دهۆک گوتی، ''پەرستاران رۆحی خزمەتگوزاریی پزیشکییە لە دونیا''، ئامانجێکی دیکەی سیمپۆزیۆمەکە باسکردن و توێژینەوە نوێیەکانی پەرستاری و جەختکردنەوە لە کارەکانیان.
د. کارزان شێخ موحسین، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەیە دەزگای روانگە دەڵێت: سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیی زانستە تەندروستییەکان و پەرستاری دەستپێشخەرییەکی سەنتەری توێژینەوەی روانگەیە بە هاوئاهەنگیی زانکۆی لوبنانیی فەرەنسی کە کەسایەتییە پیشەییەکانی چاودێریی تەندروستی، توێژەران و داڕێژەرانی سیاسەت کۆدەکاتەوە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆی مانادار، هاوبەشکردنی توێژینەوەی داهێنەرانە بۆ بەرزکردنەوەی سیستمی چاودێریی تەندروستی.
بەگوتەی د، کارزان، 33 توێژینەوەی جیاواز لەلایەن پێنج وڵاتەوە لە سمپۆزیۆمەکە پێشکێشدەکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ