رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییە دەروونییەکان تایبەت بە رووداو دەڵێت: نەوجەوان و گەنجان ئەگەری تووشبوونیان بە ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان زۆرە، هەر ئەمەش وادەکات کە پەنا بۆ بەکارهێنانی 'چەک' ببەن و رووداوەکانی کوشتن بە چەک لەنێویاندا زۆر بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 1ـی تەمووزی 2024 د. هەژار مەعرووف، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان بە رووداوی گوت، مادە هۆشبەرەکانی وەکو 'حەشیش، کۆکاین، ئەمفیتامین و کحول' هۆکارن بۆ ئەوەی کەسێک بەرەو تاوانکاری بڕوات، چونکە دەروون تێکدەدەن.
هۆشداریش دەداتە باوان، ''هەمیشە چاودێریی منداڵەکانیان بکەن بەتایبەت لە تەمەنی نەوجەوانیدا تاوەکو لەو مادانە بەدووربن و قۆناخێکی نەوجەوانیی سەلامەتیان هەبێت''.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییە دەروونییەکان، بێکاری هۆکارێکە بۆ ئەوەی گەنجان بەرەو تاوان بچن بەتایبەت باسی تاوانەکانی کوشن بە چەک دەکات و دەڵێت: ''منداڵ و مێردمنداڵان قوربانیی سەرەکیی ئەو تاوانانەن''.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەو پسپۆڕە ئاماژە بەوەشدەکات، ''لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە نابێت لەماڵەوە هیچ چەکێک هەبێت و باوکان نابێت خۆیان تووندوتیژ بن و ئامرازەکانی تووندوتیژیش بە منداڵەکانیان نیشانبدەن''.
د. هەژار مەعرووف، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان ئەم رێگەیانە بۆ پاراستنی منداڵ لە تووندوتیژی و بەکارهێنانی چەک پێشنیاز دەکات؛
- دایک و باوک ژینگەیەکی لەبار لەڕووی دەروونییەوە بۆ منداڵەکانیان بگونجێنن.
- دایک و باوک هەمیشە رێنوێنیی منداڵەکانیان بکەن لە دوورکەوتنەوە لە هەموو ئامرازێکی تووندوتیژی.
- گەنجان درێژە بە خوێندن بدەن و هانیان بدرێت بۆ تەواوکردنی خوێندن و چوون بۆ ناوەندە ئەکادیمییەکان.
- گەنجان پیشەی نوێ فێرببن و بێکار نەبن.
- رێکخراوە ناحکومییەکان پاڵپشتیی گەنجان بکەن و ئەزموونی جیاوازییان فێربکەن.
- گەنجان بایەخ بە دەرووندروستی بدەن.
بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2022، زیاتر لە 450 رووداوی کوشتنی ئەنقەست، بەهەڵە کوشتن و خۆکوشتن بە چەک تۆمارکراون.
بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان، رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان بۆ 16.5٪ بەرزبووەتەوە، بە گوتەی راوێژكاری بەڕێوەبردن و سەرچاوە مرۆییەكان؛ بێكاری گەیشتووەتە ئاستێک کە بەشێک لە خەڵكی بۆ دەستکەوتنی کار ئامادەن ماوەیەک كاری خۆبەخشی بكەن.
بۆ بینینی بەرنامەی لەگەڵ رەنج لەبارەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان کلیک لێرە بکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ