رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خزمەتی بە کوردانی ئێزدی و زمانی کوردی، دووەمین خەڵاتی جەمال نەبەز لە بەرلین، بەخشرایە ژنە توێژەرێک. رێکخەری دابەشکردنی خەڵاتەکە دەڵێت، "ئەوەی خەڵاتەکەی پێدەدرێت لە هەموو بەرهەمەکانیدا بایەخی بە ئێزدییەکان داوە".
کۆمیسیۆنی خەڵاتی جەمال نەبەز، کە سەر بە دەزگای جەمال نەبەزە لە بەرلین رایگەیاند، "بە شانازییەوە رایدەگەیێنین، خەڵاتی جەمال نەبەز بۆ ساڵی 2025 پێشکێش بە خانا ئۆمەرخالی دەکەین".
خانا ئۆمەرخالی، یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانی کوردانی ئێزدی و لە ماڵباتی پیرانی ئیزدییە لە یەریڤان ـی ئەرمینیا.
فەخرییە ئادسای، رێکخەری دابەشکردنی خەڵاتەکە، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوان دوای دوو ساڵ ئەو خەڵاتە بە خانا ئۆمەرخالی دەبەخشن و زۆر دڵخۆشن.
ئادسای گوتی: "خانا ئۆمەرخالی لە تەواوی بەرهەمەکانیدا شوێنی تایبەتی بۆ باوەڕیی ئێزدییەکان تەرخانکردووە. کارەکانی جێگەی شانازین".
کۆمیسیۆنەکە دەڵێت، بەخشینی خەڵاتەکە وەکو رێزلێنانێکە بۆ هەوڵە ئەکادیمییە دیار و بەرچاوەکانی ئۆمەرخالی لە بواری توێژینەوە لەسەر کورد و بەتایبەتی لەسەر کوردانی ئێزدی.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئۆمەرخالی وەکو توێژەرێکی پێشەنگ لە توێژینەوە لەسەر ئێزدییان، رۆڵێکی بەرچاوی لە پێشخستنی تێگەشتن لە ئایینیی ئێزدی؛ نەریتە زارەکییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی ئێزدیدا هەبووە."
"بە بەڵگەنامەکردنی سیستماتیک و رێکوپێکی دەقە پیرۆزەکانی ئێزدی و شیکاریی وردبینیانەی گواستنەوەی نەریتە زارەکییەکان بۆ نووسراو و دەق، کارەکانی کردووەتە ژێدەرێکی زۆر گرنگ بۆ توێژینەوەکانی داهاتوو، کە ناکرێت گوێیان پێ نەدرێت". ئەمەش بەشێکی دیکەیە لە راگەیێندراوەکە بۆ ناساناندی ئەو ژنە کودە ئێزدییەی خەڵاتەکەی پێدەدرێت.
فەخرییە ئادسای، رێکخەری دابەشکاری خەڵاتەکە لە قسەکانیدا بۆ رووداو گوتی: "بە دابەشکردنی خەڵاتەکان دەمانەوێت رێز لە کەسە شایستەکان بگرین و هاوکات تێڕوانینی جەمال نەبەز بۆ نەتەوەپەروەریی بناسێنین".
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، کۆمیسیۆنی خەڵاتی جەمال نەبەز ئاماژەی بەوە کردووە، "خانا ئۆمەرخالی هەنگاوە زانستییەکانی لە بواری رێزمانی کوردی و پێکهاتەی زمانەوانی کوردی؛ تێگەیشتنمانی لە چۆنێتیی بەکارهێنانی زاری کورمانجیی کوردیی لە هەردوو بەستێنی ئایینی و سێکۆلاردا قووڵتر کردووتەوە".
کۆمیسۆنەکە دەڵێت: "خانا ئۆمەرخالی وەکو مامۆستای زانکۆی جۆرج ئۆگەستی گوتینگێن و زانکۆی ئازادیی بەرلین، رووڵێکی سەرەکی لە فێرکردن و بڵاوکردنەوەی زمان و کولتووری کوردی و هاوکات لە پێشخستنی سەرچاوەکانی زمانناسی و زانستیی وانەگوتنەوەی زاری کورمانجیدا هەبووە".
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی کۆمیسیۆنی خەڵاتی جەمال نەبەز، ئۆمەرخالی بە هەوڵ و ماندووبوونی خۆی دەنگی ئێزدییانی بەرز کردووەتەوە و رۆشنیایی خستووەتە سەر ئەو خۆڕاگیرییەی، لە هەڕەتی چەوساندنەوە، تەنگپێهەڵچنین و جینۆسایددا هەیانبووە.
خانا ئۆمەرخالی کێیە؟
خانا ئۆمەرخالی لە ساڵی 1981 لە ئەرمەنستان لەدایکبووە. نووسەر و لێکۆڵەرە و لە نەوەی پیرانی ئێزدییە لە ئەرمەنستان.
ئۆمەرخالی ساڵی 2002 لە زانکۆی سانت پێترسبۆرگ، بەشی (زمانناسی ئێرانناسی و کوردناسیی) تەواو کردووە.
خانا ئۆمەرخالی ساڵی 2004 ىڕوانامەی مەستەری بەدەستهێناوە و ساڵی 2006 دکتۆرای لە دینی ئێزدییان وەرگرتووە.
خەڵاتی یەکەمی جەمال نەبەز
کۆمیسیۆنەکە دوو ساڵ جارێک خەڵاتەکە دەبەخشێت. ساڵی 2023 هەمان خەڵاتی بەخشییە زارا محەممەدی، لەپێناو خزمەتکردنی بە زمانی کوردی.
ئەوانەی خزمەتیان بە زمانی کوردی، کولتووری کوردی، سیاسەت، هونەری کوردی یان خزمەتێکی زانستییان کرد بێت، یانیش خزمەتێکی کوردستانیان کردووە و جێگەی دەستیان دیاربووە دەتوانن خەڵاتەکە وەربگرن.
خەڵاتی جەمال نەبەز لە بەرلین دوو ساڵ جارێک دەدرێت و لەلایەن دەزگاکەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە دکتۆر هانەلۆرە کویشلەر، سەرۆکی دەزگاکەیە؛ کۆیشلەر خەڵکی ئەڵمانیایە و هاوژینی جەمال نەبەز بووە و ماوەی 40 ساڵ پێکەوە ژیاون.
جیا لەم خەڵاتە، لە سلێمانیش رێکخراوی رۆشنبیریی جەمال نەبەز هەیە؛ ساڵانە لە رێوڕەسمێکدا خەڵاتی قەڵەمی زێڕینی جەمال نەبەز پێشکێشی کەسێک دەکەن.
پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز لە ساڵی 1933دا لە شاری سلێمانی لەدایكبووە. لە سەرەتای خوێندنیدا جگە لە خوێندنی ئیسلامی، فەلسەفە و دەروونزانی و فیزیا و ماتماتیكی خوێندووە. لە ئەڵمانیا زانستە سیاسییەكان و رۆژنامەڤانی و یاسای خوێندووە.
لە شارەكانی كەركووك، هەولێر، بەغدا و بەسرە وانەی گوتووەتەوە. دوای ئەوە ماوەیەك لە زانكۆی ئازاد لە بەرلین مامۆستا بووە. پەیوەندی لەگەڵ ژمارەیەك بیرمەندی جیهانیدا هەبووە.
لە ساڵی 1962دا چووەتە ئەورووپا بۆ تەواوكردنی خوێندن و پاشان لە زانكۆكانی میونیخ، ئۆزبورگ خوێندنی ئیسلامیی و ئێرانناسی و شێوازی گوتنەوەی وانەی خوێندووە و بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری مێژوودا وەرگرتووە، بە لێكۆڵینەوەیەكی زانستیی لەسەر میر محەممەد رواندزی.
رۆژی 08-12-2018، پرۆفیسۆر د. جەمال نەبەز لە تەمەنی 85 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشی لە نەخۆشخانەیەكی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا كۆچی دواییكرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ