رووداو - تەندروستی
ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، خواردنەوەی قاوە راستەوخۆ دوای خواردنی دەرمان کارلێک لەگەڵ یەکتر دەکەن و کاریگەریی دەرمانەکە کەمدەبێتەوە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی ناوەندی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەریتانیا NHS، خواردنەوەی قاوە پێش یاخود دوای بەکارهێنانی دەرمان دەکرێت کاریگەریی بکاتە سەر هەڵمژین و بڵاوبوونەوەی دەرمانەکە، تەنانەت گواستنەوەی پێکهاتەی دەرمانەکە بۆ بەشەکانی جەستەش لاوازدەکات.
ناوەندەکە ئاماژە بە هەندێک جۆری دەرمان دەدات وەکو دەرمانەکانی رژێنی پەریزاد، دەرمانی شەکرە و بەرزە پەستانی خوێن، دەرمانەکانی رەبۆ و دژەخەمۆکی کە قاوە کاریگەرییان لەسەر دەکات، هەروەها پێشنیازیش دەکات، کاژێرێک پێش خواردنی دەرمان و دوو کاژێر دوای خواردنی دەرمان قاوە نەخورێتەوە.
لە کۆتاییدا هۆشداری دەداتە بەکارهێنەرانی تەواوکەرە خۆراکییەکانی مادەی ئاسن کە خواردنەوەی چا و قاوە کەمبکەنەوە، چونکە سوودی تەواوکەرە خۆراکییەکەی مادەی ئاسن کەمدەکاتەوە لەبەر ئەوەی رێگری لە هەڵمژینی ئاسن دەکات لەلایەن جەستەوە.
بە گوێرەی کۆمەڵەی خۆراک لە ئەمریکا، کافایین و پۆلیفینۆڵەکان مادەی سەرەکیی نێو قاوەکانن و قاوەی ئێسپرێسۆ بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی قاوە بەرزترین رێژەی کافاینی تێدایە.
بە گوێرەی کۆمەڵەی خۆراک لە ئەمریکا، کافایین و پۆلیفینۆڵەکان مادەی سەرەکیی نێو قاوەکانن و قاوەی ئێسپرێسۆ بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی قاوە بەرزترین رێژەی کافاینی تێدایە.



