سارا نەدیم: بۆ سێ‌ كێبڕكێی شاجوانی لە جیهان بانگهێشت كراوم

19-02-2019
دەرباز یونس
نیشانەکردن سارا نەدیم
A+ A-
رووداو – هەولێر

لە  رێوڕەسمی هەڵبژاردنی شاجوانی عێراق لە ساڵی 2017، ناسناوی شاجوانی هەولێری بەدەستهێنا، هەروەها ناسناوی هاوەڵی سێیەمی شاجوانی عێراقی بردەوە، خەڵكی هەولێرە و هەر لە هەولێر دەژی، بەڵام بەهۆی ئەوەی دایكی عەرەبە، كوردییەكەی زۆر باش نییە، بۆیە زۆر كەس وا دەزانن كورد نییە، سارا نەدیم وەڵامی پرسیارەكانی هەفتەنامەی (رووداو) دەداتەوە.

رووداو: لە كوێ لەدایكبوویت؟ خەڵكی زۆر پریساری ئەوە دەكەن كە سارا خەڵكی كوێیە و تەمەنی چەندە؟

سارا نەدیم: راستە، زۆر پرسیار لە منیش دەكەن، هەمیشە نامەم بۆ دەنێرن و دەڵێن بەڕاستی خەڵكی هەولێری؟ بەڵی من خەڵكی هەولێرم و لە هەولێر لەدایك بووم، تەمەنیشم 21 ساڵە.

رووداو: چیت خوێندووە؟

سارا نەدیم: من پەیمانگای گەشتوگوزارم خوێندووە، پلانم هەیە زیاتر بخوێنم، بەڵام نازانم بۆم دەڕەخسێ یان نا.

رووداو: ئەی بۆچی كوردییەكەت باش نییە؟ بەجۆرێك قسە دەكەی وەك ئەوەی تازە فێری كوردی بووبی؟

سارا نەدیم: لەبەرئەوەیە كە دایكم عەرەبە. هەموو قۆناغەكانی خوێندنیشم هەر بە عەرەبی خوێندووە، بۆیە بەشێك لە خەڵكی وا هەست دەكەن كە من عەرەبم.

رووداو: چۆن ناسناوی هاوەڵی شاجوانی عێراق و شاجوانی هەولێرت بەدەستهێنا؟ ئەمە چۆن ئەزموونێك بوو؟

سارا نەدیم: ئەزموونێكی زۆر باش بوو بۆ من، لە رێوڕەسمی هەڵبژاردنی شاجوانی عێراق جگە لە شاجوانی یەكەم شاجوانی شارەكانیش هەڵدەبژێردران كە دەبوونە هاوەڵی شاجوان، من ناسناوی شاجوانی هەولێرم بەدەستهێنا.

رووداو: هیچ هەوڵێك هەبووە لە رێوڕەسمی هەڵبژاردنی شاجوانە جیهانییەكان بەشداربیت؟

سارا نەدیم: بەڵێ، هەوڵی زۆر هەبوو، دەرفەتی زۆریش هەبوو، بەڵام نەگونجا بۆم.

رووداو: بۆچی نەگونجا؟ رێگر چی بوو؟

سارا نەدیم: من هیچ سپۆنسەرێكم نەبوو، هیچ كۆمپانیا یاخود رێكخراوێك پاڵپشتی و هاوكاری منی نەكرد بۆ ئەوەی گەشت بكەم بۆ ئەو وڵاتانەی كە رێوڕەسمەكانی تێدا دەكرێ‌، بۆ زیاتر لە سێ‌ رێوڕەسمی شاجوانی جیهانی بانگهێشت كراوم، دواترینیان لە میسر بوو، بەڵام گەشتكردن بۆ ئەوێ و بەشداریكردن و مانەوە تا كاتی رێوڕەسمەكە خەرجی دەویست، بەداخەوە لە كوردستان كەس هاوكاریی منی نەكرد.

رووداو: لەو كاتەوەی كە بوویتە شاجوانی هەولێر و هاوەڵی شاجوان، چ پڕۆژەیەكت جێبەجێ‌ كردووە؟

سارا نەدیم: بەهۆی بارودۆخی عێراق، دەبوو پڕۆژەكانی ئێمە زیاتر لە چوارچێوەی كۆچبەران بێت، منیش چەندین پڕۆژەم هەبووە، سەردانم كردن و هاوكاریم بۆ كۆكردنەوە، بەڵام نەمتوانی بەردەوام بم، چونكە رێكخراوی شاجوانی عێراق هاوكاری نەكردم لە بەردەوامبوون.

رووداو: حەز دەكەی وەك پێشكەشكاری تەلەڤزیۆنی دەربكەویت؟ یاخود وەكو ئەكتەر لە كلیپی گۆرانیدا؟

سارا نەدیم: حەز دەكەم ببمە پێشكەشكار، پڕۆژەیەكیش هەیە بەڵام تا ئێستا نازانم دەبمە پێشكەشكار یان نا، واتە نازانم رێكدەكەوین، بەڵام حەز ناكەم لە كلیپی گۆرانی هیچ گۆرانیبێژێك دەربكەوم، زۆر داوام لێكراوە، بەڵام من حەز ناكەم ببمە ئەكتەر.

رووداو: لەو ماوەیەی كە ناسناوی هاوەڵی شاجوانت وەرگرت، ئەو ئەزموونە ناخۆشانە چی بوون كە بینیوتن؟

سارا نەدیم: هیچ ئەزموونێكی ناخۆشم نەبووە، من وەك شاجوانێك ویستوومە بەشێوەیەكی رێكوپێك كارەكانم بكەم و هاوكاری پێشكەش بەو كەسانە بكەم كە پێویستیان بە هاوكارییە.

رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ شاجوانی شارەكانی تری عێراق چۆنە؟ كامیان زۆر هاوڕێتن؟

سارا نەدیم: پەیوەندیم زۆر باشە لەگەڵ هەموویان، بەتایبەتی لەگەڵ ڤیان سلێمانی، زۆر هاوڕێمە و بەردەوام قسە دەكەین، بۆچوونی یەكتر لەسەر كارەكان و پڕۆژەكان وەردەگرین.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە