رووداو دیجیتاڵ کۆمپانیای دیزنی لە نوێترین چالاکیی خۆیدا، پەردەی لەسەر بەشێک لە نهێنییەکانی فیلمی فرۆزن سێ (Frozen 3) لادا. هەرچەندە نمایشەکە رووبەڕووی چەندین کێشەی تەکنیکی بووەوە، بەڵام ئەستێرەکانی فیلمەکە توانییان بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش و پرۆفیشناڵانە دڵخۆشی بخەنە نێو هۆڵەکە. هەردوو ئەکتەری ناودار، کریستن بێڵ (دەنگی ئانا) و ئایدینا مێنزڵ (دەنگی ئێڵسا)، هاتنە سەر ستەیج بۆ ئەوەی وەشانێکی نوێ و کەمێک "ترسناک" لە گۆرانی (Frozen Heart) پێشکەش بکەن، کە لە بەشی یەکەمی فیلمەکەدا هەبوو. بەڵام نمایشەکە وەک ئەوەی پلانی بۆ داڕێژرابوو نەڕۆیشت، کێشە لە دەنگ و ڤیدیۆی هۆڵەکە دروست بوو، تەنانەت ئەو دەرگایانەی بڕیار بوو لەسەر ستەیجەکە بکرێنەوە، داخران و نەکرانەوە. بەڵام هەردوو ئەستێرەکە زۆر پرۆفیشناڵانە، بە قسەی خۆش و گاڵتەجاڕی دۆخەکەیان تێپەڕاند. ئایدینا مێنزڵ بە پێکەنینەوە لە هەوادارانی پرسی: "دەتانەوێت بگەڕێینەوە و دووبارە دەست پێ بکەینەوە؟" دوای چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەکتەرەکان گەڕانەوە سەر دەقی ئامادەکراو و تیشکیان خستە سەر هەندێک وردەکاری بەشی سێیەمی فیلمەکە. کریستن بێڵ رایگەیاند کە جیهانی "فرۆزن" لە بەشی نوێدا کەمێک گۆڕاوە، ئایدینا مێنزڵیش گوتی: "رەنگە ئەمجارە جیهانەکەی کەمێک پڕ بێت لە نهێنی و مەتەڵ؟" ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی چیڕۆکی نوێی فیلمەکە قووڵتر و جیاواز دەبێت لە بەشەکانی پێشوو. جۆش گاد، کە دەنگی کارەکتەرە خۆشەویستەکەی "ئۆلاف"ە، بەشداری لە مەراسیمەکەدا کرد و گۆرانییەکی نوێی بە ناوی (Oooh, Samantha) پێشکەش کرد، کە بڕیارە یەکێک بێت لە گۆرانییە سەرەکییەکانی فرۆزن 3. شەوەکە تەنیا تایبەت نەبوو بە فرۆزن، بەڵکو بەشێکی نمایشەکە تەرخانکرا بۆ ناساندنی وەشانی شانۆیی میوزیکاڵی فیلمی بەناوبانگ (The Greatest Showman) بڕیارە ئەم نمایشە شانۆییە ساڵی داهاتوو لە "وێست ئێند"ی شاری لەندەن دەست پێ بکات، کە تێیدا چەندین نمایشی سەمای ناوازە و گۆرانییەکانی فیلمەکە پێشکەش دەکرێن. ئەم دەرکەوتنانەی دیزنی نیشانەی ئەوەن کە کۆمپانیاکە ساڵانی داهاتوو بە زنجیرە فیلمە ئەنیمەیشنە بەهێزەکانییەوە دەگەڕێتەوە و دەیەوێت جارێکی دیکە سینەماکان کۆنتڕۆڵ بکاتەوە.