ئازیتا لوقمان و تیپی باواجی کۆیە بەرهەمێک بۆ نەورۆز بڵاودەکەنەوە

19-03-2025
پەسار فایەق
ئازیتا لوقمان لە بەرهەمی 'نەسرین' لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە
ئازیتا لوقمان لە بەرهەمی 'نەسرین' لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە
نیشانەکردن ئازیتا لوقمان تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

'نەسرین' یەکێک لە بەرهەمە بەناوبانگەکانی هونەرمەند تاهیر تۆفیقە، بە دابەشکردنێکی نوێ لەلایەن تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە و بە دەنگی ئازیتا لوقمان، دووبارە تۆمار و بڵاوکرایەوە.
 
"نەسرین" لە هۆنراوەی شاعیر عەونییە و لە ئامادەکردنی دەوەن مەلوودە، دابەشکردنی میوزیکی لەلایەن هەڵوێست وشیار کراوە. 
 
سەفین عەبدولڕەزاق، ژەنیار و ئەندامی تیپی مۆسیقای باواجی، بە رووداوی راگەیاند، دووبارە بەرهەمهێنانەوەی گۆرانییەکە لە بیرۆکەی تیپی باواجی کۆیەیە و بەشێک لە ئەندامانی گرووپەکە لە کارە هونەرییەکەدا بەشدارن، چونکە کۆی گشتی ئەندامانی گرووپەکە 75 ئەندامن.
 
روونیشیکردەوە، هونەرمەند تاهیر تۆفیق لە گۆرانییەکەیدا تەنیا بەشێکی لە شیعرەکەی عەونی، شاعیری کۆچکردووی بەکارهێنابوو، بەڵام لەم بەرهەمە نوێیەدا بە دەنگی ئازیتا لوقمان، تەواوی شیعرەکەی عەونی بەکارهاتووە.
 
ڤیدیۆکلیپی گۆرانییەکە لە دەرهێنانی دیاکۆ ماکۆکە و لە قشڵەی کۆیە وێنەگیراوە و دیمەنی ئاگری نەورۆز لەخۆدەگرێت و بەبۆنەی جەژنی نەورۆز بەرهەمهێنراوە.
 
تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە، لە 1957 بە سەرپەرەشتی هونەرمەند ئەندریۆس خەمۆ ناسراو بە "باکووری" دامەزرا. سەرەتا وەک گرووپی میوزیکی قوتابخانەی کوڕانی کۆیە بوو، لە 1958 بە ناوی تیپی مۆسیقای باواجی ناسێندراوە و لە ئازاری ھەمان ساڵ یەکەم کۆنسێرتی خۆی سازکرد. لە 1ـی ئازاری 1972 مۆڵەتی فەرمیی وەرگرتووە. 
 
بەھۆی ئەوەی زۆرینەی ئەندامانی تیپەکە لە 1974 چوونە ریزی شۆڕشی ئەیلوولەوە، لەلایەن رژێمی بەعس مۆڵەتی لێ وەرگیراوە، دواتر لە 1983 دووبارە چالاککرایەوە.
 

تەواوی بەرهەمەکە لە یوتیوبی رووداو ستریم ببینە

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رێگا بەرزنجی، درهێنەری فیلمی "نەدەم" لەگەڵ بەشێک لە ستافی فیلمەکەی

'نەدەم' خەونی منداڵێک بۆ هونەر لە فیلمێکدا دەگێڕێتەوە

"نەدەم" یاخود "پەشیمانی" فیلمێکی نوێی سینەماییە و چیرۆکی منداڵێکی عەرەبی عێراقی دەگێڕێتەوە، سەرەڕای رێگریی ماڵباتەکەی لەوەی بچێتە نێو دنیای هونەر، دواجار بەهۆی پێشبڕکێیەکی هونەرییەوە خەونەکەی بەدی دێنێت.