رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی کارۆلینای باکوور دەریدەخات، گرنگیدان بە کواڵیتیی خۆراک رەنگە زیاتر یارمەتیدەر بێت بۆ باشترکردنی تەندروستیی گشتی بەراورد بە ژماردنی کالۆری.
توێژینەوەکە بۆ ماوەی 2 ساڵ بە بەشداریی 360 کەس لە ویلایەتی کارۆلاینای باکوور لە ئەمریکا بەڕێوەچوو. بەشداربووان دابەشکران بەسەر دوو گرووپدا: گرووپێک پەیڕەوی لە رێجیمی خۆراکیی دەریای نێوەڕاست دەکرد و گرووپی دووەم پەیڕەوی لە پرۆگرامێکی کێشدابەزاندن دەکرد کە تێیدا تەنیا گرنگی بە ژماردنی کالۆری دەدرا.
کریستین کیرکپاتریک، پسپۆڕی خۆراک لە کلینیکی کلیڤلاند لە ئەمریکا دەڵێت: "یەکێک لەو بیرۆکە سەرەکییانەی لەگەڵ نەخۆشەکانم کاری لەسەر دەکەم، گرنگیی کواڵیتییە بەسەر چەندێتیدا. هەرچەندە رەنگە کێش داببەزێت بە پەیڕەوکردنی خۆراکێکی کەم کالۆری''.
لە کۆتایی توێژینەوەکەدا دەرکەوت، هەردوو گرووپەکە بە رێژەیەکی هاوشێوە کێشیان دابەزاندبوو (3.4٪ بۆ گرووپی یەکەم و 3.5٪ بۆ گرووپی دووەم). بەڵام، ئەو کەسانەی پەیڕەوی رێجیمی خۆراکیی دەریای نێوەڕاستیان کردبوو، باشتربوونێکی بەرچاویان لە کواڵیتیی گشتیی خۆراکەکانیاندا بەخۆوە بینیبوو.
هەروەها، 95٪ـی بەشداربووانی گرووپی رێجیمی دەریای نێوەڕاست ئامادەبوون پرۆگرامەکەیان بە کەسانی دیکە بناسێنن، لە کاتێکدا لە گرووپی دووەمدا ئەو رێژەیە تەنیا 68٪ بوو.
پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە، هاوسەنگیی کالۆری هێشتا بۆ دابەزاندنی کێش گرنگە، بەڵام هەڵبژاردنی خۆراکی کواڵیتیی بەرزتر دەتوانێت سوودی زیاتری بۆ تەندروستیی گشتی هەبێت، وەک باشترکردنی رێکخستنی شەکری خوێن، تەندروستیی دڵ و کەمکردنەوەی هەوکردن.

.png&w=3840&q=75)

