رووداو - تەندروستی
زۆر کەس لەکاتی جووڵەدا، بەتایبەتی لەکاتی چەمانەوە یان هەستانەوە، هەست بە قرتەقرتی ئەژنۆیان دەکەن، بەڵام ئایا ئەم دەنگە نیشانەیەکی زووە بۆ تووشبوون بە هەوکردنی جومگە؟ توێژینەوەیەکی نوێ وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی لا ترۆب لە ڤانکۆڤەری کەنەدا، دەرکەوتووە کە قرتەقرتی ئەژنۆ، لە زۆر کەسدا بێ زیانە و هەمیشە بە واتای تووشبوون بە هەوکردنی جومگە نایەت.
د. جامۆن کاوچ، توێژەری سەرەکی لە سەنتەری توێژینەوەی پزیشکیی وەرزش و راهێنان لە زانکۆکە دەڵێت، "پێشتر وا بیردەکرایەوە کە قرتەقرتی ئەژنۆ نیشانەی پێکان یان زیانگەییشتنە بە جومگەکە، بەڵام بۆمان دەرکەوت کە ئەم حاڵەتە لەناو ئەو کەسانەشدا کە هیچ کێشەیەکی ئەژنۆیان نییە، زۆر باوە''.
توێژینەوەکە شیکاریی بۆ 103 توێژینەوەی پێشووتر کردووە و زیاتر لە 36 هەزار کەسی گرتووەتەوە، دەریخستووە کە 81٪ـی ئەو کەسانەی هەوکردنی جومگەیان هەیە، قرتەقرتی ئەژنۆشیان هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەم حاڵەتە لە 41٪ـی ئەو کەسانەشدا هەیە کە هیچ کێشەیەکی جومگەیان نییە.
پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە، تاوەکو قرتەقرتی ئەژنۆ لەگەڵ ئازاردا نەبێت، جێگەی نیگەرانی نییە. بۆ پاراستنی تەندروستیی ئەژنۆکان، پێشنیازیش دەکەن وەرزشی بەهێزکردنی ماسوولکەکانی چواردەوری جومگەکە بکرێت، وەک سکوات و راگرتنی هاوسەنگی لەسەر یەک پێ، هەروەها وەرزشە ئارامەکانی وەک پایسکیلسواری و مەلەکردنیش بەسوودن.



