رووداو - تەندروستی
بەهۆی گەرمبوونی کەشوهەواوە، ئامارەکانی پێوەدانی دووپشک زیادیان کردووە، بەجۆرێک لە شەش مانگی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار کەیسی پێوەدانی دووپشک تۆمارکراون کە زۆرترینیان لە هەولێر بووە.
بە گوێرەی بەدواداچوونێکی دێسکی تەندروستی رووداو، کۆی گشتی کەیسەکانی پێوەدانی دووپشک لە هەردوو نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا و رۆژهەڵات لە هەولێر، نزیکەی 600 بوون، سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانیش گوتی، 345 پێوەدانی دووپشک لە پارێزگاکە تۆمارکراون و تەندروستیی هەڵەبجەش بە رووداوی راگەیاند، کە 213 پێوەدانی دووپشکیان تۆمارکردووە، بە گوێرەی ئامارەکانی دهۆکیش 89 پێوەدانی مار و دووپشک هەبوون.
دکتۆر کاروان یاسین نانەکەلی، بەڕێوەبەی نەخۆشخانەی رۆژئاوا و پزیشکی فریاکەوتن لەم بارەیەوە دەڵێت: منداڵ و بەساڵاچوو گرووپی مەترسیدارن بۆ ژەهری دووپشک، بە پێویستیشی دەزانێت کە منداڵی خوار تەمەن شەش ساڵ ئەگەر دووپشک پێوەیدا، راستەوخۆ بگەیێندرێتە نەخۆشخانە.
دکتۆر کاروان نانەکەلی دەشڵێت: ''دەرزیی دژە ژەهری دووپشک لە نەخۆشخانەکان دەستدەکەوێت، بەڵام مەرج نییە هەر کەسێک دووپشک پێوەی دا، دەرزی دژە ژەهری لێبدرێت''، هەروەها پسپۆڕەکەی فریاکەوتن چەند رێنوێنییەکی خۆپارێزی لە دووپشک باسدەکات وەکو 'شۆردنی شوێنی پێوەدان، دانانی پەستانێکی سارد و نەبەستنی شوێنەکە'.
تەنانەت ئەم پزیشکەی فریاکەوتن جەخت لەوە دەکاتەوە کە منداڵی خوار تەمەن شەش ساڵ دوای پێوەدانی دووپشک بگەیێندرێتە نزیکترین بنکەی تەندروستی، چونکە دواکەوتن، پاشهاتی مەترسیدار لەسەر تەندروستیی دروستدەکات.
لەبارەی دەرزیی دژە ژەهرەوە دکتۆر دینا دڵشاد، بەرپرسی کوتانی هەولێر تایبەت بە رووداو گوتی، لە کۆگاکاندا 12224 دەرزیی دژە ژەهری دووپشک هەن، هاوکات لە پارێزگای سلێمانیش دکتۆر کاردۆ عەبدوڵڵا، بەرپرسی زنجیرەی کوتانی سلێمانی رایگەیاند، زیاتر لە 15 هەزار دەرزیی دژە دووپشک لە ناوەندە پزیشکییەکانی سنووری پارێزگاکەدا هەن.
پسپۆڕێکی گیاندارە کێوییەکان دەڵێت: ''پێویستە لە کوردستان لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر دووپشک بکرێت، چونکە زیاتر لە 40 جۆر ژەهری دووپشکی جیاواز هەن و هەریەکەیان بە جۆرێک کار لە جەستە دەکەن''.
کۆرش ئارارات، پسپۆڕی گیاندارە کێوییەکان باس لە مەترسیی دووپشکی عەربەت دەکات و دەڵێت: ''ئەو ژەهرەی دەری دەدات کار لە کۆئەندامی دەمار دەکات و هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ دووپشکی ناوچەکانی دیکە''.
بەدواداچوونەکانی رووداو دوای ئەوەدێت کە منداڵێکی تەمەن یەک ساڵ و پێنج مانگ لە ناحیەی قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر دوای پێوەدانی دووپشک باری تەندروستیی تێکدەچێت و دوای چەند رۆژێک گیانلەدەستدەدات. رێبین کانەبی، باوکی ئەو منداڵە گوتی: لە قوشتەپە هیچ بنکەیەکی تەندروستی ئێشکگری نییە و ناچاربووین کە دوای رووداوەکە بچینە هەولێر.



