رووداو - تەندروستی
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە 866 ملیۆن کەس بە ژەهراویبوون بە خۆراک و خواردنەوەوە تووشی نەخۆشی دەبن و لەو ژمارەیەش ملیۆنێک و 500 هەزاریان گیان لەدەستدەدەن.
رێکخراوەکە هۆشداری دەدات کە گرووپی مەترسیدار بۆ ژەهراویبوونی خۆراک، منداڵانی خوار پێنج ساڵانن کە 30٪ـی گیانلەدەستدانەکان پێکدەهێنن و بەشێکی زۆریشیان لە وڵاتانی کەمداهاتن.
باوترین هۆکارەکانی ژەهراویبوون بە خۆراک و خواردنەوە
- بەکتریاکانی سالمۆنێلا، ئیکۆلای، لیستێریا، بڕوسێللا و بەکتریای گەدە
- ڤایرۆسەکانی هەوکردنی جگەر A,E، ئینتیرۆڤایرۆس، نۆڕۆڤایرۆس، رۆتاڤایرۆس و هانتاڤایرۆس
- مشەخۆر وەکو جیاردیا، تۆکسۆپلاسما و هێلکەی کرمەکان.
خۆپاراستن لە ژەهراویبوون
- شووشتنی دەستەکان.
- شووشتنەوەی سەوزە و میوەکان.
- نەخواردنی گۆشتی کاڵ.
- نەخواردنی خۆراکی خراپبوو.
- هەڵگرتنی خۆراک لەنێو ساردکەرەوە.
- پاکڕاگرتنی ساردکەرەوە و چێشتخانەکان.
- نەخواردنی خۆراکی سەر عەرەبانە و دەستگێڕەکان بەتایبەت لە وەرزی هاوین.
- دوورکەوتنەوە لەو خۆراکانەی سەریان دانەپۆشراوە.
نیشانەکانی ژەهراویبوون بە خۆراک (لە 24 کاژێر بۆ 48 کاژێر دوای خواردنەکە روودەدەن)
- سکچوونی ئاوی
- لاوازی و بێهێزی
- تا (هەندێکجار)
- سکئێشە و ئاوسانی سک
- رشانەوە و دڵتێکهەڵاتن
- وشکبوونەوەی جەستە
- سەرئێشە
زۆرجار تووشبووان دوای 24 کاژێر چاکدەبنەوە، بەڵام هەندێک جاریش بە تووندی تووشی ژەهراویبوون دەبن و دەبیتە مەترسیی بۆ سەر ژیانی تووشبووان.
نزیکەی 150 کەس لە گەڕەکی فەرمانبەرانی شاری هەولێر، دوای خواردنی شاورمە لە یەکێک لە عەرەبانەکانی سەر شەقام، ژەهراوی بوون و تووشی سکچوون و رشانەوە بوون.
یەکێک لەو کەسانەی ژەهراوی بووە بە رووداوی گوت، "کاژێر 11ـی شەو حەوت لەفەی شاورمەم هێنا، کە خواردمان هەستم کرد تامەکەی گۆڕاوە و وەکو جاران نییە، بەڵام گوێم پێنەدا. حەوت کەس لە خێزانەکەی من تووشی سکچوون و رشانەوە بوون''.

.png&w=3840&q=75)

