ئەنجوومەنی باڵای فەتوای کوردستان مەرجەکانی دەرهێنانی منداڵدانی کچانی ناکام دیاریدەکات

05-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی باڵای فەتوای کوردستان دەرهێنانی منداڵدانی ئەو کچانەی لەرووی عەقڵییەوە ناکامن بە کارێکی مەترسیدار ناودەبات و بۆ دەرهێنانیشی ژمارەیەک مەرج دیاریدەکات، دەشڵێت لەرێگەی لیژنەیەکی پزیشکی و شەرعییەوە بڕیاری لەبارەوە بدرێت.
 
ئەنجوومەنی باڵای فەتوای کوردستان فەتوایەکی چوار خاڵیی لەبارەی دەرهێنانی منداڵدان "رەحم"ی کچانی "ناکام"ـەوە بڵاوکردەوە، کە لەسەر داوا و پرسیاری ژمارەیەک هاووڵاتییەوە بووە.
 
لە دەقی فەتواکەدا روونکراوەتەوە هەر کەسێک منداڵی کچی ناکامی هەبێت و لەڕووی عەقڵییەوە مێشکیان کێشەی هەیە، هەڵبژاردنی رێگەی نەشتەرگەری بۆ لابردنی منداڵدانی ئەو جۆرە نەخۆشانە کارێکی زۆر مەترسیدارە و چەندین کێشەی تەندروستی و دەروونی لێدەکەوێتەوە، هەروەکو لە راپۆرتە تەندروستییەکاندا هاتووە.
 
بەپێی فتواکە: "ئەگەر لە حاڵەتێکدا ئەم جۆرە نەخۆشانە ئازارێکی زۆریان بۆ خۆیان، یان بۆ دەورووبەریان دروستکرد و بەرگەی نەدەگیرا، یان کەس نەبوو چاودێری تەواویان بکات، ئەو کات پێویستە لەرێگەی لێژنەیەکی پزیشکی و شەرعی پێکەوە بڕیار بە دروستی و نادروستی دەرهێنانی منداڵدانی ئەو جۆرە نەخۆشانە بدەن."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە