رووداو دیجیتاڵ
پارتی نوێی تورکیا (یەنی پارتی) بە درووشمی "تورکیا نوێ دەبێتەوە"، یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە ئەنقەرە بەست. ئۆزگور ئۆزەل بە بەدەستهێنانی 1154 دەنگ وەک سەرۆکی پارتەکە هەڵبژێردرایەوە.
رۆژی شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، یەکەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتی نوێ، بە بەشداریی هەزار و 202 ئەندام کۆنگرە، لە هۆڵی ئارێنای ئەنقەرە بەڕێوەچوو. ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی نوێ، کە تاکە بەربژێری سەرۆک بوو لە کۆی 1202 ئەندام، دەنگی 1154 ئەندامی بەدەستهێنا.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، تاجەگوڵینەی بۆ کۆنگرەکە ناردبوو. هەروەها، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆناڵ و سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، پەیامێکی ڤیدیۆیی ناردبوو.
ئۆزگور ئۆزەل، لە گوتارێکدا رایگەیاند: "ئێمە ئەو کادیرانەین کە پێکەوە گەورەترین سەرکەوتنی هەڵبژاردنی خۆجێییمان لە مێژوودا بەدەستهێنا. لە 31ی ئادار، گەل بڕیاری خۆیدا. ئێمە هەڵبژاردنەکانمان بردەوە و پارتەکەمان دوای 47 ساڵ بووەوە بە پارتی یەکەم. بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، پارتی دەسەڵاتدار تووشی شکست بوو."
سەرۆکی پارتی نوێ، ئاماژەی بەوەشکرد، دوای سەرکەوتنەکەیان لە هەڵبژاردنی خۆجێی، دەستیان بە رێکخستنی چەندین گردبوونەوەی جەماوەریی کردووە بۆ داواکارییەکانی چین و توێژە جیاوازەکان، لەوانە مامۆستایانی دانەمەزراو، خانەنشینان و جووتیاران.
ئۆزەل، جەختی لەوە کردەوە هیچ گومانێکیان نییە لە بردنەوەی هەڵبژاردنی داهاتوو و گوتی: "ئێمە ئەو بوێرییەمان هەیە کە ئەم هەڵبژاردنە ببەینەوە و ئەو لێهاتووییەشمان هەیە کە تورکیا بەڕێوەببەین. سیستمی رەشی ئاکپارتی دەگۆڕین و سیستمی نوێی گەل دادەمەزرێنین."
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ کە لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا بۆ کۆنگرەکە رایگەیاند: "تورکیا پێویستی بە پارتی نوێیە، چونکە ئەم سیستمە رەشە تەنیا ماف و نان و بژێویی گەلی نەبردووە، بەڵکو ویستوویەتی خەونەکانیشتان بۆ داهاتوو لێ زەوت بکات."
رۆژی 21ـی ئایاری 2026 دادگایەکی ئەنقەرە بڕیاری "پووچەڵکردنەوەی رەها"ـی بۆ 38ـەمین کۆنگرەی جەهەپە دەرکرد کە تێیدا ئۆزگور ئۆزەل بووە سەرۆک. بەو بڕیارە، ئۆزەل و تیمەکەی رەوایەتییان لەدەستدا و کەمال کڵچدارئۆغڵو و ستافە کۆنەکەی گەڕانەوە سەر دەسەڵات، ئەوەش جەهەپەی تووشی گەورەترین قەیرانی یاسایی و سیاسیی مێژووی خۆی کرد.
رۆژی 24ـی تەممووزی 2026، ئۆزگور ئۆزەل و 91 پەرلەمانتار و 244 سەرۆکی شارەوانی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە جەهەپە راگەیاند و پارتێکی نوێیان بەناوی (پارتی نوێ) دامەزراند. بەدامەزراندنی، ئەم پارتە بووە دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و هێزی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکیی تورکیا.
پێشتر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە 135 کورسی گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن و دووەم گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بوو لەدوای ئاکپارتی. لەگەڵ دروستبوونی ناکۆکییە ناوخۆییەکان و جیابوونەوەی باڵی ئۆزگور ئۆزەل، پێگەی جەهەپە وەک حیزبی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن درایە پارتی نوێ.


