رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەم جار تیزەری فیلمی سینەمایی "بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت"، نوێترین بەرهەمی سینەماکاری دیاری کورد هەڵکەوت مستەفا بڵاوکرایەوە؛ چیرۆکی ژنە پێشمەرگەیەک دەگێڕێتەوە کە رەتیدەکاتەوە لە بەردەم تاریکیدا سەر دانەوێنێت.
ئەم فیلمە نوێیەی هەڵکەوت مستەفا لە رۆژی 7-9-2026 لە رێوڕەسمێکی پرۆتۆکۆڵی فەرمی دا لە 83یەمین فێستیڤاڵی ڤێنیس یەکەم نمایشی نێودەوڵەتی بۆ دەکرێت. دەرهێنەر و ستافی فیلمەکە لەسەر فەرشی سووری کۆنترین و یەکێک لە گەورەترین سەکۆکانی سینەما لە جیهان دا پێشوازیان لێدەکرێت.
کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی فیلم لە دوای فیلمی (یۆڵ)ی یەڵماز گیونەیەوە، ئەم بەرهەمە بە گەورەترین رووداوی سینەمایی کوردی دەبینن لە جیهان دا و چاوەڕوان دەکرێت سەرنجی دنیا بۆ خۆی رابکێشێت.
فیلمەکە چیرۆکی کچە نیشانشكێنێکی پێشمەرگە دەگێڕێتەوە کە بە هاوکاریی هێزە عێراقییەکان بە نهێنی دەچێتە نێو جەرگەی داعش لە شاری موسڵ بۆ رزگارکردنی خوشکە بچووکەکەی.
ئەم بەرهەمە زیاتر لە هەزار کەس لە چەندین وڵاتی جیهانەوە کاریان لە بەرهەمهێنانی دا کردووە و کۆمپانیای هەنێ فیلمی نەرویجی بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای لا میدیا لە هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای چیمنی پۆتی سویدی بەرهەمیان هێناوە و ماوی 9 ساڵی خایاندووە و لە کۆتایی ئەم ساڵ دا بڵاودەکرێتەوە لە سینەماکانی وڵاتانی جیهان دا.
خولی 83یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس، لە 2 تاوەکو 12ی ئەیلوولی 2026 لە شاری ڤێنیسی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت کە کۆنترین فێشتیڤاڵی فیلمە لە جیهان دا.
هەڵکەوت مستەفا نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکە پێشتر رایگەیاند کە "بەرهەمهێنانی ئەم فیلمە وەکو ئەنجامدانی نەشتەرگەری مێشک بووە لە ژوورێکی تاریک دا و سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لەگەڵم بوون لە بەرهەمهێنانی ئەم پڕۆژەیەدا".
هەروەها فیلمی پێشتری ئەم دەرهێنەرە کوردە، فیلمی دۆکیۆمێنتاریی "شاردنەوەی سەدام حوسێن" بوو، کە لە بۆکس ئۆفیس دا بووە پڕبینەرترین فیلمی دۆکیۆمێنتاری لە مێژووی سینەمای عەرەبی دا.
هەڵکەوت مستەفا خەڵکی هەرێمی کوردستانە و نیشتەجێی نەرویجە. ساڵی 2016 بە فیلمی سینەمایی "کلاسیکۆ" نێوبانگێکی نێودەوڵەتی بەدەستهێنا. فیلمەکە لە زیاتر لە 56 وڵات نمایشکرا و چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی بردەوە.
نمایشکردنی فیلم لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس، دەرگای ناساندنی نێودەوڵەتی و گەیشتن بە بینەر و رەخنەگرانی جیهان دەکاتەوە.


