رووداو دیجیتاڵ
بەڵگەفیلمی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" لە دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفا، لە دوای پێشاندانی لە ژمارەیەک فێستیڤاڵ و سینەمای وڵاتانی جیهان، پێشاندانی لە 21ـی ئەم مانگە لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات.
پێشاندانی بەڵگەفیلمەکە لە سینەما ئێمپایەر لە هەولێر رۆژانە چوار پێشاندانی لە کاژێر (14:00، 16:30، 19:00 و 22:00)، لە ستی سینەما لە سلێمانی چوار پێشاندانی لە کاژێر (16:00، 18:00، 20:00 و 22:00) و سینەمای دهۆک مۆڵ لە دهۆک دوو پێشاندانی لە کاژێر (15:30 و 19:00) دەبێت.
سبەی پێنجشەممە 18ـی تەمموزی 2024 پێشاندانی ئەم بەرهەمە سینەماییە 11 وڵاتی عەرەبی دەستپێدەکات، هەروەها پێشتر هەردوو وڵاتی تونس و مەغریب، پێشاندانی فیلمەکەیان لە جەژنی قوربان دەستپێکرد.
ئیمارات لە دوای هەڵسەنگدانی فیلمەکە، بڕیاری پێشاندانی داوە و پێشنیازی ئەوەی کردووە، ئەوانەی تەمەنیان لەسەرووی 18 ساڵە بیبینن، بەڵام دیارکردنی ئەو تەمەنەی نەکردووەتە مەرج و وەک پێشنیاز بۆ بینەری هێشتووەتەوە، بۆیە ئەوانەی تەمەنیان 15 ساڵ بەسەرەوەیە دەتوانن بینەری فیلمەکە بن.
تاوەکو ئێستا بڕیار لەبارەی پێشاندانی فیلمەکە لە بەغدا نەدراوە و دەرهێنەری فیلم چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی رۆشنبیری، گەشتیاری و شوێنەواری عێراقە.
لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداو، د. فازڵ بەدرانی، بریکاری وەزیری رۆشنبیری، گەشتیاری و شوێنەواری عێراق، لەبارەی پێشاندانی فیلمەکە بە رووداوی راگەیاندبوو: "ئێمە دەستمان کراوەیە. سەبارەت بە خودی خۆمەوە، لەبەرامبەر تۆ و جەماوەریشەوە دەیڵێم، رۆژی یەکشەممە لە نووسینگەی تایبەتی خۆم لە بەغدا، پێشوازی لێدەکەم، نامەوێت بەرگری لە بەڕێز وەزیری رۆشنبیری بکەم، بەڵام نووسینگەی بەڕێزیان بەردەوام بۆ هونەرمەند، هونەردۆستان، رووناکبیران، رۆشنبیران، نووسەران و ئەکادیمییەکان کراوەیە و قەرەباڵخە".
"شاردنەوەی سەدام" چیرۆکی عەلا نامیق دەگێڕێتەوە کە توانی 235 رۆژ سەدام حوسێن لە چاڵێکدا بشارێتەوە، لە کاتێکدا 150 هەزار سەربازی ئەمریکی بە دوایدا دەگەڕان.
12 ساڵ کار بۆ بەرهەمهێنانی فیلمەکە کراوە و کۆمپانیای هەنێ، بە هاوبەشی سەرەکیی حکومەتی نەرویج فیلمەکەی بەرهەمهێناوە.
بڕیارە ئەم بەرهەمە ئەم ساڵ لە تەواوی جیهان بڵاوبکرێتەوە و یەکەم پێشاندانی نێودەوڵەتیی لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لە ئەمستردام، یەکەم پێشاندانی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، لە جەدەی سعودیا بوو و لە چەندین وڵاتی ئەوروپی و عەرەبی پێشاندانی تایبەتی بۆ کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ