رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە، لە ئەمریکا لە هەر 5 پیاو تەنیا یەکێکیان ئاگاداری پەیوەندیی نێوان خواردنی بەرهەمە شیرەمەنییەکان و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستاتە.
کۆمیتەی پزیشکان بۆ پزیشکیی بەرپرسیارانە لە ئەمریکا، راپرسییەکی لەسەر هەزار و 100 پیاو کردووە و دەرکەوتووە، تەنیا 20٪ی پیاوان لەلایەن پزیشکەوە زانیارییان پێدراوە لەبارەی کاریگەریی خۆراک لەسەر مەترسیی شێرپەنجەی پرۆستات.
نۆوا پرامسما، پسپۆڕی خۆراک و رێکخەری پەروەردەی خۆراک لە کۆمیتەی پزیشکان بۆ پزیشکیی بەرپرسیارانە دەڵێت: "پێویستە پزیشکان و کارمەندانی دیکەی کەرتی تەندروستی زیاتر هۆشیار بکرێنەوە لەبارەی مەترسییەکانی بەرهەمە شیرەمەنییەکان و سوودەکانی خۆراکی رووەکی بۆ شێرپەنجەی پرۆستات''.
توێژەرانی کۆمیتەی پزیشکان دەڵێن، زۆرینەی پیاوان ئاگاداری پەیوەندیی نێوان خۆراک، بەتایبەتی بەرهەمە شیرەمەنییەکان و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات نین. دوای ئاگادارکردنەوەیان لە مەترسییەکان، 66٪ی بەشداربووان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ کەمکردنەوە یان دوورکەوتنەوە لە بەرهەمە شیرەمەنییەکان.
بەپێی CDC، نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی پڕۆستات ئەمانەن؛
* ئازار لەکاتی میزکردن
* بوونی خوێن لە میز و سپێرم
* لاوازیی رەپبوونی چووک
* ئاوهاتنەوە بە ئازار
نیشانە پێشکەوتووەکان
* ئەستووربوونی پێیەکان
* شکانی ئێسکەکان و ماندووبوون
* دابەزینی کێش
* تێکچوونی هەرس
گرووپی مەترسیدارەکان
* ئەوانەی لە خێزانەکانیان تووشبوو هەیە
* بەساڵاچووان
لێکەوتەکانی شێرپەنجەی پڕۆستات
* بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە
* لاوازیی توانای سێکسی
* میزڕانەگرتن

.png&w=3840&q=75)

