رووداو - تەندروستی
پێچەوانەی باوەڕی باو کە خانمان زیاتر لە پیاوان قسە دەکەن، توێژینەوەیەکی نوێ نەک هەر ئەوەی سەلماندووە کە هەردوو رەگەز وەک یەک قسە دەکەن، بەڵکو دەریشیخستووە کە مرۆڤەکان بە گشتی زۆر کەمتر لە جاران قسە دەکەن.
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ئەریزۆنا لە ئەمریکا، ژمارەی ئەو وشانەی کە مرۆڤەکان رۆژانە بەکاریدەهێنن، بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
پڕۆفیسۆر د. ماتیاس مێڵ، توێژەر و پرۆفیسۆر لە زانکۆی ئەریزۆنا و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "داتاکان نیشانی دەدەن کە ژمارەی وشەکان بە شێوەیەکی گشتی دابەزیوە، ئەمەش پرسیاری رژد دروستدەکات سەبارەت بەوەی کە ئایا کۆمەڵگە بەرەو بێدەنگی دەڕوات و کاریگەرییەکانی چین''.
نزیکەی 20 ساڵ لەمەوبەر، هەمان توێژەر بۆی دەرکەوت کە خانمان و پیاوان رۆژانە نزیکەی 16 هەزار وشە بەکاردەهێنن. بەڵام لە شیکارییەکی نوێدا بۆ داتای زیاتر و لە ماوەیەکی درێژتردا، بۆی دەرکەوتووە کە هەردوو رەگەزەکە بە یەکسانی قسە دەکەن، بەڵام کۆی گشتیی وشە بەکارهاتووەکان بە رێژەیەکی بەرچاو کەمیان کردووە.
توێژەران هۆکاری ئەمە بۆ زیادبوونی پەیوەندیی دیجیتاڵی و کەمبوونەوەی گفتوگۆی رووبەڕوو دەگەڕێننەوە.



